ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قسەکردن ئەهلى گوێگر و قسەکەرى زۆر دروست دەکات، نووسینیش خوێنەر و بەرپرسیارێتى و پێشکەوتن و موناقەشە دروست دەکات، جیاوازى نێوان نووسین و قسەکردن لێرەوە دەردەکەوێت کە دەکرێ لەچەند خاڵێکدا دیاری بکرێن، یەکەم ئەوەیە کە نووسین خۆ دیکۆمێنت کردنە لەناو ئەدەب و کایەکانى تر کە قازانجى ئەوە دەوڵەمەندکردنى هەم زمانە کە نووسین لەدەستى نەیاران دەپارێزرێت، هەم  بەرپرسیارێتیی نووسەرە لەبەرانبەر خۆى و کۆمەڵگە، لەوێشەوە خەڵک ناچار بە خوێندنەوە دەبێ، نەک زۆر قسەکردنى نابەرپرسانە کە دیاردەیەکى ناچیزەیە، چونکە هێندەى نووسین وەکو جۆرە شۆڕشێکى کۆمەڵایەتیی زمانى کۆمەڵگە لە موفردە ناشیرین و ناشارستانییەکان دەپارێزێ، هێندە قسەکردن نییە، بەوپێیەى کە قسەکردن گوێگرتنێکە بۆ زیندانى کردنى لۆژیک لەناو زماندا، بۆ بەرهەمهێنانى مانا و گفتوگۆى نیوانەکان بەگشتى، وێنەگرتنى ئەم دیمەنە ترسناکە بابەتێکى هەستیارە بۆ ڕێگەگرتن لە قسەى نابەرپرسیارێتى، وەکو ئەوە وایە لە ژوورێکى شوشەیی رووتدا بژیت و بتەوێ بچیتە سەربانى ژوورەکە و رێگەش گیرابێت، بەرانگاربوونەوەى قسەکردنیش بە نووسین هەمان رەهەندى هەیە. کورد تازە خۆى دەنووسێتەوە، بۆیە ناتوانێ خۆى دەرباز بکات لە قسە کردن و تەنیا بنووسێت، رەنگە هەر ئەم هۆکارەکەش بێت کە فیکر ناخوێنێتەوە و ئەوەش بووەتە هۆى ئەوەى خاوەنى ئایدیاى خۆى نەبێت وەکو نەتەوە .  

پێشتریش ئەم بۆچوونەم هەبووە کە کورد بەهۆى ئەو چەپاندنەى لەهەموو بوارەکاندا کە لەڕابردوودا هەیبووە، هێندەى حەزى کردووە قسە بکات و نەنووسێت، هێندە حەزى بەوە نەبووە خزمەتى خۆى بکات بە نووسین و خۆى کۆبکاتەوە، چونکە رەنگە لەئەزەلەوە بڕواى بە نووسینەوەى خۆى نەبووبێت تاکو مێژووى خۆى دیکۆمێنت بکات، هێندە گەرەکى نەبووە بنووسێت و خۆى بەرپرسیار بکات لەبەرانبەر ئەوەى کە بڕواى پێیەتى، بە نیگەرانى و جیاوازییەکانى لە ئاین و مەزهەبى جودا کە خاوەنى زۆرترین ئاین و مەزهەبە لەناو خۆیدا، هەر ئەوەشە کە پێشتر لەڕێگەى نووسینى ڕۆژهەڵاتناس یان گەڕیدەکانەوە مێژووى خۆى ناسیوە و دووبارە نووسیویەتییەوە، بۆیە یان بەهەڵە مێژووەکەى نووسراوە و وەریگرتووە و کارى پێکردووە، یان ئەوەتا خراپ لەسەرى نووسراوە، ئەم حاڵەتە بەقۆناغە یەک لەدواى یەکەکانى رۆشنبیرى کوردییەوە دیارە کە چۆن شاهیدى دۆخە نائاساییەکانى خۆیەتى و ئێستا بە ستایلێکى بەپەلەتر دووبارەى دەکاتەوە.

بەگشتى نووسەر ئەوە دەزانێ کە نووسین نەخشە و زەخرەفەیەکە کە واقیعى شێوەیى زمان تۆمار دەکات، هەر ئەم حاڵەتەیە کە نووسین گفتوگۆ و موناقشە دەخوڵقێنێ، بەر لە سەرهەڵدانەکەى ساڵى 1991 موناقەشە بە نووسین لە رۆژنامە و گۆڤارەکانى سەردەمى بەعس باشتر بوو، بۆ نموونە ئەو موناقەشانەى لە ڕۆژنامە کوردییەکان دەکرا، دواى ئەوەى ئازادى نووسین کە وەکو کایەکانى دیکەى وەکو سیاسەت، بوو بە لیبرالییەتێکى بێ سنوورى سنوور بەزێن، ئیدى هەم بەرپرسیارێتى نەما لەبەرانبەر مەعریفە و نووسین، هەم رێگە کرایەوە رۆشنبیر و ناڕۆشنبیر قسە لەسەر هەموو کایەکانى ژیان و خودى مەعریفەش بکەن و ئەنجامێکى نیگەتیڤیش بەدەستەوە بدات، نەمانى موناقەشەى جدى وەکو ئالان رۆب گرێ دەڵێ؛ (کوشتنى ئەو شتانەیە کە ناوى لێنراوە کلاسیک و هاتنى مۆدێلێکە بەناوى مۆدێرنەوە) ئەم حاڵەتە تەنیا چاو دەیبینێ و پاڵەوانى جۆراوجۆر لەکایەکان دروست دەکات، نەک ئەوەى گوێ بیبیستێت و وەزیفەى مەوقیعەکانى داهێنان لەیەکتر جودا بکاتەوە، دروستکردنى ئەم دەسەڵاتى قسەکردنە لەبرى نووسین، لەو شوێنانەى کە جدییەتى تێدایە، بۆ نموونە وەکو کتێبى خۆماڵى لەبارەى فیکر و ئەدەبى خۆماڵییەوە، بەفەزایەک پڕ کراوەتەوە کە ناوى لێنراوە کۆڕى ئەدەبى و فیکرى، ئەم گۆڕینەوەى مەعریفەیە بە جەهل و نابەرپرسیارێتى، گورزێکى گەورەى لە ئازادى و ڕۆشنبیرى کوردى داوە کە خەڵک فێربن تەنیا قسە بکەن نەک بنووسن.