ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

بەشی  دووەم

 دەزگاکانى ڕاگەیاندنى بۆرژوایى سەبارەت بە نەتەوەگەریى دەڵێن، لە سەدەى بیستەمدا نەتەوەگەرى بووە ئایدیۆلۆژیا و سیاسەتى هەموو وڵاتانى جیهان لەهەر ئاستێکى ئابووریدا بووبێت، چونکە واى لێکدەدەنەوە کەوا نەتەوەگەرى تەنیا لە بەرهەمى پەرەسەندنى هۆشیارى ناسیۆنالییەوە بەدەرکەوتووە و، لە سەرەتاى سەرهەڵدانى سەرمایەدارییدا نەتەوەگەرى وەک ئایدیۆلۆژیاى بۆرژوایى، بووە هێماى پەرەسەندنى هۆشیارى نەتەوەگەرى گەلان بە گشتى، لە بەرانبەر ئەوەشدا مارکس و ئەنگڵز لە بۆچوونەکانیاندا پێداگرییان لەسەر ئەوە دەکرد کە مەسەلە نەتەوایەتییەکان بەستراونەتەوە بە قۆناغى فیوداڵى و لەگەڵ نەمانى ئەو سیستەمە ئەم مەسەلەیەش بەرەو لەناوچوون دەڕوات و واى لێدێت تاکەکان شانازى بەم سنوورە جیۆگرافییەوە دەکەن کە سەرمایەداران لە قۆناغى سەرمایەدارییدا وێنەیان دەکەن، لە دواى ڕووخانى قۆناغى فیوداڵى و سەپاندنى سیستەمى سەرمایەدارییدا.

ئەوەى لە ئەوروپادا بە ڕوواڵەتى ڕوویدا، پشتگیرییەکى تەواوى بۆچوونەکانى هەردوو بلیمەتەکە بوو، چونکە سیستەمى ئابوورى سەرمایەدارى لە ئینتماى نەتەوایەتى تاکەکانى نەدەپرسى، بەڵکو تەنیا کارى بە بوونى سەرمایە و هێزى کارکردن لەلایەن کرێکارانەوە هەبوو. بەو واتایەى مەسەلە چینایەتییەکان زاڵ دەبن بەسەر مەسەلە نەتەوایەتییەکان و تاکەکانى کۆمەڵگا دەکەونە بەر ڕەحمەتى سەرمایەدارەکان و ڕەچەڵەکى گوندى و چینایەتى و نەتەوایەتى گرنگى نامێنێت و تەنیا پرسەکە لە بوونى هێزى کارکردندا کۆدەبێتەوە، بەڵام لە دواى گواستنەوەى سەرمایەدارى بۆ قۆناغى ئیمریالیزم و کۆلۆنیالى، ئەوا سەرمایەداران کەوتنە بەکارهێنانى مەسەلەى نەتەوایەتى و ڕەگەزى و ئایینى بۆ چەوساندنەوە و بەکارهێنانى گەلانى ژێردەستە و کۆلۆنیالکراو بۆ مەرامەکانى خۆیان لەوەدەستهێنانى هێزى کارى هەرزان و بە کۆیلەکردن و دەست بەسەرداگرتنى سامانە سروشتییەکانى ئەو وڵاتانەى کۆڵۆنیالیان دەکردن.

 *سەرهەڵدانى فیکرى نەتەوایەتى:

