ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  



ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لە بەردە م کۆمەڵێک گۆڕانکاریی و ڕووداوی گەورە و ھەستیاردایە، ئەم گۆڕانكاریی و ڕووداوانە بە بێ ئیش و ئازار و باج نابێت، ھەمووان سەرقاڵی دەستێوەردانن لە سروشت و چۆنێتی و شێوازی ئەم ئەگەروو پێشھاتانە، لەسوچییەوە بۆ وارشۆ، لەوێوە بۆ ئیسلام ئاباد و ریاز و تاران و ئەنقرەو واشنتن و پاریس و دیمەشق و بەغدا، ھەمووان لە تەکبیرکردن و ململانێی و بەستنی ھاوپەیمانێتیدان، بۆ داڕشتنەوەی ئەم ناوچە دەوڵەمەند و ھەستیارە کە ئێمەی کورد لە چەقەکەیدا، لەبری سەرقاڵبوونمان بەو ڕووداوە گەورانەوە و ڕاوێژ و تەکبیرکردن، لەبری کۆبوونەوە لەسەر ستراتیژێک، دەستنیشان کردنی تەکتیکمان، مامەڵەمان، ڕووداو دروستکردنمان، یا بەلانی کەمەوە سودوەرگرتن لە ڕووداوەکان، دیسانەوە، وەک ھەمیشە پەرتبوون، عەقڵیەتی براوە و دۆڕاو، دیوار دروستکردن و دوو ئیدارەیی، ھەڕەشە و غروری زۆرینە، دیمەنی باڵا دەستی سەر شانۆی سیاسیمانە، ئەمە چ شەرمەزارییەکە؟!، ئەم ھێزانە وەک بڵێی نە بایان دیبێ نە باران! وەک بڵێی عەفرین و شەنگال و کەرکوک و کۆیە و بارەگاکانی دیموکرات لەوێ و شەرناخ و شیلادزێی شکۆمەندی و پەتی سێدارەکانی ڕۆژھەڵات خوێنیان لەبەر ناچۆڕێت؟!
کەرکوک و ھەولێر و بەغدا یەک پاکێج نین، بەڵکو یەک ستراتیژن، ھەڵەیە بگرە خوکوژییە کەرتکردنی پرسەکان، دۆزەکان، ئێمە دەبێ یەک مێتۆدمان ھەبێ، لەسەر دانانی بەڕنامەیەكی  گشتگیر لەھەولێر و بەغدا و کەرکوک کۆببینەوەو خۆمان ئامادە بکەین، وەک چۆن ھەمووان خەریکی خۆ ئامادەکردنن، کاتی ئەوە ھاتووە ئەو ھەموو خوێن و دەردەسەری ئەم میللەتە وانەیەکی فێرکردبین.
بۆ ئێمە لە حزبی شیوعی کوردستان ئەمە قسەی ئەمڕۆمان نییە بە ڵكۆ لە ٢٨ی دیسەمبەری ٢٠١٧ بانگی ھەموو لایەنە سیاسیەکانمان کرد بۆ یەک لیستی بۆ ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق، بۆ کۆبوونەوە لەسەر ستراتیژێکی نەتەوەیی، بۆ ھەرێم و کەرکوک و بەغدا.. ئێستاش بەقسەی حیزبی ئێمە بکەن میللەتەکە زەرەرمەند نابێت حزب و بەر پرسەكان.

  • 1