ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ژیانی مرۆڤ بەردەوام بە کارەسات و نەهامەتی دەستی پێکردووە کۆتاییەکەی بە جەرگ سووتان و هەتیوو بوون و مردنی ئازیزان و خۆشەویستان بووە. دیارە مردن بۆ هەمووانە یاسا و عەدالەت تەنیا لە مردن یەکسانە . کورد گوتەنی هەرکەس ڕۆژی تەواو بوو دەبێت بڕوا بێگوێدان بەتەمەن و دەوڵەمەند و فەقیر لەهەر ئاستێک بیت بێ جیاوازی. یەکێک لەو دیاردە بەربڵاو و ناشرینانەی ڕۆژگاری ئەمڕۆمان دیاردەی پرسەیە. لەکاتێکدا خاوەن پرسە کۆستی کەوتووە و کەسێکی خۆشەویست و ئازیزی لەدەستداوە، دڵ پڕ خەم و ئازارە، باری ئابووری نالەبار و کەم دەست و کەم دەرامەتە، دەبێت بکەوێتە بەر تەنگژەی مەراسیمی پرسەکە، دابینکردنی خێمە و کورسی و تەپلەک و ژەمەخواردنەکان و دابینکردنی دەیان کارتۆن ئاو و گرتنی دوو سێ مەلا بە پارەیەکی زۆر بۆ قورئان خوێندن، ئینجا خەتم و مەولوودی سێ ڕۆژەی مردووەکە، بە خشینەوەی برمە و پاقڵاوە و حەلوای پڕ لە گوێز و ساردی و میوە لە هەمووشی ناخۆشتر ژنانی بەشداربووی پرسەکە بەجڵی باق و بریق، میکیاژ و قژ چێنج کەلەر و عەدەسە و برژان و قۆڵ و باسک پر لەبازن دەستە دەستە دادەنیشن، دەکەونە قسە و زەم و زەمکاری و باس باسی مۆدیلاتی ماڵ و خانوو و سەیارە و جل و سەفەر و خۆهەڵکێشانن. مەلای خواپێداویش دەست دەکا بە قورئان خوێندن و تەپڵ و دەف لێدان بێ ئەوەی کەس گوێی بۆ بگرێت! گرنگ نییە گوێی بۆ دەگرین یان نا، موهیم ئەوەیە ئەو پارەکەی خۆی وەربگرێت. جاری وا هەیە مەلاژن پرسەکان بەڕێوە دەبەن بە بەردەوامی دەبێت چای و قەنداو و ئاویان دەرخوارد بدەن بۆ ئەوەی دەنگ و سەدایان خۆش بێت و بتوانین بە لاوانەوە زۆرترین بەشداربووانی پرسەکە بگریەنن، ئیتر ئەو بەزم و فەرتەنەیە حەفتەیەک دەخایەنێت، لێرە ئەندام و خێزانی کۆچکردووەکە سەرەڕای هیلاک و ماندووبوون و خەم و خەفەتی ئەو کۆستە گەورەیان دواجار دەکەونە ژێر باری قەرز و قەرزدانەوە، بەوەش باری سەرشانیان قورس و گرانتر دەبێت.

  • 1