ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دیموکراسی بۆرژوازی کامڵترین بەرگی سیاسی سەرمایەداری یە

 

نەجمەدین فارس

مانگی ئازاری ٢٠١٩-چاپی دووەم

 

 

بەشی دووەم

 

((دیموکراسی و ئازادی))

 (( ئایا دیموکراسی لەگەڵ ئازادیدا یەکسانە ؟))

  سیستەمی دیموکراسی بریتی یە لە دەسەڵاتی چینایەتی چینیک، بەسەر چینێکی تردا . ناونیشان و ناوەڕۆکی پەیوەستە بەو چینەوە کە دەسەڵاتدایە . بەم پێودانگە دیموکراسی پروسیسی دەسەڵاتی سیاسیانەی چینێکە لە چینەکان . کەواتە لە کۆمەڵگایەکدا، چینەکان بوونیان هەبوو، ئازادی بوونی خوی وەک پروسیس کردنی لە ژیان و پەیوەندی نێوان تاکەکانی کۆمەڵ لە دەست دەدات و دیموکراسی خەسڵەتی پەیوەندیەکانیەتی و پروسیس دەکرێت . کاتێک دیموکراسی فەرمان ڕەوا بوو، کەواتە بە پێی دەسەڵاتی چینێک لە چینەکانی کۆمەڵگا دیموکراسیەکەی دەستنیشان دەکرێت، لەئێستای سیستەمی سەرمایەداریدا دوو جۆرە، دیموکراسی پرولیتاری و دیموکراسی سەرمایەداران .

  دیموکراسی بۆرژوازی، پەیوەندیدارە بە دەسەڵاتی سیاسی وئابوری و کۆمەڵایەتی بۆرژوازییەوەو لە بەرامبەر چینی کرێکارو بزووتنەوەکەیدا، بۆ پارێزگاری لە مانەوەی دەسەڵاتی خۆی بانگەشەی بۆ دەکات و لە بەرامبەر چین و توێژەکانی تردا بە تووندترین شێوە دەجەنگێت . هەر کاتێک ناوی دیموکراسی بۆرژوازی ئەبرێت، ئەوە دەبینین و دەردەکەوێت هاوکاری و هاوئاهەنگی بۆرژوازی و ئیستبدادی سەرمایەداری و پارێزگاریکەری کاری بە کرێ و بێ مافی ئینسانی کرێکار، لەگەڵ ژیان و مافەکانیان پروسیس دەکرێت . دەرئەکەوێت کە ئەم دیموکراسییە ڕێگرە لە بەردەم ڕەووتی مێژووی مرۆڤایەتیدا . هەروەها کۆسپ دەخاتە بەردەم گەشەی کۆمەڵایەتی و زانستی مرۆڤ . بەڵام پرۆسیسی دیموکراسی پرۆلیتاریا، بە پێچەوانەی دیموکراسی سەرمایەدارییەوە، گوێزەرەوەی قۆناغ و سەردەمی بێ مافی مرۆڤ و توندوتیژی سەرمایەدارییە بۆ سەردەمی ئازادی ویەکسانی تەواوی مرۆڤایەتی، بە تووندوو تیژی چینایەتی خۆی ئەم دەسکەوتە گەورەیە بۆ مرۆڤایەتی بە دەست دەهێنێت . لە بوونی سیستەمی سەرمایەداریەوە، دەسەڵاتی پرۆلیتاریا و دیموکراسییەکەی سەرچاوە دەگرێت . ڕووتی ڕوو لە گەشەی کۆمەڵ و هەوڵدان بۆ زیاتر بەرکەماڵ کردنی و دامەزراندنی ئازادی ویەکسانی ئینسان، ئەگەر سەردەم و قۆناغەکەی پێویستی کرد، لە دیکتاتوریەتی خۆیدا بەرجەستە ئەکاتەوە، دەبێتە هۆی هەڵوەشانەوەی دەوڵەت بە هەموو ناوەڕۆکەکانیەوە . چونکە تاقە چینی شۆڕشگێڕە کە ئەتوانێت، چینەکان بە خۆشییەوە لە ناو ببات و هەڵبوەشێنێتەوە . واتە کاری بە کرێ لە ڕەگ و ڕیشەوە دەردەکێشێت . دەسەڵاتی دیموکراسی پرۆلیتاریایە، هەموو ڕێگرییەکانی بەردەم دامەزراندنی کۆمەڵگای ئازاد و یەکسانی ئینسان ڕادەماڵێت و هەموو ئاسەوارەکانی سەرمایەداری ووردوخاش دەکات . کەواتە لە مارکسیزمدا دیموکراسی پرۆلیتاری مەقولەکی بناغەییە . بەڵام لیبراڵ ئانارشیست لە وەڵامی پرسیاری دووەمدا ئەڵێت {(دیموکراسی مەقولەیەکی بناغەیی نی یە لە سیستەمی فکری مندا وەک کەسێکی سوسیالیست و مارکسیست. ل٤( منصور حیکمەت، دیموکراسی : لە نێوان دەڕبڕین و ڕاستی دا )} . لەکاتێکدا دیموکراسی پرۆلیتاری، ئەگەر هەلومەرجی شۆڕش پێویستی کرد، ووتەزایەکی بنەڕەتی نەبێت لە فکری هەر کەسێکی کۆمۆنیستدا، پێ خشاندنە لە قۆناغێکی مێژوویی گرنگ . واتە بڕوانەبون یان بناغەیی نەبوونی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریایە، لە ستراتیج و مەهامی سیاسی کەسەکاندا . کەواتە ئەم بۆچوونە، ڕابوون و یەک دەست بوونە لەگەڵ ئانارشیزمدا . ئانارشیستەکان دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا، بەکاری مەرحەلە کردن و کەرت کەرت بوونی شۆڕشی پرۆلیتاریا دەزانن و نابێتە جێگەی بناغەیی بوونیان لە کاری سیاسی و ستراتیجیاندا . بەڵام لە دیدگاو کارو کرداری مارکسیستەکاندا، دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا، پێویستی بە دەست هێنانی سوسیالیزم و کۆمۆنیزمە . واتە بناغەیی دەبێت لە فیکرو میتودی مارکسیزمدا . هەروەها ئەو قسەیەی کە گوایە دیموکراسی ئێستا دیموکراسیەکی قێزەوونی بورژوازییە . بەڵێ دیموکراسی بورژوازی ئیستبدادییە، بە هەرناونیشان و جۆر و شێوەیەکەوە بێت، بە هەر هۆیەکەوە بێت، دیموکراسی پارێزگاری دەسەڵاتی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی سەرمایەدارییە .

