ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی چوارەم

{ میتۆدی لێکدانەوەکانی چەپ }

بێ گومان هەموو بزووتنەوەیەک سیستەمی فکریەکەی خۆی ئاڕاستەی بزاوتنی دەست نیشان دەکات . هەروەها هەر سیستەمێکی فکریش بزووتنەوەیەکی دەبێت . بێ گومان لە سیستەمی سەرمایەداریدا ، چەپی ووردەبۆرژوازی بزووتنەوەی دژیان بە ئاکاری هەمان سیاسەت و بەرژەوەندییە و تیایدا بەرژەوەندی ئەو دەستەیە دەست نیشان دەکات ، دەیەوێت بەشی پەیدا بکات لە سیستەمی ئابووری کۆمەڵایەتیدا . لە لایەکی ترەوە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی چینایەتی ، بەرامبەر دەسەڵات ، بە ئاڕاستە جیاواز لەگەڵ واقعدا و بە میتۆدیش جیاواز لەگەڵ دیالێکتێکی واقعی ئابووری سیاسی ئەم سیستەمەی ئێستا ، ئەمەشیان بە ئاڕاستەی بەرژەوەندی چینێک دەبێت ، لەگەڵ بەرژەوەندی کۆمەڵێکی پان و بەرین ، یان بە شێوەیەکی تر بڵێین چینی پان و بەرینی چینی کرێکار ، ئاڕاستەی سیاسەت و هەڵوێستەکانی خۆی تاو دەدات . 

بەکورتی هەموو بزووتنەوەیەک دەبێت سیستەمێکی فکری ڕێنوێنی کەری سیاسەت و بەرژەوەندییەکانی ئەو بزووتنەوەیە بێت . لەگەڵ ئەوەشدا بە سیستەمی هزرییەکەی بزووتنەوە پراکتیکییەکەی ئەدۆزرێتەوەو دەتوانرێت هەر لە هەمان ئاسۆوە دەست نیشانی ئامانجەکانی بکرێت . هەموو ئەمانە لە چەپدا بە شێوەیەکی سستماتیک نابینرێت ، یان ئەوەندەی پابەندی بزووتنەوە فکرییە ووردە بۆرژوازیەکانە ئەوەندە لەگەڵ بزووتنەوە و سیستەمی فکری مێژوویی و میتۆدی چینی کرێکاردا تێکەڵ و جووت نییە .

