ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ئەنفال مەرگی لەسەرخۆی گەلێك بوو جار جارە لەسەر خۆو جاری دیش شێتانە , ئەو تراژیدیای مەرگە 196 ڕۆژی خایاند و درێژ بوەوە بۆ ناو هەموو لایەنەكانی ژیانی ئەواەی بەر شاڵاوەكەی كەوتن , ئەوەشی بە ڕێكەوت ڕزگاری بوو لێی, دەردو مەینەتەكانی بەشێوەو شێوازی دی ئەنفالی كرد, شوێنەواری لەسەر سەرتاپای ژیانی ئەم گەلە لە دوای خۆی دانا, ڕژێم شەوی دەدایە دەم ڕۆژەوە بۆ قەسابیكردنی لادێنشیینەكان كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانییەوە و سوتاندنی خاك و وێرانكردنی ئاوەدانی و وشككردنی سەوزایی و كانیی و نەهێشتنی مرۆڤێك بە ناوی هاووڵاتی كوردستانەوە بە تایبەتیش كورد, سوپای عێراق لە سەرباز و جاش بە خەفیفەو مەفرەزە تایبەتییەكانەوە وەك حەزییایەكی چەند سەرەی ئەفسانەكان لە هەرچوار لاوە پەلاماری تەواوی لادێكانی كوردستانیان دەدا, ئەوەی بەر كەوت و ڕِزگاری نەبوو لەو ڕۆژەوە قوتی داو ببڕیای ببڕای نەیانمان بینییەوە, هەموو چركە و لەحزەو سات و ڕۆژەكانی ئەو ئۆپەراسیۆنە شومە, مەرگەساتێكی ترسناك بوو بۆ خۆی, ڕۆژگارەكانی پاشیشی ژیانی ناو مەرگەساتەكانی تۆپزاو و نگرەسەلمان, چاڵ و پەناگای گولەبارانكردنی بە كۆمەڵی ئەنفالكراوان هەموو مێژویەكی دانەبڕاون لە یەكتر , مێژوویەك بوو پڕ لە یاداوەری مەرگ و تاوان, جێی خۆیەتی یادی هەموو ئەو تاوان و كارەسات و قوربانیانە بكرێتەوە كە لەماوەی ئەو حەوت مانگەدا ئەنجام درا, ئەوە مێژوییەكی ترسناك و پڕ تاوانە, ئەوەی لە ناوییا نەژیابێت, ئەوەی بە چاوی خۆی وێنە ترسناكەكانی نەبینیبێت, ئەوەی ئێش و ئازارەكانی نەچەشتبێت, ئەوەی ئەوەی ڕۆژی نەدابێتە دەم شەوەوە بۆ بینینەوەی خۆشەویستەكانی, ئەوەی بە پێی خۆی ڕزگار نەبووبێت , ناتوانێت وینەی چیرۆكەكانی ئەو مەرگە ساتە بكێشێت, ئاخر خەیاڵدانی بڕ ناكات و ناتوانێت وێنای كارەساتەكانی, ئێش و ئازارو دڕندەییەكانی بكێشێت , ئەمە لە خەونی شاعیرانە زۆر ئەولاتر و دوورترە, ئەوە جیهانی مەرگەساتی جینۆساید و كۆمەڵكوژییە كە ناوی ئەنفالە.

هاوكات ناشتوانرێت هەموو ڕۆژەكانی ئەنفال, بكرێت بە شین و شەیپوری یاداوەرییەكانی, چونكە فەزایەك بۆ ژیان , كاتێك بۆ بیركردنەوە و هەنگاو نان بۆ ئایندە و دواڕوژ, زەمەنێك بۆ ساڕێژكردنەوەی زامەكان و هەڵسانەوە و دەستپێكردنەوەی ژیان, چركە ساتێك بۆ ژیانی دوا ڕۆژ و زیندوبونەوە نامێنێت, لە بیركردنەوەی یاداوەرییەكانیش مانای لە بیركردنی تاوان , لە یاد كردنی خیانەت , لە بیر كردنی مێژووی تاڵ و شكستەكانی ڕابردوو دێت , گەلێكیش ڕابردووی كارەساتەكانی لە بیر بكات, مانای ڕازییە بە كوشت و بڕەكانی داهاتووش, مانای ملكەچ دەكات بۆ زەلالەت و قەسابیەكان, لەبیركردنی یاداوەرییەكان یانی دەست ئاواڵە كردنی داهاتووە بۆ دوبارە بوونەوەی كارەساتە ترسناكەكان, یانی نرخ نەدانە بە زاكیرەكان, یانی هاندانی دوبارە بونەوەی قەسابخانەكانە, بۆ ئەوەی داهاتوو, مەرگە سات و قەسابی كردنەكانی خۆمان لە یاد نەچێت, بۆ ئەوەی ئێسكەكانمان لە بیابان و ناو حەوزی تێزابەكان دەركەینەوەو تف لە حەجاج و حەجاجیەكان و هاورەفتارەكانیان بكەین, پێویستمان بەوە هەیە لە ڕێگەی یاد كردنەوەی ئەنفالەوە خۆمان وەك گەلێكی بەردەوام لە پرسە و خەبات كەر بۆ دواڕۆژێكی ڕۆشن دانێین , گەلێك ئامادەیی ئەوەی هەیە ڕابردووەكان خۆی بخوێنێتەوە بۆ هەنگاوەكانی داهاتوو, ئێمە چاومان لە داهاتووە, بۆیە ڕابردوو دەخوێنیینەوە بۆ ئەوەی داهاتویەكی ڕون و گەش دابینبكەین بۆ نەوەكانی داهاتوو , دەنا دەزانین رابردوو بە خۆشەویستانمانەوە ناگەڕێتەوە, دەبێت نیشتمان لەسەر شوێنەواری گۆرستانەكانی ئەنفال بنیات بنێینەوە كە نەكرا , هەرچەندە بوونی تاوانبارانی كورد لە ناومان بەردەوام ئازاری دەروونیمان زیاد دەكات و یادكردنەوەكانمان كاڵە كەنەوە, بەردەوام ئازارمان دەدەن, وەلێ بێ یادكردنەوەش تاوانباران رزگاریان دەبێت لەو رۆژەی تێیایدا نەفرەت دەكرێن, ئەو رۆژە بۆ تاوانباران و داڵدەدەران و گەندەڵكاران بووە دۆوەخی ئەنفال, لەو رۆژەدا دادگایەكی نا فەرمی دەكرێن, لەو رۆژەدا ئەنفالكراوان دێنەوە چیرۆكی ئەنفالكردنیان دەگێڕنەوە, بۆیە دیاریكردنی ئەو رۆژە گرنگ و پێویست بوو.

