ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

کام سیستەمی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی گەڵانە؟*

دامەزراندنی ئەم جۆرە سیستەمە "سیستەمی نوێی نێودەوڵەتی کە لە بەرژەوەندی گەڵاندا بێت"، لە ئاکامی ململانێی نێوان گەلانی ئازادیخوازی جیهان و ئەو ناوەندە نێودەوڵەتییانەی کە تا ئێستا بەپێی بەرژەوەندی خۆیان دەیانەوێت سیاسەتی نێودەوڵەتی ئاراستە بکەن دێتەکایەوە.... جا پێویستە گەلانی جیهان هەوڵی دامەزراندنی بەرەیەکی دیموکراسیخوازانەی فراوان لە جیهان بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن جەمسەرێک بن لە پێناوی سەپاندنی نەریت و بەها مرۆییەکان لە پەێوەندی نێودەوڵەتییدا، و لەم بوارەشدا ستراتیژێکی کاریگەرانە دابڕێژن، بۆ ئەوەی بتوانن بەرنامەیەک بۆ سیستەمێکی ئاسایش لە جیهاندا دابمەزرێت، لەسەر بنچینەی ئازادی گەلان و نەهێشتنی خولیای عەسکەرتاری لە پەیوەندی نێوان ئەندامانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەرزکردنەوەی ئاست و ڕۆڵی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چارەسەرکردنی کێشەکانی جیهان.

(دوا تێبینی)

ئاشکرایە کە گەلی کورد یەکێکە لە گەلە دێرینەکانی جیهان کە خاوەنی خەڵکێکی زۆر و نیشتمانێکی بەربڵاوە، بەڵام تا ئێستا بە مافی دەستنیشانکردنی چارەنووسی خۆی شاد نەبۆتەوە.

ئەمرۆش لە جیهاندا زەمینە بۆ بنیاتنانی سیستەمێکی نوێی نێودەوڵەتی خۆش دەکرێت، و هەوڵێکی بێپایان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەلان و لابردنی زولم لە گەلە زۆرلێکراوەکان، دەدرێت.

بە پێی ڕاستییەکانی مێژووش، گەلی کورد بۆتە قوربانی قۆناغی شەڕی سارد، و ئەو ململانێیەی لە نێوان زلهێزەکانی دنیا هەبووە، و زۆرجاریش لە ژێر پەردەی پیرۆزی ئەو سنوورانەی کە دوای شەڕی یەکەمی جیهانییەوە دەستکاری کران، مافی گەلان پێشێل کراوە، و گەلی کوردیش یەکێک بووە لەو گەلە زوڵم لێکراوانە.

لەو باوەڕەشداین ئەگەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتان هەنگاوی ڕاستەقینە بەرەو بنیاتنان و سەقامگیرکردنی سیستەمێکی عادیلانەی نێودەوڵەتی بنێت، ئەوا دەبێ بەرژەوەندی و خواست و ویستەکانی گەلی کورد لەبەر چاو بگیرێت.

بۆیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتان و ئەو حکوومەتانەی کە تا دوێنی جەمسەرێک بوونە لە دەستنیشان کردنی سیاسەتی نێودەوڵەتی، ئەمڕۆ دەبێ هەست بە لێپرسراوی مێژوویی و ڕەوشتی خۆیان بەرانبەر گەلی کورد بکەن، و چی دی کیشەی ئەم گەلە نەکەنە قوربانی ئەو نەخشانە کە دەیانەوێت لە سنووری بەرژەوەندی خۆیان، دایبڕێژن.

جا بۆیە پێویستە کێشەی کورد وەک کێشەیەکی نێودەوڵەتی بخریتە بەر باس و لێکۆلێنەوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.

*خوێنەری بەڕێز!

ئەم بابەتەی سەرەوە بەشێکە لە وتارێک کە بیست و حەوت ساڵ لە مەوەپێش، لە کانوونی دووەمی ساڵی 1992 لە ژماری 16ی گۆڤاری بیری نوێ، کە ڕێکخراوی هەرێمی کوردستانی حزبی شیوعی عێراق دەری دەکرد، واتە پێش ڕاگەیاندنی حزبی شیوعی کوردستان، بەو ناونیشانەی سەرەوە، بڵاوم کردووەتەوە.