لەلایەک بزووتنەوەی هزری ووردەبۆرژوازی بە ناو نیشان کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەوەندەی دووبارە کەرەوەی مارکسیزمی شۆڕشگێڕی پێشووتریانە ، ئەوانەی تری دەرەوەی ئەوانیش ، هەریەکەیان و بەجۆرێک و بە ئاکارێک و لۆجیکێکی ناسیونالیستی چەکداری و ووردەهیگڵیەت و هەندێکیشیان خۆیان بۆ یەکلایی نەبووەتەوە کە ئەبێت چی بکات ، لەلایەکی تر گروپێکی بێناونیشانی ئاڕاستە ئانارشیست دەردەکەون و بیردەکەنەوە ،ئەوەندە لەگەڵ سیستەمی بیرکردنەوەی تازەو زیندووی مارکسیزم ئاوێزان نیین . ناکرێت تۆ ناوی ڕۆبۆت بەریت و نەزانیت ڕۆبۆت چۆن لەگەڵ دیالێکتیکی مارکسیزم بەکار بهێنرێت . ئەمانە نەیان کردووەتە تازە بوونەوە بەڵکو جۆرێکی ترە و پەیوەندییەکی تووندو تۆڵییان لەگەڵ ڕیڤیژنیزمدا هەیە . بەو مانایەی کە سیاسەت و میتۆدەکانی برنیشتایین و بەشێکیش هیگلیەت و بەشێکی تر ئیکۆنۆمیزم و تا سنوورێک لەگەڵ ئانارشیزمدا تێکەڵ یەک بوون و میتۆدی کۆمۆنیزمی کرێکاری ئەوانەی تریان پێک هێناوە ، بێجگە لەو جۆراوجۆریەی تری ڕیڤیژینیزم کە بەناوی مارکسیزمەوە ئەدوێت . ئەم تێڕوانینانە ئەوەندەی بوونەتە دواکەوتن و ئەزمەی بزووتنەوەکە ، ئەوەندە نەیان توانیوە ئەزمەی چەپ بڕەوێننەوە . چونکە ئەم تێگەشتنانە لەگەڵ بحپ و پلمیکی ناو مارکسیزم نایەتەوە ، چارەسەری کێشەکانییان بە ڕێگەی بەیان نامەو پلاکارتان وەڵامی پێدەدەنەوە . لێرە ئەوەندەی ئەو ڕەهەندە پاشکۆیەتی بۆ ڕەهەندی چەپی ئەزمە گرتووی ئێران دەکات و کردویەتی ، ئەوەندە بیر ناکاتەوە ئەوەندە ئاوەزی بەکار ناهێنیت . بۆ دەرچوون لەو چوارچێوە داڕێژراوە میتافیزیکیە کە بیرکردنەوەی دۆگمایانەو بێ گۆڕان ، پەیوەندی خۆی گرێ ئەدات بە هەلومەرجەکانەوە ، ئەوەندەی لەگەڵ دیدوتێڕوانینەکانی بۆرژوازیدا مامەڵە دەکات ئەوەندە ئەو درککردنەی تێناپەڕێنێت . بێ گومان هەموو ئەو بەهایانەی کە لە بەرنامەی دنیای باشتر و بەرنامەکانی تری حیزبە چەپەکانی تر و مینی بەرنامەکانیاندا هەیە هەر هەموو دەرخەری لایەنە خراپەکانی ناو بزووتنەوەی فکری و پراکتیکی ئەو بزووتنەوە ووردە بۆرژوازییە بە بەرد بووەیە . واتە ئەمانەیان بەشێک لەو چەپەیە کە تواناکانی خۆی تەنها بەوەوە دەست پێ دەکات کە تەنگوچەڵەمەکانی ئەو بزووتنەوانەو دیاردەکانی بەشێوەیەک دەکۆڵێتەوە لەگەڵ شێوەی سەرمایەداری ئەخاتە ژێر ڕەخنەیەکی شکڵییەوە . کەواتە میتۆدەکان دەبێت بە پێی پێویستی کاریگەری خۆی تا سەرمۆخ لەگەڵ دژەکانی خۆیدا بەکاربهێنێت یان کاریگەریان لەسەر دابنێت ، نەوەکو لە ڕووی دەرەوەی دیاردەیەکی شارەوەوە قسە بکات و بە ترۆپکی ڕەخنەشی بەهەند وەرگرتبێت . واتە ئەو ڕەهەندەی هەر بە هەمان ناوەوە دەداتە کۆمۆنیزمی کرێکاری لە دەرەوەی حیزبەکەیەو ئیدعا و بانگەوازی پێکهێنانی حیزبێکی تر دەکات ، نەی توانیوە جیا بوونەوەکەیان جیابوونەوەیەکی دیالێکتێکی جیاوازی خۆی ڕابگەیەنێت . بەڵکو لەڕوی ڕوخساریەوە جیابوونەتەوە ، هەر وەک چۆن میتۆدەکەیان لەگەڵ ڕوکاری دەرەوە مامەڵە دەکات . واتە ئەوەی لە فەلسەفەی سۆسیالیستە خەیاڵییەکاندا هەبووبێت ، ئەو بەکارهێنانەی ئەوەندەی بە خەیاڵەوە بەندن ئەوەندە بە واقعەوە بەند نین . بێ گومان واقع بە پێی دیدو بڕواکان و هەڵسەنگاندنی ئێمە ئێستا واقعێکی حەقیاتی نییە بۆ پەیوەندیەکانی ژیانی ئینسان ، بەڵکو بە پێ ی تێڕوانینەکانی کۆمۆنیزمی زانستی واقعێکە دەبێت لەبنەڕەتەوە هەڵبووەشێتەوە ، نەوەکو ئارایشتی واقعەکەی بدرێتەوە . ئەوانەی کە لە پێشەوە باسم کردن میتۆدی بەشێکی چەپە کە بێ گومان جیاوازی و جیابوونەوەکانی لە ڕێگەی ئەزمەیەکەوە سەرچاوەی گرتووە ، میتۆدی ئەم بزووتنەوە هزرییە ناتوانێت وەڵام دەرەوە بێت بە میتۆدی سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرمایەداری .

بەم پێیە بۆ هەموو تێپەڕاندنێکی ئەزمە ، پێویستە درکی ڕۆشنت لەسەر ئەزمە هەبێت و کاریگەریەکانی دەست نیشان بکریت و بتوانرێت لەو چوارچیوەیە دەربچن ، یان دەبێت هەوڵ بۆ ئەوە بدرێت کە دنیای ئەزمە گرتووی چەپ بە تێپەڕاندنی وەڵام بدرێتەوە . ئەوەش تەنها تێزەکانی کۆمۆنیزمی زانستی دەتوانێت ئەو وەڵامە بداتەوە . چونکە چەپ وەڵامی خۆیان وەرگرتووەتەوە ئەوان بە هەموو مانایەک پرۆژەیەکی بەرنامەیی یان کۆمەڵێکیان وەکو خۆیان دەڵێن مینی بەرنامەیان هەیە و دەردەکەن ، بە پرۆژەیەکی بەیاننامەیی هەمووی لە بنەڕەتەوە هەڵئەوەشێنێتەوە . کاتێک لە ئەزمەیەکدا پرۆژەیەک دەردەکرێت دەبێت ئەوە لە ئەستۆی خۆی بگرێت کە وەڵام بە ئەزمەکە بداتەوە ، نەوەکو بە پێچەوانەوە وەک ئەو مێژووەی کە لە دەوورانی پێشووتری ئەم بزووتنەوەیەوە هەتاوەکو ئێستا ڕوویداوە . کەواتە ئەم باڵەی ئەزمە گرتووی چەپ نەیتوانیوە وەڵام بە ناوەڕۆکو ڕووی ئەزمە گرتووی خۆی بداتەوە ، لەبەر ئەو هۆیانەی کە لە بەشەکانی تردا باسم کردووە . ئەوەندەی کاریگەری ئەزمەی سەرمایەداری لەسەر ئەو ڕەهەندە هەبووە ئەوەندە ئەم ڕەهەندە نەیتوانیوە شیکردنەوە و لێکدانەوەی خۆی لەسەر ئاستی ڕەوینەوەی ئەو ئەزمەیە و تێپەڕاندنی لەناو ژهنی خۆیاندا بڕەوێنێتەوە و لەناوببات . واتە دەرچوونیش پێویستیان بەوە هەیە کە لە باسی میتۆدی ئەزمە گرتووی ئەم لایەنەی چەپ دەردەچێت و جیهان بینییەکەی جیاوازو مەحکەمتر لەسەر بناغەو بنەڕەتی مارکسیزم پێداگرێت و بوەستێت ، پێشکەوتنێکی میتۆدی بە خۆیەوە ببینێت .

