ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نوسینی:- نەجمەدین فارس

بەشی پێنجەم

{ ڕۆژنامە و ڕێکخراوەکان}

ڕۆژنامەی هەر دەزگاو ناوەندێک بە ساختمانی ئەو ناوەندە دەست نیشان بکرێت هەڵەیەکی کوشندەیە ، ناتوانێت وەک بەشەکانی تری گۆڤار ئەو ڕۆڵە بگێڕن ، واتە ئەوەندەی ڕۆژنامەکان دەبنە ڕۆژنامەیەکی هەواڵنامەیی ئەوەندە ناتوانن بحث و جدلی تیادا بکرێت . بەم پێیە هەرهەموو ئەو ڕووداو و کارانەی کە دەکرێت بە هەواڵی ڕۆژانەو تۆزێک لێکدانەوە لە گەڵیاندا ، ناتوانێت هۆشیاری بدات بە دەووروو پشت . بەڵام کاتێک گۆڤارێک پێکدێت بۆ ناوەندێکی سیاسی ، هزری ئەو گۆڤارە دەتوانێت هەوڵە فکری و میتۆدییەکانی خۆی بە گوێرەی توێژینەوەکانی دەزگایەک بۆ ڕۆشنبیرکردن دروست بکات . بەم پێیەش بەهێزی و لاوازی ئەو ناوەندەش بە پێی بێهێزی و بەهێزی لێکدانەوەکان دەردەکەون . لە ژیانی کاروچالاکیەکانی ڕێکخراو و حیزبیشدا لە پاڵ پراکتیکدا ، یەکێک لە پێویستییەکانی حیزب لایەنی تیۆرییە کە ئەتوانرێت لەوێوە جێگەوڕێگەی لە ناو چینەکاندا دەست نیشان بکرێت . واتە بە پێی پێویستییەکان دەتوانرێت لێکدانەوەی خۆتییان لەسەر بکەیت و خەروارێک لە تیۆری و لایەنی سیاسی و هزری خۆت بۆ جێگا جیاوازەکان بگوێزێتەوە ، یان فکر ڕۆشنی بدەیت بە چینەکەت و لە گەڵیدا ئاسۆی بە ئیرادەوە بۆ ڕۆشن بکرێتەوە . واتە هەم دەتوانێت قسەی ڕۆشن لەسەر لایەنە جیاجیاکانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسی و سیستەمی حازر بکەیت و ناوەندی ئەو پەیوەندییە بە ڕۆشنی لە لای ئەندامەکان و دەوورووبەر جێبەجێ بکات . بەم پێیە چەندە ماتریالی پێکهێنەری ڕێکخراو گرنگە ئەوەندەش پێک هاتووی ڕۆشن کەرەوەی ذهنی و ئاوەزی ئەو ماتریالە گرنگە . واتە خودی حیزب و ڕێکخراو بەوە دەبینرێتەوە کە دەتوانێت کارێک بۆ ئایندە بکات ، یان لە خولگەی بۆشی خۆیدا ماڵی خولیایەتی . کەواتە لایەنی توێژینەوە و تیۆری گرنگیەکەی لەو شوێنەدا بێت ، ناکرێت بە هیچ جۆرێک فەرامۆش بکرێت .

بەڵام لە لای چەپ ئەم کارە هەتا ئێستا نەهێنراوەتە بەرنامەی کارکردنیان . واتە چەپ بە هیچ جۆرێک دەستی بۆ ئەم کارە نەبردووە ، کە پێویستی بەوە هەبووە لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەکدا ئەم ئەرکە جێبەجێ بکات . هەروەها لە لایەک ئەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی بحثی ڕۆشن و قاڵ بووی تیۆری ، کەم زانی لە تیۆری مارکسیزمدا ، جێگای چۆڵ کردووەبۆ هەموو ئەو لێکدانەوە نامارکسییانەی کە هەتا ئێستا باڵادەستیان بەسەر ڕەووتی جووڵاندنی ئەو بزووتنەوەیە هەبووە . بێگومان کاڵ فامییەکی بەرچاو بەسەرجەمی هەموو ڕێکخراوەکانەوە دیارە . ئەمەش بەشێکە لە گەشە نەکردن و گەڕانەوە بۆ دواوە و دەرنەچوون لە چوار چێوەیەکی تەسکی ڕێکخراوەیەکی بێ میتۆد . 