ڕەنگە لە پێش شۆڕشى فەرەنسیدا هەندێک دەنگى وا هەبووبن کە بۆچوونى نەتەوایەتییان پێوە دیاربێت و بانگەشەیان بۆى کردبێت، بەتایبەت لە کۆمەڵگە پێشکەوتووەکاندا، بەڵام لە دواى ئەو شۆڕشە و دیاریکردنى هەندێک پرەنسیپ بۆ مرۆڤبوون و تایبەتمەندێتى کۆمەڵگاکانی و چۆنیەتى پاراستنى و بایەخ پێدانیان بەدەرکەوتن، لەوانە ئەو کۆمەڵگایانەى پێشتر لە ڕووى سنوور و دەسەڵاتەکانەوە بەتایبەت چینە هەژارەکان، هیچ کاردانەوەیەکیان نەبووبێت، بەڵکو لایان گرنگ نەبوو کێ لە شەڕەکانى خاوەندارێتى زەوییەکان سەرکەوتووە، هەر ئەوەندەیان زانیوە کە خاوەن موڵکەکان گۆڕاون و ئەو سەرانە و باج و دەرامەتانەى وەردەگیران، لەجیاتى خاوەن موڵکە کۆنەکە وا دەدرێتە خاوەنێکى نوێى دیکەى نەناسراو، ڕەنگە لە کاتى سەپاندنى هەندێک یاسا و ڕێساى نوێ بیانزانیبایە کە خاوەنەکەیان گۆڕدراوە واتە کەس لەوەى نەدەکۆڵییەوە، ئایا ئەو خاوەنە بە ڕەچەڵەک فەرەنسییە، یان هۆڵەندى یان هەر زمان و ڕەچەڵەکێکى دیکەیە، بەڵکو لاى گرنگیش نەبوو، کەواتە سنوور بە قەڵەمڕەوى دەسەڵاتى فیوداڵەکان و خاوەن موڵکەکان دیار دەکرا، بەڵام لە دواى شۆڕشى فەرەنسى و دەستپێکردنى دەسەڵات و سیستەمى بۆرژواکان، دیاریکردنى سنوورەکان بوو بە پێویستییەکى مەزن، چونکە واى لە چینە کۆمەڵایەتییەکان کرد خۆیان یەکلابکەنەوە کە ئایا لەگەڵ شۆڕشدان یان دژن، هەروا گۆڕینى جۆر و سیستەمى دەسەڵات لە پادشاییەوە بۆ کۆمارى و دژایەتیکردنى وڵاتانى دراوسێ بۆ ئەمجۆرە سیستەمە، لە کاتێکدا ئەوان هێشتا بەرگرییان لە پادشایەتى و کەسى پادشاى ڕەها دەکرد، دەکرا شەڕ لەسەر هێشتنەوەى ئەو سنوورانە بکرێت کە دەسەڵاتى ئەوانى دیاری دەکرد، لەلایەکى دیکەش کۆمارییەکان کەوتنە هەناردەکردنى شۆڕش بۆ گەلانى دیکە و پڕوپاگەندەى ئەوەى کە ڕزگارکەرى مرۆڤایەتى بەڕێوەیە و دەبێت هەمووان لەپێناویدا بجەنگن، بۆیە یەکێک لەو هۆکارانەى بۆ کۆکردنەوەى هێزەکانى هەموو چینە کۆمەڵایەتییەکانى ناو کۆمەڵگا و ئاراستەکردنیان بۆ بەرگرى لە دەسەڵاتى نوێ، دروستکردنى هەستى نەتەوایەتى بوو، کە بەوەوە دەستى پێکرد، کەوا نەتەوەیەکى دیاریکراو دەبێتە ڕزگارکەر و فریادڕەسى نەتەوەکانى دیکە تا لە ژێر دەسەڵاتى ڕەهاى پادشاکان ڕزگاربن و بە ئازادى بژین وەک مرۆڤ و، دوایى هێنان بە سیستەمى فیوداڵى و سەپاندنى سیستەمى سەرمایەدارى.

هەروا هەریەک لەو نەتەوانە پاککردن و داڕشتنەوەى وشە و زاراوەکان لە زمانى خۆیان و نووسینەوەى مێژوو بەدەرخستنى کەسایەتییە نەتەوایەتییە دیارەکان و سەرکەوتنەکانیان و قۆرخکردنى هەموو شتە جوان و بەهێزەکان بۆ گەلى خۆیان و لەسەر حیسابى گەلانى دیکە، هەروا کەوتنە چەسپاندنى تایبەتمەندییەکانى زمانەکان و کلتوور و کەلەپوور و یاسا و ڕێساکان بۆ خۆیان و هەژمارکردنى بەشێک لە مێژووى گەلانى دیکە و سیمبولەکانیان بۆ نەتەوە و مێژووى خۆیان.

هەر ئەوەش بوو واى لە هەندێک لێکۆڵەر کردبوو کە سەرچاوەى ناسیونالیزم و هەستى نەتەوایەتى بگەڕێننەوە بۆ سەرمایەدارى پیشەسازى چاپکردن و گەڕان بە دواى زمانێکى یەکگرتووى وا کە زۆرترین ژمارەى دانیشتووان لێى تێبگەن لە ڕێگەى یەکگرتنى هەموو دیالەکتەکانى زمانە جیاوازەکان، تا پڕفرۆشترین چاپکراویان هەبێت و لەوەشدا قازانجى باشیان دەست بکەوێت.

 

  • 1