ساختمانی ئەو بیرکردنەوانە دەبێت زانستییانە نەخشە ڕێژبکرێت ، تا بتوانێت تەلاری هزری و میتۆدی خۆی نەکەوێتە ژێر کاریگەری سروشتی ئەو کۆمەڵگایانەوە کە سیستەمە فکرییەکەی دەیەوێت یان هەوڵ دەدات بۆ لەناو بردنی هەموو بەهایەکی شۆڕشگێڕی . واتە ناکرێت تۆ دیالێکتێک بە میتافیزێک ناو زەند بکەیت ، یان میتافیزێکت بەیان کرد بێت و لە دیالێکتێکیدا جێگات بە بەرزو بەڕێز دابنێت و بەهەندی وەرگریت . دیالێکتێک لایەنێک و ڕوویەکی بیرکردنەوەی زۆر زۆر جیاوازە لەو بیرکردنەوە میتافیزیکانەی کە شتەکان بە نەگۆڕو وەستاو دەبینێتەوە ، یان دەیانەوێت نەفی گۆڕانی چەندایەتی بۆ چۆنایەتی بکەنەوە ، یان نەبینینەوەی گۆڕانی چەندایەتی مێژوویی بۆ چۆنایەتی مێژوویی ، هەروەها بەپێچەوانەشەوە .

پێویستە بۆ تێپەڕاندنی ئەو هەلومەرجە ناهەمووارەی چەپی ئەزمە گرتوو ، دیالێکتێکی خۆمان لەناو ماتریالیزمی دیالێکتێکدا تاو بدەین و ماتریالیزمی مێژوویی خۆمان بە شێوە ڕاست و ڕەوانەکەی گۆڕانی قۆناغەکەی پێ بکەین . واتە کاتێک کە دیالێکتێک بوو بە بەهای لێکدانەوە ماددییەکان ، ئەوەی دۆزییەوە کە گۆڕانکاریەکان پێویستیان بە جارێکی تر داڕشتنەوەی ماددی گۆڕاو هەیە ، یان ماددەی گۆڕاو واتاو مانایەکی تری هەیە لەناو ماتریالیزمی دیالێکتیکدا . ئەویش بەو مانایایە نا کە ماددە خاسیەتی خۆی لە دەست دابێت لە ڕووی فیزیاوی و کیمیاوییەکەیەوە . بەم پێیە ئەمە بۆ تازە بوونەوەو گۆڕانی هەلومەرجەکەی ، زیندوو ڕاگرتنی وەک دیالێکتێک پێویستە بەهای پەیوەندییەکان لە لامان ڕوون و ئاشکرا بێت ، ئەگینا بەسەر سەردا دەمانخاتە چاڵەوە . کەواتە هەموو بەها گۆڕاو و نەگۆڕاوەکان لە ڕێگەی نوێ بوونەوەو گۆڕانە بەردەوامەکانی سیستەمی هزری ماتریالیزمی دیالێکتیکەوە دەدۆزرێتەوە . یان دیالۆگی ناو ماتریالیزمی دیالێکتێک ئەتوانێت ئەو ئەرکە جێبەجێ بکات . ئەمانەش دەبنە سەرچاوەی فکرو میتۆد و بەرچاو ڕۆشنی ئەم سەردەمەی ئێمە ، ئیش کردن بۆ ئایندەیەکی تەواو گۆڕاو و پەی پێنەبراو لە لایەن دەورو بەرەوە ، هەر بەم پێیە ناتوانرێت پەی بە خودی میتۆدێکی لەو جۆرە ببڕێت ، ئەگەر وا نەکرێت ، ئەوا قۆناغ و ڕووەکەی هەر وەک ئێستای لێ دێت کە چەپ ئاوێزانی ئەزمەیەکی گەورەو قووڵ کردووە . هەروەها بێ وەڵامیشە لە بەرامبەریدا ، چونکە چوارچێوەی میتۆدەکەیان دەرناچیت لەو چوارچێوە ئەزماوییەی کە خودی چەپ هەڵیگرتووە .

