ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

۱۲-٥-۲۰۱۹ پەنجا و سێ ساڵی تەواو بەسەر تۆمارکردنی داستانی هەندرێن تێدەپەڕێت. ئەم شەڕە کەموێنە و یەکلاکەرەوەیە کە لە کاتژمێر چواری ئێوارەی ۱۲-٥-۱۹٦٦ بە تۆپباران و هێرشی پڵنگئاسای هێزی پێشمەرگە دەستی پێکرد، لەبەر ئەوەی نەخشەیەکی سەربازی تۆکمەی لە لایەن فەرماندە شیوعییە شارەزاکان: ڕەئیس کەمال، ملازم عەبدولڕەحمان، فاخیر مێرگەسوری، ملازم خدر، مام سدیق، مام ئەلیاس، عەریف یونس، لەگەل عزەت سلێمان بەگ بۆ دانرابوو، هەر ئەم فەرماندانەش ئەرکی ئەنجامدان و سەرکردایەتی هێرشەکە و ڕزگارکردنی شاخی هەندرێنیان لە ئەستۆ بوو. (٦۰) پێشمەرگەی فیدائی ئامادەکرابوون، (۲٥) فیدائی حزبی شیوعی کە شەهید عەریف یونس سەرکردایەتی دەکردن، (۲٥) پێشمەرگەی هێزی سلێمان بەگی دەرگەڵە کە زرار دەرگەڵەیی سەرکردایەتی دەکردن، بەشێکی هێزی دەرگەڵەش شیوعی بوون، (۱۰) فیدائی کە سەعیدی حەمەد ئاغای مێرگەسووری قیادەی دەکردن ئەمانیش لە حزب نزیک بوون.

سەرەتا دوای ئەوەی هەردوو تۆپی هێزی پێشمەرگە بنکەکانی سوپای ڕژێمیان لەسەر هەندرێن کردە ئامانج و بە وردی پێکایان، شەست فیدائییەکە پڵنگئاسا بە خێرایی بروسکە هێرشیان دەست پێکردووە و ئامانجەکانیان پێکاوە و دوژمنیان بە جۆرێک شپرزە کردووە، کە دەرفەت و توانای هێرش و خۆڕاگری و بەرگرییان نەمینێت. دەوروبەری (۱٥۰) پێشمەرگەی ئازاش بە فەرماندەیی فاخیر مێرگەسوری و عیزەت سلێمان بەگ هێرشە بەرفراوانەکەیان دەست پێکردووە و بوونەتە پشتیوانی فیدائییەکان و هێزی دوژمنیان تێک شکاندووە و تەواوی لیوای چواری فرقەی دووی سوپای عێراق لەسەر چیای هەندرێن لەناو بردرا، شکست بە پلانی بەناو (توكلت علی الله)ی سوپای عێراقی داگیرکەر هێنرا.

شایانی بەبیر هێنانەوەیە کە فەرماندەی یەکەمی سەربازی مەیدانی ئەم هێرشە شەهید فاخیر حەمەد ئاغا مێرگەسوری بوو، کە ئەوکات کادیرێکی پێشکەوتووی حزبی شیوعی عێراق بوو. بەڵام کەسی یەکەم لە نەخشەدانان و فەرماندەیی گشتی هەندرێن ڕەئیس کەمال بوو، کە یەکێک بوو لە ئەفسەرە بەتواناکانی حزبی شیوعی عێراق. لە هێزی سلێمان بەگی دەرگەڵەش عیزەت سلێمان بەگ بەرپرسی یەکەم بوو، سەر بە بارەگای بارزانی بوو. شایانی باسە ئەوکات و تاکو ئێستا کاک عیزەت دۆستێکی بەڕێزی حزبی شیوعییە. بەڵام لە پێش هێرشەکە و لە کاتی هێرشەکەدا هەمووان وەکو هاوڕێ و برای دڵسۆز بەبێ گرفت و جیاوازی شاخی ستراتیجی هەندرێنیان پاراستووە، بەرگریان لێ کردووە و گەورەترین سەرکەوتنیان تۆمار کرد، کە بەجوانترین شێوە کەوتە ناو مێژووی هاوچەرخی کورد. داوای لێبووردن دەکەم کە لەم نووسینەدا دەرفەت نابێ زۆرترین ناوی پێشمەرگە قارمانە بەشداربووەکان بنووسم.

شایانی باسە ئەم داستانەی هەندرێن بە خوێنی گەشی سێ پێشمەرگەی قارەمان تۆمار کرا (شەهید عەریف یونس، شەهید خدر عەوڵا بەگ، شەهید ساڵح مام ئەلیاس) هەزار سڵاو بۆ گیانی پاکیان، یادیان بەخێر.

  • 1