ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

ڕاستە ئەوە کێشەیەکى ئابوورى و کۆمەڵایەتى سەرانسەرییە لە جیهاندا ، بەڵام با ئێمە لە کێشە و گرفتى خۆمان بدوێین .

سەبارەت بە زیادکردن و پەرەسەندنى دیاردەکانى ئەم کێشەیە :

یەکەم؛ پێم وایە هۆکارە کۆنەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى ئەم گەلەى ئێمە لە پێش میلادى عیساوە تا ئەمڕۆ هەر ژێردەستەى داگیرکەران بووە و دەمکوت کراوە. سەربەخۆیى بە خۆیەوە نەدیوە تا بیر لە چارەسەرکردنى کێشە جۆراوجۆرەکانى بکاتەوە لەلایەکەوە. لەلایەکى ترەوە داگیرکەران داب و نەریت و بڕیار و یاساى خۆیان بە زەبرى کوشتن و ڕاونان سەپاندووە بەسەر گەلەکەماندا و بە تێپەڕکردنى کات داب و نەریتە ڕەسەنەکەى خۆمانمان لە بیرچۆتەوە و گونجێنراون لەگەڵ ئەوەی داگیرکەراندا.

لێرەوە دەتوانم بڵێم زۆربەى شێوازەکانى توندوتیژى دژى ئافرەتان لەوێوە هاتووە تا ئەمڕۆ پەیڕەو دەکرێ و تەنانەت بەشێکى زۆرى ئافرەتان پێى قایلن و ملیان بۆ کەچ کردووە! (ئافرەت نیوەى پیاوە لە میراتدا. پیاو بۆى هەیە چەندین ژن بهێنێ و هەرکاتێک یەکێکیانى بەدڵ نەبوو تەڵاقى بدات، بەرەڵاى بکات !!

ئافرەت ئەقڵى (نوقسانە)!! ژنى ماڵەوەیە بابەتى ڕابواردنە))، پیاو دەتوانى بیکوژێت و خوێنى نییە !! هتد...

ئەمانە هەمووى پاشماوەى کۆمەڵگای کۆیلایەتى (العبودیە) و خێڵایەتى و دەرەبەگایەتییە، بۆمان ماوەتەوە !!

دووەم؛ هۆکارى ئابوورییە کە پیاو ئیشکەرە و بەرگەى ئیشى قورس و گەرما و سەرما و برسێتى و تینیوێتى دەگرێ. پیاو بەرهەمهێنەرە و ژن بەرهەمخۆرە، سەرچاوەى بژێوى خێزانە، ئەم واقعە دەسەڵاتى تەواوى داوە بە پیاو، ژن دەبێ لە خزمەتیدا بێ ـ لەلایەکى ترەوە چەند بارى ئابوورى خێزان باشبێ ئەوەندە کێشەى ژن کەم دەبێتەوە . پێشینان گوتویانە ( تەشتى پڕ ئاشتى ماڵە) .

ڕەنگە بەڕێزێک بڵێ؛ خۆ ئێستا ئافرەت لە زۆر بوارى کاردا هاتوتە کایەوە! کارمەندە، ئەندام پەرلەمانە، وەزیرە و هتد، خوێندەوارە، ڕووناکبیرە ....

من دەلێم لەگەڵ ئەمانەیشدا هێشتا داب و نەریتە کۆنەکان هەروەک (گوارە) لە گوێى ژنان دا دەبریقێتەوە. سەرەڕاى ئەمانە ژن کە مووچەکەى وەرگرت (تەسلیم بە باوکى یان مێردەکەى دەکات !!).

سێیەم؛ لە کوردستان دا ئەم کێشەیە (واتە مان و نەمانى) بەستراوە بە واقعى چینایەتى ئەمڕۆى کۆمەڵگاکەمانەوە کە نیوە بەنیوە کۆمەڵگایەکى دەرەبەگایەتى و سەرمایەدارى کە هەردوولایان چەوسێنەرەوە و ڕووتێنەرەوەى مرۆڤن بە پیاو و ژنەوە. تا ئەمڕۆ نەتوانراوە لە پەرلەمانى هەرێمدا یاسایەکى دیموکراسیانە، مرۆڤایەتییانە بۆ بارى کۆمەڵایەتى و خێزانى – بڕیاربدەن، لە ناو پەرلەماندا ئەندامە ژنەکان هاندەرى پیاو بوون کە تا چوار ژن بهێنێ کە ئەوە نەریتێکى سەردەمى (جاهیلى پێش ئیسلامە و ئیسلامیش پەسەندى کردووە..

کێشەى توندوتیژى بەرانبەر ئافرەت دەرهاوێشتەى کۆمەڵگاى چینایەتییە لەسەردەمى کۆیلایەتییەوە تا سەرمایەدارى بەشێکە لە سیفەتى ئەو چینانە و تا ئەم کۆمەڵگایانە بمێنێ ئەم کێشەیە لە هەڵکشان و داکشاندا دەبێ و هەرگیز کۆتایى نایەت .

دەیان ساڵە کۆمەڵگاى نێودەوڵەتان مافە بنەڕەتییەکانى مرۆڤى بڕیارداوە، بەڵام خودى ئەو دەوڵەتانەى بڕیاریانداوە یان دواتر پەسەندیان کردووە ئەو مافانە پێشێل دەکەن تەنیا و تەنیا ڕژێمێکى دیموکراسى میللى کە گەل تیادا خاوەن دەسەڵات و بڕیار بێ کە بەکردەوە مافەکانى مرۆڤ جێبەجێ بکات دەتوانێت ئەم کێشەیە لە ژیانى کومەڵگەدا بسڕێتەوە .

ئەم مافە نیوەناچڵانەى ئەمڕۆ دەدرێ و سبەینێ دەسەندرێتەوە، یان بە خەباتى جەماوەرى لە فڵان وڵات بەدى دەهێنرێ، ئەمانە هەمووى (پینە و پەڕۆیە!!) دەستى دەستى پێکردنە!! تەفرەدانە....

 

 

 

 

 

  • 1