ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کاری هەرەوزی لە ڕابردوودا 

مێژووی کاری هەرەوەزی ڕیشەیەکی کۆنی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هەیە، وەک پێویستییەکی بابەتی هاتۆتە کایەوە. لە کوردستانیش چەندین نەوە لە پێش ئێمە ئاشنابووینە بە چەمک و ئەزموونی کاری هەرەوەزی، باپیرە و داپیرەمان ئەزموونێکی دەوڵەمەندی کاری هەرەوەزییان بۆ جێ هێشتووین، هەر کەسێکیان لەوبارەیەوە قسەمان بۆ بکەن بە باشی چەندین جۆری کاری بەیەکەوەییمان بۆ ڕیز دەکەن و بیریان ماوە، پێمان دەڵێن: ئێمە بەیەکەوە زەویەکانمان دەکێڵا و دواتریش هەربەیەکەوە دروێنەمان دەکرد، بەیەکەوە خانوومان دروستدەکرد و سواقمان دەدا، بەیەکەوە زۆربەی ئیشەکانمان دەکرد و شایی ڕەشبەڵەکیشمان دەکرد. ئەوەشمان بۆ دەگێڕنەوە کە هەر ئەو بەیەکەوە بوونە سەری کێشا بۆ ڕاپەڕینی جووتیاران لە پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو دژ بە ئاغاکان لە چەندین ناوچەی کوردستاندا. کاری هەرەوەزی چەندین جۆر و چەندین ئەزموونی لە وڵاتانی دنیاش هەیە لە مێژووی کۆن و تازەدا.

واقیعی ئەمڕۆ و کاری هەرەوەزی 

کاری هەرەوەزی دەتوانین وەک جۆرێک لە پەیمانی کۆمەڵایەتی و بەرپرسیاریەتی لە چوارچێوەی بەها و مۆراڵی مرۆڤایەتی بیبینین کە ئامانج لێی هاوکاری و بەدەنگەوە هاتنە لە پێناو بەها مرۆییەکان و پاراستن و پاڵپشتی یەکتر لە دۆخێکی بێ پاڵشتیدا. 

هیچ کاتێک ئەوەندەی ئەمڕۆمان کۆمەڵگا لە دۆخی پارچە پارچەیی و زاڵبوونی ڕۆحی ئەنانیەت نغرۆ نەبووە. ئەوەش وەک ئەنجامی کاریگەری سیستەمی سەرمایەداری لە چوارچێوەی بیرۆکەی تەنیا بیرت لای خۆت بێت و بەس)، ئەگەر سەیرێکی تایتڵی کتێبەکانی زۆربەی کتێبە نمایشکراوەکانی سەرمێزی بازاڕ و کتێبخانەکان بکەیت، زۆربەی ئەو کتێبەکانەی نمایشکراوە کە لەوانەن باسی تاک بەتەنیا دەکات لەژێر ناونیشانی (پەرەپێدان بە تواناکان و چۆنیەتی دەوڵەمەند بوون و بەختەوەربوون)، ڕۆژانە بەچەندین شێوە فێری ئەوەمان دەکەن تەنیا خەمی خۆمان بێت، پێمان دەڵێن: بەو ڕێگایە دەتوانین بگەین بە ژیانێکی باش!. بەختەوەری و ژیانێکی باش وەک حالەتێکی فەردی و بە دابڕاوی لە بەختەوەری گشتی دەبینین لە دەرەوەی سیستەم؟! دەیانەوێت پێمان بڵێن ئەگەر تۆ هەژاری، خوێندت تەواونەکردووە، بەختەوەر نیت، ئەوە پەیوەندی بە خودی خۆتەوە هەیە نەک ئەنجامی سیستەم. بەجۆرێکی تر دەوڵەمەندبوون و ژیانی شاهانەی کەمینە وەک ئەنجامی زیرەکی و ئەنجامی کارکردنی خۆیان ببینن بۆ نەبینینی سیستەمێکی چینایەتی. لەوەها دۆخێکدا کاری بەکۆمەڵ لە پێناوی کۆمەڵ و گشتدا هەڵگێرانەوەی هاوکێشەکەیە، بەڵام ئەوەش دەزانین کارێکی وا ئاسانیش نییە لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا بەس ئەوە ڕێگا ڕاستەکەیە.

