ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

چەپ و مێژوو لە کوێدان !

بەشی یەکەم

{هەلوو مەرجی جیهان وکاریگەری ڕووداوەکان }

سەرەتا وا باشترە کە ئینسان بۆ لێکدانەوەکانی و لێکۆڵینەوە لە هەر بارێکی ئەزمە گرتوو، لێکدانەوەی دیالێکتیکی بۆ بکرێت . چونکە ئەنجامی ئەو کاریگەریانە لەسەر ئەزمە ئەتوانێت بە تەواوەتی دەست نیشان بکات . 

لێرەدا هەڵوێستەیەک لەسەر مێژووی ئەو ڕووداوانە وەردەگرین و دەچینە سەرلێکدانەوەیان ، بێگومان وا باشترە کە ئێمە لە مێژووی پێش ئێستاوە دەست پێبکەین کە ئەتوانێت ڕەهەندی ئیستای ئەزمەمان بۆ دەست نیشان بکات. لە شەڕی جیهانی یەکەم و دوای ئەو شەڕەو شەڕی جیهانی دووەم و دوای ئەو جەنگە، سۆسیالیزم بوو بووە باسێک یان بوو بووە ڕەهەندێک کە زۆرترین کەس لە دنیادا هیوای خۆی پێوە گرێ دابوو ، بێگومان سۆسیالیزم لەو کاتانەدا بە چەندین جۆر لێکدانەوەی بۆ دەکرا، بەڵام بە هەر هەموویان بێجگە لە ڕەهەندی هزری بەلشەفیزمی ئەو کاتەی لینین، ئەیان ویست لەو ڕەهەندە دەربچن کە سۆسیالیزمی بۆرژوازی بە سۆسیالیزمی زانستی بەیان بکەن . بەڵام ئەو هەوڵە هەر زۆر زوو ئاکامەکانی شکستی پێوە دیار بوو، یان ڕوونتر بڵێین گەرای بۆگەن بووی ناخۆی هەڵگرتبوو. بە هەموو ئەو لێکدانەوانەی کە لە مەڕ سەرمایەداری دەوڵەتی و ئەو تەشکیلەیەی لە پەیوەندی ئابووری صینیدا و ئەو ڕەهەندەی کە ئەووروپای ڕۆژهەڵاتی گرتبوو، ئەمانە بە هەر هەموویان نەیان ئەتوانی لەو ڕاستییە کەم بکەنەوە کە گەواهی ئەوەیان ئەدا ، ئەم مۆدیلە لەگەڵ ئەو مۆدیلەی سەرمایەداری بازاڕی ئازاد بێخەوش نووقمی سەرمایەداری بوو بوون . واتە تەنها جیاوازی لەوەدا هەبوو دەوڵەتی سەرمایەداری ئەیتوانی سەرمایە بۆ کاری بازرگانی و پەیوەندی کارو سەرمایە بەکار بهینێت.

واتە هەوڵدان بۆ دەرچوون لە شکستێک پێویست بە دۆزینەوەی هۆکاری ئەو شکستە دەکات. واتە کاتێک دەتەوێت ئەو هەوڵانە جێ بە جێ بکەیت، دەبێت باش لەوە گەشتبیت کە سەرچاوەکانی لە کوێوە دێتە کایەوە بە هەر حاڵ.......... بە ڕای من ئەم دوو مۆدیلە لە پێک هاتنی نیزامی سەرمایەداری لەسەر ئاستی جیهانی و بە ناوی جیاوازەوە مل ملانێیەکی گەورەیان لە نێواندا هەبووە ، واتە هەر ئەو کاتەی کە سەرمایەداری دەوڵەتی دەیویست بە ناوی سۆسیالیزمەوە دەست بە سەر کارتێلەکانی ناو بازاڕی جیهانیدا بگرێت، لە هەمان کاتدا مۆدیلەکەی تری بەربەرەکانێی لەسەر ئەوە دەکرد کە دەبێت ئەم شێری مەیدان بێت.

