ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ساڵی خوێندنی ١٩٩٤-١٩٩٥ فەرمانی کردنەوەی پێنج قوتابخانە لە دەڤەری بارزان دەرچوو بۆ گوندەکانی (تێلێ، داویدکا، باب سێڤ، شنگێل و هیزان)، هیزان کە کەوتووەتە باکووری زنجیرە چیای شیرین و باشووری ڕووباری شین. بینای قوتابخانەکانیش خەڵکی گوندەکان خۆیان دروستیان کردبوو،. منیش وەک سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی (ئیفاد) کرابووم کە بچم بیناکان ببینم، ڕاپۆرت بنووسم تا میلاک و پێداویستی خوێندنیان بۆ دابین بکرێت.

پاش عەسرێک لە شارەدێی (شیلادزێ) بە ئۆتۆمبێل بەرەو ڕۆژهەڵات بەناو (گەلی باڵندە)دا ڕۆیشتین. پاش ئەوەی لە گەلی دەرچووین، ئۆتۆمبێلەکە ڕاوەستا، کابرای شوفێر هاتەخوار و گوتی؛ تۆ دەبێ بچیت بەسەر پردە دارینەکە لە ڕووبار بپەڕیتەوە. لەوێ چاوەنواڕبە تا خاوەن وڵاغەکان لە (شیلادزێ) دەگەڕێنەوە. ئینجا لەگەڵ کاروانی ئەوان دەتوانیت بچیتە گوندی (تێلێ). منیش وامکرد و پاش ماوەیەک دیاربوو خەڵکەکە لە ئۆتۆمبێل دابەزین و هاتنە لای وڵاغەکانیان. منیش چووم خۆم پێناساندن و ئەوانیش کەلوپەلیان لە وڵاغان بارکرد و وردە وردە بە بەرزایی قەدپاڵەکەدا هەڵگەڕاین. دیاربوو ڕێگاکە زۆر سەخت بوو. هاتین بۆ نوێژی عیشا گەیشتینە گوندی (تێلێ) و پرسیاری ماڵی موختارم کرد. گوتیان کاک (سەلیم) بەرپرسی گوندە و پیاوێکی بەڕێزە و ماڵیشی هەر لەلای هێروە، لەپەڕگەی ئاواییەکەوەیە. یەکێک لە کاروانچییەکان لەگەڵم هات و لە دەرگای دا و گوتی؛ کاک سەلیم میوانت هات.. کاک سەلیمیش هات و خۆمم پێناساند. بەڕاستی پیاوێکی ڕووخۆش و میوانپەروەر و خزمدۆست بوو. شەو لە ماڵیان مامەوە. بۆ بەیانی گوتم؛ کاک سەلیم ئەو گوندانەی کە دەبێ سەردانیان بکەم ئەمانەن (تێلێ، هیزان، باب سیڤ، داویدکا و شنگێل). جا تۆ دەزانی کە لە کاملا دەست پێبکەم؟! ئیتر پاش نانخواردن بۆ بەیانی، لەگەڵم هات و چووین. بینای دروستکراوی گوندی (تێلێ)مان بینی و تێبینی خۆم تۆمار کرد. لەوێوەش بە پێیان چووینە گوندی (باب سیڤ) و سەیری بیناکەمان کرد. کاک سەلیم گوتی؛ مامۆستا وا کاتژمێر (١١)یە، گوندی (داویدکا) هەم نزیکە و هەمیش ئەمڕۆ بووک دەگوازنەوە و داوەت کراوین، دەچینە ئەوێ نانی نیوەڕۆ لەگەڵ خەڵکەکە دەخۆین. منیش گوتم؛ ماشەڵڵا شتی چاکە! ئیتر ڕۆیشتین، دوای کاتژمێر ١٢ گەیشتینە ئەوێ. دیاربوو گوندەکە لە دۆڵێکی قووڵی داوێن (چیای شیرین) هەڵکەوتبوو. خەڵکەکەش لە بستیەکەی سەرەوەی ماڵان دانیشتبوون نانیان خواردبوو، خەریکی چا خواردنەوە بوون. ئێمەش چووین دانیشتین. پاش بەخێرهاتن، نانیان بۆ هێناین، ئێمە خەریکی نانخواردن بووین، گەنجانیش شاییان دابەستا، شایی گەرم بوو، تەقە دەستی پێکرد. سەلیەکلاشینکۆف و بیکەیسی لەم دۆڵ و قەدپاڵە هەر هاشەی دەهات! هەر هێندەمان زانی لەناکاو (لرمە)یەکی زۆر توند و ڕەق لە تەکمانەوە هات! شایی نەما! خەڵکەکەش هەریەکە خۆیان هاوێشتە سەر زەوی، هەندێکیش بەرەو دۆڵەکە خۆیان هەڵدەکوتا! گوتم؛ ئەوە چ قەوما؟! گوتیان؛ ئەوە (تەیارەی تورکیایە!)