نووسینی ئەو وتارە لە هەلومەرجێکدا بوو کە دوای ساڵی 1990 لە گۆنگرەی ئاسایش و هاریکاری لە پاریس ساڵی 1990، کۆتاییهاتنی شەڕی سارد ڕاگەیەندرا، و پێش ئەم هەنگاوەش کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کۆمەڵێک بریاری وەرگرت بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەرێمایەتییەکان وەک کێشەی کەمبۆدیا و نیکاراگوا، و ... هتد. هەر لەم کۆنگرەیەدا ڕاگەیەندرا کە ژمارەی ناکۆکییەکان لە ماوەی شەڕی سارددا گەیشتۆتە 125 ناکۆکی و پێکدادان و لە ئاکامیدا 22 ملیۆن کەس کوژراوە.

لە ماوەی نووسینی ئەم بابەتە و تا ساڵی 2019 کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە ئاستی جیهاندا ڕوویان داوە. ڕاستە شەڕی سارد بە مۆدێلە کۆنەکەی تەواو بوو، بەڵام  چەمکی تاکە جەمسەری کە وڵاتە بەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئاکامی کۆتاییهاتنی شەڕی سارددا بانگەشەی بۆ دەکرد، لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا نەماوە و جیهان سەرلەنوێ بۆ فرەجەمسەری دەڕوات. شەڕ و پێکدادان و بەردەوامبوونی چاوگەکانی بارگرژی لە جیهاندا کۆتایی نەهاتووە. لە ماوەی ئەم بیست و حەوت ساڵەدا، شەڕی ئەفغانسان و کەنداو و شەڕی شوناس لە یوگسلافیای کۆن و شەڕ و پێکدادان لە بەشێکی زۆری وڵاتان بە تایبەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سوریا و یەمەن و لیبیا، بەردەوامە. لەلایەکی دیکەوە بابەتی تیرۆر و شەڕی جینۆساید لە هەرێمی دارفۆر لە سودان و شەڕی جینۆساید لە بۆسنە و هەمان ئەم شەڕە دژ بە کوردانی ئێزدی، کۆمەڵێک بابەت و مەسەلەی سەرەکیین، کە تا ئێستا کۆمەڵگای مرۆڤایەتی بە پێی پێویست مامەڵەی لەگەڵ نەکردووە، و کارتێکردنەکانی لەسەر قوربانییانی ئەم شەڕە هەر ماوە. کێشەی فەڵەستین و ململانێی عەرب و ئیسرائیل ئاڵۆزتر بووە. شێوازە نوێیەکانی شەڕ و پێکدادان لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی بەردەوامبوونی قەیرانی دەوڵەت و نەبوونی سیستەمی دیموکراتی لەم ناوچەیەدا بەردەوامە.

لە ماوەی ئەم ساڵانەی دواییدا خەرجییەکانی سەربازی لە ئاستی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ساڵانە زیاد دەکات، و لە بەرانبەردا بارودۆخی ئابووری و گوزەرانی خەڵکی زەحمەتکێش بەرەو خراپی و دژوارتر دەڕوات.

هەر لە ماوەی ئەم ساڵانەدا مەسەلەی گەلی کوردستان لە باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە. هەرچەندە لە باشوور توانرا بەشیک لە مافەکانی گەلی کوردستان دوای ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری وەدەست بێت، بەڵام تا ئێستا ڕێگاچارەی فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی مەسەلی گەلی کوردستان بە تونێلێکی داخراودا دەڕوات، و ڕێگاچارەی گونجاویش بۆ چارەسەرکردنێکی دیموکراسی و عادیلانە کە بەیەکەوە ژیان بپارێزێت و ئاشتی مسۆگەر بکات، و گەشەپێدانی ئابووری و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی دابین بکات، جێبەجێکردنی مافی چارەنووسی گەلی کورستانە. لە سەرجەم بەشەکانی دیکەی کوردستان کە ململانێی جیاواز لە ئارادایە و گەلەکەمان بۆ وەدیهێنانی مافەکانی خۆی تێدەکۆشێت، تەنیا ڕێگا بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی لە ناوچەکەدا، گەڕانەوەیە بۆ ئیرادەی گەلی کوردستان لەو بەشانە بۆ دەستنیشانکردنی ڕێگاچارەیەک کە لەگەڵ ئیرادە و خواستی خۆیان بگونجێت.

زلهێزەکان گەر دەیانەوێ ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرقەرار بێت، پێش بیرکردنەوە لە دابەشکردنی ناوچەی هەژموون بۆ خۆیان و یان سەرلەنوێ دابەشکردنی ناوچە هەژموونییەکانی خۆیان، پێویستە ڕێگا نەگرن لە خواست و ئیرادەی گەلانی ناوچەکە، لە سەرووی هەموویانەوە ئیرادەی گەلی کوردستان.   

 

 

  • 1