ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی هەشتەم

{ دەرچوون لە ئەزمەی چەپ چۆن دەبێت ؟!}

بە بڕوای من دەرچوون لە هەر هەلوومەرجێکی ئەزماوی ، پێویستی بە تێپەڕاندنی ئەو هەلوومەرجە هەیە ، وە تێپەڕاندنیش پێویستی بە ئیش کردن لەناو ئەو هەلوومەرجەدایە ، واتە گۆڕانی چۆنایەتی و چەندایەتی دەوێت تا تێی بپەڕێنێت . بەم پێیە دەبێت لەو چەندایەتییەی کە هەیە ، چۆنایەتییەکی دیالێکتیکی و ماددی زیندوو پێک بێت . گۆڕانی چەندایەتی بۆ چۆنایەتی تەنها گۆڕان لە شکڵدا نییە ، بەڵکو بە پێی ماتریالیزمی دیالێکتیک ، پێویستی بە گۆڕانی بنەڕەتی بەها تیۆرییەکان و جێگەو ڕێگەی چینایەتی هەیە . لێرەوە دەچینە سەر ئەوەی کە میتۆد گۆرانکاری بەسەردا بێت ، دەبێت مادییانە بێت و شێوازێکی گونجاو زانستی وەربگرێت . سەرتاپای گۆڕانکارییەکان دەبێت هەموو ئاستی بزووتنەوەکە بگرێتەوە ، تا بتوانێت لە ژیانی ئەزمە گرتووی خۆی دەربچێت . ئەو بەشانەی کە لە پێش ترەوە باسم کردن و بە سەرچاوەی ئەزمەی چەپم زانیوە ، دەبێت هەموو ئەو بۆشاییانە پڕبکرێتەوە و داهێنان لە خودی دیالێكتێک بە دیالێکتیکی مارکسیزم ئەنجام بدرێت .

چەپ چۆن دەتوانێت لە ڕێگەی گۆڕانکاریە شێوازییەکانەوە ئەو ئەزمەیە تێپەڕێنێت ! ئەزموون زۆرن ، چەپی ئێرانی یەکێک لەو ئەزموونە نزیکانەن و تەنها لە ناودا گۆڕانییان کرد ، ناوەڕۆکیان هەر وەک خۆی مایەوە . بێگومان گۆڕانیش دەبێت بە ڕووکاری پۆزەتیڤی خۆیدا بڕوات نەوەک نەگەتیڤانە ئەنجام بدرێت . لەبەرئەوە دەبێت هەموو گۆڕانەکان کە بەسەر چەپدا دێت لەڕووی میتۆدییەوە زۆر زۆر وریا بن و مارکسیزم بەهەڵەوگێڕاوی بەیان نەکەن ، ئینجا دەتوانن هەوڵی دروست بۆ جێگەو ڕێگەیەکی دروست بدرێت یان لۆجێکێکی زانستی هەبێت . هەروەها من اتحاد عەمەل بە کاری گونجاو نابینم بۆ دەرچوونی چەپ لە ئەزمەکەی چونکە میثاقەکان گەواهی لەسەر ئەوە ئەدەن کە یەک میتۆدی نەبێت ناتوانێت کاری گونجاو بە ئەنجامی گۆڕانکاری باری ئێستای چەپدا گۆڕانکاری دروست بکات . دەبێت ئەوەمان لە لا ڕۆشن بێت چەندە گرنگی هەیە گۆڕانی ناوەڕۆک و ڕووکاری میتۆدی ، ئەوەندەش جێگەو ڕێگەی ئەو میتۆدە لەناو جەرگەی چینی شۆڕشگێڕدا گرنگی هەیە . کەواتە دەبێت میتۆد پەیوەستییەکی توند و تۆڵی بە بەهای چینایەتی و پەیوەندییە چینایەتییەکانی چینی کرێکارەوە هەبێت . ئەگینا پاراستنی میتۆد لە ڕێکخراوی جیاواز جیاوازی هاوپەیماندا ناتوانێت زامنی دەرچوونی چەپ لە ئەزمە بکات ، هەروەک هەندێک لە چەپ بە هەوڵی ئەوەوەن کە بیکەن بە ئەلتەرناتیڤی ناوەڕۆک و ڕووی ئێستای ئەزمە سیاسی و فکری و کۆمەڵایەتی خۆیان . یەک ڕیزی و یەک دەستی و یەک میتۆدی زانستی مارکسیستی بە پێی دیفاکتۆی ماددی دەتوانێت ئەو لایەنە درەوشاوەیە بێت بۆ دەرچوون لەم هەلومەرج و قۆناغەی ئێستای چەپ .