 

بۆ 14-4

شێخ وەسانان و بادینان و سەردەشت یەكەم شارو ناوچە بوون, بەر لێدانی چەكی كیمییاوی كەوتن لە كوردستان, بەڵام هەڵەبجە كرا بە ڕۆژی شەرمەزاركردنی چەكی كیمیاوی لە كوردستان, لە جیهانیش وەك یەكەم شاری قوربانیدەری چەكی كیمیاوی چووە مێژوەوە لە رێگای پەرتووكی گینزەوە, دەشمانەوێت بیكەین بە ڕۆژی قەدەغەكردنی چەكی كیمیاوی لە هەموو جیهان لە داهاتوو , چونكە قەبارەی زیانەكانی گەورەتر بوو لە هەمووان و تاوانەكانی تر و ناسراوتر تربوو لەوانی پێشوتر و دواتر هەر بۆیەشە خرایە پەرتوكی گینسەوە لە ساڵی 2007 ەوە, هەموو تاوانێكی مەزن لە سەر ئاستی گەل, پێویستە ڕۆژێك هەبێت بۆ یادكردنەوەی, بوونی ڕۆژێكی وا گرنگە بۆ ناوەندیدان بە یادەوەریەكە, هەروەها گرنگیشە بۆ بەردەوام هێشتنەوەی لە زەینی نەوەكانی داهاتوو و باشتر كردنی باری ژیانی ئەوانەی پەیوەستن بەو تاوانەوە و قوربانین, ئەنفالیش بەهەمان شێوە دەبێت ڕۆژێك تیایدا دیاری بكرێت بۆ یادكردنەوەی ئەو تاوانە كە زیاتر لە 10% ی گەلەكەمانی تێدا كوشت و بڕكرا, نە یەكەم ڕۆژی و نە دوا ڕۆژی ئەو تاوانە, تیایدا ئەو زیانە گەورەیەی نەبووە تا دیاری بكرێن بەو ڕۆژە , گەورەترین قەبارەی كارەساتەكە لە پرۆسەی ئەنفالی گەرمیان ئەنجامدرا ( دیاری كردنی ئەو ژمارانەی ڕژێم بۆ ئەنفالەكانی دیاریكردووە بە كارێكی باش نازانم , بەڵكە ئەنفالەكان پێویستە بە ناوی ناوچەكانیانەوە ناو زەد بكرێن).

ئەنفالی گەرمیان كە لە ڕۆژی ڕەشی 7 نیسان یادی دامەزراندنی پارتی بەعس دەستی پێكرد و لە 20-4 كۆتایی پێهات, وەك بەعس ئاسا دڕندانەترین قۆناغی ئەنفالەكان بوو , هەرچەندە لەم شاڵاوەیان بە لێدانی چەكی كیمیاوی دەستی پێنەكرد وەك زۆری ئەوانی دی " لە تازەشار بەكار هات ", كە سەرجەمیان بە لێدانی چەكی كیمیاوی دەستیان پێكرد , وەلێ پێدەشتەكانی گەرمیان ئەو جوگرافیایە نەبوو بۆ بەرەو ڕوبونەوەی سوپای بەعس و خیانەتی عەوامفریوانەی جاشەكان بونە هۆی ئەوەی زیانەكان گەورە بن, لەگوندی تازە شار پێشمەرگەكانی ینك و حشع قوربانی گەورەیان دا, بەڵام نەتوانرا پێش بە هێرشەكان بگرترێت , قەبارەی سوپای هێرش بەر گەورەتر بوو لە توانای بەرەنگاربوونەوە , كە پێشر لە دوو پرۆسەی ئەنفالدا تێسرەواندنی كاریگەریان بەر كەوت, زیانی گەورەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفال لەپرۆسەی ئەنفالی گەرمیان و لە ڕۆژەكانی 13-14-15—4-1988دا بوو , بە تایبەتیش ڕۆژی 14-4 , زیانەكانی ئەو ڕۆژانەی كارەساتەكە گەورەترین و زۆرترین زیان بوون كە بە سێیەك بۆ نیوەی كۆی قوربانیەكانی هەموو تاوانی ئەنفال مەزەندە دەكرێت , شەوی 13لەسەر 14 ی 4 بازنەی ئابلوقەدانی خەڵك تەسككرایەوە, لە ملەسوورە زۆربەی خەڵكەكە تەسلیمكرانەوە , لە ڕۆژی 14 نیساندا لەهەردوو گوندی ملەسورەو كوڵە جۆی حاجی حەمەجان زۆربەی خەڵكی ناوچەكە پاش تەنگكردنەوەی بازنەی ئابلوقە لەسەریان هەموویانیان كۆكردەوە و ئەنفالیانیان كرد, جاشەكان ڕۆڵی كارایان هەبوو لە ئەنفالكردنی ئەو خەڵكە , بەو هانیانیان دا تەسلیم بنەوە, لەو ڕۆژەدا نزیك بە 20000 خەڵكی ناوچەكە كە بەشی زۆریان ژن و مناڵ و پیر و پەككەوتە بوون كۆكرانەوە و بە ئیڤای سەربازی و تراكتۆرو ئۆتۆمۆبێلی هاووڵاتیانی ئەنفالكراو گواسترانەوە بۆ قۆڕەتوو (قۆڕەتوو دەكەوێتە سنوری ناحیەی مەیدانی شاری خانەقین, ئەم ناوچەیە لە دوای ساڵی 1974 ەوە تەعریب كراوە) . پاشماوەی جل وبەرگەكانیان تا ناوەڕاستی نەوەدەكانیش مابوون, بەم هۆیەوە 14-4 وەك ڕۆژێك تیایدا دڕندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنفال گەیشتە ترۆپكی تاوان هەڵبژێردرا بە ڕۆژی ڕەشی ئەنفال, ڕۆژێك دەیان هەزار هاووڵاتی پاش ئابلوقە دان و قەتیسكردنەوەیان لە ناو بازنەیەكی تەسك لە لایەن جاشەكانەوە لە پێشیانەوە فەتاح بەگی جاف تەسلیم بە بەعسكرانەوە, بۆیە كاتێك 14-4 دێتە پێشەوە دەبێت ناوی ئەو جاشانە لە پێشی پێشەوە بن بۆ دادگاییكردن , وە ملە سوورەش ئەو جێگەیە بێت تاوانبارانی جاشی لێ سزا بدرێت و تیایدا دادگایی بكرێن.

