ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی پێنجەم

"بزوتنەوەوی فکری یان سیستەمێکی فکری"

بزووتنەوەی فکری بە مانا تایبەتییەکەی خۆی بریتییە لە تێڕوانین و دنیابینی بۆ یەک بزووتنەوەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری چینایەتی چینێک بە پێی شێوەیەک لە شێوەکانی بەرهەم هێنانی کۆمەڵایەتی سەردەمی خۆی ، یا ڕخنە گرتن لێی .

بزووتنەوەی فکری شۆڕشگێڕانە لە سەردەمە جیاجیاکانی مێژوودا، تایبەتە بە دژایەتی وگۆڕینی شێوازی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی ئەو سەردەمە (بەپێی سەردەمە جیاجیاکانی کۆمەڵ ) وەک سەردەمی کۆیلایەتی و دەرەبەگایەتی و سەرمایەداری کە هەر یەک لەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە لەسەردەمە جیاجیاکانی خۆیاندا، هزری تایبەت بە پارێزگاری سەردەمەکەی هەبووە ، چەوساوەکانیش ، خاوەنی ئایدیاو جیهانبینی تایبەت بە ڕزگاربوونیان بوون ، هەڵگری ئاڵای بزووتنەوەی فکری تایبەت بە خۆیان بوون ، سەردەمی کۆیلایەتی ، ڕاپەرین کۆیلەکان بەڕووی کۆیلەداراندا لە بەرەنجامی چەوسانەوەیەکی زۆر و جوڵان و گەشەی ئابووری و بیری دەرەبەگانەی خاوەن زەوی و زارەکان بوو . هانی کۆیلەکانی دەدا بۆ داڕمانی، سیستەمی کۆیلایەتی ، لەم شێوە بزووتنەوەیە پراکتیکیە ، بزووتنەوەیەکی تایبەتی هزری هەبووە ، دەرەبەگەکان ڕابەرایەتیان دەکردن . هەڵپێچانی و هەڵوەشانەوەی سیستەمی کۆن بۆ نوێ ،خستنە جێگای ئەمانە بە کۆمەڵێ دەرەبەگایەتی کۆتایی هات ، هەر ئەو بزووتنەوە فکرییە خۆی لە خۆیدا یەک تێڕوانینی دەرەبەگەکانی ئەو سەردەمە بوون و کۆیلەکانی تیاکران بە پێشڕەو و جێبەجێ کاری ئەو بزوتنەوە کۆمەڵایەتی ئابووری ، هزرییە .

سەردەمی دەرەبەگایەتی لە منداڵدانی کۆیلایەتیدا گەشەی کردوو بە کۆتایی هاتنی ئەو سەردەمە لەدایکبوو، ئەمیش شێوەیەک لە پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنان تیایدا پەیڕەو ئەکراو پەیوەندی مرۆڤەکان لەگەڵ یەکتریدا بە شێوەیەکی جیاواز لەپێش خۆی ئەبینرا ، بەڵام چەوسانەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە بەپێی سەردەمی خۆی بەردەوام و درێژەی هە بووە.

ئەگەر باسیش لە سەردەمی سەرمایەداری بکەین ئەمیش شێوازێک لە پەیوەندی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی بۆ بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بە پێی سەردەمی خۆی هەیەتی ، وە لە هەمان کاتیشدا ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە خاوەنی بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی خۆیەتی تێدایە ، ئەگەر باسیش لە سەردەمی سەرمایەداری بکەین ئەمیش شێوازێک لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی بۆ بەرهەمهێنانی کۆمەڵایەتی بەپێی سەردەمی خۆی هەیە ، وە لە هەمان کاتیشدا ئەم پەیوەندییە کۆمەڵایەتییە یەک بزووتنەوەی کۆمەڵایەتی تایبەت بەخۆی تێدایە ، ئەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە بزووتنەوەیەکی فیکری خۆیشی هەیە ، کە خزمەت بەسەرجەمی پەیوەندیەکانی دەکات ، لە بەرامبەریدا بزوتنەوەیەکی فیکری سۆشیالیستیانە دروست دەبێت و گەشەدەکات و برەو ئەسێنێ ، ئەم بزووتنەوەیە فیکرییە ئەبێتە هیواو کردەیەکی هووشیارکردنەوەو گەشەداری خەباتی پرۆلیتاریایە و کۆتایی هێنە بە نابەرابەری مرۆڤەکان لەم سەردەمەدا و نەهێشتنی دارا و نەدارەکان ، وە نەهێشتنی کۆیلەی کرێ گرتەی سەردەم و سەرمایەداریە.

