ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بزووتنەوەی سۆشیالیستی جیهان هەر لە سەرەتای دامەزراندنی نێونەتەوەیی یەکەم، کە ڕووداوێکی مێژوویی بزووتنەوەی کۆمۆنیستی جیهان بوو، بایەخێکی زۆری بە مەسەلەی ڕێکخستن و بنیاتنانی یەکێتییەکی پتەوی لە نێوان گرووپە سوشیالیستەکانی جیهان دا بە مەبەستی بوونی ڕێکخراوێکی شۆڕشگێڕی پتەوی چینی کرێکار. بۆ ئەم مەبەستەش مارکس و ئینگلز کاریان بۆ بنیاتنانی کۆمەڵێک بنەمای ڕێکخستن کرد کە لەگەڵ بیرۆکەی بوونی یەک ڕێکخراوی نێونەتەوەیی کە لقی لە هەموو وڵاتێکدا هەبێت، و بە شێوازێکی دیموکراسی هەڵبژێردرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا جەختیان لە سەر بوونی یەک سەرکردایەتی ناوەندی ڕێکخراوی شۆڕشگێڕی کردەوە، و بەم جۆرە بوونی ئەم دوو جەمسەرە پرەنسیپی ناوەندی دیموکراسی لە حزبی شۆڕشگێڕیدا خولقاند.

لە ئاکامی ئەزموونی شۆڕشگێڕی کاتی مارکس و ئینگلز، و دواتریش لە خوێندنەوەی ئەزموونی حزبە کۆمۆنیستەکانی جیهان، بە تایبەتی لە ڕووسیا و شاکارەکانی لینین وەک "چی بکەین" و" نامەیەک سەبارەت بە ڕێکخستن"، و جیابوونەوەی نێوان بەلشەفیک و مەنشەفێک، و ململانێی لینین سەبارەت بە بابەتە هزرییەکان لەگەڵ بلیخانۆف، و بۆخارین، و ڕۆزا لۆکسمبرگ، و دواتریش ململانێیەکان لە یەکێتی سۆڤیەتی جاران لە نێوان ستالینزم و سەردەمی خرۆتشۆف، و دواتر پرۆسەی پیرۆستریکا و ململانێیەکانی، و بە هەمان شێوە ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالستی لە چیندا، و دەرکردنی کۆمەڵیک دەستە بە ناوی هەڵپەرستی ڕاستڕەو، و دواتر چەپڕەو، ڕووداوەکانی شۆڕشی کەلتووری و تاقمی چوارکەس دوای مردنی ماوتسی تۆنگ، دەرکەوتووە کە بەهێزکردنی کاری هزری لە حزبدا و ئاراستەکردنی ململانێی هزری پەیوەندی بە شیکردنەوەی بابەتییانەی هەلومەرجی کۆمەڵگا و پەیوەندی نێوان چینەکان و ئاستی پەرەسەندی هێز و پەیوەندی بەرهەمهێنان لە نێو کۆمەڵگادا هەیە، بە جۆرێک کە بڕوانرێتە ئەم پەیوەندییانە لە دۆخی گۆڕانکاری بەردەوام، دوور لە بەست بوون و دۆخی نەگۆڕ. لێرەشدا گرنگە تەکتیکی حزبی مارکسی شۆڕشگێڕ ڕەچاوی ئەوە بکات، کە کەسانی دوور لە چینی کرێکار و ڕەنجدەرانی بیروبازوو بێنە نێو حزبی چینی کرێکار بەتایبەتی کاتێک چوونە ناو حزب بۆ کەسانی چینەکانی دیکەش واڵا دەبێت و پێگەی چینایەتی حزب فراوان دەبێت، و هەڵبەتە ئەمەش هۆکارێکە بۆ بوونی بیروبۆچوونی جیاواز سەبارەت بە شیکردنەوە، یان هەڵوێست وەرگرتن لە بابەتێکی دیاریکراو.