کاری هەرەوەزی بنیاتنانە 

وەک دەبینین هەنگاو بەهەنگاو حکوومەت واز لە ئەرکەکانی خۆی دەهێنێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا و تەندروستی و خوێندن. بە پێچەوانەوە هەموو ئەوانەی لە ڕابردوودا موڵکی گشتی بوون هەراجی کرد بۆ کەرتی تایبەتی خۆیان یا نزیک لە خۆیان. لەوەها دۆخێکدا ئەوەی پارەی هەیە هەموو ئەو خزمەتگوزارییانەی هەیە، ئەگەر نیەتی ئەوە دەبێت بێ خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ژیان بژێت . کاری هەرەوەزی جۆرێکە لە بنیاتنانی کۆمەڵگا لە ئاستی بەهای مادی و مۆرالیدا، لە پەراگرافی سەرەوەدا ئاماژەمان بە زاڵبوونی عەقڵیەتی تاکگەرایی وەک جۆرێک لە زاڵبوونی فکری لیبراڵیدا، لەوەها دۆخێکدا دەستبردن بۆ بابەتێکی لەو شێوەیە زیندووکردنەوەی بەها مرۆییەکانی ڕابردوومانە دژ بە رەشەبای فیکری بێ باکی لە ئاست خەمی گشتیدا. لە ئاستی خزمەتگوارییە گشتییەکانیش لە غیابی ڕۆڵی حکوومەت کاتێک قوتابخانەیەک یا خانوویەک یا هەر شتێکی تر دروست دەکەیت بە ڕێگای کاری هەرەوەزی ئەوە خۆتەرحکردنە وەک دەسەڵاتێکی بەهێز لە بەرانبەر دەسەڵاتێک کە تەنیا هی کەمینەیەکە و بۆ کەمینەیەکش کاردەکات وەک دەیبینین. لە لایەکی تر فێری ئەوەمان دەکات کە بەیەکەوە دەتوانین زۆر بە باشی خۆمان بەڕێوەببەین و چیتر کەمینەیەک لە هەرەوەمەوە بە سەرداری خۆمان نەزانین. واتە کاری هەرەوەزی کارێکی تەواو کۆمەڵایەتی و هاوکات سیاسیشە لە ئاستێکی زۆر قوڵدا. یەکێک لە ئەرکەکانی چەپ لەمڕۆدا بریتییە لە کاری وەها بۆ بنیاتنانی کۆمەڵگا لە ئاستی بەهای مادی و مرۆییدا. گەڕانەوە و بیرخستنەوەی کۆمەڵگایە کە خۆی خاوەنی ئیرادە و تونای لەبن نەهاتووی خۆیەتی تەنیا لە ڕێگای خۆڕێکخستن و میکانزمی کاری بەیەکەوەیی دەتوانێت ژیانی هاوبەشی بنیاتبنێت.

ئەزموونی کاری هەرەوەزی لە خانەقین 

لەم ماوەیەدا لەگەڵ هاوڕێیان سەردانی شارۆچکەی خانەقینمان کرد بۆ بینینی ئەزموون و ئەنجامی کاری هەرەوەزی لە خانەقین. ئەوەی هاوڕێ سەلام عەبدوڵا و هاوڕێیانی خانەقین و دانیشتووانەکەی کردوویانە شایانی ئەوەیە هیوایەکی گەورەت پێی هەبێت. لەماوەیەکی زۆر کەمدا توانیان زۆر شت بکەن، بە کرداری ئومێدێکی گەورەیان بۆ دانیشتووانەکەی دروست کردووە. وەک هاوڕێ سەلام بۆی باسکردین سەرەتا کە دەستیان پێی کردووە بەشێک لە خەڵک گاڵتەیان پێهاتووە، پێیان گوتووە ئەوە ئیشی حکوومەتە بیکات لە کاتێک خاوەنی بودجە و داهاتێکی زۆری نەوتە، بەڵام دواتر هەنگاو بەهەنگاو تا کار گەیشتۆتە ئەوەی سەدان کەس لە دانیشتووانی خانەقین بەشداری کاری هەرەوەزی بکەن و پشت لە دەسەڵات و ڕوو لە تواناکانی خۆیان بکەن. ئەوان لە ڕێگای کاری هەرەوەزی بنەمای کاری بەیەکەوەییان داهێناوە و خولیای خۆبەڕێوەبردنیان لادروستبووە، چیتر قبوڵی ئەوە ناکەن خەڵکانێک بەرێوەیان ببەن. کاری هەرەوزی وەک هاورێ سەڵام دەیگوت، خێرکردن نییە بەخەڵک، واتە لە سۆنگەیەکی ئاینی و هەستێکی سۆزدارییەوە نییە، بەڵکو لە سۆنگەی بەرپرسیاریەتی کۆمەڵایەتی و گەڕانەوەیە بۆ ئەوەی چارەنووسی هەموومان پەیوەستە بەیەکەوە، بنەماکانی یەکخستنی تواناکان و یەکڕیزی خەڵک بەهێز دەکات لە بەرانبەر دۆخی پارچەپارچە بوون دا. 

لە خانەقین لەماوەیەکی کەمدا چەندین قوتابخانە و خانوو و ئاوەڕۆ و کتێبخانە و باخچە و هتد .... وەک ئەنجامی کاری هەرەوەزی دروستکراوە. ئەوان بەیەکەوە خەریکی بنیاتنانن.