هەموو ئەو ئەرکانەی سەرمایەداری پێویستییان بەوە هەبووە زیاتر قوڵ ببنەوە بۆ بەهێز کردنی توانا سەربازییەکان و کۆکردنەوەی گەورەترین بەهای بەرهەم هاتووەکان و قەتیس مانیان لە چوار چێوەی بەرهەم هێنانی سەربازیدا : بە ڕاستی کارەسات لێرەوە دەست پێ ناکات بەڵکو لەو کاتەوە دەستی پێکرد کە شۆڕشی کرێکاری ڕووسیا لە دوای دەست بەسەردا گرتنی هۆیەکانی بەرهەم هێنان و هەر لەو کاتەشدا گەرای پێچەوانەی ئیش کردن بۆ سۆسیالیزم دەستی پێکردووە . واتە هەر ئەو کاتە لەسەر ئاستی جیهان، هەردوو لا پێویستییان بەوە هەبووە کە هەر یەکە لە لایەن خۆیەوە هاوپەیمان بۆ خۆیان تووندو تۆڵ و تۆکمە دروست بکەن ، لەسەر ئاستی بەکاربردنی ئینسانەکان . ئەمانە هۆکارێک بوون کە ئەیان توانی نفوسی گەورە بۆ خۆیان ڕابکێشن لەسەر ئاستی دەوڵەتان و ئەندامانی ناو دەووڵەتە جیاجیاکان . واتە هەر لایەک بیر کردنەوەیەکی جیاوازی وەردەگرێت لەسەر ئەو دوو مۆدیلە.

ئەو دوو مۆدێلەش پەخشی بەحپ و تێڕوانینەکانی خۆیان دەکرد لە ناو ژهنی ئینسانەکاندا، کە ئەتوانن ئەمەیان بەم ڕێگەیە ئەوی تریان بە ڕێگەی خۆی خۆش گوزەرانی بۆ ئینسانەکان دابین بکەن . کاتێک جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ هاتە ناو کایەی عەدالەتی کۆمەڵایەتییەوە و هەردوو مۆدێلەکە مۆری تەئیدی خۆیان لێدا ، کە بەڕاستی داوەریی کار بوو لەسەر بە پیرۆز ڕاگرتنی خاوەندارێتی تایبەتی . واتە ئەم خاوەندارێتییە تایبەتەش لە ناوەڕۆکی پەیوەندییەکانی خۆیدا بنەڕەتی بێ مافییەکانی ئینسان و نا عەدالەتی و چەوساندنەوەی ئینسان بوو. هەموو ئەمانە و گەلێک لە دیدو بۆچوونەوەکان ولێکدانەوەکان وبەها کۆمەڵایەتییەکانی تر کە چوو بوونە چوار چێوەی بیرکردنەوەی گەلێک لەو کەسانەی کە خۆیان بە ڕەووتی مێژوودا هەڵپەسارد بوو، دەیان ویست لەو کەناڵانەی خۆیانەوە کە بە باشییان دەزانی کاری شۆڕشگێڕی بە حیسابی خۆیان جێ بە جێ دەکەن . واتە ئەگەر چەند لێکۆڵەرەوەیەک لەسەر ئاستی جیهانی بۆچوونەکانی شیکردبێتەوە ، نەیتوانیوە بەدەر بوو بێت لەو کاریگەرییانەی کە بە بەردەوامی لەسەریان بووە . یان خودی ئینسانی توێژەرەوە خۆی لە بنەڕەتدا بە ناوی اجتهادەوە کاریگەری خراپی لە بنەڕەتی فەلسەفەی سۆسیالیزمی زانستیدا بەجێهێشتووە . 