 

بڕیاری حكوومەت بۆ بە فەرمی ناسینی 14-4 بە رۆژی ئەنفال

دیاریكردنی ڕۆژی 14-4 بە ڕۆژی ئەنفال هەنگاوێكی گرنگ بوو لەسەر دیاریكردنی ڕاستە ڕێگایەكی درووست بۆ بە جینۆسایدناسینی ئەنفال و بە مێژووكردنی و باشتر كردنی باری ژیای بەجێماوەكانی قوربانییەكانی, كە ساڵانە لەو رۆژە لە رو ناوخۆ داخوازییەكانیان دێننە مەیدان, رو لە دەرەوەش مەزڵومیەتی گەلێكی جینۆسایدكراو بە جیهان دەناسێنن .

هەموو كات زیان هەتیوەو قازانج باوكی زۆرە , كە بۆیەكمجار داواكرا 14-4 بكرێت بە ڕۆژی ئەنفال, تەلەفزیۆنی ماڵانی بۆ فرۆشرا , ڤیستیڤاڵەكانی تێكدرا , لافیتەی پێچرایەوە , كەسێك خۆی ناكرد بە خاوەندی , وەلێ كە هەوڵی بێپسانەوە دەگات بە ئەنجام , لە هەموو لایەكەوە یەكێك دەڵێت منم, نان و رۆنی پێوە دەخۆن, بازرگانی پێوە دەكەن و پارەی پێ پەیدا دەكەن, هەموو كات خەڵكانی بەرژەوەندخواست و هەلپەرست لە دوای هەوڵەكان ئامادەن , بە قازانجی خۆیان دەسكەوتەكان بدورنەوە , بە تایبەت لە ئاوهەوایەكی وەك ئەمڕۆ كەیسی ئەنفال باشترین ڕێگایە بۆ بازرگانی پێوەكردن و وەرگرتنی پلە و پۆست.

دوای 19 ساڵ لە تاوانی ئەنفال , دوای 16 ساڵ لە ئازادبوونی كوردستان , دوای 12 ساڵ لە نووسینەوەی یەكەم بەیانی فەرمی كە تیایدا داواكراوە 14-4 بە ڕۆژی ئەنفال بناسرێت, هەمان بەیان لە ڕۆژی خۆیدا لە ڕۆژنامەو دەزگاكانی ڕاگەیاندن بە بەربڵاوی بڵاوكراوەتەوە , دوای ئەوەی ترسی هەڕەشەی كەس و كاری ئەنفالكراوەكان و شەرمەزاری بەرپرسان لە نەهێنانەوەی ڕوفاتی پیرۆزی كەس و كارەكانمان تۆقاندیانی , لە بەرواری 4-4 -2007بڕیار لەسەر ئەوە درا 14-4 بەڕۆژی ئەنفال بناسرێت:

" پیشنیوه‌رۆی دوینی 4/4/2007، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی كوردستان به‌سه‌رۆكایه‌تیی نیچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و عومه‌ر فه‌تاح جیگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن، له‌ته‌لاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی كرد.له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ره‌زامه‌ندیی له‌سه‌ر پرۆژه‌ی بریاری دانانی رۆژی 14/4ی هه‌موو ساڵیك به‌رۆژی ئه‌نفالكراوه‌كان وه‌رگیرا ".

 

چۆن 14-4 بوو بە ڕۆژی ئەنفال

ئەو ڕۆژانەی ئەنفال جێی گرنگی پێدانی كەسو لایەنەكان نەبوو , شەڕ لەسەر كۆنفرانس و كۆنگرە و دەعوەتنامەكان و دەرچوون لە ڕاگەیاندنەكان لە ئارادا نەبوو, شان بادانی سەر شاشەكان بوونی نەبوو !!! , كێشەیەكی لە بیركراوی بێ خاوەند و تا بڵێی بێكەس بوو , ئەوەشی كاری لەسەر دەكرد بە ئێسك پەرست ناودەبراو گاڵتەی پێدەكرا , ئەو باسكردن و كاركردنانەی هەبوو پەرتوبڵاو بوو, لەو ڕۆژانەدا كۆمەڵێك چالاكوانی بە راستی خۆبەخش و رۆشنبیر و هونەرموند و دلسۆزی ئەم گەلە , بە سكی برسی و ماندوەیەتی سەختی ژیانەوە , لە پاڵ نەبوونی و هەژاری خەمی ئەنفالەكانیان لە كۆل نا و شەویان دایە دەم رۆژەوە بۆ بە مێژوو كردنی ئەم تاوانە و دیاری كردنی رۆژێك بۆ یاداوەریەكە وەك قەرەبوییەكی مەعنەوی كەسوكاری و نووسینەوەی مێژووەكەی , تاكو لەو ڕۆژەدا قورسایی بدرێتە یادكردنەوەی تاوانەكە , ساڵانە لە كات و ساتی خۆیدا یاد بكرێتەوە, ئەم یاداوەرییە نەمرێنرێت, لە بیری تاكەكانی گەلەكەمان بە زیندویی بمێنێتەوە و ببێتە ڕچەی ناساندنی لەئاستی جیهانیدا .

