ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئەوەى ڕوویدا لەو گرووپ و قەوارە بەناو سیاسییەى کە لەژێر عینوانى نەوەى نوێ گەمە بەئاگر دەکەن و دواجاریش بوون بەواقیعى تاڵى خراپترین نموونەى ئەخلاقى لەنێو سیاسەت، چونکە هەرزە و بێ ئەزموون بوون، ئەگەر ناوى ڕووداوى لێبنێین و بە سیناریۆى نەزانین، بەلاى بەئەزموونەکانەوە شتێکى چاوەڕوانکراو بوو، چونکە کارەکتەرە سەرەکییەکەیان کە ناسیاسى و بزنسمانە هەر لەسەرەتاوە هەم ماڵیاتێکى زۆرى خرابووە ژێر چنگ، هەم سەرۆکایەتى گرووپێکى بێ ناونیشانی دەکرد بەناوى نەوەى نوێوە، ئەمە جگە لەئەزموونى وەکالەت کردن بۆ سپیکردنەوەى پارە، شتێکى تر نەبوو، کارەکتەرێکى گەنجى بێ ئەزموون ناتوانێ نە سیاسەت بکات و نە بزنس بکات لەکوردستانێکى ئاڵۆز لەهەموو بوارێکدا، بۆیە جگە لە هەڕەشەکردنى ئابڕووچوون لەگرووپە جیابووەکەى، سیاسەتێکى دیکە نازانێ، ئەمەش خستییە بەردەم پرسیارێکى شەرمهێنەرەوە، هەروەک چۆن ئێمە شاهیدى ئەزموونى تاڵى لەو بابەتەین کە بەسەر ژنانى کورد دێت و بەردەوامە، وەختێک دەکرێن بە کارەکتەرى ململانێى سیاسى و دەبن بەقوربانى.

ئەگەرچى من هەمیشە ڕۆحییەتێکى ئۆپۆزسیۆنیم هەبووە بەرانبەر بەناعەدالەتى کۆمەڵایەتى، بەڵام ئەوەى کە من موتابەعەم کرد لەو سیناریۆ چاوەڕنکراوە، نەک تەنیا لە خودى شاسوار، بەڵکو لە بەشێک لەتاکەکانى گرووپەکەشى دەوەشێتەوە لەبرى تۆڵەى سیاسى بە دیموکراسییانە، دەست ببەن بۆ ئابڕووى یەکتر، ئەمە لەکاتێکدایە ئەم سیناریۆیە کە نەوەى نوێ کارى تەنیا هەڵمژینى توڕەبوونى خەڵک بوو لە دەسەڵاتى حکومى و سیاسى کوردستان بەتایبەتى یەکێتى و پارتى کە دیارە هاندرابوون، چونکە زیاتر لە قەوارەى کۆمەڵایەتیى خۆیان دەنگیان هێنا و خۆیان وەکو ئۆپۆزسیۆن نمایشکرد، نمایشکردنى گرووپ و کارەکتەرى سیاسى بەو مەسیرەیەى کە بینیمان، گرەنتى ئەوەى پێداین کە هەر جوڵانەوەیەکى دیکەى بەناو ئۆپۆزسیۆن دروست ببێت بەبێ ئەزموون، چاوەڕوانى ئەوەى لێدەکرێت بە سیناریۆى وەها تێپەڕێت و سەرەنجامیش خۆى تۆڵەى ئەخلاقى لەخۆى بکاتەوە، تاکو ڕووبەڕووى یاسا ببێتەوە و دەستى ئاشکرابێت، بۆیە بەبڕواى من ئەمە نە سەرەتا دەبێت نە کۆتایى ئەو ناوە دەبێت کە هەڵیانگرتووە، چونکە ئەوان ئەرکى سیاسەتیان پێنەسپێردرابوو تاکو لەخۆبایى ببن و بچنە ململانێى قورسەوە، بەڵکو ئەرکى سپیکردنەوەى پارەیان پێسپاردبوون، ئەویش لەو ڕووبەرە جوگرافیایەوە دەردەکەوێت کە لەدەسەڵات و تواناى کارەکتەرێکى بێ ئەزمووندا نییە ئەو گەمە سیاسى و بزنسە زەبەلاحە بکات، تاکو بەئەزموون چارەسەرى قەیرانى سیاسى چاوەڕوانکراوى خۆى بێت، بۆیە وەکو جحێڵێکى موراحیق مامەڵە لەتەک جیابوونەوەى هاوڕێیەکانى دەکات.

پێشتریش من ئەو پێشبینییەم دەکرد کە نە تۆڕى میدیاى نالیا و نە پارەکەى و نە جوگرافیا تەرحانکراوەکەى ناو جەرگەى سلێمانى بۆى، لەتواناى کارەکتەرێکى بێ ئەزموونى سیاسى نییە، چونکە ئەم ئەرکە قورسترە لەوەى بەبێ ئەزموون و بەپێ خواسى بچێتە گۆڕەپانەکە، بۆیە دەرکەوت تەنیا وەکالەتێکى کورتخایەن بوو فەرمانەکە ئەوەیە دەبێ ڕادەستى بکاتەوە، چونکە نەگوندى ئاڵمانى و نەچاڤى لاند تەنیا شوێنێکى گەشتیارى نییە تاکو خەڵک بۆ کات بەسەربردن سەردانى بکەن، بەڵکو فۆڕمێک بوو بۆ خەڵک، بۆیە لەپشتى ئەو فۆڕمەوە تەڵەیەکى سیاسیش بووە بۆ خودى قەوارە گوماناوییەکەى بەپەلە پێگەیەکى جەماوەرى لەگۆڕەپانە سیاسییەکە داگیر کرد، بەوپێیەى کە بەشێکى زۆریان گەمەى جۆراوجۆرى سیاسى و میدیاییان پێکراوە بەرلەوەى ببن بە پارلەمانتار و ئەنجوومەنى سەرکردایەتى جوڵانەوەیەکى گەنجانە، ئەمە ماناى کەم ئەزموونییە کە دەبن بە زنجیرە دراماى سیاسى و ئەخلاقى لەگەڵ یەکتر، یان باشتر بڵێم دەبن بەکۆمبارسى فیلمێکى سیناریۆ بۆ داڕێژراو، سەرەتاکەشى لە میدیاوە دەست پێدەکات و کۆتاییەکەشى بە سیاسەتى ناکامڵ دەبێت، هەرئەوەشە وا دەکات هەڕەشەى ئابڕووبردن لە هاوکارەکانییان بکەن و بگاتە ئەو ئاستە نائەخلاقییە.   

  • 1