ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

حزبی شیوعی چین ئەزمونێکی نوێخواز لە بنیاتنانی سوسیالستی بنیات دەنێت. چین بە وەرچەخانێکی مەزن دەڕوات.

ئەم بابەتانە بە چەند زنجیرەیەک پێشکەش خوێنەرانی دەکەم.

(1)

لەسەر بانگهێشتی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی چین ـ بازنەی رۆژئاوای ئاسیا و باکوری ئەفریقیا، بۆ بوەفدێک لە حزبە چەپەکانی دەوڵەتانی ئەو بازنەیە، سەردانی (چین)م کرد. وەفدەکە بریتیبوون لە: حزبی شیوعی میسر، حزبی (تجمع)ی میسر، حزبی سوشیالیتی میسر، حزبی(سوسیال دیموکرات)ی میسر، بەرەی شعبی تونس، حزبی قواتی شعبی مغریب(سوسیال دیموکرات)، حزبی تقدم و اشتراکیە مغرب، بەرەی نزال شعبی فەلەستین، بەرەی دیموکراتی فەلەستین، حزبی گەلی فەلستین، یەکیتی دیموکراسی فەلەستین (فدا)، حزبی شیوعی ئەردەنی، حزبی شوعی لوبنان، حزبی تقدمی اشتراکی لوبنان (ولید جنبلات)، حزبی شیوعی عێراق، حزبی شیوعی کوردستان.

ئێوارەی 22ی شوبات لە فرۆکەخانەی شاری بکین پێشوازیمان لێکرا و پاشان هەر لە فرۆکەخانەوە بەرەو شاری نانجینغ کە 5 سەعات لە بەکینەوە دوورە رۆیشتن.

رۆژی 23ی شوبات وەفدەکە ئامادەی کۆڕێک بوو کە لە قوتابخانەی حزبی لە شاری نانجینغ ئەنجام درا. بابەتی گفتوگۆ سەبارەت بە ئەزمونی ناوچەی جیانغسو سەبارەت بە سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە بوو. ئەم شارە کە پایتەختی ناوچەی (جیانغسو) یە دەکەوێتە باشوری رۆژئاوای چین بەرامبەر ژاپۆن.

داهاتی ساڵانەی ئەم ناوچەیە لە داهاتی ئەلمانیا زیاترە، و شاری نانجینغ شارێکی مێژووییە و ناوەندێکی شارستانی و کەلتوورییە. ئەو شارەیە کە سەرکردەی مەزنی چین و وەزیری بەرگری لە دوای رزگاربوونی چین، شوئین لای تیایدا لە دایک بووە. زانکۆی نانجینغ یەکێکە لە دەیەمین زانکۆ لە ریزبەندی زانکۆ پێشەنگەکانی جیهان.

ئێوارەی هەمان رۆژ وەفدەکە سەردانی بارەگای حزبی شیوعی لە گەرەکی شیان لین کرد کە بارەگاکەیان ناوی (خزمەتگوزاری حزبی) یە. لەم گەڕەکەدا 13 زانکۆ هەیە، و وێنەی کەسانی لێهاتوو وکارامە لە گەرەکەدا و ئەو شیوعییە خۆبەخشانە کە یارمەتی خەڵکی دەدەن هەڵواسراوە، جگە لە بوونی کتیبخانە و هۆڵی راهێنانی میوزک.

سەر لە بەیانی رۆژی 24ی شوبات وەفدەکە سەردانی ناوچەی گەشەپێدانی ئابوری لە شاری تشنجیانغ ی کرد. ئەم شوێنە سەنتەرێکی بەرفراوانە کە ئاماژە بۆ سەرجەم گەشەپێدانەکانی ئەم ناوچەیە لە بواری خزمەتگوزاری خەڵک و بیناسازی و تەندرووستی بواری ئابوری و پیشەسازی .. هتد تێدایە.

دوای نیوەرۆی هەمان رۆژ سەردانی کۆمەڵگای هاوڵاتیان لەگەڕەکی شینغلینغ مان کرد و پاشان سەردانی مۆزەخانەی کراوەی ئەم گەڕەکە مێژوییەمان، کرد. ئەم گەڕەکە بە هەمان شێوازی بنیاتنانی کۆن، نوێکراوەتەوە و خەڵکی تیایدا دەژین و هەم گەڕەکە و هەم مۆزەخانەیە.

ئێوارە هەمان رۆژ گەڕانەیەوە بۆ نانجینغ، و یەکەمین دانیشتنی گفتوگۆ نێوان وەفدەکە و لایەنی پەیوەندییەکانی حزبی شیوعی چین دەستیپێرد و لە لایەن چنییەکانە بەرێزان: هالین یو، یانغ یو، جینیانغ جیو، شیوی هان، ئامادە بوون.

بەشیک لەو بۆچونانەی کە وەفدکەی چەپ باسی دەکرد ئەمانە بوو:

ــ ئایا ئەم گەشەپێدانەی لە چین هەیە نوێخوازییە لە بنیاتنانی سۆسیالسیتی بە تایبەتمەندی چینی یان گەڕانەوەیە بۆ سەرمایەداری؟

ــ چەپ لە جیهاندا لە قەیران دەژیت، دەبی پیداچونەوە بکات، بەتایبەتی دوای روخانی یەکیتی سۆڤیەت.