پێویستە ئەو مرۆڤە دڵسۆزانەی كە هەوڵەكانیان بەری گرت بۆ دیاریكردنی ئەو ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفال , ناویان بچێتە مێژووی بەگژدا چونەوەی ئەنفال و ئەنفالچیەكان , منیش وەك ئاگادارێكی زۆرتر لە هەر كەسێكی دیكە لە بەشێكی زۆری ئەو چالاكیانەو موبادری هەوڵەكەو سەرپەرشتیكردنیان , چەند دێرێك لەم یادەوەرییە دەخەمە سەر كاغەز, بە داوای لێبوردن لە هەموو ئەو ناوانەی بە بێ هیچ هۆكارێك لە یادیانم كردووە, تەنها هۆكاریش ئەوەیە ئاگاداری كارو چالاكیەكانیان نەبوومە یان ئاگادارم و ناویانم لە یاد كردووە , چونكە تاوانە ڕەنجی كەسانێك لە سەرەتادا بۆ بەمێژوو كردنی ئەنفال هەوڵیان داوە و ڕەنجیان داوە, چەندە هەوڵەكەیان بچووكیش بێت لە یاد بكرێن , بەری ڕەنجی كەسانی دی , هەوڵ و ماندوبوونی كەسانی دی ئەگەر لەگەڵیانیشدا نەبیت لە یادبكرێت.

پاش گەڕانێكی وورد بە ناو ڕۆژنامەكانی دوای ڕاپەڕین , ئەوەی كەوتە بەر سەرنجم , یەكەم وتار لە سەر ئەو رۆژە نووسرابێت و تەئكیدی لەسەر كرابێت كە ببێتە رۆژی ئەنفال لە داهاتوودا بە ڕێز كاك " ڕ. خ " لە كوردستانی نوێ ژ 66 ی 14-4-1992 دا نووسیویەتی , كە دوایی بۆم دەر كەوت ناوی بەرێزی كاك ڕەحمان خانییە لە شاری دەربەندیخان, هەروەها دووەم بابەت لە پەرتووكی تونی مەرگ كە بەڕێز زیاد عەبدڕەحمان "نەجمەدین فەقێ عەبدوڵا" نووسیویەتی هاتووە (( (c.d.a.w.e) لە ساڵی 1993 هەمان ڕۆژی 14-4 بە ڕۆژی یادكردنەوەی هەڕەشەكانی ئەنفال داناوە ویادی كردەوە, لە هەمان ڕۆژی ساڵی 1994 یش دا یادی ئەو ڕۆژە لە سنووری پارێزگای كەركووك لە گەرمیان كرایەوە , پێدەچێت ئەو ڕۆژە لە داهاتوودا ببێتە یادی قڕ كردنی بە كۆمەڵی گەلی كورد ( پەرتووكی تونی مەرگ –ل9) لێرەوە نووسەر ئەگەرێك دادەنێت بۆ بوونی ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی یادی قڕكردنی بە كۆمەڵی گەلی كورد وەك دووەم هەوڵ, نەك بە كردنی بە ڕۆژی ئەنفال( كتێبی تونی مەرگ یەكەم هەوڵی گەورەو مانفیستۆی كاركردن بوو بۆ ئەنفال و ئازایانە ناوی ئەنفالچیەكانی بڵاو كردەوە بۆیە سەرەتایەكی ئازایانەو جێگای ستایشە) .

وەلێ كاك شێخ سدیق لێكۆڵەر و چالاك لە بواری پرسی ئەنفال دەڵێت : لە 14-4-1993 بە پشتگیری لیژنەی پارێزگای كەركووكی حیزبی شیوعی كوردستان و مەڵبەندی دووی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئەو یادە كرایەوە لە ئۆردوگای سمود (ڕزگاری ) , لیژنەی ئامادەكار بریتی بوون لە : شێخ سدیق , دڵشاد تاڵەبانی , هێمن كەركووكی "سەبوور " ئەو یادە ڤیستیڤاڵێكی گەورە بوو , بەشێك لە چالاكیەكانی بریتی بو لە: ئەنجامدانی ڕێپێوانێك لە ناو ئۆردوگاكەوە بۆ بەردەم قوتابخانەیەك , ڕێپێوانەكە بە تراكتۆر و ئۆتۆمۆبێل نمایشی تاوانی ئەنفال بوو, لەبەردەم قوتابخانەكە وتاری لایەنەكان خوێنرایەوە, ڕۆژی دواتریش لە كەلار پیشانگایەك بەو بۆنەیەوە كرایەوە . 

ڕۆژنامەكان ئەو ڕۆژانە باشترین بەڵگە نامەن بۆ ئەوەی بزانین ئەم هەوڵانەی دراون بۆ دیاریكردنی ڕۆژی 14-4 بە ڕۆژی ئەنفال چەند كاریگەر بونەو جێگای خۆیان گرتوەو گەیشتوونە بە جێی مەبەست و توانیویانە ئەو داواكارییە بسەپێنن.

ڕۆژنامەكانی كوردستان تاكو ساڵی 1995 ئەو ڕۆژەیان بە ڕۆژی ئەنفال نەناساندووەو هیچیان لەبارەوە نەنوسیووە, وەك شایەدحاڵێكی زیندووی تاكە راگەیاندنی مونەزەم لەو رۆژگارەدا, با پێكەوە بۆ راستی بۆچونەكەمان چاوێك بە چەپكێك ناونیشان و مانشێتی ڕۆژنامەكانی ئەوكاتانە بخشێنین .

كوردستانی نوێ ژمارە660 ی بەرواری 14-4-1994, لە مانشێتەكەیدا هاتووە ( بەیانامەی م س ینك بە بۆنەی كۆچی دوایی هەڤاڵ ڕەسوڵ مەمەند ) , ئیتحادی ژمارە 75 ی بەرواری 16-4-1994 یش هەمان بابەتە مانشێتەكەی.

الاتحادی ژمارە 127 بەرواری 15-4-1995 لە مانشێتەكەی هاتووە , (امریكا قلقە علی حقوق الانسان خصوصا فی اقلیم الكردی بتركیا).

ڕۆژنامەی یەكگرتوو ژمارە 86 ی بەرواری 12-4- 1996 لە مانشێتەكەیدا هاتووە: ( فرە زمانی و فرە ڕەگەزی نیشانەی گەورەیی خودان و دەبێ بپارێزرێن , ڕیسوا بێت سیاسەتی جینۆساید و قڕ كران ).

كوردستانی نوێی ژمارە 66 ی بەرواری 14-4-1992 لە مانشێتەكەی هاتووە: (سەركەوتنێك لەگەڵ ڕژێم بەهای ئەو كاغەزەی نابێت كە لە سەری مۆر دەكرێت ).

