ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

چەمکی ئینستلەیشن یەکێکە لەو رەوتە تازانەی ھونەری نوێ، کە بەمانای «دامەزراندن» یان «خستنەسەر»یان «پێکھێنان» دێت، کە ھونەرمەند یان کۆمەێک بەیەکەوە دەتوانن کارێک بکەن، شوێنێک یان ھۆڵێک بەکاردەھێنن بۆ بابەتە ھونەرییەکانیان، بە دانان و خستنەسەریەکی ماتریاڵی جیاواز و بەرجەستەکراو، بە پێکھێنانی بۆ شێوەیەکی ھونەری و رواڵەتی جیاواز کە ھاوسەبگی ھونەری درووستبکات و بنەمای ستاتیکی ببەخشێ بە پانتایی شوێنەکە ، کەواتە بابەتی ئینستەلەیشن پەیوەندی بە بارستەی کارە ھونەرییەکەوە ھەیە لەگەڵ شوێن، لە ھونەری ئینستلەیشن دا بینەر دەتوانێ بەناو کارەکەدا ھاتوو چۆ بکات و ھەندێ جار بینەر خۆی دەبێتە بەشێک لە کاری ھونەری لەوێدا، ھەندێجاریش کەرەستە بەکارھاتووەکان جولەشیان تێدایەو بینەر بۆی ھەیە دەستیان لێدات و جولەیان پێبکات، بڕێک جاریش میوزیکیش رۆڵ دەبینێ لەگەیاندنی بیرۆکە بۆ بینەر، کە راستەوخۆ ئامێرەکان دادەنرێن یان بە کەرەستە و پێکھاتەکان دەنگ درووستدەکرێت.

ھەروەک دەگوترێت ئەم ھونەرە رواڵەتێکە لە پێکھاتەی ھەر حەوت ھونەرەکە، یان بەتایبەتتر ھەموو بەشەکانی ھونەری شێوەکاری.

ھونەرمەندانی ئەم بوارە سود لە کەرەستەی جۆراوجۆر وەردەگرن ، وە لە رواڵەتە کۆنەکەیەوە دەیگۆڕن بۆ رواڵەتێکی مۆدێرن و تازە، کە تێکڕای لە ئاکامدا بابەتێکی مرۆڤدۆستانە لەخۆی دەگرێت لە رووی ئایدیاوە.

کاری ئینستلەیشن سێ رەھەندی یان چواررەھەندییەو بەرجەستەکراوە ، بۆیە دەتوانرێت لە ھەموو لایەکەوە ببینرێت.

رۆبەرت رۆچێنبێرگ- بە یەکیک لە ھونەرمەندانی گەرەی ئەم بوارە دادەنرێت، و کارەکانی لە رەھەندی گەورەی ئایدیاییەوە سەیردەکرێن.

ئەم رەوتە ھونەرییە لەسەرەتای سەدەی بیستەم سەریھەڵداوە و کەم تازۆر ھونەرمەندانی ناودار کاری لەم جۆرەیان کردووە بەتایبەتی «پیکاسۆ» کە لە بڕێک کاریدا ھەستاوە بە پێکھێنانی شێوەی تازە بەھۆی کەرەستەی پاشماوە و فرێدراو، یان ھونەرمەند« مارسیل دووشامپ» کە لە خاشاک و کەرەستەی کۆن پێکھاتەی ھونەریی دانسقەی دروستکردووە.

سەرچاوەی ووشەکە لە چەمکە ھونەرییەکەیدا دەگەرێتەوە بۆ ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردوو، کاتێک ھونەرمەند «ژان دو بوفێت» ھەندێ کاری کۆلاژی کرد لەسەر باڵی پەپولە و لە پێکھاتەیەکی ھونەرییدا نمایشی کردن.

لە ھونەرمەندانی بەناوبانگی ئەم رەوتە ناوی «ڤلادیمێر تاتلین » لە پێشەوە دێت کە ھونەرمەندێکی رووسیەو ساڵی ١٩٥٣ کۆچی کردووە.

  • 1