ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

کۆچی باڵندە زادەی خۆشەویستییە بۆ نیشتمان، ئەوە نییە کە دەگەڕێتەوە، هەمان جێ دەکاتەوە بە هێلانە؟ ڕووەک لە زێدی خۆی دووری بخەیەوە، وەک پێویست گەشە ناکات و ڕەنگە نەک هەر سیس ببێت، بەڵکوو وشکیش هەڵبگەڕێت. ئاژەڵ هەیە، مردن هەڵدەبژێرێت و وەتەنی خۆی جێ ناهێڵێت، ئاخر دەزانێت، ئەگەر لە ژینگەی خۆی دوور بکەوێتەوە، ڕەنگە نوستالژیا بیکوژێت. ئینسانیش وەک گەلێک زیندەوەری دیکە، بە سەلیقە و خۆڕسکانە نیشتمانی خۆی خۆش دەوێت، بەڵام خۆشویستنی نیشتمان لای ئینسان، پێویستە لە هۆشیارییەوە سەرچاوە بگرێت.

بەشێک لە بەرهەمی ئەدەبی، بە ئەفسوونی خۆشەویستیی نیشتمان نووسراوە، ئاخر هەموو نیشتمانێک خۆشەویستە، با بیابانێکی قاقڕی بەرینیش بێت. بەشێک لە ئەدەبی باڵا، زادەی خۆشەویستیی نیشتمانە، بەڵام هەر بەرهەمێک بە پاڵنەری قین لە نیشتمانێک یان میللەتێک نووسرابێت، ناکەوێتە خانەی ئەدەبی باڵاوە. هیرمان هیسە دەڵێت: (ڕەنگە ئەدیبێک پەیدا نەبێت، شانازی بەو بەرهەمانەیەوە بکات، کە بە زەبری ڕق نووسیونی.) هەندێک بە پاساوی ئەوەی، نە سروودی بۆ نیشتمان نووسیوە و نە هەستێکی گەرموگوڕی بەرانبەر بە وەتەن نیشان داوە، دەیانگوت گۆتە، نیشتمانپەروەر نەبووە، هەرچەندە ڕاستییەکەی ڕەنگە کەس هێندەی ئەو شاعیرە مەزنە، ئەڵمانیای خۆش نەویستبێت، بەڵام خۆشویستنی مرۆڤایەتی لە کنی، لەسەروو خۆشویستنی گەلی ئەڵمانەوە بووە.

ئەوە خۆشویستنی نیشتمانە وا دەکات بیاباننشینێک وابەستەی وەتەن بێت، ئەگەر نا خۆ بیابان، بە دەگمەن خێر و فەڕی بۆ دانیشتووانی هەیە، یان هەر نییەتی و ژیانیش تێیدا هەتا بڵێیت دژوارە. ئاسکیمۆ کە لە باکووری سیبریا دەژین، نیشتمانیان پارچە سەهۆڵێکی زەبەلاحە بەسەر زەریایەکی بەرینەوە، بەڵام هێندەیان خۆش دەوێت، هەر لەوێ لە دایک دەبن و دەژین و دەمرن. خۆشەویستیی نیشتمانیش هەر لە عیشق دەچێت، بە لۆگیک لێک نادرێتەوە، ئەگەر نا بیاباننشینان و ئاسکیمۆ هێندە هۆگر و شەیدای زێدی خۆیان نەدەبوون.

دەڵێن مەسیح بۆ ئورشەلیم گریاوە، بەڵام زێدەڕۆیی لە خۆشویستنی نیشتماندا و بە عەقڵانی نەکردنی، ئەنجامی خراپی لێ دەکەوێتەوە، ئاخر ڕەنگە ئەو هەستە پاکژە، بگۆڕێت بۆ ڕقبوونەوە لە نیشتمانی میللەتانی دیکە و شەڕی نێوان دوو نەتەوەی لێ بکەوێتەوە، هەر شەڕێکیش لە نێوان دوو نەتەوەدا ڕووی دابێت، شەڕێکی ناڕەوا بووە و جۆرێکیش بووە لە بەدئاکاری. ئەوانەی گەوجانە نیشتمانیان خۆش بوێت، گەوجانەیش داکۆکیی لێ دەکەن و نیشتمان بەرەو ڕووی کارەسات دەکەنەوە، بۆیە هەمیشە دەبێت ئەوەمان لەبەر چاو بێت کە هۆشیارانە شەیدای وەتەن ببین. سەرەتاکانی خۆشویستنی نیشتمان، لە خۆشویستنی ماڵ و ئەو ژینگەیەوە دەست پێ دەکات کە تێیدا پەروەردە دەبین، لە خۆشویستنی ئەو دیمەن و بۆن و بەرامە خۆشانەوە دەست پێ دەکات کە هۆگریان دەبین و لە خۆشویستنی ئەو گوند، شارۆچکە یان شارەوە دەست پێ دەکات کە لێی لە دایک دەبین و تێیدا گەشە دەکەین.

