ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

زۆر جار لە ڕاگەیاندنە جیهانییەکانەوە دەبیسین کەسەرۆکى پێشووى وڵاتێک لەبەر گەندەڵی گیراوە و در اوەتە دادگا و هەندێکیان حوکم دراون . یەکێک لەوانە ئیهود ئۆڵمەرتى سەرۆک وەزیرانى پێشووترى ئیسرائیل کە بە تۆمەتى بەرتیل وەرگرتن بە شەش ساڵ زیندانى کردن حوکم درا . سەرۆکى پێشووترى کۆریاى باشوور (لی میۆنگ) لەبەر گەندەڵی کە کاتێک لەسەر حوکم بووە , درایە دادگاو ١٥ ساڵ حوکم درا . سەرۆکی پێشووى پیڕۆ بەتۆمەتى بەرتیل وەرگرتن پۆلیس چوون بیگرن , بەڵام ئەو بۆ ئەوەى ئابڕووى نەچێ خۆی کوشت . ئەو وڵاتە عەرەبییانەى بەهارى عەرەبی گرتنیەوە ,زەینەلعابدین بنعەلی فریا کەوت خۆی دەرباز کرد یەک فڕؤکەى پڕ دؤلار و زێڕوزەبەرى برد کە بە ئارەقەى نێوچەوانى خەڵک وبە حەڵاڵ زوڵاڵ پەیداى کردبوو و بە دوو قؤناغ خۆی گەیاندە سعودیە و ئێستا بێ ترس لە پەنا کەعبەى پیرۆز دانیشتووە بەرى ڕەنجی چەند ساڵەى سەرؤکایەتییەکەى خۆى دەخوا. ئەوانى دیکە لە پاشیان بەجێ ما , موبارەکى میسر لێی نەخوارد . قەزافی کە دەیانگوت چل ملیار دۆلارى داکردووە بە میراتى بوو و ئێستا دەڵێن پارەکەى لەباشوورى ئەفریقا لاى سەرۆکى پێشووى ئەو وڵاتە داناوە و خوا دەزانێ دەگاتەوە دەست خەڵکى لیبیا یان وەک تڕی بن گۆم دەڕوا . عەلی عەبدوڵلا ساڵحەکەى یەمەن , لە قسان , چەندان ملیارى لادابوو , کوژراو خێری لێ نەدیت . لە خواى گەورە دەپاڕێمەوە و دەڵێم هەرکەسێک ماڵ و سامانى مێللەت بە ناڕەوا دەبات , بە دەردى ئەو سەرۆکانە بچێ کە نە خێریان لە خۆیان بینى و نە لەسامانەکانیان . لێرە جێی خۆیەتى باسێکى عەبدولکەریم قاسمیش بکەم کە هەموو کەس دەزانێ کاتێک کوشتیان دوو دینار کەمتر لە گیرفانى بوو و هێچ پارەو سامالنێکیشى لە پاش بەجێ نەما . 

کاتێک فەلەستینییەکانى دانیشتووى ئوردون لەخۆیان بایی بوون و وایان لێ هات کە هیچ حیسابیکیان بۆ حکوومەت نەدەکرد , حکوومەتى ئوردون لە مانگى ئەیلوولى ١٩٧٠ لێیان هاتنە دەست , چونکە چەند جارێک هەوڵیان دا مەلیک حوسێن بکوژن . بۆیە لە مانگى ئەیلوول سوپاى ئوردون هێرشى کردە سەر بنکەکانیان وتۆپبارانیان کردن و زۆریان لێ کوشتن . فەلەستینییەکان ئەو هێرشەیان ناونا ( ئەیلوولى ڕەش ) . لە ئەنجامى ئەو هێرشی داکۆکی لە خۆکردنەى حکوومەتى ئوردون کۆنگرەى لوتکەى عەرەب لە قاهيرة گیرا کە زۆربەى سەرانى عەرەب تێیدا بەشدار بوون و سێ دەوڵەت بایکۆتیان کرد , بۆ گفتوگۆکردن لە ناکۆکی و پێکدادانى نێوان فەلەستینییەکان ئوردون هاتبووە کایەوە . جەمال عەبدولناصر لە ماوەى رۆژانى کۆنگرەدا کە نزیکەى شەش ڕۆژى خایاند , زۆر ماندوو بوو و ئەرکێکى زۆرى کیشا . بۆیە کە کۆنگرە تەواو بوو , ئەو هەستى بە ناڕەحەتییەکى بێ وێنە دەکرد . 

پزیشکێکى سەربازیی پلەبەرزی سوپاى میسر کە لە عەبدولناصرەوە نزیک بوو , دەڵێ : تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان فریا کەوە بارى تەندروستیی سەرۆک باش نییە . من بە پەلە چووم بۆ کۆشک , بەڵام کاتێ گەیشتم , کۆچى دوایی کردبوو. سەرۆک نەخۆشیی شەکرەى هەبوو و لە ئەنجامى ئەو هەموو هیلاکى و ماندووبوونە شەکرەکەى بەرز بوو بۆوە و کوشتبووى . هەموومان وەک خۆڵ و دۆمان بەسەردا کرابێ بە خەمبارى دانیشتبووین . تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان ( أم خالد) , واتە خێزانەکەى عەبدولناصر , داوات دەکات . کە چووم خێرا هەوڵم دا پشکنین بۆ دڵی بکەم , چونکە ئەو هەندێک جار واى هەست دەکرد کە دڵی باش نییە . بەڵام ئەو گوتى : هیچم نییە و بۆ ئەوە بانگم نەکردوویت . دەڵێم قوڕمان بۆ گیرایەوە . گوتم : خانم قوڕ بۆ هەموو گەلی میسر گیرایەوە . گوتى : دەزانم , بەڵام من مەبەستم شتێکی دیکەیە. کە هەردوو کچەکانمان شوویان کرد لەگەڵ قۆنتەراتچییەک ڕێک کەوتین و دوو ڤێلایان بۆ کچەکان دروست کرد بە ١٤ هەزار جونەیهى میسرى و لەو ماوەیەدا ٨ هەزار جونەیهمان داوەتەوە و شەش هەزار جونەیهمان لەسەر ماوە . ئێستا ئەوە سەرۆک کۆچى دوایی کرد , نازانم ئەو شەش هەزار جونەیهە چۆن بدەینەوە ؟! 

ئەوە حاڵی سەرۆکى میسر بوو کە هەموو سەروەت و سامانى میسری لەبەر دەست بوو و دەیتوانى گەورەترین و جوانترین و نایابترین کۆشک دروست کات و وەک سەرانى دیکە بە خشکەیی چەندان ملیار دۆلاریش بۆ خۆى لابدات و لە بانقەکانى جیهان دایبنێ . من هیچ ناڵێم و قسەى کۆتایی بۆ ئێوەى بەڕێز جێ دەهێڵم .. ئایا سەرانى دیکەى وڵاتانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست بەو شێوەیە دەژین ؟ خۆتان سەرپشک بن لە چۆنێتیی وەڵام دانەوە .

  • 1