ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

حزبی بەعس لەسەر بنەمای فاشیزم و نازیزم دامەزرابوو . بەعس دەیویست ئیمپراتۆرییەتێکی عەرەب پێکەوە بنێ لەسەر ئەو خاکەی کە ناوی نابوو نیشتمانی عەرەب و بە پێی لێک دانەوەی خۆیان لە زەریاوە بۆ کەنداو بێ ئەوەی هیچ حیسابێک بۆ ئەو نەتەوەو ئایینانە بکەن کە شەقی ڕۆژگار و بەرژەوەندی زلهێزە ئیستیعمارییەکان ئەوانەی بە عەرەبەوە گرێ داوە . پێش ئەوەی حزبی بەعس دەسەڵات پەیدا کات لە سەردەمی عبدالکریم قاسم ( کلۆدفیس مەقسود)ی فەلەستینی گوتارێکی لە ڕۆژنامەی ( الپورە) کە ( یونس الگائی )ی شۆڤێنی دەریدەکرد , بڵاو کردەوە و بووە مایەی ناڕەزایی کورد وهەموو دیموکراتخوازەکانی دیکەی کورد عەرەب .لە وتارەکەیدا دەڵێ ئەوانەی لەسەر خاکی عەرەب دادەنیشن بە عەرەب دادەنرێن و لەوانەش کورد , چونکە ئەو پێی وابوو کورد خاکی نییەو لەسەر خاکی عەرەب دەژی . ئەو گوتارەی کلۆدفیس مەقسود بە توندی بەرپەرچ درایەوەو ڕەت کرایەوە و ڕۆژنامەکان چەندان گوتاریان لەسەر نووسی . بەعسیش بیرو باوەرەکەی هەر لە هەمان سەرچاوەوە هەڵێنجرابوو کە کلۆدفیس بانگەشەی بۆ دەکرد . بەعسییەکان و نەتەوەپەرستە توندڕەوەکان هەر لەسەرەتاوە دژی هەموو هیواو ئاوات و داواکارییەکی ڕەواو عادیلانەی کورد بوون . تەنانەت کە لە ساڵی ١٩٥٧ بەرەی نیشتمانی لە لایەن حزبی شیوعی و بەعس و حزبە نەتەوەییەکانی دیکەی عەرب دروست بوو , ئەوانە دژی ئەوەبوون کەپارتی بەشداری لە بەرەی نیشتمانیدا بکات و حزبی شیوعی لە لاوەکییەوە لەگەڵ پارتی رێک کەوت .