ئەمانە بەشێکیان ، خۆیان بە ڕەووتی فکری و سیاسی و ئابووری ئەو کاتەی مۆدێلی سۆڤێتاتەوە گرێ دابوو کە نەی ئەتوانی بە هیچ جۆرێک کاریگەری پۆزەتیڤانەی لەسەر ڕووداوەکان هەبێت و لێکدانەوەکانیان بە پێی هەلوو مەرجێک کە واقع بووە ، بە پێی ئەو واقعەش ڕێگا چارەی ناو لێکدانەوەکانی خۆیان بۆخود هۆشیاری ئینسانەکان پرۆسیس کرد بێت ، یان ئەوانەی بە ناوی اجتهادەوە شێوانێکی گەورەی لە ڕەهەندی هزری بە ئاکارێکی خراپ ئاڕاستە کردووە . واتە ئەمانە خۆیان دەبوونەوە هۆی تەنگەژە لە لێکدانەوەکان و هەڵوێستەکانی ئینساندا . بێجگە لەوەی کە کۆمنترن شکستی خواردو لە جێگای ئەو فدراسیۆنی کرێکاریان کردووە بە ئەلتەرناتیڤ، ئەمانە هەر هەموویان نەیان ئەتوانی ئەلفێک بخەنە سەر هزری ئینسان و ئاڕاستەی بزووتنەوەی چینی کرێکاری پێ دەوڵەمەندوو یەکگرتوو هاو هەڵوێست بکەن . کەواتە پێویست بوو لەو کاتانەدا کار لەسەر ئەوە بکرایە کە کۆمنترن شکست ئەخوات ئەبێت پرۆسیسێک کارامە و شیاو ترو زانستی تر بهاتایەتە پێشەوە لەسەر ئاستی هاوکاری و هاوخەباتی بزووتنەوەی ئەنتەرناسیۆنالیستی چینی کرێکار .

ئەمانە پێویستیان بە تیۆرییەک هەیە کە بتوانێت ئاستی ڕابەریانەی لە کەسێکی تیۆریسەندا بەرجەستە بکات . واتە ئەوەی هەتا ئێستا هەبووە یان پاشکۆی ڕووداوەکان بووە یان بە پێی بەرژەوەندی خۆی لەگەڵ ڕووداوەکاندا ئاوێزان بووە و بەرژەوەندییەکانی یەک چینی پان و بەرینی خستوەتە چوار چێوەی یەک بەرژەوەندی تەسکی کۆمەڵێک کەسی ترەوە . بەم هۆیەوە کاتێک ئێمە لەگەڵ سیستەمێکی بیرکردنەوەی دیالێکتێکیدا مامەڵەمان دەکەین پێویستە بە دیالێکتێک وەڵام بدەینەوە . بەم پێیە ناکرێت هەموو ئەو خەباتی ڕزگاری نیشتمانییانەی کە لە دەورانی پێشووتردا بە خەباتی سۆسیالیستی و یان بە پێش مەرجی ئەو خەباتە بەیان دەکرا، هەروا سووک و ئاسان بەسەرماندا تێپەڕێت و هیچ قسەیەکیش لە بارەیانەوە نەکرێت ، کە چەندە ئینسانی وابەستەی نیشتمان و هەوڵدان لە چوار چێوەی نیشتماندا دەکرد . کاریگەری بزووتنەوەی پەرلەمانتاریستی لە ناوەندی چەپی ئۆپۆزیسیۆندا و بوو بوونە ڕێبازێکی زۆر تازەو شیاوتری بزووتنەوەی چەپ . هەروەها ئەم جۆرە لە بیر کردنەوە بوو بوونە ناوەڕۆکی ئەرکە دەست بە جێکانی چەپ لەسەر ئاستی ئەوروپا و جیهاندا . واتە بەکارهێنانەکان لە دەورانی پێشووتردا ئەوەیان ڕوون دەکردەوە کە ئەزمەکە لە ساتەوەختی خۆیدا گەرای خۆی هەڵگرتووەو هەتا ئێستاش بەردەوامی هەیە . هەموو هەوڵەکان لە دوای کۆلۆنیال کردنەوە سەرچاوەی دەگرت و دەیانویست بە ناوی ئەوەی کە بەشێک لە سۆسیالیزم ، ڕزگاری بۆرژوازی کۆڵۆنیاڵ کراوی خۆ ووڵاتییە ، وە بتوانێت خۆی بە هێزو بازووی چینی کرێکار ڕزگار بکات ، لە دەست ئەو نەهامەتییانەی کە بەسەر پەیوەندییە ئابوورییەکاندا دەهات بە پێی ئەو پەیوەندیە جیهانییە سەرمایەداریەی ئیمپریالیزمی جیهانی بەسەر بازاڕی جیهاندا هەیبووە .