ڕوکارێک لە ڕووەکانی تری چەپ ئەو لایەنانەی دەرەوەی کۆمۆنیزمی کرێکارییە ، ئەوانیش بە هەمان شێوەی بێ دیسپلین و بێ میتۆد ، کاری خۆیان زۆر هەڕەمەکییانە دەست داوەتێ ، یان لە شیعاریاندا هەروەک کۆمۆنیزمی کرێکاریین و لە لێکدانەوەکانیاندا کە لێکدانەوە نین بە جۆرێکی تر خەڕەکی شکاویان خستووەتە گەڕ . واتە ئەمانەی دەرەوەی کۆمۆنیزمی کرێکاری نەیان توانییووە بیر کردنەوەیەک کە بە جۆرێکی تەواو و کەماڵ جێگرتوو و جیاواز لەڕووی فکری و سیاسی خۆیان تاو بدەن . بەڵکو هەتا ئێستاش ناتوانرێت دەست نیشانی بەهای میتۆدی ئەمانەش بکرێت ، یان هەر هیچ نەبێت بحپێکی قووڵ و دروست وبەنرخیان هەبێت لەسەر دنیاو جیهان بینی ڕۆشنیان دەرخستبێت . هەندێک دەیانەوێت بە کلک بوونیان بۆ دەرەوەی مارکسیزم ، بنیادی فکری و میتۆدی خۆیان بەیان بکەن و یان بزووتنەوەیەکی جیاواز نیشان بدەن . ئەمەیان بە ڕاستی کارێکە هەروەک بیرکردنەوەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری وایە و لەبەرگیکی تردا ، کارێکە و هەوڵێکیانە کە ناتوانێت ئەو جیاوازییە دیالێکتێکییە نیشان بدات کە پێویستە پیشان بدرێت ، یان پێک بێت . ئەمانەش ناتوانن ئەزمە لە ئەستۆیان دەربهێنن و بە تاڵ کەنەوە ، یان ئەو ئەرکە جێ بە جێ بکەن . بەڵکوو بە پێی خۆیان بە تەواوی دەرگیرییەتی . تێپەڕاندن بەو شێوەیە نییە کە کلک بیت بۆ دیدو بۆچونەکانی دەرەوەی مارکسیزم ، بەڵکو بەو شێوەیە دەبێت کە بیرکردنەوەیەکی زانستی و دروست بدەیت بە دەستەوە بیخەیتە ڕوو بۆ کۆمەڵگا ، لەسەر ئاستی ئەزمەکە پلانی گونجاوت هەبێت ، ئاڕاستەی بیروبۆچونەکانیان لەسەر تیرەی بیری مارکسیزم داڕێژن و تاوبدەن ، ئەمەیان نەکردووە ، تا سەد دەرسەد دەریان بکات لە ئەزمەکەدا . کەواتە ئەوانیش هیوا پێوە گرێدانیان بێ سوودە ، یان ئەو ئاسۆیە ئاسۆیەکی تاڵ و ناخۆش دێنێتەوە بەردەم بزووتنەوەی چەپ . بەم پێیە یان سیستەمی فکریان نییە یان هەیە و ئاوێزانی ڕڤیژنیزمە ، یان ئەوەی کە جێبەجێ دەکرێت وەک یاریەکی مناڵانە دێتە پێش چاو . بە ڕاستی ناوەڕۆکی سیستەمە فکرییەکان زۆر زۆر گرنگن بۆ خاڵی جیا بوونەوەی بزووتنەوەکان . ئەم چەپە لە بەشێکیدا سیستەمی فکری هەیە ، ئەو سیستەمە خۆی لە خۆیدا گەرای ئەزمەی هەڵگرتووەو بە ئەزمەش ژیان ئەگوزەرێنێت ، بێگومان ژیانیشیان زۆر درێژ نابێت . ئەم چەپە ئەوەندەی لە مەرگەوە نزیکە ئەوەندە لە گەشەو ئاواتەکانی بزووتنەوەی چینی کرێکارو کۆمۆنیستی زانستیەکانەوە نزیک نییە . بەم پێیە مەرگی ئەمان سیستەمی فکرییان دەست نیشانیان دەکات ، واتە سیستەمی فکری هەر بزووتنەوەیەک گرنگییەکەی بە ئاستی گرنگی بوونی ماتریالی گۆڕانی کۆمەڵایەتی ئابووری بزووتنەوەکە هەیە .

 

  • 1