ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

کەرکووک لەنێوان ڕێککەوتن و ڕێکنەکەوتنى یەکێتى و پارتى دا، خەریکە بە یەکجارى بارودۆخەکە لەسەر ئەم دۆخەى ئێستاى جێگیر دەبێت. بەبێ ئەوەى هەست بەمەترسییەکانى بکرێت.

هێندەمان گوت ڕێکخستنەوەى ئەنجوومەنى پارێزگا و کۆبوونەوەى ئەنجوومەن لەناو بیناى پارێزگا یان لەهەر شارێکى ترى هەرێمى کوردستان، تەنانەت پێشنیارى پارێزگاکانى عێراقیش کرا، هەر لەگەڵى بووین بەمەرجێک کۆبوونەوەى ئەنجوومەن بکرێت، بۆ ئەوەى پارێزگارێکى کورد بکرێتە دابنرێت.

چونکە ئیستحقاقى هەڵبژاردنى لیستى برایەتییە کە سەرجەم حزبە کوردستانییەکان لە خۆدەگرێت.

ئەوکاتەى ململانێیەکان لەنێوان یەکێتى و پارتیدا توندبوو، لەسەر پێکهێنانى حکوومەتى هەرێمى کوردستان پێداگرى زۆرکرا، کەرکووک و هەرێم یەک پاکێجن و پێکەوە دەبێت چارەسەر بکرێت.

تورکمان و عەرەب هەریەکەیان بەجۆرێک هاتنە سەر هێڵى ئەو ململانێیەى نێوان یەکێتى و پارتى، هەریەکەیان بەبارێکدا پەتەکەیان ڕادەکێشا، ئەویش تەنیا بۆ لاسەنگ کردنى لایەکیان بۆلایەکی تریان، تاکو ئەو کێشانە ماوەکەى درێژ بکرێتەوە، بۆ ئەوەى کورد دەسەڵات و پارێزگاریان نەبێت و دەسەڵاتى ڕابردوویان بۆ نەگەڕێتەوە. ئەوان بە ململانێیەکانى حزبە کوردستانییەکان قازانجیان کردووە، دوخەکە بۆ ئەوان بەباشى دەگەڕێت.

هەر بە ڕێککەوتنى یەکێتى و پارتى لەسەر حکوومەتى هەرێمى کوردستان پاکێجى کەرکووک کرا بەقوربانى پاکێجى هەرێمى کوردستان، کە هەرگیز نەدەبوو ئەوەى هەرێم ڕووبدات، چونکە دواى 16ی ئۆکتۆبەر دۆخەکە زیاتر ئەوەى دەخواست ناوماڵى کورد ڕێکتربێت.

کەرکووک کرایە قوربانى رێککەوتنى هەرێمى کوردستان، ئێستا نەتوانراوە، ئەنجوومەن کۆبوونەوەکانى خۆى بکات، نەپارێزگارێکى کوردیش بکریتە پارێزگار. پاریزگارى ئێستاش بەکەماڵى ئیسراحەت بڕیارى شەلم کوێرم دەست ناپارێزم کار دەکات، تەعریب دەکات، بە بەرچاوییەوە زیادەڕۆیى لەسە زەوى دەکرێت، حساب بۆ هیچ کەسێک ناکات.

پێشنیارى 32 بە 32 خەریکە دەکرێت بەواقع، لەکاتێکدا ئەمە پێشێلکردنى مافی ڕەواى گەلى کوردە و ناکریت ئەم غەدرە قبوڵبکرێت. بۆیە باشە هەموو لایەنە کوردستانییەکان و پەرلەمان و حکوومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر ئەم مەلەفە بێنە دەنگ.