ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەم ڕۆژانە برادەرێک بە پرتەپرت و بۆڵەبۆڵ هاتەلام و گوتم؛ ها، خێر ئیشەڵا؟! چی قەوماوە دیسان؟! گوتی؛ بەخوا هەرچی نەماندیت، دیتمان! گوتم؛ ئێ چی بووە؟! گوتی؛ وا دیارە لەم ئاخیرییە بەرپرسی فەرمانگەیەک کە کارمەندیان زۆرە، (بە مەیلەو دزیەکەوە) بە هەندێک لە کارمەندەکانی گوتووە ئەگەر لە فەیسبووک بە بەردەوامی لایک و کۆمێنتم بۆ بکەن (منیش ئاگام لێتان دەبێت!). منیش گوتم؛ ئەوە زۆر شتێکی ئاساییە، چونکە لە وڵاتی ئێمە-نەبێتە ناشکوری هێندە حەز لە خۆدەرخستن و ڕوواڵەتپەرستی دەکەین، کە لە ئاستی گونجاو دەرچووە. بە ئاشکراش لە گشت جومگەکانی ژیانی گشتی ڕەنگیداوەتەوە. هەرچەندە ئەو (کۆنە دەمارە) لە دێرزەمانەوە هەر هەبووە، بەڵام ئێستا بە تەواویی لە تام دەرچووە.

خۆ ساڵانی زوو کە ڕۆژنامەگەری نەبووە، (هەندێک کەس) هەبوون زۆر حەزیان لەخۆدەرخستن کردووە. جا گەر کەس ناوی نەهێنابوونایە، دەچوون (ژنی خۆیان تەڵاق دەدا!) هەر بۆ ئەوەی خەڵک باسیان بکات و ناویان بهێنن.

بەڵێ دیارە ناوهێنان، هێندە شتێکی کەم نییە، بەتایبەتیش بۆ کەسانی هەرەپاس و فشەفشکەر، خۆ لە گوێئاگردانی کوردەواری گەلێک جار بۆیان گێڕاوینەتەوە، کە لە گوندێکی ئەم بەرکێوە، کوێخایەک هەبووە، ناوی (مام باپیر) بووە و زۆر حەزی لە خۆدەرخستن کردووە. ڕۆژێکیان داوا لە مەلای گوندی دەکات کە دەبێت لە وتاری ڕۆژی هەینی ناوی لە تەک ناوی یارانی پێغەمبەر بهێنێت! ئیتر لەگەڵ مەلا دەبێ نابێ، دەبێ نابێ... ئاخیری مەلا پێی دەڵێت؛ باشە (مام باپیر) هەفتەی ئایندە ئیشەڵا ناوت دەهێنم! (مام باپیر)یش دیارە سەر و ڕیش و سمێڵی خۆی زۆر جوان (گێچ و عەیار) دەدات و دەچێت لە مزگەفت قنج دادەنیشێت.

مامۆستاش دەچێتە سەر مینبەر، لە پێشەکییە عارەبییەکەی وتاری هەینی دەڵێت؛ یا أیها ل(مام باپیر) أنک لدب کبیر، مأواک جهنم و بئس المصیر!

واتە؛ ئەی مام باپیر، تۆ بەڕاستی ورچێکی زەبەلاحیت! جێگە و مەکانت دۆزەخ و خراپترین چارەنووسە.

ئیتر ئەوانەی عارەبییان دەزانی، یان ڕۆژی خۆی لە عەسکەری فێر ببوون، دەست دەکەن بە پرقە پرقی پێکەنین! مامۆستاش بۆ ئەوەی وەزعی وتارەکە نەشێوێت، دەڵێت؛ ‌أسکتوا، أسکتوا وأنصتوا رحمكم الله... واتە؛ بێدەنگ بن، بێدەنگ بن، هەست ڕاگرن ڕەحمەتی خواتان لێ بێت.

منیش دەڵێم؛ دەک ماڵت ئاوەدان بێت فەیسبووک! چۆن وا توانیت بەئاسانی هەڵسوکەوتی مام باپیر و نەوەکانیمان بەبیر بهێنیتەوە!

 

 

  • 1