هەتا ئێستا چەپ لەگەڵ زانستەکانی مارکسیزمدا جووت نییە ، چ جای دروست کردنی اتحاد عەمەل ، دەبێت چ کارێک بە ئەنجام بگەیەنێت !؟ هەروەها دەبێت ئێمە ئەوەش بزانین گۆڕانکاریەکی دیالێکتیکیانە بە پێی ماتریالیزمی دیالێکتیک لەناو دیالێکتیکی مارکسیزم بە پێی هەلوومەرجی کارکردن جێبە جێش بێت ، ئینجا ئەتوانین کاریگەری و هەوڵی میتۆدی مارکسیزم وەک ناوەڕۆکی دیالێکتیک بپارێزرێن و لە چوارچێوەی کارەکانی ناو بزووتنەوەی چینی کرێکاردا ئاسۆیەکی ڕۆشن بە بزووتنەوەکەی بدەن . چونکە گەڕانەوە بۆ تێزو تێگەشتنەکانی بۆرژوازی ئەورووپا و بە مارکسیزم لەقەڵەمدانی کارێکی زۆر زۆر بێ مانایە ، هەروەها خاڵی دەرچوونیش نیە لەو ناوەڕۆکەی ئێستا . ئەم تێڕوانینە وەک پرۆیسترۆیکا وایە ، لەبەر ئەوەی دەرچوون لە ئەزمەی میتۆدی و بێ وەڵام مانەوەی میتۆدی ، بتوانیت بەوە جێبە جێی بکەی ، کە گوایە ئێستای لۆژیکێکی ئەوروپی ئەتوانێت ئەو وەڵامە بداتەوە . بێگومان تەنها لە داماوی چەپەوە سەرچاوەی گرتووەو بەشێکە لە کارە مناڵانەیەکەی چەپ . دەیەوێت ئەو حیزبەی کۆمۆنیزمی کرێکاری کە میتۆد وهەڵسوڕان و ئەندامێتی حیزبەکەشی تووشی تەنگژە بووە ، بە حیزبێکی تر لە دەرەوەی ئەم حیزبە وەڵامی بداتەوە و بڵێت من جیاوازی میتۆدی و فکریم نییە لەگەڵ کۆمۆنیزمی کرێکاریدا . بە پێی ئەوان جیاوازییەکەیان تەنها لە ڕووی سیاسییەوە دەبینن . درکی ئەم بەشە ئەوەندە دووبارە و ساویلکانەیە تێڕوانینوو کارێکی میتافیزکی بە بناغەی دیالێکتیکی دەبێنێتەوە . پێی وایە ئەتوانێت دەوورووپشتی پێ هەڵ خەڵەتێنێت . واتە حیکمەتی ئەم دەرچوونە چی یە !؟ بێجگە لەوەی چەپێکی ووردە بۆرژوازی هەیەو خواست و وویستی شوێن داخوازییە لە کۆمەڵگا و پلەوپایەکانی ناو حیزبەکانیاندا . ئەمانە هەر هەموویان ناوەڕۆکی ووردە بۆرژوازی دەردەخەن و پێمان ئەڵێت ئەو جۆرە لە کارکردن و بیر کردنەوە هەر پیرۆزی ووردە وردە بۆرژوازی خۆی بێت . 

کەواتە چۆن دەرچوونێک لەو ئەزمەیە دەردەچێت ؟ بێگومان تەنها درکیان لە چوار چێوەی فکری کۆمۆنیزمی کرێکاریدا جەڕیووەو هیچی تر. ئەگینا ئەوەندەی ئەم میتۆدە لەگەڵ ڕڤیژینیزمدا مامەڵە دەکات و سەروسیمای لە هەموو ئاست و پلەکانی ڕڤیژنیزمدا هەیە . ئەوەندە لەگەڵ دەرچوون لەو چوارچێوەیەدا کار ناکات . کارنامەی ئەم میتۆدە تەنها ڕیسوا بوونیانە لە ئایندەدا ، هەر ئێستا ئەوەش دیارە بە جیابوونەوەو لێک ترازانی هەموو ئەو کەسانەی کە وەختی خۆی پێک هێنەری بوون . 

