ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  



دیاردەی بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر لە پەرەسندندایە لە کوردستان دا، بەتایبەت لە ناو توێژی لاوان. یەکێک لەو دیاردە خراپ و پڕ مەترسییەیە کە کاریگەری خراپی هەیە بۆ نەوەکان و کۆمەڵگای کوردی بەتایبەت کاریگەری ئاڵوودەبوون لە سەر ئاستی خودی تاکەکەس لە ڕووی تەندروستی و ڕەفتار و هەڵسوکەوتەکانی بەرەو تێکچوون دەچێت و ناتوانێت زاڵ بێت بەسەر خودی خۆیدا. بەردەوام پەشۆکاو و ناڕێک دەبێ و کەسایەتی بەرەو تیاچوون دەچێت، دەکەوێتە بەر تانە و تەشەری خەڵک و کەسانی تر زۆر بەچاوی سووک و ڕیسوایی سەیر دەکرێت. هەروەها ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورەی مادی و لەدەستدانی کار و پیشەکەی دەبێتەوە لە ئەنجامی ئەو ڕەفتارە ناڕێک و نادروستانەی  هەندێ جار دەبیتە هۆی مردنی  کەسەکە، سەرەڕای ئەوەش پەنا بردنیان بۆ کاری تاوانکاری و دزی و کوشتن بۆ بەدەستهێنانی پارە و داهات تاوەکو مادەی هۆشبەری پێ بکڕن، دواجار کاریگەری لەسەر خێزان و پرۆسەی هاوسەرگیری دادەنێت، لەبەر ئەوەی ئەو کەسەی ئاڵوودە بووە  لەوانەیە بە کەڵکی باوکایەتی و یاخود هاوسەرێتی نایەت و بەردەوام کێشە و گرفت لە نێوان خۆیی و خێزانەکەی و منداڵەکانی پەیدا دەبێت بەهۆی ئەو هەڵسوکەوت و ڕەفتارە چەوت و ناشیرینانەی کە پێی هەڵدەستێ کە ناتوانێت کۆنترۆڵی بکات وەک درەنگ گەڕانەوەی لە شەوان، بێ ئاگا بوون لە پەروەردەی منداڵەکانی. دواتریش ناتوانێ لێپرسینەوە لەگەڵ ئەندامەکانی خێزان بکات. کاتێک منداڵ باوکی دەبینێ مادە هۆشبەرەکان بەکاردەهێنێ یاخود جگەرە دەکێشێ، ئەویش ڕاستەوخۆ لاسایی باوکی دەکاتەوە، بەمەش دواجار خێزان تووشی لێکترازان و هەڵوەشانەوە و زیادبوونی توندوتیژی و کوشتن و پەرتەوازەبوونی منداڵ و تەڵاقدانی لێدەکەوێتەوە، بەو جۆرە هەرچی پێوەرە، بەها و داب و نەریتی ئەخلاقە لەو خێزانەدا نامێنی. ئەو کەسانەی کە ئاڵوودەبوون کاریگەری خراپیان دەبیت لەسەر کۆمەڵگا، هەمیشە بەدوای پارە پەیداکردنن بۆ پەیداکردن و کڕینی مادە هۆشبەرەکان، ئەم جۆرە پارە پەیداکردنەش لە ڕێگای توندوتیژی و دزین و کوشتنی خەڵک دەبێت، بۆیە دەبینین ئەوانەی  ئاڵوودەبوونە بەم مادەیە لەڕێگای دەرزی وەرگرتنی ئەم مادەیە بۆ سێ چوار کەس بەکاردەهێنن، دیارە یەکێک لەو کەسانە ئەگەر هەڵگری نەخۆشی HIv ئایدز بێت کەسانی تریش تووشی هەمان نەخۆشی دەبن. وەک دەبینین لە هەموو وڵاتانی دنیا بە دەیان سەنتەر و ڕێکخراو هەن بۆ ئەوانەی ئاڵوودە بوون بۆ ئەوەی چارەسەر بکرێن و ڕزگار بکرێن لەو ئاڵوودەبوونە، بەڵام بەداخەوە لە کوردستان و خودی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیچ هەنگاوێکی نەناوە و ئامادە نییە یارمەتی کەسانی ئاڵوودە بدات، هەر بۆیە ڕۆژ لەدوای ڕۆژ بڵاوبوونەوەی مادەی هۆشبەر ڕوو لە زیادبوونە، ئەوەش بە گەورەترین گرفت دادەنریت کە ڕووبەڕووی شارستانی سەردەم بۆتەوە، ئەم گرفتە نەخەڵک و نە نەتەوە و نە کەلتوورە و نەهیچ ئاین و شارستانییەتییەک ناناسێ، هەموو سنورەکان بە ئاسانی دەبڕێت، بەوەش تاک و خێزان و کۆمەڵگا بەرەو ڕووخان دەبات.

  • 1