ئەوەی لە لای ( حیزبی ک . ک . ع ) و ئێران و حیزب و گرووپەکانی ترەوە گرنگە ئەوەیە کە ئەوان بەحسابی خۆیان بڕوای زیاتریان بەوە هەیە کە بەیان نامەیەک دەتوانێت وەڵامی دان شکێن بێت بۆ دیاردەو ڕووداوەکانی ناو کۆمەڵ . بێگومان ئەمە تەنها گەوجی دروستی کردووە یان بە هەوڵی ڕۆشن کردنەوەی بیری هاو ئەندامانیانەوە نین و ئەلفێکیشیان بۆ ناخرێتە سەر واوێکی تر . کەواتە ئەوەندەی ئەم لایەنە زاڵە بەسەر ناوەڕۆکی لێکدانەوەکانی کۆمۆنیزمی کرێکاری و بیرکردنەوەکانی تری حیزب و ڕێکخراو و گروپەکانی تری چەپ ، کە هیچ مانایەکی بۆ لێکۆڵینەوە کردن لەسەر پرسی نەتەوایەتی و پرسی ئافرەتان و پرسەکانی تری هەلومەرجە ئابووری و کۆمەڵایەتیە جیاجیاکان نەهێشتووەتەوە ، تەنها ئەو گێژاوەی بۆ دروست کردوون کە (UN) دەخالەت لە ڕێفراندۆمی جیابوونەوە ، بۆ جیانەبوونەوەی کوردستان دوای حیزبەکانی لەدەسەڵاتدا بکەوێت . بێگومان ئەم وێنا کردنە لە بنەڕەتەوە بێ مانایە ، چونکە ناکرێت کاری کۆمۆنیستەکان لەگەڵ (UN) دا هاوتاو هاویەک بکەیت ، ئەمە لە لایەک لە لایەکی ترەوە هەتاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوە لە سەر ژێرخانی کۆمەڵایەتی و ئابووری سیستەمی سەرمایەداری بوونییان نییە . یان لەسەر مەسەلەی ئافرەتان تەنها لە چوار چێوەی ڕۆژنامەکاندا ، قسەو قسەڵۆکی لێرەو لەوێ دەکرێ و هیچ مانایەکی بۆ مێژوو و گۆڕانی مێژوویی نەهێشتووەتەوە ، کە چۆنیەتی گۆڕانەکان چۆنە ، یان ئەوەی کە لەسەر ئاین دەکرێتە چەکی خۆدەرخستن تەنها هەواڵ نامەی ڕۆژنامەییە ، کە ئەم هەواڵی ئەفغانستان و ئەوی تری جەزائیر و ئەوانی تریان لەسەر میصرو هیچی تر . هەموو ئەمانە کاریگەری خراپیان لە سەر جووڵەو جەوهەری کارکردن و دیدگایان داناوە . بێگومان ئەم کارانە بێدەربەست بوونە بە مەسەلەی کرێکارانەوە ، یان کاتێک دەکرێت لە پێناوی کرێکاراندا نییە ، بەڵکو کاری دەستەگەرایی ووردە بۆرژوازییە . هەموو ئەو واتایانەی کە هەتا ئێستا هەن واتای بێ ناوەڕۆکن . چونکە ناتوانێت ئەندامانی خۆشیان تۆزیک ئاگایی لێ وەربگرێت لە بارەی ئەو پرسانەوە کە بووەتە سەرچاوەی هەواڵ نامەی ڕۆژنامەکانیان . بێگومان بڕوانەبوون بە دیالێکتێک و دەستەوەستان لە بەرامبەر دووگماتیزمدا بەرهەم دەهێنێت . واتە ناکرێت ڕۆژنامەکانی ئەمانە بەوە لە قەڵەم بدەین کە شیکردنەوەی تیۆری بۆ ڕۆشن کردنەوەی ذهنی کرێکاران بەرهەم دەهێنن ، هەم لە باری میتۆدەکەی خۆیەوەو هەم بەحث لە چوارچێوەی ئەو میتۆدەیاندا . ئەوەی کە لە ڕۆژنامە و پەیج و ماڵپەڕەئەلەکترۆنیەکانی ئەم حیزب و گروپ و ڕێکخراوانەدا دەبینرێت ، چاو پێکەوتنی فڵان و بە بۆنەی فیسار بۆنەوە ، فڵان کەس قسەی خۆی دەکات ، یان ئەو هەواڵانەیە کە لە هەموو ڕۆژنامەکانی تردا دەیان بینین ، یا نوسین و لێکدانەوەکانیان فڕی بەسەر بۆچونەکانی مارکسیزمەوە نیە . هەتا ئێستاش بیر لەوە ناکرێتەوە کە چی دەتوانێت ئینسان لە دەست ئاین و مەذهەب ڕزگار بکات ، یان بۆ بەتاڵ کردنەوەی فکری ئاینی چی بکرێت و دەست بدرێتە چ کارێک !؟ بێگومان هەر هەموویان ناتوانن ئەوەمان پێ بڵێن کە بۆچی هەتا ئێستا کارێکی لەو جۆرە نەکراوە . بەڵام لە لای ئێمە ئەم کارانەی ئەوان ڕۆشنەو دەزانرێت لە پێناوی چیدایە . واتە ئەوەندەی بە هەوڵی هەڵخڕاندنی بەشێک لە ئەندامانی خۆیانن بە دوای چونەپێشەوەی بەرژەوەندیەکانی خۆیاندان و دانەخستنی دوکانەکانیان ، ئەوەندە بۆ هەوڵدان لە پێناوی شۆڕشی کرێکاری و کۆمۆنیستیدا لە مەیداندا نین . ئەمانە کاریگەری ئەزمەیەکی فکرییە لەسەر ئەم ڕەهەندە ، نەوەکو بە پێچەوانەوە ، کە کاریگەرییان لەسەر ڕەواندنەوەی ئەزمە هەبێت . ئەم ئاوەز و هزرە لە بنەڕەتدا هەڵگری ئەزمەیە ، هەر بۆیە لە چوار چێوەی ئەزمەدا گیانی ئەزماوییان کرمۆڵ دەبێت . هەموو ڕۆژنامەکانیان ناتوانن ئەلفێک زیاد بکەنە سەر هزری بەستەلەک بوویان . یان لە چوار چێوەی میتۆدێک کە بە هەموو ماناکانی ڕڤیژنیزم و ئانارشیزم و ئۆپۆڕتۆنیست و ئیکۆنۆمیزمی هەڵگرتووە کاردەکەن هیچی تریان ئەنجام نەداوە . (بۆ پێشەوە) بێجگە لە ڕۆژنامەیەک (بۆ دواوە) هیچی تر نییە ، یان (الشیوعیة العمالیة)ش تەرجەمە کراوی بۆ پێشەوەیە (النضال الشیوعی) هەر بە هەمان شێوە تا دەگات بە (یەکسانی) و (المساواة)کە کۆمەڵێک هەواڵ نامەی هەواڵ نامەکانی تری یان تێدایە . تەنها ئەمانە نین ، بەڵکو هەموو ئەو ماڵپەڕ و کەناڵە ئەلەکترۆنیەکانی بەناوی چەپ و مارکسیزمەوە خۆیان بەیان کردوەو ، بەدەرنین لە ئەزمەی هزری و بەپێچەوانەی دیدو بۆچونی مارکسیزمەوە کارکردن . واتە دەبێت لێکۆڵینەوەو شیکاری تێرو تەسەلی هەلومەرجەکان هەبێت و بکرێت ، بۆ ڕۆشن کردنەوەی ذهنی چینی کرێکار لە ئارادا بێت ، یان بەحثەکان لەسەر ئاستی تێپەڕاندنی ئەزمەکان بێت و هەوڵی جدیش لەو پێناوەدا بنرێت .

ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ دەرەوەی ئەو حیزبە ، کە چەند گروپ و ڕێخراوێک هەبوون و هەن بە ناوی جیاوازەوە کار دەکەن هەر لە (پەیامی کۆمۆنیزم) لەپێشوتردا ، تا (پەیڕەوی نوێ) و (بڵێسە) و (سیمای کۆمۆنیست) و ئەوانەی تریش...... بێجگە لەوەی کە دەیانەوێت جیاوازییەک لە نێوان خۆیاندا دروست بکەن ، یان هەیانە بە پێی خۆیان لە ڕووی میتۆدییەوە جیاوازن ، نەیان توانیوە لەو ڕاستییە دەربچن کە لە پەیڕەوی نوێ دا لە ژمارە (٢) یاندا لەسەر ڕۆژنامەوانی چەپ ڕاستیەکی درکاندووەو دەڵێت لەم سەری چەپەوە بۆ ئەو سەری بە مانای پڕاو پڕی ڕۆژنامەوانی بێ بەهاو بێ لیاقەیە ، هەروەها پەیڕەوی نوێش بەشێکە لەو بەشانەی کە ڕۆژنامەوانی چەپ پێک دەهێنن . هەروەها ئەمانە بە هەمان جۆری نەخۆشی حیزبی ک.ک.ع . بەچەپی کۆن نوێوە ناتوانن لەو چوارچێوە تەسکەی ڕۆژنامەوانی و هەواڵییانە دەربچن کە حیزب و گروپ و ڕێکخراوەکان تێییدا دەژێت ، یا ئەو هیگڵیەتەی بەمارکسیزم بەخەڵکی دەفرۆشنەوە ، لەگەڵ تووڕەهاتی باسەکانیان ، هیچ نیە بێجگە لە بزووتنەوەیەکی ووردەبۆرژوازیانەی خۆپەرست نەبێت . 