كوردستانی نوێ ژمارە 962 بەرواری 14-4-1995 مانشێتەكەی بریتی بوو لە: (لە ژێر ڕۆشنایی ڕاپۆرتەكەی ئەكیوسدا بڕیاربوو دوێنێ ئەنجومەنی ئاسایش پڕۆژەی فرۆشتنی بەشێك لە نەوتی عێراق پەسەند دەكات) (هەرچەندە لەم ژمارەیەدا بابەتی زۆر لەسەر ئەنفال لە لاپەڕەكانی ناوەوە بڵاو كراوەتەوە , لە ناویشیاندا بەیاننامەی ڕێكخراوی ئاوارەو ئەنفالەكان لەسەر 14-4 و چالاكیەكانی ڤیستیڤاڵی یەكەمی ئەنفالەكان )ی تێدایە, كوردستانی نوێی ژمارە 1262 ڕۆژی یەك شەمەی بەرواری 14-4-1996 لە مانشێتەكەیدا هاتووە (تەنها بە دادگاییكردنی ئەنفالچییەكان ڕوحی شەهیدانمان شاد دەبێت ) .

ئاڵای ئازادی ژمارە 68 ی بەرواری 11-4-1993 دا لە مانشێتەكەی ئەمەی خوارەوە هاتووە : بە سەرخستنی دەست پَشخەری pkk, بەرنامەی هاوبەش و هاوكاری سیاسی , ئەركێكی نەتەوایەتییە .

بەڵام لە ئاڵای ئازادی ژمارە 166 ی بەرواری 16-4-1995 دا هاتووە (ئەنفال بەڵگەی خۆڕاگری میللەتەكەمان و دڕندەیی دوژمنانە ).

لە بۆ پێشەوەی ژمارە 18 ی نیسانی 1995 (با یەكی ئایار بكەینە ڕۆژی بەرپاكردنی بزووتنەوەی شورایی جەماوەری بۆ كۆتایی هێنان بەشەڕ و برسێتی , هاوكات بابەتێكی بچوك لە سەرەوە نوسراوە بە ناوی (كارەساتی ئەنفال و وەحشییەتی ناسیۆنالیزم).

هەرچی ڕۆژنامەی برایەتی ژمارە 1920 بەرواری 14-4-1994 ە لە مانشێتەكەی هاتووە (هێژا مسعود بارزانی لە پرسەی خوالێخۆشبوو رسول مامەند ئامادە دەبێت), هەرچەندە پەیامی برایەتی لەسەر تاوانی ئەنفالە, بەڵام هیچ ئاماژەیەك بە بەرواری 14-4 وەك ڕۆژی ئەنفال نەكراوە . بەڵام لە ڕۆژنامەی ووڵاتی بەرواری 15-4-1996 ژمارە 151 دا هاتووە (یادی ئەنفالەكان هاندەرێكە بۆ سوور بوون لەسەر خەبات). هەرچی ڕۆژنامەی ڕێگای كوردستانی ژمارە 2 ی ساڵی 48 ی ساڵی 1992 هاتووە(پڕۆژەی بەڵگەنامەی بەرنامەی..) , هەرچی ژمارە 94ی بەرواری 12-4-1993 هاتووە (هەلومەرجی كوردستان وا دەخوازێ كە بە پەلە هەوڵی بەستنی كۆبونەوەی سەركردایەتی سیاسی بەرەی كوردستانی بدرێ) , لێ لە ڕێگای كوردستانی ژمارە 104 ی بەرواری 19-4-1994دا هاتووە (بە بۆنەی یادی شەشەمین ساڵڕۆژی شاڵاوی ئەنفالە بەدناوەكان پێویستە بایەخێكی زیاد بە 182000 ئەنفالكراوو كەس و كارەكانییان بدەین ).

سەرباری ئەوەی بابەتی ڕێگامان لەسەر ئەنفالە , وەلێ ڕێگای كوردستانی ژمارە 152 ی بەرواری 11-4-1995 لە مانشێتەكەی هاتووە (14 ی نیسان ساڵگەردی ئەنفالە شوومەكان و ڕەمزی گەورەترین تاوانی سەدام دژ بە گەلەكەمان )(ڕۆژی 14 نیسان ڕۆژێكی هەرگیز لە یاد نەچووە لە بیرو هزری رۆڵەكانی گەلەكەمان , ئەم ڕۆژە هێمایەكە بۆ گەورەترین تاوان كە ڕژێمە شۆفینیستیەكەی سەدام دژ بە گەلەكەمان ئەنجامی دا ). بەم جۆرە دەبینیین لە ساڵی 1994 ەوە لە مانگی نیسان باسی ئەنفال كراوە , بەڵام لە ساڵی 1995 ەوە جەخت لەسەر دیاریكردنی ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی ئەنفال كراوەتەوە لە هەفتەنامەی رێگای كوردستان, لە هەموو رۆژنامەكانی ئەوكات زیاتر گرنگی بە پرسەكە داوە.

لە ساڵی 1994 دا لە ژێر درووشمی (دیاریكردنی چارەنووسی ئەنفالكراوەكان ) كۆمیتەی باڵای یادكردنەوەی ڕۆژانی ئەنفال لە یادی 6 ەمین ساڵەی كارەساتی ڕۆژانی ڕەشی ئەنفالە بەدناوەكانی بەعس, لە ڕۆژانی 14-15-4-1994 زنجیرە چالاكییەكی لە كەلار و سمود ئەنجامدا , لیژنەی سەرپەرشتی یادەكە لە لایەن مەڵبەندی كەركوكی ینك و هاوڕێیانی حشكع- كەركووك و یەكێتی هونەرمەندانی كوردستان سازدرا بوو (كوردستانی نوێ 18-4-1994 ژمارە 663).

لێرەدا پێویستە ئەوە ڕابگەیەنین لە ساڵانی 1995 و 1996 , بە داواكاری ئێمە لە ڕاگەیاندنەكان 14-4 وەك ڕۆژی ئەنفال ناسێنرا و چووە مانشێتەكانەوە , پاش سەردانیكردنی هەر هەموویان.

كاك سەردار عەبدللە یەكێك لە چالاكوانانی ئەوكاتی ئەنفال پێی راگەیاندم : بۆ سالی دواتر مەبەستی ساڵی 1996 ە , كە بینیمان لە 14-4 لە هەولێر یادی ئەنفال بە بەرفراوانی كرایەوە , ئێمەش لەوە بە دواوە سور بوین لەسەر دیاریكردنی 14-4وەك رۆژی ئەنفال .

