ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بۆ یادی ٢٤ی٤ی١٩٧٤

نووسینی: د.چواس حسن

*************************

نەمدەزانی باسی چی دەکەم ؟ نەمدەزانی چی دەگێڕمەوە؟ نەمدەزانی وەک ئەکتەرێکی باش، چ ڕۆڵێک بۆ میوانەکان و خێزانەکەم دەگێڕم؟

ئەوەندەم دەزانی کە میوانێکمان دەهات، یان ئەو ساتانەی هەروا کە خۆمان دانیشتبووین، داوایان لێ دەکردم لاسایی ئەو پیاوەیان بۆ بکەمەوە کە چۆن لەوبەرەوە بەڕاکردن بەرەو دەرگای ماڵەکەمان هات و لەناو دەرگای حەوشەکەماندا، ڕاست لەوشوێنەی ئێمەی مناڵی لێ وەستابووین، هەڵخلیسکا و بەتەواوی قاچەکانی لەبەریەک هەڵتڵیشان، بەشێوەیەک بەدەمدا کەوت قاچێکی لەدەرەوە و قاچێکی لەناو حەوشەی ماڵەکەماندا مایەوە، من پاڵەوانی نمایشی لاسایی کردنەوەی ئەم کەوتنەی پیاوەکە بووم.

سەرو ڕوخساری میوانەکانم بیرنەماوە چۆن چۆنی سەیریان دەکردم؟ بەڵام دیارە نمایشێکی سەرنج ڕاکێش بووە، بۆیە هەمووان و تا ماوەیەکی زۆریش پێیان دووبارە دەکردمەوە. لەوانەشە لەنمایشەکەی منەوە ئازاری ئەو کارەساتەیان دووبارە و چەند بارە چێشتبێتەوە، بیرم نیە کەسیان بەو کەوتنە و لاسایی کردنەوەکەی من پێکەنیبن، لەوانەیە لەدوای هەر لاسایی کردنێکەوە چەندین جار هەناسەی ساردیان هەڵکێشابێت، فرمێسکی گەرم لەچاوانیاندا قەتیس بووبێت، تا ئەوەی ڕوومەتیشیانی کزاندبێتەوە.

ئەوە باسی ئەوێ رۆژێ دەکەم، وەک خەونێک لەبیرمە، ئەو کات بەئاستەم ٣ ساڵان دەبووم، بگرە کەمتریش، لەگەڵ (ڕەوەند)ی برامدا لەناو دەرگای ماڵەوەمان وەستابووین، سەرمان لەهێلانە دەرهێنابوو و سەیری ڕێبوارانی شەقامەکەمان دەکرد، دەمانەویست بزانین لەودیو دنیای حەوشەکەمانەوە چی هەیە؟ وەک بڵێی دەمانەویست بزانین کاتێک گەورە دەبین بۆ کام جیهان هەنگاو دەنێین؟ دەمانەویست ئارەقەی گەرمیی ناو جێگامان بەشەماڵی کۆڵانەکەمان فێنک بکەینەوە.

باسی بەرەبەیانی ٢٤ی٤ی١٩٧٤ دەکەم، ئەو رۆژەی بەعس و داگیرکەرانی کوردستان هەموو قینی ڕەشی هەناویان لەڕێگەی چەند فرۆکەیەکەوە بەسەر شاری قەڵادزێدا هەڵڕشت، بەسەدان گەنج و لاو و ژن و منداڵ و قوتابی زانکۆیان لەگەڵ خاک و خۆڵ و داروپەردووی شاردا هەنجن هەنجن کرد و تێک هەڵشێلا.

بیرمە کە دونیا لەپڕ بووە گرمە و باو تەپوتۆز، منیش دەستی ڕەوەندی برا بچووکمم گرت، بەبێ ئەوەی تێبگەم چی ڕوودەدات ووتم (ئەو بایە بەهێزە چیە دێت؟ وەرە بابچینە ژوورەوە)، لەوکاتەدا بینیم لەوبەرەوە پیاوێک ڕای کرد بەرەو دەرگای ماڵەکەمان، هەموو گیانی ترسی لێ دەتکا، دیارە دەیوویست خۆی بگەیەنێتە کونە تەیارەکەی حەوشەکەمان کە ئەو سەردەمە ماڵەکان لەترسی بۆردوومانی تەیارە لێیان دەدا، بەڵام لەپڕ لەناو دەرگای ماڵەکەمان، لەترسان و لەتاوان و پەشۆکاویان، خلیسکا و بەدەمدا کەوت، قاچەکانی لێک واڵا بوون. دەبێت چەند ترسابین؟!! دەبێت چەند شەو بەدەم خەوەوە ڕاچەنیبین؟!! چونکە ناپاڵمەکان کۆڵانی پشتەوەمانیان خاپوور کرد.

زۆر هەوڵمداوە وێنەیەکی لەم تراژیدایە کۆنتر لە خەیاڵی بیرەوەریەکانمدا بدۆزمەوە، بەڵام نیە، بۆیە یەکەم وێنەی خەیاڵی بیروەریەکانی ژیانم بەوێنەی تراژیدیایەکی نەتەوەکەم دەست پێ دەکات، تراژیدیای بۆردومانی ٢٤ی٤ ی قەڵادزێ.

ئاخۆ چەند منداڵی تری کورد یادەورەیەکانیان بەوێنەی لەو چەشنە دەست پێدەکات؟ ئاخۆ بۆ دەبێت سەرەتای منداڵیمان بەوێنەی لەوچەشنە دەست پێ بکات؟ بۆ دەبێت هەمیشە پاڵەوانی وێنەی تراژیدیاکانی ئەم ناوچەیە بین؟ هەروەک وێنەی دوو منداڵەکەی کۆڕەوەکە و وێنەی منداڵەکەی باوەشی عومەری خاوەری کارەساتەکەی هەڵەبجە و وێنەی ئایلان ی خنکاوی کەنار دەریاکان و دەیان و سەدان و هەزاران وێنەی تری بەرجەستەکەری تراژیدیاکانی تری نەتەوەکەمان، کە قەتاو قەت دەرفەتیان بۆ نەڕخسا بەچرکەی کامێرایەک بۆ هەتایە بەزیندوویی بمێننەوە، هەزاران هەزار وێنەی تراژیدیای تری ناو بیرەوەریەکانی منداڵی و گەورەییمان، کە قەت ووشە ناتوانێت بەتەواوی دەریان بڕێت.

دەبێت قەدەری منداڵانی نەتەوەکەمان بگۆڕدرێت و بەبازووی خۆمان، بۆ هەمیشە، ڕێگربین لە بەردەوامی ئەو شانۆگەریە ترسناکە بێویژدانە پڕ کارەساتە.

دەبێت سەربەخۆبین، سەربەخۆ...

  • 1