هەموو ئەو لێکدانەوانە لە دوای لینینەوە تائێستا هیچ لێکدانەوەیەکی تری بۆ نەکراوە، هەر بۆیە بۆرژوازیش توانیویەتی ئەو کوێرەوەرییانە لە ڕێگەی هۆیەکانی ڕاگەیاندنی خۆیەوە بەشێک لە ژهنی ئینسانی ئەم سەر زەمینە بۆ سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی خۆی کۆنترۆڵ بکات . ئیتر هەموو بزووتنەوەکان لەو چوارچێوەیەدا قەتیس مابوون . واتە ئەوەندەی ڕووداوەکانی جیهان کاریگەری لەسەر پەیوەندییە سیاسییەکان هەبووە ، ئەوەندە بزووتنەوەکان نەیان توانیوە کاریگەری لەسەر پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری ئەو سیستەمە دابنێت و بزووتنەوەی گۆڕانی ئەو سیستەمە بە ئاڕاستەی خۆی تاو بدات . بەم پێیە ئەزمە ئابوورییەکانی سیستەمی سەرمایەداری بە دوای خۆیدا کۆمەڵێک کاری نەگەتیڤانەی بۆ بزووتنەوەکانی چینی کرێکار بە جێ ئەهێشت ، یان کاریگەریەکانیان دەبوونە هۆی ئەوەی کە هەموو بزووتنەوەکان دۆش دامێنن لە بەرامبەر بێ وەڵامییاندا ، چونکە ناکرێت وەک ئەوەی کە کردیان ، گۆڕان لە شکڵدا بە گۆڕان لە بنەڕەتدا بە حساب بهێنن .

ئەزمەی ئابووری سیستەمی سەرمایەداری کاریگەری بۆ خۆی و بزووتنەوەکانی تری دژی ڕەهەندی سەرمایەداری بە جێ دەهێڵێت، هەر لە ئاستی بیرکردنەوەو تێڕوانیەکان و هەموو ئەو لێکۆڵینەوانەی کە لە سەر ئاستی ڕەهەندی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و پلانی بزووتنەوەی کرێکاری جێ بە جێ دەبێت . هەروەها بەرهەم هاتووەکانیان هاوکێشەی تیۆری بۆ بەرهەم هێنانیان ، هاوکێشەی نا یەکسان و نا هاوتای ڕەهەندی واقعی دەبێت . واتە نەبوونی پلانی گونجاو لە ناو ئەو بزووتنەوانەی کە لە بەشە جیا جیاکانی ناو بزووتنەوەی کرێکاری لە جیهاندا هەن، تا بتوانێت پلانێکی گونجاو لە پێناو خزمەتێکی گەورەی بزووتنەوەکە بە ئەنجام بگەیەنرێت . ماوئیزم هەرگیز نەبووەتە ئەلتەرناتیڤی گونجاو تروو شیاو ترو زانستی تری ڕەهەندی ئێستاو ئەوسای سۆسیالیزم . وەیان ئانارشیزم و هەروەها ترۆتسکیزم و ئیکۆنۆمیزم و بە گشتی ڕڤیژنیزم ناتوانێت ، هەڵووێستی وەک کۆمۆنیزمی زانستی هەڵوێستێکی گونجاو زانستی بێت لە مەڕ بەرەو پێش چوونی بزووتنەوەی کرێکاری . ئەمانەو هەر هەموویان کە لە دەورانی پێشووتردا کاریگەریان لەسەر ڕەهەندی هزری بزووتنەوەکانی ناو چینی کرێکار هەبووە ، کاریگەری خراپی لەسەر ژهنی ئەندامانی ناو کۆمەڵ بەجێ هێشتووە . ئەوەش بزانین هەوڵدراوە بە حیساب بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارە لە ڕڤیژنیزم لە ناو بزووتنەوەکاندا. بەڵام بە بارێکی تر گوباویانەو میتاڤیزیکانەی ڕڤیژنیزمێکی کۆن و بە مۆدێکی تازە ، هەوڵی بۆ دراوە ، کە ئەنجام هەر هەمان هەڵوێست و هەمان چوار چێوەی سیاسی بۆ بزووتنەوەکە دادەڕێژێت ، کە لەدەورانی پێشووتردا لە ژیاندا واقع و لە واقعدا بەرجەستە بووە . کەواتە بۆ هەموو تێپەڕاندنێک لەو ئاستەی پێشووتر دەبێت تێپەڕاندنێکی زانستییانە و هۆشیارانە ئەو هەلومەرجانە تێ پەڕێنین ، واتە مارکسیزم تەنها وەڵامەو تەنها بە دیالێکتێکی خۆی ئەتوانێت لە دیالێکتێکی ئێستادا جێگای بکاتەوە......... بە مەرجێک ئەم دیالێکتیکە بتوانێت بەهای فەلسەفی خۆی بپارێزێت و دیالێکتیکی تیادا تاو بدرێت . واتە هەموو هەوڵەکان هەوڵی پۆزەتیڤانە نین و ناشتوانن ئەو هەلومەرجە لە ژیانی خۆیان جێگیر بکەن ، چونکە تێڕوانینی ماوئیزم ناتوانێت اجتهادێکی گەورەو بچووکی ناو مارکسیزم بێت و هەروەها ناشتوانێت وەڵام دەرەوەی هەلومەرجی ئەزمەی ڕەهەندەی هزری و پراکتیکی ئەو ڕەهەندە بێت ، لەگەڵ ئەوەشدا کە کۆمەڵێک خەون و خەیاڵ جێ بە جێ بکات .