نابێت ئەوەش لە یاد بكەین لە ئایاری ساڵی 1994 شانۆگەری وەرزێكی شووم لە شاری هەولێر پێشكەشكرا كە بەڕێزان فەخرەدین گەرمیانی و خاڵە حەمرین (یادی بەخێر) و لالۆ ڕەنجە و كۆمەڵێك دڵسۆزی دیكە ڕۆڵیان تێیدا هەبوو , گوزارشتی لە تاوانی ئەنفال دەكرد , وەلێ بە ئامانجی دیاریكردنی 14-4 نەبوو بە ڕۆژی ئەنفال و هاوكات لەو ڕۆژەشدا نمایش نەكرا.

بانگەوازی ڤیستیڤالی یەكەمی ئەنفالەكان لە 12-3 بۆ ئەنجام دانی یەكەم ڤیستیڤال لە هەولێر بڵاو كرایەوە , كە لە 14-4 ڤیستیڤاڵەكە بۆ ماوەی یەك هەفتە لە هۆلی مدیا بەردەوام بوو, ئەم بەرێزانە رۆلیان لە ئامادە كردن و سەركەوتنی یدا هەبوو((محمد ملا سدیق –لالۆ رەنجدەر –سەدرەدین خۆشناو-فاتیح شەیدا-كەریم غەفور " كەریمۆك" –قادر نادر-فریاد هیرانی-ئاشتیە سور و هاوسەرەكەی" دارا و پایزە" " رۆژنامەی ئەمڕۆ" , محەمەد مشیر- هاوار مستەفا- سۆزان مامە- بدرالدین سالح- نیهاد دزەیی- كەریم سەركەش-هەردی سەردەم –دەشتی سەردەم – فەلاح حەسەن –عادیل قەشقە- -مامۆستا رەحیم-عوسمان عمر( عوسمانی خەتم ) -رزگار مام بۆرە- مامۆستا فرهاد خالید-نهاد جامی –تەحسین فایەق-ئاوارە خان-كەریم مەلا-مامۆستا كمال غەمبار- هونەرمەند محەمەد ئیسماعیل- پارێزەر دلێر محەمەد شەریف -سەلاح مەزن- مامۆستا عەبدالرەحمان سدیق- ئازاد سلێمان و رەوان شاد هاوكار و هێمن حەساری و شەفیق حاجی خدر و كنێر جەمیل و شەوقی دارەتوو و جەماڵ شوشە و عەدنان كۆچەر و ........هتد .هەروەها بەرێزان رزگار شوانی و رزگار حەساری و فواد سدیق لە رێگای كوردستان و كاك ستران عبدللە و كاك دلشاد عبدللە و ئیسماعیل عەبدالكەریم لە كوردستانی نوێ و كاك غازی حەسەن و ئیدریس شەیداهۆ و كاك بێكەس حەمەد قادر لە ئاڵای ئازادی بەشداری كاریگەریان كرد لە ڕێگەی ڕۆژنامەكانیانەوە , بەوەی كاریگەریان لەسەر ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنەكانیان دانا بۆ ئەوەی 14-4 وەكو ڕۆژی ئەنفال بناسن و گرنگی پێبدەن و مانشێتی لەسەر دابنێن وێڕای لە چالاكیەكانیشدا رۆڵیان هەبوو .

بۆ سالی دواتر واتا 1996 , جگە لەو بەرێزانەی ناویان لە ڤیستیڤاڵی یەكەمدا هاتووە , بەرێزان سەرهەد تۆفیق –شوان داودی –غازی حەسەن- گرفتار كاكەیی- هەردوو مامۆستای هێژاو تێكۆشەر خالید دلێر و سەعید ناكام و محەمەد ساڵەیی و هەندرێن حەمەدەمین شەقڵاوەیی و پاڵەی خالید دلێر و هیوا ناسیح و ئەسكەندەر جەلال و فەرحان و خالید كاوێس و ئازاد و ,,,, هتد بەشدار بوون , ئەو ساڵە بە داواكاری ئێمەو بە هاوكاری بەرێز كاوە نادر پارت و رێكخراوە سیاسی و رۆشنبیریەكان دەیان بەیاننامەیان لە 7-4 ەوە دەركرد بە بۆنەی 14-4 و ناساندنی وەك ڕۆژی ئەنفال , لەوە بە دواوە ئیتر 14-4 وەك رۆژی ئەنفال بو بە ئەمری واقیع چ لە بواری سیاسی یان جەماوەری .

ساڵی 1995 یەكەم بەیاننامە بە بۆنەی 14-4 ڕۆژی ئەنفال, ڕێكخراوی ئاوارەو ئەنفالەكانی كوردستان" من نوسیمەوە" دەركرا, دواتر دەزگای ناوەندی ڕاگەیاندنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بەیاننامەیان دەركرد وەك دووەم بەیاننامە بۆ ئەنفال دەركرابێت, هەرچەندە لە بەیاننامەكەی یەكگرتوودا هاتووە (ئێمە لە ئاوا ڕۆژێكدا كە یادی ئەو كارەساتە بێ دینی یە دەكەینەوە ,داوا لە هەموو دەزگاكانی ڕاگەیاندنمان دەكەین, كە وەك تاوانە جینۆسایدییەكانی سەدەكانی ناوەڕاست و , جەنگە جیهانییەكان و ,كارە بە كۆمەڵ كوژییەكانی ستالین و هیتلەر , لە قەڵەمی بدەن و ,گڵاوی نیازی ڕژێم لە بەكارهێنانی وشەی (ئەنفال)ڕسوا بكەن و, وشەو زاراوەیەكی بۆ بەكار بێنن كە ڕێسی پیلانی هەڵوەشێنێتەوە – بەشێك لە بەیاننامەی مەكتەبی ڕاگەیاندن بە بۆنەی یادی كارەساتی بەناو ئەنفالەوە – یەكگرتوو ژمارە 37 ) , دیارە ئەم هەوڵەش لە لایەكەوە دڵسۆزییە بۆ پرۆسەكە , لە لایەكی دیكەوە بەشێك بوو لە نەخشەكانی پارت و لایەنە ئیسلامیەكان بۆ سڕینەوەی وشەی ئەنفال و بەكارنەهێنانی و مانەوەی بە پیرۆزی لە كۆمەڵگای كوردیدا و نە چەسپینی لە گەڵ تاوانەكەدا, كە بە بڕوای ئەوكاتی ئەوان لەگەڵ بەها ئاینیەكاندا ناهاتەوە .