خۆشویستنی خێزان، هەنگاوی یەکەمە بۆ دوورکەوتنەوە لە خۆپەرستی و نزیکبوونەوە لە خۆشویستنی هاوشاری و ئینجا میللەت. خۆشویستنی میللەت، لە خۆشویستنی هاوڕێیان و ئەو ڕووخسارانەوە پێیان ئاشنا بووین، دەست پێ دەکات. ئەوی هاوشارییەکانی خۆی خۆش نەوێت، زەحمەتە میللەتی خۆش بوێت، ئەوی میللەتی خۆی خۆش نەوێت، ئەستەمە میللەتانی دیکەی خۆش بوێت. ئەوی گەل و نیشتمانی خۆی خۆش بوێت، نە قینی لە هیچ گەلێکی دیکە دەبێتەوە، نە دوژمنکارانە پێ دەنێتە خاکی نیشتمانی هیچ گەلێکی دیکەوە، ئاخر هەمیشە بیری لای ئەوە دەبێت، گەلانی دیکەیش مافی ڕەوای خۆیانە، نیشتمانی خۆیان خۆش بوێت و داکۆکیی لێ بکەن. هەرچەندە هیچ نیشتمانێک بەهەشت نییە، بەڵام هیچ نیشتمانێکیش هاووێنەی نییە، ئەوە بۆیە میللەت نییە، نیشتمانی خۆی پێ جوان نەبێت.

بەشێک لە خۆشەویستیی ئێمە بۆ نیشتمان، زادەی ڕابردووی پرشنگداری میللەتە، ئەو ڕابردووەی هۆش و هەستمانی داگیر کردووە و لەو نەبەردە مەزنانەدا خۆی دەبینێتەوە، گەلەکەمان بە خوێن تۆماری کردوون، وەک خۆپیشاندانەکەی بەردەرکی سەرای سلێمانی، لە شەشی ئەیلوولی ١٩٣٠دا، وەک مانگرتنەکەی گاورباغی لە ١٢ی تەمووزی ١٩٤٦دا و وەک ڕاپەڕینی ئاداری ١٩٩١ کە لە ڕانیەوە سەری هەڵدا و هەموو باشووری کوردستانی گرتەوە. کە بیر لەو دیرۆکە ڕۆشنە دەکەینەوە، گەلی خۆمان زیاتر خۆش دەوێت و زیاتر شەیدای نیشتمان دەبین، بەڵام ئەگەر وا بیر بکەینەوە، نیشتمانی ئێمە لە هەموو وڵاتانی دیکە جوانترە و میللەتی ئێمە لە هەموو میللەتانی دیکە ئازاترە، ئەوە مەرج نییە بەڵگە بێت بۆ ڕاسیستیبوونی ئێمە، بەڵام لای کەم نیشانەیە بۆ خۆشەویستییەکی ناعەقڵانی.

نە هیچ میللەتێک هەڵبژادەیە و نە هیچ نیشتمانێک تاقە بەهەشتی دونیایە. دایک بە چاوپۆشین لەوەی منداڵەکەی جوانە یان نا؟ دلۆڤانە یان نا؟ هەر خۆشی دەوێت. کەسێکیش نیشتمانی خۆش بوێت، لە تەنگانەدا جێی ناهێڵێت و لە سەرکەوتن و لە تێکشکانیشدا هەمان خۆشەویستیی بۆی دەبێت. ئەوی نیشتمانی خۆش بوێت، هەمیشە داکۆکی لە کێشە ڕەواکانی گەلەکەی دەکات، بەڵام هەرگیز بە پاساوی داکۆکیکردنەوە لە نیشتمان، ناچێتە شەڕێکەوە لەگەڵ ڕەوشتی جوان و بەها باڵاکانی مرۆڤایەتیدا ناکۆک بێت.