لە هەلومەرجی ئەمڕۆدا کە ناکۆکی و ململانێیەکانی کۆمەڵگا و ئاراستەکانی پەرەسەندنی گۆڕانکارییە جیهانییەکان مۆرکێکی ئاڵوز و تێکهەڵکێش و گرێی وەرگرتووە، خوێندنەوە و شیکردنەوەی جیاواز بۆ واقیع لە ناو حزبی چینی کرێکاردا دروست دەبێت، کە مەرج نییە هۆکارەکەی هاتنی کەسایەتی بۆ ناو حزب لە دەرەوەی چینی کرێکارەوە بێت، بەڵکو ئاڵۆزی بارودۆخ و واقیعی کۆمەڵایەتی، وا دەکات کە فرەیی لە خوێندنەوەی واقیع و دانانی تەکتیکی سیاسی دروست بێت. زۆر جار لە ئەزموونەکانی پێشتری بزووتنەوەی حزبە کۆمۆنیستەکان دەستەواژەی پاکتاوکردنی ڕیزەکانی حزب بە ناوی هەڵپەرستی ڕاستڕەویی، یان هەڵپەرستی چەپی ساوایانە بەکارهێنراوە، بەتایبەتی لە حاڵەتی تاقمگەری و کەرتبوون و دابەشبوون لە ڕیزی حزبدا.

لە هەلومەرجی پڕ ئاڵۆزی ئەمڕۆی کۆمەڵگا ناوخۆییەکان، و لە ئاستی جیهاندا، کە بیر لە تەکتیکی جیاوازی سیاسی لە مامەڵەکردن لەگەڵ ململانێ و پرۆسەی سیاسیدا دەکرێتەوە، ناکرێ جیاوازی لە خوێندنەوەی واقیع و دانانی تەکتیکی کارکردن بە شێوازی پۆلینکردنی ڕا و بیروبۆچوونە جیاوازەکان لە خانەی هەڵپەرستی ڕاستڕەویی یان چەپڕەویی ساوایانە، بکرێت، چونکە پۆلینکردنی ئەندامانی حزب بەم شێوازە ڕێگا لە پرەنسیپێکی گرنگی ژیانی حزبی دەگرێت کە ماوەدانە بە بیر و ڕای جیاواز و دەڕبڕینی لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی بڕیاری حزبی کە بە ڕێگای دیموکراسی وەردەگیرێت. بەم جۆرەش ئەوەی لە پراکتیکدا جێبەجێدەکرێت، و دەبێتە هەڵوێستی حزب لەمەڕ هەر بابەتێک بریاری حزبییە کە لە سەرکردایەتی حزبەوە وەردەگیرێت، نەک بیروبۆچوونی ئەندامێک یان کەمایەتی کە دەبێ رێزی بگیرێت.

کاری حزبی پەیوەندی بە بابەتی سیاسی و خوێندنەوەی واقیعەوە هەیە، کە ئەمەش دەچێتە خانەی زانستی کۆمەڵایەتییەوە نەک زانستە سروشتییەکان، بۆیە ناکرێ بە شێوەیەکی ڕەها و لە ڕوانگەی ڕاستییەکی بێ چەند و چوون، دوور لە ئەگەری هەڵە مامەڵە لەگەڵ بریاری حزبی بکرێ، و زۆرجار ژیان ئەوەی دەرخستەوە کە ڕای زۆربە ڕاست بووە و ڕای کەمایەتی هەڵە بووە، بە پێچەوانەشەوە ڕاستە، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاری حزبی سەبارەت بابەتێک هێزی خۆی لە ڕاستبوون یان هەڵەبوونی ئەو بریارە وەرناگرێت، بەڵکو بریاری حزبی لە ڕوانگەی پەیڕەوکردنی بەرنامە و پەیڕەوەی ناوخۆیی حزب مەشروعیەت وەردەگرێت، و لە کاتێکیشدا ئەندامی حزب بەو بەرنامە و پەیڕەوی ناوخۆی حزبی شیوعی قایل بووە کە شوناسی مارکسی بوون و چەپی حزب دەستنیشان دەکات، و ماف و ئەرکەکانی ئەندامی حزب پەیڕە دەکات، ناکرێت لە خانەی ڕاستڕەو یان چەپڕەو پۆلێن بکرێت، چونکە ئەو پۆلێنکردنە دەبێتە فشارێک لە سەر ئەندامی حزب کە ڕاڕا بێت، و ڕاستگۆیانە بیروبۆچوونی خۆی نەخاتە ڕوو لە مەترسی ئەو پۆلێنکردنە.