ساڵی 1996 بەهۆی سەركەوتن و دەنگدانەوەی ڤیستیڤاڵی یەكەمی ئەنفالەكان هەوڵەكان گەورەترەوە بوون , بە هەوڵ و كۆششی ڕێكخراوی ئاوارە و ئەنفالەكان لیژنەی سەرپەرشتی لە هەولێرو شەقڵاوە دروست كرا , هەروەها داوا لە حزب و ڕێكخراوە سیاسی و جەماوەری و ڕۆشنبیرییەكان كوردستان كرا , بەیاننامە بەبۆنەی 14-4 دەربكەن و لافیتە لەو یادەدا هەڵواسن , بۆ ئەوەی شاری هەولێر سیمای ئازییەت باری گشتی بە خۆوە بگرێت , لە ساڵی 1996 لیژنەی كاری هاوبەشی حیزبە كوردستانیەكان لە 1-4 ەوە بەیاننامەی هاوبەشیان دەركرد لەسەر 14-4 و ناساندنی وەكو ڕۆژی ئەنفال , كە لە 7 حیزبی كوردستانی پێك هاتبوون , سەرباری ئەم لایەنانەی خوارەوە : بزوتنەوی موسڵمانانی كوردی فەیلی –سەركردایەتی شۆڕگێڕ -–حزبی اتحادی توركمانی--كۆمەڵەی جوێلۆجی كوردستان-یەكێتی مامۆستایانی كوردستان-یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان-ڕێكخراوی ئاوارەو ئەنفالەكانی كوردستان-حزبی سۆسیالستی كوردستان-یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان-دەستەیەك لە ڕابەرانی بزووتنەوەی كرێكاری-كۆمەڵەی ڕوناكبیری كۆمەڵایەتی گەرمەسێر . سەرباری ئەوەی دەیان پارت و ڕێكخراوی سیاسی لافیتەیان بە داواكاری ئێمە لەناو ڤیستیڤاڵەكەو شەقامەكانی هەولێر و بەردەم بنكەو بارەگاكانیان هەڵواسی, ئەو بایاننامانەش بە سوپاسەوە بە داواكاری ئێمە دەركراون, بە پێ بارەگا بە بارەگا بەندە زۆر جاریش لە گەڵ مامۆستا بەدرەدین گەڕاوین و پاڕاوینەتەوە تا بە دوی داواكارییەكانمانەوە هاتن.

لە بواری ڕاگەیاندندا ڕۆژنامەكانی ووڵات , ئاڵای ئازادی , یەكگرتوو , پاڵە مانشێتەكەیان ئەوساڵە لەسەر ئەنفال بوو , ڕێگای كوردستانیش سەرتاپای بە ڕەش دەرچوو و مانشێتەكەشی لەسەر ئەنفال بوو .

ئەم بروسكەی پشتگیریانەش گەیشتنە ڤیستیڤاڵەكە : ( دەستەی ڕۆژنامە نووسانی ئازاد-حزبی الاتحادی توركمانی-مكتب سیاسیی-- تیپی شانۆی نیشتمان-مەكتەبی پەیوەندیەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان-حزب الاخا توركمانی –مكتب سیاسی-- بزاڤی خوێندكارو لاوانی كوردستان-سكرتاریەتی باڵا-- حیزبی ڕزگاری كوردستان-مەكتەبی سیاسی -–مەڵبەندی ڕۆشنبیری میزۆپۆتامییا-یەكێتی پێشەنگانی كوردستان-كۆمەڵەی جەنگاوەرانی پێشەنگی كوردستان- كۆمەڵەی جیۆلۆجی كوردستان-یەكێتی بێكارانی كوردستان-كۆمەڵەی ئاوارەكانی كوردستان-ڕێكخراوی جیهانی بۆداكۆكی كردن لەمافی مرۆڤ(ئەمینداری گشتی)-بزوتنەوەی ڕۆشنبیرانی ئاشتیخواز-هەولێر—كۆمەڵەی نەتەوەیی كورد-مەڵبەندی چوار—كۆمیتەی ڕێكخستنی هەولێری حیزی كۆمۆنیستی كرێكاری عێراق—كۆمەڵەی فەرهەنگ و ئاوەدان كردنەوەی باڵەكەیاتی—یەكێتی ژنانی كوردستان-مەكتەبی سكرتاریەت—ئەنجومەنی پارێزەرانی كوردستان—تیپی شانۆی ڕۆژی نوێ—بزووتنەوی دیموكراتی گەلی كوردستان—كۆمەڵەی زیندانیە سیاسیەكان—مەكتەبی تەنفیزی یەكێتی جوتیارانی كوردستان—خوێندكارانی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان—كۆمیتەی پارێزگای هەولێری حیزبی شیوعی كوردستان—كۆمەڵێك لە ڕۆشنبیرانی شاری هەولێر—كۆمیتەی تایبەتی مەكتەبی سیاسی ی ن ك—خوێندكارانی پەیمانگای هونەرە جوانەكان—ڕێكخراوی ئاوارەو ئەنفالەكانی كوردستان—لەشكری 16 دەشتی هەولێر ینك—تیپی شانۆی حەمرین—كۆمەڵەی ئافرەتانی كوردستان—ڕێكخراوی چاودێری مافی مرۆڤ لە كوردستان (كوردستان ۆچ)—ناوەندی هەولێری پارتی كاری سەربەخۆیی كوردستان –ڕادیۆی ڕێگای كوردستان—ڕێكخراوی تێكۆشانی ڕەنجدەرانی كوردستان—ڕێكخراوی ڕەوتی بەلشەفیك—یەكێتی گشتی قوتابیانی كوردستان).

ئەم لایەنانەی سەرەوە ناویان هاتووە , زۆربەشیان بە هەڵواسینی لافیتە لە دەرەوەی هۆڵی ڤیستیڤاڵ بەشداریان كرد , شاری هەولێر تا ئەوكاتە هیچ بۆنەیەكی وای تێدا نەكرابوو , بەو ئەندازەیە لافیتەی تێدا هەڵبواسرێت , بە درێژایی چەندین كم بەملاو ئەولای هۆڵی میدیادا , سیمای ئازییەت باری گشتی بەخشی بە شار ئەو چەند رۆژە.