ئەمانەو هەموو ئەو لایەنانەی کە بە تەنها نین لە کاریگەریەکانیان لەسەر ڕەهەندی سۆسیالیزمی زانستی لەجیهاندا هەیە کە دەتوانن دەورێک بگێڕن و وە ئێمەش لە بەهەند گرتن و لێکدانەوەمان لە سەر ئەزمەی بزووتنەوەی چەپ لە جیهاندا ، بە هەندییان نەگرتن . یان تەنها بە لێکدانەوەیەکی ژهنییانە لەسەر ڕووداوەکان بەکارییان بەرین . واتە ئێمە چەند کاریگەریەکانی لە دەرەوە ببینین ئەوەندە زیاتر پەیوەندی بە ناوەوەی کاریگەرییەکان هەیە . چونکە ئەو کاریگەریانە قوڵ ترو بە هێزتر دەبن لە سەر ئاستی بزووتنەوەکە .

سەرمایەداری بە سوودی خۆی دەیەویت لە بەرامبەر دووژمەنەکەیدا بە جۆری جیاواز کاریگەری لەسەر بەهای هۆشیاری چینی کرێکاری دابنێت ، کە ئەمانە پاشماوەکانیان دەگەڕێتەوە بۆ لای ئێمەش . واتە ئێمەش بەشێکین لەو گشتە لە جیهاندا کە تایبەت بوونمان لە ڕێگەی پەیوەندی گشتیبوونمانەوە کاریگەری گشتمان لەسەر دەبێت . واتە بەو مانایە ناڵێم کە ئێمە چوارچێوەی تایبەتی بوونمان بە بەردبوو بکەین و لە دەوریدا بسوڕێنیەوە . بەڵکو ئێمە دەمانەوێت پەیوەندی تایبەتیمان کە گشت بوونمانە بکەینە پەیوەندییەک کە کاریگەری پۆزەتیڤانەی هەبێت لەسەر بزووتنەوەکە . لێرەوە دەردەکەوێت کە بەهای تێڕوانینەکان بۆ بزووتنەوەکانیان ، نەیان توانیوە ئەو کاریگەریانە بە شێوەیەکی هەتاهەتایی بنبڕ بکەن هەرچەندە نەگەتیڤی ئەو کاریگەریانە بە سنووری خۆی ئەمێنیت لە سەرمان . بەڵام ئێمە خوازیارین ئەو کاریگەرییە کاریگەری تا سەر ئیسقانمان نەبێت بەڵکو ئەگەر کاریگەریشی هەبوو ئەوا زۆرزۆر بێبەها بێت لەسەر ئاستی بزووتنەوەکەمان .