مامەڵەکردن و ئاراستەکردنی ململانێی هزری لە ناو حزبدا فاکتەرێکی گرنگی دەوڵەمەندکردنی هزر و شیکردنەوە و بەهێزکردنی بۆچوونەکانی حزبە سەبارەت بە تێکڕای ئەو بابەتانەی کە ژیان دەیخاتە ڕوو. سەرکەوتن لە ئاراستەکردن و بەرێوەبردنی ململانێیە هزرییەکان، کە ئەرکی دەستە سەرکردایەتییەکانە چ لە ناو خودی ئەو دەستانە و چ لە ناو تەواوی پەیکەر و جەستەی ڕێکخستن، دەبێتە مایەی پاراستنی حزب لە ململانێیەکی پڕوکێنەری کە خولیای بەرژەوەندی تایبەت و دەستەبەندی تێدا زەق دەبێت، و لە کۆتاییدا توانای کادیر و ئەندام و تەنانەت دۆست و لایەنگرانی حزب بە بابەتێکەوە سەرقاڵ دەکات، کە کار لە وزەی تێکۆشانی سەرجەم حزب دەکات، و بابەتی لاوەکی باڵی خۆی بە سەر خاڵی سەرەکی تێکۆشان کە لە کۆنگرەی حزبدا لە بەرنامە و ڕاپۆرتی سیاسی بریاردراوە، دەکێشێت.

بەڕێوەبردنی ململانێ و جیاوازی هزری لە حزبدا لەسەر ڕۆشنایی پەیڕەوی ناوخۆ و بریاری حزب، ڕێگای پاراستنی یەکێتی پێودانگە هزرییەکانی حزبە، کە ئەمەش لە ڕێگای گفتوگۆکردن لە سەر سەرجەم ڕا و بۆچوونەکانی ناو حزب دەبێت بێ فشارخستنە سەر هیچ ڕایەک و دوور لە بەکارهێنانی جۆرە دەستەواژەیەک کە تۆمەتی بۆچوون یان داکۆکی لە سیاسەتی لایەنێکی دیکەی سیاسی بخرێتە پاڵ ئەو ڕایە.

فرەبوونی بیروبۆچوون و ڕای جیاواز پێش وەرگرتنی بریاری حزبی، و ماوەدان بە هەر هاورێیەک کە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆ داکۆکی لە بۆچوونی خۆی بکات، مافێکە بەنیسبەت ئەندامی حزبەوە لە هەر ئاست و دەستەیەکی حزبیدا بێت، کە ناکرێ لەگەڵ دیسپلینی حزبی ناکۆک بێت.

سەبارەت بەم خاڵەش دیسپلینی حزبی بریتییە لە یەکێتی کار و ئازادی گفتوگۆ و کاری بە کۆمەڵ و پەیڕەوکردنی ڕەخنە لە خود و ڕەخنەگرتنی بایەتییانە لە سیاسەتەکان بە مەبەستی قوڵکردنی دیموکراسی ناوخۆیی حزب و پەیڕەکردنی ماف و ئەرکی ئەندامی حزب لە هەر پلەیەکی حزبیدا بێت، و لەم ڕێگایەشەوە حزب لە سەرگەردانی و گێرەشێوێنی دەپارێزرێت.