ئەم لایەنانەی خوارەوەش تەنها لافیتەیان لە ڤیستیڤاڵەكەدا هەبوو : ( بیرۆی پارتی كاری سەربەخۆیی كوردستان- یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان- ڕۆژنامەی ووڵات-ڕۆژنامەی شمس وەتەن-حیزبی شیوعی عێراق-پارتی كرێكارانی كوردستان-لیژنەی پارێزگای كەركوكی حیزبی شیوعی كوردستان-یەكێتی ئافرەتانی زەحمەتكێشان-لقی هەولێری حیزبی زەحمەتكێشانی كوردستان-كۆمەڵەی خوێندكارانی كوردستان-ڕادیۆی نیشتمان-حیزبی شیوعی كوردستان مەكتەبی سیاسی-كۆمەڵەی ڕوناكبیری كۆمەڵایەتی كەركووك- كۆمەڵەی ڕوناكبیری و كۆمەڵایەتی گەرمەسێر –مەكتەبی مافی مرۆڤی ی ن ك-یەكگرتووی خوشكانی ئیسلامی كوردستان) , هەروەها ئەم هونەرمەندانەش بە تابلۆ بەشدارییان كرد لە پیشانگای كورد قڕان : (جوهەر محەمەد خدر-دارا محەمەد عەلی-دلێر محەمەد شەریف—سلێمان شاكر—سەربەست عومەر—سۆران-جعفر محمد غریب-جماڵ مشیر-عبداڵلە سەراج-فیسەڵ عوسمان-كامران – ڕزگار فقێ عبداڵلە-ئازاد ئەنوەر-گرفتار كاكەیی)(چارەنووس ژمارە 2 –حوزەیرانی 1996) *.

دیارە ئاماژەم بە زۆر ناو دا , كەسانی تێدا بوو وەك بەدرەدین حەمەساڵەح و كاك نیهاد دزەیی و سەرهە تۆفیق زۆر ماندوو بوون , كەسانی دیكەش بەشداریەكی ڕەمزیان كرد, پشتیوانییەكی مەعنەوی بوون بۆ یاداوەرییەكە .

هەرچەندە ڤیستیڤاڵی دووەم یاساغكرا و ڕێگە لە ئەنجامدانی گیردرا لە شاری هەولێر ( بەهۆی بەرپرسانی ئەوكاتی دەزگای روناكبیری و كۆمەڵایەتی كەركوك , ئەو یادكردنەوەیەشیان لێمان بە رەوا نابینی و دژ بە دیاریكردنی 14-4 بوون بە رۆژی ئەنفال) , وەلێ كە مەمنوع كرا زیاتر مەرغوب بوو و دەنگدانەوەی زیاتری بوو, ڤیستیڤاڵە كارتۆنیەكەی ئەوانیش دەیان جار ئیمكاناتی زیاتری بۆ تەرخان كرابوو چۆڵ و هۆڵ كەم كەس بە لایدا چوو, لەسەر پارەش بووە شەڕیان) , بە داخەوە زۆری ئەو چالاكییانەی بۆ ئەو بوارە دەكرێن تا ئێستا شەفاف نین و لە پاڵ ئەو یاداوەریانەوە گیرفانەكان پڕە كرێن, تا ئەوكات رێكخراوی ئاوارەو ئەنفالەكان چالاكترین رێكخراوی مەدەنی و جەماوەری بوو لە كوردستان وەلێ یەك فلس بودجەی نەبوو هەموو كارەكانی لەسەر گیرفانی بەندە بوو.

گرنگ ئەوەیە پەیامەكانی یادەكە چەسپی و لە كۆتاییدا ڕۆژێك دیاریكرا بە ڕۆژی ئەنفالكراوەكانمان كە 14-4 بوو دیریكرا, لەو ڕۆژەدا خەم و داواكارییەكانمان یەك دەخەین, بە چاو بۆ ئازیزانمان دەگرێین, بە بیر ڕێگایەك دەدۆزینەوە بۆ بە بە مێژووكردنی, بە دەست و دەنگێكی بەرزیش ئازایانە دەڵێین سەرجەم تاوانكاران بێجیاوازی بۆ بەردەم دادگا, پەیامەكانی 14-4 لە بەجینۆساید ناسینی ئەنفال و بە دادگایی گەیاندنی تاوانباران و باشتر كردنی باری ژیانی قوربانیان هەر دەگاتە بەر, بە هاتنە مەیدانی بنەماڵەی قوربانیان.

لە كۆتادا دەمەوێت رابگەیەنم بۆ ئەنجامدانی یاداوەرییەكە , ڤیستیڤاڵی یەكەم یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان و حیزبی شیوعی و ینك" حاكم قادر" هاوكاری مادییان پێشكەش كرد, بۆ دووەمیش هەمان دوو حیزب و یەكێتی نیشتمانی كوردستان " بەرێز فوئاد مەعسوم", ڤیستیڤاڵی شەقڵاوەش پارتی دیموكرات مەسرەفی كێِشا ئێمە دەستمان لە پارەكەی نەدا, ڤیستیڤاڵی یەكەم زۆربەی خەرجییەكانی لە ئەستۆی بەندە بوو, هاوكارییەكان كەم بوون, پارەو داهاتەكانی زۆر شەفافانە وەرگرتران و خەرجكران, مامۆستایەكی دەست پاك رەوانشاد خالید دلێر سەرپەرشتی دەكرد, بە دەستنوێژیشەوە دەستی لە پارەكان نادا, لە شەقڵاوەش مامۆستا رەوان شاد مامۆستا سمكۆ ناكام هەمان تەسەروفی دەكرد, تەنها بە چاوەكانیان ئاگاداری بوون روحیان شاد, دەتوت دوژمندارییان لە گەڵ شتێك هەیە ناوی پارەیە, سەرجەم هاوڕێیانی دیش هەمان تەسەروفیان هەبوو, بەسكی برسییەوە كارەكانیان رادەپەڕاند.

  یەكەم كۆبونەوە بۆ سازدانی یەكەم ڤیستیڤاڵی ئەنفال

 

 

 

 

 

 

 

  • 1