کەواتە بەشێک لەو ئەزمانە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی میتۆدێکی زانستی مارکسیستی ، تا بتوانێت قسەی زانستی لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ژیانی ڕێکخراوەیی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی چینی کرێکاردا بکات . بەم پێیە هەر هەموو بەهاکان یەک مەبەست ئەنرخێنن ، ئەویش نرخەکانییان زۆر زۆر کەمەو لە وەرگرتندا بێ بەها و بێتوانایە . واتە دەزگای ناوەندی ڕۆشنبیری ئەو حیزب وگروپ و ڕێکخراوانە نەیان توانیوە لە ڕووانگەی پەیوەندی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئەزمەداری ژیانی خۆیان تێپەڕ بکەن ، بەڵکو گێرەی بەردەوامی تێدا دەکەن . چ لایەک باسی لە ئەزمەی خۆی کردووە ، بێجگە لەوەی کە بەشان و باڵی خۆیاندا هەڵدەدەن ، هیچیان نەکردووە . ئەو جۆرە لەکار و بیرکردنەویان هەر هەمووی مایەی دەرنەچوون و گنگڵ خواردن و خۆخواردنەوەیانە لە ئەزمەکانیاندا ، هەروەها هۆکاری زیاتر برەودانە بە ئەزمەی خۆیان ، نەوەکو لە ئەزمەی خۆی بکۆڵێتەوە . لێکۆڵینەوە لە ئەزمەکان چ ڕێکخراوەیی کۆمەڵایەتی ، چ کۆمەڵایەتی ئابووری بێت گرنگە و دەبێتە پێویستی بۆ هەموو بزووتنەیەک . لەکاتێکدا ئەمانە بە ئەزمەی تێئوری و ئابووری سەرمایەدارییەوە گیرۆدە بوون و ئەزمەیان لە گیانی خۆیاندا ژیاندووەتەوە ، نەیان توانیوە بنجبڕی بکەن . ڕاستی ئەمەش دەتوانرێت لە ڕێگەی ماڵپەڕو پەیجە ئەلەکتترۆنیەکان و ڕۆژنامەکانیانەوە هەوڵ و تەقەلاکانی ڕێکخراوەکان ببینرێتەوە یان لە ڕێگەی ناوەندی ڕاگەیاندنەکانیانەوە ئەوەت لە لا ڕۆشن بێتەوە چ ئەنجامگیریەکیان کردووە و دەبێت . ئەزمە دەبێتە ژیانیان و ژیانیان بە ئەزمەوە بەسەر دەبەن .

 

  • 1