" بەواتای ڕەها( مطلق )، بەڵام بە زانینی ئەو ڕەوشتەی کە تا ڕادەیەک کەم توخمی مرۆڤ دەگرێتەوە وە بە بەردەوامی ئەو شتەیە کە نوێنەری ئامادەیە لە جەرگەی ئێستادا واتە نوێنەری ئایندەیە ئەوەیە ڕەوشتی پرۆلیتاریا ، بەڵام کاتێ دەبینین سێ چینەکەی کۆمەڵگای نوێ(واتە کاتی نووسینی وتارەکە) کە پیاو ماقوڵانی دەرەبەگایەتی (الارستوقراطيه الاقطاعية) وە بۆرژوازیەت و پڕۆلیتاریا هەر یەکێ لەوان خاوەنی ڕەوشتی تایبەتە بە خۆی ئێمە ناتوانین لەوە لەیەک سەرئەنجام زیاتر دەربێنین ، ئەویش ئەوەیە کە مرۆڤەکان بەیەک دەگەن بەشێوەیەکی وشیاری یان ناوشیار بیرکردنەوەی ڕەوشتیان لە دوای شیکردنەوادا لەتێکەڵاوی ئەو چالاکییانەی کە هەلوومەرجی چینەکەیان لەسەر بناغەی دەوەستێ، لەتێکەڵاوییە ئابوریەکانە کە تیایدا هەڵدەستن بە بەرهەمهێنان و ئاڵۆگۆر."(انتی دوهرنغ ، انجلز ،ل ١١٤ – دار دمشق)

بەڵێ ئیتر تێڕوانینی جیاواز و لادەرانە بە بوونی واقعی عەینی ، ئەم جۆرە بۆچوونە نابێتە بزووتنەوەیەکی فکری ئەو سەردەمە یاخود سیستمێکی فکری ئەو سەردەمە ... ئەگەر ئێمە بێیینە سەر تێڕوانینەکانی (منصور) لەم بارەیەوە زۆر جیاوازە لەو ناوەرۆکەی ، یان ناونیشانی کۆمۆنیزمی کرێکاری هەیەتی.

کۆمۆنیزمە کرێکارییەکەی کە (منصور) باسی لێوە ئەکات هەندێ لە کەم و کوڕی و ناتەواویی و دژی مارکسیزم بە ڕونی و تەواوەتی تیا بەدیدەکرێت لە پێشەوە باسم لێوەکردووە لە دواتریشدا دێمە سەر هەندێ لایەنی تریش.

(منصوری حکمت) لە وەڵامی پرسیاری نۆهەمدا ئاوا وەڵام ئەداتەوە:(ئەوەی کە من دەمویست وەڵامی پرسیارەکانی پێشودا تەئکیدی بکەمە سەر ئەوە بوو کە کۆمۆنیزمی کرێکاری بزوتنەوەیەکی فکری وانییە کە بە دوای پایەی پراکتیکی خۆیدا بگەڕێ،بە پێچەوانە بزووتنەوەیەکی ماددی و پراکتیکی جیاوازە کە بە پێی ئەمەش....) (جیاوازییەکانی ئێمە - ل"٢٨") 

کۆمۆنیزمی کرێکاری بیروبۆچوونی ریفۆرمیستی وسەندیکالیستی یە برەودانە بە شێوەیەکی خەباتی تریدیونی لە ناڕەزایەتی و خەباتی سیاسی چینی کرێکاریدا، لەبەرئەوە بزوتنەوەی فکری ئەم سەردەمە نییە و نە سیستەمی فکرییەکەشیەتی، "بزوتنەوەی فکری کۆمۆنیزمی کرێکاری" برەودانە بە جۆرێک و شێوازێکی نارەزایەتی ووردە-بۆرژوازی ئەم سەردەمە ، بزوتنەوەی فکری یا سیستەمەکەی چەند وەڵامدەرەوە بووە بە خواست و پێداویستی دەسەڵاتی سیاسی چینی کرێکارەوە ، چەند ناڕێکخراوبوونی چینی کرێکاری ڕێکخستوە و هەنگاوێک بردوویە یا دەیباتە پێشەوە لەسەرتاسەری ئێراندا،، بزووتنەوەی هزری و بیروبۆچوونەکان لەسەردەمانی خۆیدا بۆ ئەوەنیە کە بە جیا بۆ ویستی ئینسانێکی ووردە بۆرژوازی و توێژگەلەکەی دارێژرابێ ، ببێت بە بزووتنەوەیەکی فکری سەردەم.

بزووتنەوەیەکی هزری ئەبێتە بزووتنەوەیەکی هزری شۆڕشگێڕانەی سەردەم دژ بە بزووتنەوەیەکی هزری دیفاکتۆی (عەینی) سەردەمی خۆی ئیتر نابێت بە سیستەمی سەردەمەکەی وە سیستمی فکری ئەو سەردەمە سەرچاوەی لە بزوتنەوەیەکی فکری واقعی خۆی سەرچاوە دەگرێ و بنیاتئەنرێ، ئەمەش ئەبێتە بزووتنەوەیەکی فکری ووردە بۆرژوازیی لە سەردەمی خۆیدا.