بەرێوەبردنی ململانێی هزری و پاراستنی ڕای ئەندامی حزب پێویستی بە کۆمەڵێک بنەما هەیە، کە دەبێ لە سەرجەم کۆمیتە حزبییەکاندا پەیڕە بکرێت. لەوانە یەکەم: تێڕوانینی ماتریالیزمانەی دیالکتیکی لە خوێندنەوەی واقیع و شیکردنەوەی بابەت و ڕووداوەکان. دووەم: پیادەکردنی گفتوگۆی هاورێیانە و بنەماکانی لە یەکتر حاڵبوون، دوور لە بەکەسایەتیکردنی بابەتەکان، و مامەڵەکردن بە عەقڵیەتی کار و کاردانەوە و گومان لە یەکتر. سێیەم: بەکارهێنانی میتۆدی مارکسیستی لە شیکردنەوەی واقیع و تێکۆشان بۆ گۆرانکاری کۆمەڵایەتی، چوارەم: بوونی هەڵوێستی چینایەتی لە شیکردنەوە و خستە ڕووی بیروبۆچوون. پێنجەم: پشتبەستن بە زانست و لۆجیک و ئەزموونی شۆڕشگێڕی حزب و سەرجەم بزووتنەوەی کۆمۆنیستییەکان. شەشەم: ڕوونی لە دەڕبڕینی ئامانجی حزب کە خۆی لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتمانی گەلەکەمان و دادپەروەری کۆمەڵایەتی و سۆشیالزم، دەبینێتەوە، دوور لە بەکارهێنانی ڕستەی شۆڕشگێڕی سواو، و ڕەفتاری خۆدەرخستن کە دۆخی شۆڕشگێڕی لە کۆمەڵگادا دروست ناکات.

هەروەها پێویستە ڕێکخراوە حزبییەکان لە ئاراستەکردنی ململانێی حزبی سەبارەت بە هەر بابەتێک کۆمەڵێک ڕێوشوێن پەیڕەو بکەن، وەک:

ــ باوەڕبوون کە ململانێی هزری لە ناو حزبدا ڕەنگدانەوەی زیندووی حزبە، و پەیوەندی بە مەسەلە مەبدەئییەکانی حزبەوە هەیە، و نابێ بە هیچ بیانوویەک پەردەپۆش بکرێت، یان ماوە و دەرفەت بۆ ڕا و بۆچوونی هاوڕێیان نەدرێت.

ــ لە کاتی بوونی پێداویستییەکی بابەتی کە لە سەرجەم حزبدا سەبارەت بە بابەتێکی دیاریکراو ڕا و بۆچوونی جیاواز هەبێت، پێویستە دەستە سەرکردایەتییەکان لە ئاستی دەسەڵاتی خۆیان زەمینە بۆ گفتوگۆی ناوخۆیی ئامادە بکەن، و ئازادی بۆ هەر هاوڕێیەک لە دەڕبڕینی ڕای خۆی، دابین بکەن.

ــ پەیڕەوی ناوخۆی حزب بواری داوە کە هەر هاوڕێیەک ڕا و بۆچوونی خۆی لە ڕۆژنامەگەریدا دەڕبرێت، بە مەرجێک دوور بێت لە تەشهیرکردن و ناوزڕاندنی هاوڕێیەکی دیکە کە بیروبۆچوونی جیاوازی لەگەڵدا هەیە.

ــ هەر ڕا و بۆچوونێک کە خرایە بەرباس و لێکۆڵینەوە لە دەستەی حزبی بەمەبەستی وەرگرتنی بریاری حزبی، ئەوا بە شێوازێکی دیموکراسییانە ڕای زۆربە دەبێتە بریاری حزب، و ناکرێ کەمایەتی بە لادەر و تێکدەر دابنرێت، و لە کۆتاییشدا ڕاست و دروستی هەر بریارێک لە پراکتیکدا دەردەکەوێت. 

شیوعییەکانی کوردستان ئەزموونێکی دەوڵەمەندی مێژووییان لە بواری ئاراستەکردنی ململانێی هزری ناوخۆیی حزبدا هەیە و ئەزموونی ڕابردووی حزبە کۆمۆنیستەکانی جیهانیش گەنجینەیەکی گەورەیە کە پێویستە سوود لە خاڵە پۆزەتیف و نەگەتیفەکانی وەربگیرێت. 

 

 

  • 1