ــ گرفت لە تیوری و پراکتیک لە سۆسیالستی هەیە.

ــ ململاتیی بازرگانی نێوان چین و ئەمەریکا بەرەو کوآ دەچێت؟

ــ سیاسەت بەرژەوەندییە چین ماوەی داوە بە کەرتی تایبەت و سەرمایەداران ئایا ئەمەهەڕەشە بۆ سۆسیالستی نییە؟

ــ چین ناچارە خەرجی سەربازی زیاد بکات ئایا ئەمە مەترسی نییە بۆ گەشەپێدان لە چبندا؟

ــ زانیاری زۆرمان سەبارەت بە چۆنێتی چارەسەرکردنی مەسەلەی نەتەوایەتی و مەسەلەی ئاینی لە چین دا نییە؟

ــ پێدانی مۆڵەت بە کۆمپانیای وەبەرهێنانی بیانی مەترسییە لە سەر سۆسیالستی لە چین.

ــ باشە چین کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی سەبارەت بە دژایەتی تیرۆر لە جیهاندا سازبکات.

رۆژی 25ی شوبات وەفدەکە بەرەو شاری ئۆرومچشی کەوتە رێ کە 5 سەعات لە شاری نیانجینغ دوور بوو. رۆژی 26ی شوبات وەفدەکە لە شاری ئۆرومچشی پایتەختی شینجیانغ سەردانی ئەم شوێنانەی کرد: ناوەندی خزمەتگوزاری لە گەڕکێکی میللی شارەکە، سونتەری نێودەوڵەتی زێر و کارگەی درووستکردنی زێر، کارگەی درووستکردنی پلاستیک و نایلۆنی ئاستی بەرز، مزگەوتی سەرەکی شارو و کۆمەڵگای پەیمانگا و زانکۆی شەریعەتی ئیسلام لە شارەکەدا. شایانی باسە لەم شارەدا نەتەوەی ئیگور دەژی کە بەشێکی موسولمانە و ئیستا بەشیک لە ئیگۆرەکان چوونە بۆ سوریا و حزبە تورکستانیان درووست کردوە، و ئەم حزبە حکومەتی تورکیاوە پشتگیری دەکرێت.

شاری ئۆرۆمچی ناوەندێکی سەرەکی نەخشەی و پلانی ستراتیجی دەوڵەتی چینە بۆ پرۆژەی (نەخشەی پشتین و رێگای ئاوریشم) کە پرۆژەیەکی بەستنەوەی گەشەپێدانە لە چینەوە دەستپێدەکات و بە دەوڵەتانی ناوەڕستی ئاسیادا تێپەر دەبێت و لە کوردستانی باشور کۆتایی دێت. ئەم شارە ئاوەدانی و پرۆژەی بنیاتنانی مەزن بە خۆوە دەبینی، و فرەبونێکی نەتەوەی و ئاینی تێدایە و و نەتەوەکان بە زمانی دایک دەخوێنن، و نەتەوەی ئیگور کە موسڵمانە لەم شارەدا دەژی، و 700 مزگەوت لەم شارەدا هەیە.

6ـ رۆژی 27ی شوبات کۆنگرەی (سیاسەتی چین و ئەمینداری گشتی سەبارەت بە مەسەلەی ئاین و نەتەوە و تیرەکان) لە هۆڵی کۆبونەوەکانی ئەم شارە بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتی حزب لەم ناوچەیە کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی حزبی شیوعی چینە، و بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمیتەی ناوەندی حزب، بەرپرسی حزب لە هەندی شار دەستی پێکرد. 16 وەفد لە 43 دەوڵەت و 60 حزب ئامادەبوون.

لەم کۆنگرەیەدا سەرجەم ئامار و پێشکەوتن و گەشەپێدان لەم ناوچەیەدا خرانە ڕوو.

پلەی گرما لە کاتی بەستنی کۆنگرەکە 15 ژیر سفرەوە بوو. بەفرێکی زۆر باری بوو. ئەم شارە نزیکە لە سنوری تورکستان و ئەفغانستان. ناوچەکە بیایانە، بەڵام بە باشترین شیواز ئاوەدانیان کردۆتەوە.شەقام و باڵاخانەکانی هەروەکو شارێکی ئەوروپایی وایە، بەڵکو جوانتر و ئاوەدانترە.

یارمەتییەکی زۆر بە ئەو نەتەوانە دەدرێت کە نەتەوەی زۆربە نین. ئەوان مافی دوو مندالیان هەیە نەک یەک. هەروەها پشتگیرییەکی زۆر لە بواری پێدانی پلە و خەرجی بۆ وەرگرتن لە زانکۆ دەکرێن، جگە لە پشتگیری بۆ دامەزراندنی لە وەزیفەی گشتی.

دوای گەڕانەوە بۆ بەکین وەفدەکە لە کۆمەڵێک چالاکی و کۆبونەوە بەشداربوو لەوانە: موحازەرەیەک کە بەرێز تشانغ جیان وی جێگری بەرێوەبەری گشتی فەرمانگەی ئاسیا و باکوری ئەفریقیا لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی چین، پیشکەشی کرد، تێایدا وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە کە پێشتر لە لایەن بەشێک لە ئەندامانی وەفدەکە کرابوون.

  • 1