ئەگەر وا نییە بیروبۆچوونەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری کەواتە "بیروبۆچوونەکانی چینی باڵادەست ، لە هەموو سەردەمەکاندا ، هەروەها بیروبۆچونی باڵادەستە ،واتە ئەو چینەی کە هێزی ماددی باڵادەستە لە کۆمەڵگادا ، لە هەمان کاتدا هێزی بیرووباوەڕی باڵادەستە . ئەو چینەی کە هەڵسوکەوت بە ناوەندەکانی بەرهەم هێنانی ماددیدا دەکات ، لە هەمان کاتدا خاوەنداری و سەرپەرشتیاری بە ناوەندی بەرهەم هێنانی فکریەوە دەکات ، لە کاتێکدا ئەو کەسانەی کە کەم توانان لە ناوەندی بەرهەم هێنانی زهنیدا ، بەهۆی ئەوەوە مل کەچی چینی باڵادەست دەبن . بیرووباوەڕی باڵادەست هیچ شتێکی تر نییە بێجگە لە دەربڕینێکی ئایدیالیستانە بۆ پەیوەندیەکانی کە چینێک دەبێتە چینی باڵادەست؛ بە دەربڕینێکی تر ، ئەو بیروباوەڕەیە کە باڵادەستی کردووە بەسەریدا، ئەو تاکانەی کە چینی باڵادەست پێکدەهێنن خاوەندارێتی دەکەن ، هەروەک چۆن خوەندارێتی هوشیاری دەکەن ، لە ئەنجامدا ئەوان بیردەکەنەوە ." (الايدولوجية الالمانية ، ماركس_ آنجلس ، ل ٥٦)

چینی بەرهەمهێن لە بەرئەنجامی پەیوەندییەکانی لە ناو پرۆسەی بەرهەم هێنان و سیستەمی سەرمایەداریدا ، بزووتنەوەیەکی فکری تایبەت بە خۆی پێکدەهێنێت ، وە هەر ئەم بزووتنەوەیە دەبێتە سیستەمێکی فکری سەردەمەکەی و باڵادەستی ئەبێت ، بۆ نموونە ئەمڕۆکە پەیوەندی بەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕ و شێوازی دابەشکردن شێوازێکی سەرمایەداری بە خۆیەوە گرتووە هەیە ، لێرەدا دوو چینی زیندوو ئەبینرێت کە چینی کرێکاران و سەرمایەدارە ، کرێکاران لەلایەن سەرمایەدارانەوە ئەچەوسێنەوە، سەرمایەداران شیلەی هێزی کاری کرێکاران ئەمژن، ئەم هەلوومەرجە هەڵوێست و بیری کرێکاران بەلای دوو لایەندا ڕادەکێشێت ؛ یەکەم ؛ خودبەخود لە پرۆسەی بەرهەم هێناندا هوشیاری باش کردنی هەلومەرجی کار و ژیانی لە لا دروست دەبێت . دووەم ؛ وەکو چینێکی شۆڕشگێڕ لە سەردەمێکی تایبەت بە ژیان و مێژووی مرۆڤایەتی ڕۆڵی تیادا دەگێڕێت و دەبێت . لە ڕۆڵ گێڕانی هێزو واتایەک و توانایەکی هزری بۆ دروست دەبێت و ڕێنوێنی خەبات و تێکۆشانی دەکات ، لە دواتردا دەبێتە ئایدیا و هزری دەسەڵاتی ، بەڵام بەجیاواز لە دەسەڵاتی هزری و کرداری سەرمایەداری ، کە لە پێناوی چەوساندنەو وەبەرهێنان لە هێزی کاری کرێکاران و بەدەست هێنانی سەرمایەی زیاتر، هەموو جۆرەکانی بیروو بۆچون و بەندوباوێکی هۆکاری مانەوەی بەکاردەهێنێت . کرێکاران لەم سەردەمەدا دەبنە خاوەن یەک بزووتنەوەی فکری شۆڕشگێری (بزووتنەوەی کۆمۆنیستی زانستی) سەردەم ، دژ بە هەموو نایەکسانی و بێ مافی کرێکاران جووڵەو هوشیاری دروست دەکەن ، ئەگەر ئەم بزووتنەوەیە کە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە ژیان و گوزەرانی چینی کرێکارەوە دەبێت وە دەست بردنیان بۆ دەسەڵاتی سیاسی هەبێت ، ئەوا بزووتنەوەیەکی فکری تایبەت بەو چینەیە نەوەکو شێوازێکی بەکارهێنانی ریفۆرم بێت لەم بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەدا لەپێناوی هێشتنەوەی ئەو شێوازە لە بەرهەمهێنان کە شێوازێکی سەرمایەدارییانەیە . 

٢٤/ ٨ /٩٩١

فارس – (ن . ف . عبداللە ) 

نەجمەدین فارس حەسەن

 

  • 1