لێرەدا ئەوە دەردەکەوێت، کە بزووتنەوەی چەپ لە کوردستان و عێراقیش بێبەش نین لەو بزووتنەوانەی کە لە جهیاندا کاریگەری هەموو دۆخەکانیان لەسەرە ، واتە نەیان توانیوە پەیوەست بن بە میتۆدێکەوە کە هەڵئێنجاوی میتۆدێکی ڕڤیژنیستی نەبێت . هەتا ئێستا چەپ لە مالی خولیایەکی سەرگەردان بوودا سووڕدەخوات ، بێ گومان ئەویش هەروەک بەشەکانی تری جیهان بێ ئاکامی لە هەلومەرجی تیۆریدا هەیەو پاشکۆی ڕەهەندی ناو ڕەهەندەکانی جیهانی سەرمایەدارییە . نەیتوانیوە بە هیچ جۆرێک لە جۆرەکانی بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی زانستی هەڵوێستی جیهانی و گونجاو و شیاوی خۆی لە خزمەتی بزووتنەوەی چینی کرێکار و بزووتنەوەی کۆمۆنیزمی زانستی دا وەربگرێت و پرۆسیسی بکات . ئەم چەپە ئەوەندە بێ توانایە کە خۆی بیر ناکاتەوە........ خۆی نانووسێ....... خۆی هەڵوێست ناگرێت..... خۆی لێکدانەوە ناکات....... ! بیری بۆ دەکەنەوەو بۆی دەنووسن و هەڵوێستی پێدەگرن و بۆی لێکدەدەنەوە...... حیزبی بۆ دروست دەکەن ، بیر کردنەوەیان بۆ میتۆد لێ حەرام دەکەن ، یان خۆشیان لە خۆیان حەرام دەکەن .

لە گشت ئەم حاڵەتانەدا..... چەپ لە دنیا و لێرەدا نەیتوانیوە اجتهاد بکات ، نەیتوانیوە بە واقعی سەرمایەداری هەڵبسەنگێنێت ، نەی توانیوە ئەو مەرحەلانەی کە تیایدا دەژین چۆن بەکاری بهێنێت . لە لای ئەمانە ڕەهەندێکی میتۆدی زانستی بوونی نییە ، وە جێگاشی نابێتەوە لە لایان . بە هەر حاڵ ئەمانە هەر هەموویان دوگماتیزم پێک دەهێنن ، هەر هەموویان دەبنە لایەنێک کە دیالێکتێک بەکار ناهێنن بۆ لێکدانەوەی مادییانەی پەیوەندییەکانی ئێستاو ئاستی بزووتنەوەکە . لە ڕووی تیۆریشەوە هەر باس ناکرێت کە حاڵ و ئەحواڵیان لە کوێدا ئەگوزەرێت کە چەندە هەژارن لە باری میتۆدییەوە ، چەندە بێ باکن لە ئاستی میتۆدو قۆناغە هزرییەکانی ناو میتۆدی سۆسیالیزم . هەموو هەڵوێستەکانیان هەڵوێستی بێ هەڵوێستن. فەرهەنگەکەیان فەرهەنگی بێ زانستن...... فەرهەنگی داتاشراوی ئەندێشەی ئەندێش مەندێکی بیرکۆڵ و ووردە بۆرژوازیە . بەشێک لە چەپی جیهان کاریگەری جەنگی ساردو جەنگی ئاسمانی یان جەنگی ئەستێرەکان دەبوونەوە ئەوەی کە هەموو هیواو ئاواتەکانیانی پێوە ببەستنەوە . ئاکامی خراپی لە سەر بیرکردنەوەیان دادەناو لێکدانەوەی جۆر بە جۆریان لەسەر دەکرا کە گوایە بردنەوەی لە ئاسماندا ئەتوانرێت بردنەوە بێت لەسەر زەمین و سۆسیالیزمی مۆدێلی سەرمایەداری دەوڵەتی دابمەزرێنێت . ئەمانە هەر هەموویان کارکردی خراپی کلک بوونی چەپە بە سیاسەتەکانی سەرمایەداری جیهانەوە . هەروەها گومان لەوە ناکرێت کە بەشێکیان بەرژەوەندییان تیایدا هەبوو، بەشەکەی تریشیان بیرکۆڵ بوون .

 

  • 1