ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لەماوەى نزیک بە 28 ساڵە کە ناوبەناو بەهەر بیانوویەک بێت کابینەکان نوێکراونەتەوە، چونکە بەدەگمەن کار بەسیستەمى حوکمڕانى یەک ئیدارەیى کراوە، بۆیە نۆ کابینە بەڕێ کراوە و هەریەکەیان بەکۆڵێک کێشەى کەڵەکەبووەوە هەردوو ئیدارەکەى پێشووترى بەجێهێشتووە، هۆکارەکەش ئەوە بووە کە چارەسەرە ڕیشەییەکانیان دواخستووە بۆ کاتێکى نادیار کە نەخۆیان و نەئێمەش سەری لێدەرنەکەین و بەردەوام ڕادەستى قەدەر کراوە، لەحاڵێکیشدا کاروبارى خەڵک بەڕێوەچووە کە تەنیا حکوومەتى ڕاستەقینە نەبوو بەمانا مۆدێرنەکەى، بەڵکو حکوومەتى کاربەڕێکەر بووە بەناوى حکوومەتەوە لەلایەک و تەنیا گۆڕینى کابینە بووە لەلایەکى تر. 

هەمیشە کە سیاسەت لەنێوان حزبەکان گرژى تێکەوتووە، ڕاستەوخۆ هەم هەڕەشە لەیەکتر و هەم سیماى دوو ئیدارەیى دەرکەوتووە، بەڵام بەفەرمى دانیپێدا نەنراوە، بۆیە حکوومەتى کوردى لەم هەرێمەدا لەڕێگەى ڕێککەوتنى سیاسییەوە بووە و بەتایبەتیش یەکێتى و پارتى پێکیانهێناوە، ئەمجارە گرێ سیاسییەکە گرژتر بووەتەوە، ئەویش مەسەلەى ئاسایى نەبوونى نێوان یەکێتى و پارتییە بەپێى تێکچوونى ڕێککەوتننامەى ستراتیژى ڕابردوو کە هەردوولایان دەستکارییان کرد، ئەمە جگە لەوەى هەرجارە بەبیانوویەک ئەو هێزانەى بەناوى ئۆپۆزسیۆنەوە کارى سیاسى دەکەن بوونە بەکێشەى نێوان پارتى و یەکێتى، لەحاڵێکدا بەپێى ئەو بانگەشەیە بێت کە ڕەشنووسى دەستوور بەڕێوەیە بۆ سەرهەڵدانەوەى دەزگاى سەرۆکایەتى هەرێم، دەبووایە لەدواى پرۆسەى هەڵبژاردن و ئەنجامەکان، لەڕێگەى پەرلەمانەوە حکوومەت پێکبێت و سەرۆک و جێگرى پارلەمان و حکوومەت و وەزارەتەکان دابنرێت، ئەمە سیستەماتیک کردنە، نەک ئەوەى کە تەنیا بەقسە بانگەشەى پێشکەوتن بکرێت و حکوومەتیش دەستەمۆى ئیمزاى ڕێککەوتنى سیاسى بێت. 

هەموو هێزە سیاسییەکان بەدەسەڵات و بەناو ئۆپۆزسیۆن و دەرەوەى هەردوو بەرەکەش، هێندەى چاویان لەداهات و پۆستى سیادى بڕیوە، نیو هێندە چاویان لەسیستەماتیک کردنى حکوومەت و کاروبارى خەڵک و یاسا و سیاسەت و ژیانى کۆمەڵایەتى و پەروەردە و تەندروستى نەبڕیوە کە بەشى زۆرى ئەو ئیشکالیاتانەى کۆمەڵگەى کوردى دووچارى چەقبەستوویى کردووە کێشەى سیاسی نین، بەڵکو بەشێکى زۆرى کێشەى کۆمەڵایەتى و یاسا و تەندروستى و پەروەردەن، ئەم تێگەیشتنە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە هیچ هێزێکى سیاسى و حزبێک نییە بە عیلمانى و ئیسلامییەوە، بیر لەداهاتووى ئەم کۆمەڵگەیە بکاتەوە، مەگەر داهاتووى حزبى و بەرژەوەندییەکانیان، هەر بۆیە کە قسە دێتە سەر سیستەماتیک کردنى کاروبارى حکوومى و باج ئەستاندن و بەرقەرارکردنى یاسا لەهەموو بوارێکدا، هەر حزبێک لەلاى خۆیەوە شانى خۆى خاڵى دەکاتەوە لەبەرپرسیارێتى لەو کابینەیەى کە دەسەڵاتى لەزاخۆوە تاکو کفرى هەبێت و هەمووشى وەهمە. 

وادەرکەوتووە ئەمجارەیان بەدەر لەجارەکانى پێشوو ئیسلامییەکان بەخۆڕسک بکەونە پەراوێزى حکوومەتى داهاتووەوە، یەکەم لەبەر ئەوەى شکستیان هێناوە و دەنگى چەند ساڵى ڕابردوویان نەهێنایەوە، بۆیە ئەو ئیستحقاقەى جارانیان نامێنێ، خاڵێکى تر ئەوەیە کە ئیرادەیەکیش هەیە لەناو دەسەڵات ئەو قودرەتەى جارانیان پێڕەوا نەبینن لەناو حکوومەت، ئەویتر لەبەرئەوەى لەڕووى سیاسییەوە ئیحراج بوونە لەنێوان ئۆپۆزسیۆن بوون و بەشدارى کردن لەدەسەڵات و حکوومەت، کامیان بەباشتر بزانن و هەڵبژێرن، ئەمە فەزایەکى ترە سەریهەڵداوە لەدواى یەکەمین کابینەى هەرێمى کوردستانەوە، بەڵام ئەم فەزایە هیچ لەسیناریۆى کابینەکانى ڕابردوو ناگۆڕێت کە یەکێتى و پارتى حکوومەتیان پێکدەهێنا و ئەوانى دیکەش بەناوى بنکە فراوانەوە لەپەراوێزدا بەشداریان دەکرد، چونکە هێشتا دنیابینى سیاسى حزبى کوردى لەو ستایلەى جاران تێپەڕى نەکردووە، هەروەها هێشتا هەر ئەو دوو هێزە جڵەوى بەڕێوەبردنى حکوومەتیان بەدەستەوەیە، چونکە ئەوان ئەزموونیان هەیە لەکابینە دروستکردن. 

  • 1