لێرەدا چەپ خۆی بیرناکاتەوە بەڵکو بیردەکەنەوە بۆی ، ئەو ناوەڕۆکە لە سیاسەت و کارکردن ، بێ گومان ناتوانێت لەو ئەزمەیە دەربچێت کە ئێستا تیایدان . بەڵکو دەرچوون تەنها بە گۆڕانی ناوەڕۆکیانەی لۆجیکی ئەو میتۆدەیە کە ناتوانێت تەنها هەنگاوێک لە بزووتنەوەی چینی کرێکارو کۆمۆنیستی بەرێتە پێشەوە . چونکە ئەم خاڵە خاڵێکی گرنگی دەرچوون و وەڵام دانەوەیە بە ئەزمەی چەپ ، هەروەها تێپەڕاندنی بزووتنەوەی چینی کرێکار و بزووتنەوەی کۆمۆنیستییە لە ناو زەند کردنی بە چەپ . لەبەرئەوەی چەپ ئێستا لە جیهاندا لایەنی ئۆپۆزیسیۆنی و دیوی ئەدیوی دەسەڵاتی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی سەرمایەداریە ، ئیترلەم سەردەمەی ئێستادا ، چەپ ووتەزایەکی شەرم هێنەرە بۆ بزووتنەوەی چینی کرێکار وکۆمۆنیستە زانستیەکان .

هەروەها لایەنێکی تری دەرچوون لەم ئەزمەیە ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ڕاست گۆبن لەگەڵ واقعی عەینی و درکی ڕۆشنیان لەسەر هەموو ڕووداوەکان هەبێت و لێکدانەوەی زانستییانە بۆ هەموو ڕوویەکی ناجۆر و کەمو کوڕییەکانی بزووتنەوەی چەپ بە زانستییانە ئەنجام بدرێت . هەروەها حساب لەسەر جێگەو ڕێگەی خۆیان لە ناو چینی کرێکاردا بکەن کە تا چەندە و چۆن توانیویانە پەیوەندی خۆیان بەو چینەوە گرێ بدەن . کەواتە دەبێت سەرتاپای میتۆدی چەپ بگۆڕێت بە میتۆدێکی زانستی مارکسیستی و کۆمۆنیزمی زانستی کە میتۆدی ڕزگاری چینی کرێکارە . نەک ئەو میتۆدە بەکارهێنراوانەی کە تا سەر مۆخیان ڕیڤیژنیزم و ئۆپۆرتۆنیزم و ئیکۆنۆمیزم و ئانارشیزم و هیگڵیەت و ................ دا ڕۆچووە . 

هەرچەندە لەوە دەچێت ئەم کارە تۆزێک گران بێت ، یان ئەم یان ئەو بە چوار چێوەی میتۆدەکەی خۆیەوە قەتیس بمێنێتەوە بەڵام دواتر لە بەردەم حکومی مێژوودا ، دەبنە تاوان باری ڕەوتی گۆڕانی مێژوویی ناو بزووتنەوەی چینی کرێکارو کۆمۆنیزم و مێژوو. کەواتە دەبێت دەست لە کاری وەحدە عمل و دەرچوون لە چوارچێوەیەکی سیاسی ومیتۆدی بە دروستکردنی حیزبێکی سیاسی و بێ گۆڕان لە میتۆدی دا نەبینینەوە و خۆش باوەڕ نەبین وەک (بزووتنەوەی بنیات نانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری - عێراق) لەڕابردوودا و ووردە گرووپەکانی کۆن و نوێی چەپ . بەڵکو دەبێت یەک دەست بە میتۆدێکی زانستی مارکسیستی ئیش بکەین و ئاڵوو گۆڕی چینایەتی پێک بهێنین . دەبێت پێناسەیەکی زانستییانە بۆ هەموو دیاردەکان بکەینەوە ، ئینجا دەتوانن لە ئەزمە تێپەڕببن ، بۆ ئەمەش ماتریالیزمی دیالێکتیکی مارکس و ئنجلس باشترین چەکی ئەو ئاڵووگۆڕەن . هەروەها لە پێشەوەش لە ناو بەشە جیاجیاکانی ئەم نووسراوەیەدا ، ڕێگا چارەکان بە سنوورێک باسم کردوون .

 

سەرەتایی مانگی ئازار / ٢٠١٩ 

نەجمەدین فارس

 

  • 1