فەیلەسووفێکی چیک کە یان کولار بوو، لە سەدەی حەڤدەیەمدا دەژیا، دەیگوت: خۆشویستنی گەل، باڵاترە لە خۆشویستنی نیشتمان، بەو پاساوەی ئێمە ڕەنگە نیشتمانی خۆمان لە کیس بچێت و نیشتمانێکی دیکە ببینینەوە، بەڵام ئەگەر گەل و زمانی خۆمان لە دەست بدەین، هەرگیز و لە هیچ کوێیەک نایانبینینەوە، نیشتمان خاکێکە مردوو، بەڵام گەل و زمان، بە زیندوویی لە خوێنماندا دەمێننەوە و خودی ئێمە پێک دەهێنن.

ئەی وەڵاتی خۆشەویستم!

من دەمارێکی گچکەی تۆم

هێندە بە تۆوە پێوەستم

ئەوەندە لە تۆ تێدەگەم

هەر ئازارێکت پێ بگا

دەستبەجێ هەستی پێ دەکەم.(*)

کولار دەیگوت: (خۆشویستنی نیشتمان، خۆشویستنی ئەو جێیانەیە لێیان ژیاوین، ئەم هەستە، تایبەت نییە بە ئینسان، ئاژەڵ و ڕووەکیش، هەمان هەستیان هەیە، وەلێ خۆشویستنی گەل یان زمانی دایک، پێوەندییان بە عەقڵ یان کولتوورەوە هەیە.) کە کوردستان ئەنفال کرا، سەگ بە گژ ئەنفالچییەکاندا دەچووەوە و گوندی خاپوور و چۆڵکراوی جێ نەدەهێشت. ڕەحمانینۆفی مۆسیقار، ئەو ساڵانەی لە گوندێکی سویس دەژیا، کە هەر لەو گوندە دەچوو لە ڕووسیا لێی ژیابوو، هێندەی تامەزرۆیی بۆ زێدی خۆی هەبوو، جارێکیان گوتبووی: ئەمانەی ئێرە کەی مێشوولەن؟ ئەوانەی لای خۆمان ئەگەر بتگەزن، بە ڕۆژی ڕووناک توانای بینینت نامێنێت.

لە سنووری نیشتماندا

دژایەتیی یەکدی دەکەین،

ڕەنگە لەگەڵ یەکتریدا

بە شەڕیش بێین،

بەڵام ئەگەر بکەوینە

بەر پەلاماری دەرەکی

چی ناکۆکیی نێوانمانە

هەر هەمووی دەخەینە لاوە و

وەها لە دوژمن دێینە دەنگ

لە ترساندا

پەڕ و تووکی هەڵبوەرێ.

ئەدمیراڵ (کۆڵچاک)ی (١٨٧٣ - ١٩٢٠) فەرمانڕەوای سەربازیی ڕووسیا، دەبێژێت: (بە گوێرەی ئەو ئەرکەی پێم سپێردرا بوو، دەبوو تا دوا تنۆکی توانام، شەڕی بەلشەفییەکان بکەم، کە لەشکرەکەم تێکشکا، هەر چی یەدەکی زێڕی ڕووسیا هەبوو، لە کن من بوو. گوتم دەبێت ئەم سامانە بکەوێتە دەست بەلشەفییەکان، نەک چیکەکان، ئاخر هیچ نەبێت، بەلشەفییەکان ڕووسن.)

ئەوە کارێکی زۆر خراپە، ئینسان کەسێک لە میحنەتدا جێ بهێڵێت، یان ناپاکیی لێ بکات، بەڵام ئەگەر ئینسان نیشتمان لە تەنگانەدا جێ بهێڵێت، یان لەوە خراپتریش، ناپاکیی لێ بکات، ئەوە تاوانێکی هێندە گەورەیە، نە بە زەبری زەمان پاک دەبێتەوە، نە بە پەشیمانبوونەوە و نە بە لێبوردنی گشتی. (سەردەمی خۆشەویستیی نابینایانە بەسەرچوو، من بە چاوی نووقاو و سەری شۆڕ و دەمی داخراوەوە، نیشتمانم خۆش ناوێت، ئینسان بۆ ئەوەی سوودی بۆ نیشتمان هەبێت، دەبێت حەقیقەتی نیشتمان چۆنە، وەهای ببینێت و وەهای باس بکات،) لەسەر ئەو قسە ڕاست و دروستە، هەم نووسین لە چەداییف قەدەغە کرا و هەم بە شێتیش ناوزەد کرا.