، پار لە گوندی هیزان سێ کەسی لێ کوشتووین. ئیتر لەم قسانەدا بووین بانگ کرا کورە وەرنەوە، وەرنەوە. ئەوە تەیارە نەبوو، ئەوە (ئار بی جی) بوو بە سەر شاییدا تەقێندرا! ئیتر خەڵکەکەش بە هەناسەبڕکێ هاتنەوە و هەریەکە قسەی خۆمان کرد و پاش چاخواردنەوە و نەختێک حەسانەوە کاک سەلیم گوتی؛ مامۆستا من پیاوێکت لە خزمەت دەنێرم، ئەمشەو هەڕوونە (شنگێل). ئێمەش وامانکرد و بەرەو گوندی شنگێل بەڕێکەوتووین. نزیک نوێژی مەغریب گەیشتینە ناو ئاواییەکەوە. چووینە ماڵی کاک (عەزۆ). کە گەنجێکی میوانپەروەر و ڕووخۆش و ئێسک سووک بوو. ماڵیان ئاوەدان بێت زۆریان خزمەت کردین. بەیانی چووین سەیری بیناکەی ئەوانیشمان کرد و بەرەو (تێلێ) گەڕاینەوە. شەو لەماڵی کاک سەلیم مامەوە. بۆ بەیانی ویستم بڕۆم، گوتی؛ خودێ دەبێ نیوەڕۆ لێرە بمێنیت. پاش نانخواردن یەکێکت لە خزمەت ڕەوانە دەکەم بۆ گوندی (هیزان)، منیش دڵم نەشکاند و پاش نیوەڕۆ بەرەو گوندی (هیزان) بەڕێکەوتین. دیاربوو ڕیگاکە زۆر ڕوون و ئاشکرا بوو. بۆیە لەنیوەی ڕیگا؛ داوام لە دەلیلەکەم کرد بگەڕێتەوە. کابراش گوتی؛ خودێ کاک سەلیم ڕازی نابێت.. بەڵام هەر چۆنێک بێت کوڕەکەم ئیقناع کرد. گوتم کاک سەلیم عایدی من، تۆ نابێ چیتر زەحمەت بکێشیت.. ئیتر ئەویش ڕازی بوو. ئەو بەرەو (تێلێ) گەڕایەوە و منیش بەرەو گوندی (هیزان) بەردەوام بووم. لەگەڵ بانگی مەغریب گەیشتمە ئاوایی. هەر لە سەرەتای گوند ئافرەتێکم بینی و پێم گوت؛ خوشکم ماڵی موختارم نیشان بدە. گوتی؛ "ئەی سەرچاڤا". ماڵی موختار لەپەڕگەی ئاوایی بوو. لە دەرگای ماڵیانم دا. دوو گەنج هاتن. خۆم پێناساندن و بە گەرمی بەخێرهاتنیان کردم. چووینە ژوور. دیاربوو موختار نوێژی دەکرد. سەلامی دایەوە. زۆر بە گەرمی بەخێرهاتنی کردم. پاش نانخواردن منیش زۆر بەوردی باسی شایی و داوەت و تەقاندنی قازیفەی گوندی (داویدکا)م کرد. هەر دوو کوڕە گەنجەکەش سەریان لەبەرەخۆنابوو. کە تەواو لە قسەکان بوومەوە، گەنجێکیان سەری بڵند کرد و بە مەیلەوشەرمەوە گوتی؛ خودێ مامۆستا ئەو بێ ئەقڵییە من بووم کە (ئار بی جی)یەکەم تەقاند! گوتم؛ بۆ؟ گوتی؛ کە سەلییە کلاشینکۆف و بیکەیسی دەنگیان تێکەڵ بە یەکتر دەبوو، ئیتر (دڵی من گەرم بوو!)، هیچ چەکی دیکەشم لەلا نەبوو، بۆیە ئەو بێ ئەقڵییەم کرد و گوللە (ئاربی جی)یەکەم تەقاند.، زۆر پەشیمانیشم! منیش نەختێک دڵیم داوە و گوتم؛ نا، نا خوا کەریمە، ئیشەڵڵا بووکیش نۆبەرەی کوڕ دەبێت... ئەوانیش گەلێک پێکەنین و شەومان بە قسە و نوکتەی خۆش بەڕێکرد و بەیانی بیناکەیانم بینی و چاڵە گەورەکەی (ئاسەواری بۆمبا پیسەکەی تەیارەی تورکیا)شیان نیشاندام و ڕۆحی شەهیدەکانیشیان شادبێت و خوا هەقیان بکات! ماڵی موختاری گوندی (هیزان)یش ئاوا بێ..

 

  • 1