بۆیە کە لەساڵی ١٩٦٣ بەعس هاتە سەر حوکم , هەر چەندە لە سەرەتادا لەبەر ئەوەی بێ هێز بوون , کەوتنە دانوستان لەگەڵ کورد . بەڵام کاتێ کەمێک خۆیان گرت بە تایبەتی دوای ئەوەی بە مانگێک پاش کۆدەتاکەی بەعسی عیراق , بەعسی سوریا لە مانگی ئاداری ١٩٦٣ کۆدەتایەکیان لەسوریا کرد , بەعسی عیراق بێ منەت بوو وشەڕی هەڵگیرساندەوە و ئەم جارەیان زۆر دڕندانە کەوتنە گرتن و کوشتنی کورد وێران کردن و سووتاندنی گوندەکانی کوردستان و بەڕای ئەوان ئەوەی کەمالیستەکان بۆیان نەکرا , ئەمان دەیکەن . دوای ڕووخاندنیان لە لایەن عبدالسلام عارفی هاوپەیمانیانەوە , ماوەیەک خۆیان مات کرد و لە ١٧ی تەموزی١٩٦٨دووبارە بە کۆدەتایەک هاتنەوە سەر حوکم و دیسانەوە بە هەمان شێوەی دڕندانەی شۆڤێنییانە کەوتنەوە لێدانی کورد . کەزانییان بەو شێوەیە بۆیان ناچێتەسەر , ڕێککەوتننامەی ١١ ی ئاداری ١٩٧٠ یان لەگەڵ سەرکردایەتیی شۆڕش مۆر کرد . بەڵام هەر زوو دەرکەوت ئەو ڕێککەوتننامەیە بۆ خەڵەتاندنی کورد و کات کوشتنە تا بە هێز دەبنەوە و هەر لەو ماوەیەدا دوو جار پیلانیان گێڕا بۆ تیرۆر کردنی بارزانیی سەرکردەی شۆڕش . کاتێکیش ڕێککەتننامەی سەربازییان لەگەڵ سۆڤیەت بەست ئەو هێزەیان لە خۆیاندا بە دیکرد بۆ دووبارە هێرش کردنەوە سەر کوردستان و ئەوە بوو جارێکی دیکە لە ساڵی ١٩٧٤ کە گوایا ماوەی ڕێککەوتنەکە کۆتایی هاتووە , شەڕیان هەڵگیرساندەوە . ئەم جارە قەڵادزێ بوو بە قوربانی بە تایبەتی کە سەرکردایەتیی شۆڕش بڕیاری دا زانکۆ لە قەڵادزێ بکرێتەوە . سەر لە بەیانیی ڕۆژی ٢٤ ی نیسان دوو فڕۆکەی جەنگی بە بۆمبای ناپاڵم قەڵادزێیان بۆردومان کرد ئەو خەڵکەیان خەڵتانی خوێن کرد . هەرچەندە , بەداخەوە , ئێستا ئاماری شەهید و بریندارەکانم لا نییە , بەڵام لەوە دلنیام کە خەڵکێکی زۆری بێ تاوان و بێ دیفاع شەهید و بریندار بوون . ئەو جۆرە تاوانە مەگەر تەنیا نازییەکان کردبێتیان بۆ ڕووخاندنی ورەی خەڵک . بەعسییەکانیش پەیڕەوکەری بیروباوەڕی نازییەکان بوون و وەکو ئەوان ڕەفتاریان دەکرد . بۆمباران کردنی قەڵادزێ یەکێکە لە پەڵەیەکی گەورەی تاوان بە تەوێڵی صدام حسێنی بەعسییەوە . دوای ئەو تاوانەیان , لە ٢٦ ی نیسان هەمان تاوانیان دەرهەق بە هەلەبجە کرد و ئەوێشیان کردە گۆمێکی دیکەی خوێن بۆ کورد . وا دیار بوو بەعس زۆر ڕقی لەو دوو شارەیە و دواجار قەڵادزێی وێران کرد و خەڵکەکەی ڕاگوێزا بۆ چەند کۆدێیەکی وەکو دارەتوو و خەبات وشوێنی دیکەو دواتریش لە ١٦ی ئاداری ١٩٨٨ شاری هەلەبجەی بە بۆمبی کیمیاوی بۆمباران کرد . تاوانەکانی بەعسی لە فاشیست فاشیستتر ئەوەندە زۆرن کە لە ژمار نایەن و تائێستا ئەو تۆڵەیان لێ نەکراوەتەوە کە دەبوایە لێیان بکرێتەوەو باجەکەی بدەن . هەتا کورد مابێ ئەو تاوانانەی بیر ناچێتەوە . تاوانەکانی ئەنفالی هەرگیز بیر ناچێتەوە . وێران کردنی ٤٥٠٠ گوندی ئاوەدان و مایەی ژیانی خەڵکەکەیان و شارەکان تاوانێکن کە نابێ کورد لە ئەنجامدەرانیان خۆش بێت بە هێزەکانی سوپاو جاشە نۆکەرەکانیانەوە . کورد دەڵێ : قەرز کۆن دەبێ , بەڵام نافەوتێ . بزانم کەی حکومەتی هەرێم دەجووڵێ و ئەوانەی وەک تاوانبار ناویان هاتووە دەیاندات بە دادگا ؟

  • 1