پێویستە لەبەر تیشکی عەقڵی ڕەخنەگرانەدا نیشتمانمان خۆش بوێت، ئاخر دەربڕینی ئەوین بۆ نیشتمان، نابێت لە ستایشی ڕیاکار بچێت، لە سەروەختی دیتنی دەسەڵاتداردا. جارێکیان گۆگۆڵ لە داخی ئەو ڕیاکارانە، گوتبووی: تف لە رووسیا، ئەگەر ئەوانەی پێ دڵسۆزتر بێت لە من. ڕەنگە کەم کەس هێندەی ساڵتیکۆڤ شیدرین، ڕووسیای خۆش ویستبێت، بەڵام چاوی لە خەوشەکانی نەدەپۆشی. بێڵنیسکی دەیگوت: خۆشویستنی نیشتمان، دەبێت هاوزەمان نیشاندانی خۆشەویستی بێت، بۆ هەموو مرۆڤایەتیش. خۆسیە ئۆرتیگا دەڵێت: (ئینسان ئەگەر تەنیا ئینگلیز، ئەڵمان یان فەرەنسایی بێت، ئەوە گوندییە.) خۆشەویستیی نێوان گەلانیش، وەک خۆشەویستیی نێوان ئەوینداران وایە، کاتێک خۆشەویستییەکی ڕاستەقینەیە، هەر لایەک ڕێز لە تایبەتمەندییەکانی لایەکەی دیکە بگرێت.

نەتەوایەتی، لەسەر بناغەی زمان و خوێن و سروشتی نەتەوەییی هاوبەش دادەمەزرێت، پێوەستبوون بە نەتەوەوە، ڕێزگرتنە لە ڕووپەلە گەشەکانی دیرۆکەکەی و نیشاندانی خۆشەویستییە بۆ لایەنە ڕووناکەکانی کولتوورەکەی. ئەگەر میللەتێک دیرۆک و کولتووری خۆی نەپارێزێت، وەک ئینسانێکی لێ دێت، تووشی لە دەستدانی یادەوەری بووبێت. نووسەری فەرەنسایی ڕینان (١٨٢٣ - ١٨٩٢) دەڵێت: نەتەوە، بەرنامەیەکی هاوبەشە بۆ داهاتوو، بە دەنگدانی ڕۆژانە، دادەڕێژرێت، ڕابردوو کۆمەکی دەکات، بەڵام بە چاوبڕینە داهاتوو، بەرەو پێشەوە دەچێت. خۆسیە ئۆرتیگایش پێی وایە، (ئەگەر نەتەوە هەر بریتیبێت لە ئێستا و ڕابردوو، لە داهاتوودا کەسی دەست ناکەوێت، داکۆکیی لێ بکات،) ئاخر خۆشویستنی نەتەوەیەک، گیرخواردن نییە لە دیرۆکیدا، کارکردنە بۆ داهاتووی و هەر میللەتێک هەمیشە هەر ڕووی لە ڕابردووی بێت، هیچی دەستگیر نابێت بۆ داهاتووی.

*

 

١- یان کولار، حول التبادل الپقافی.

٢- هیرمان هیسە، رسائل الی الجمیع.

٣- کلایف ستیبلز لویس، الحب.

٤- فلسفە الحب، مجموعە من المٶلفین، ترجمە: هیپم صعب، الجز‌و اڵاول، دار المدی للپقافە والنشر ٢٠١٠ دمشق.

٥- فلسفە الحب، مجموعە من المٶلفین، ترجمە: هیپم صعب، الجز‌و الپانی، دار المدی للپقافە والنشر ٢٠١٠ دمشق.

(*) ئەندریە ڤیزنیسینسکی.

 

  • 1