  بازدان بەسەر دیموکراسی پرۆلیتاریادا، ئەگەر پێویستی کرد، بازدانە بەسەر ساتێک لە مێژوودا و ناتوانێت گۆڕانی مێژوویی پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی مرۆڤایەتی دەست نیشان بکات . بازدانە بەسەر خەبات و تێکۆشانی کرێکاراندا بۆ لەناو بردنی چینەکان و هەوڵدان لە پێناوی بە دەست هێنانی ئازادی ویەکسانیدا. لە هەمان وەڵامدا دەیەوێت کارێک بکات و بە هەر شێوەیەکە لە بەهای مێژوویی دیموکراسی پرۆلیتاریا کەم بکاتەوە . لەبەرئەوەیە چەپی ئانارشیست لەو وەڵامەدا دەڵێت {(ئێمە قسە لە ئازادی دەکەین و ئەمە مەقولەیەکی بنەڕەتیە بۆ ئێمە). ل٤ (منصور حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەڕبڕین و ڕاستی دا )}. ئازادی بە بێ دەسەڵاتی پرۆلیتاریا بە دەست نایەت . واتە ئازادی واتایەک و دەلالەتێکی تری هەیە، ئەویش نەمانی چینەکانەو گەڕانەوەی ئازادی یەکانە بۆ مرۆڤ لە هەموو بوارەکاندا . ئەگەر دیکتاتوریەتی پرۆلیتاریا، دەسەڵاتێک نەبێت کە خۆی و چینی بەرامبەری لەناو ببات، ئەوا ئازادی و یەکسانی بە دەست نایەت . واتە دیموکراسی پرۆلیتاریا دەسەڵاتی خۆی پێ لەناو دەبات، نەک وەک سەرمایەداران زیاتر لە هەوڵی سەقامگیربوونی دەسەڵاتی چینایەتی خۆیدا بەکاری بهێنێت . ئەگەر دیموکراسی پرۆلیتاریا نەبێت، دەبێت چۆن ئازادی و یەکسانی ئینسان بە دەست بێت ؟ کەواتە چی وا لە فکری کۆمۆنیزمی کرێکاری و هەردوو حیزبەکەی ئێران وح .ک .ک.ع . دا دەکات، حکومەتی کرێکاری پلاتفورم و بەیان نامەکانیان بڕازێنیتەوە ؟!.

  ئەو بۆچوونەی کەوا خۆی بەیان دەکات، دیماگۆجیانە دیموکراسی پرۆلیتاریا دەداتە دواوە، گوایە دەستی بردووە بۆ بە دەست هێنانی زیاتر و چاکتر لە تێگەشتنی شۆڕشگێڕی بو چینی کرێکار، ئەم بۆچوونە، بێجگە لەوەی کە بەیانی بێ ئیعتباری دیکتاتوریەتی پرۆلیتاریای کردووەو زۆر فریوکارانە دەستی پێوە گرتووە . هیچ داهێنان و ئیجتهادێکی نەکردووە . بە ناوی ئەوەی کە گوایە خۆپارێزی ئەمان بێت لەوەی کە مامەڵەی دیکتاتوریەتی پرۆلیتاریا بەو شێوەیە ناکەن، کە دەسەڵاتی توندوو تیژی خۆی بە دەستەوە بگرێت . هەموو چین و تویژەکان لە چوارچێوەی ئەو دەسەڵاتەدا، دەتوانیت پرۆسیسی بزووتنەوەو ژیانی خۆیان بکەن، ئەمە بۆچوونێکی پووچەو بێ بەهایە، هەروەک چۆن ئۆرۆکۆمۆنیزم ئەوە بەیان دەکەن، کە گوایە لە پێناو ئازادییە فەردییەکاندا هەوڵی باشتر کردنی ژیان و گوزەرانی کرێکاران ئەدەن . بەڵام دەستیش بۆ دەسەڵات نابەن ڕاستە ئەگەر بڵێن لە زۆر شوێن باس لە دەسەڵات دەکەین . بەڵام باس لە کام دەسەڵات دەکرێت!؟ کام چین دەسەڵاتی لە دەست دابێت!؟ سۆشیال لیبراڵی هزر ئانارشیست بۆ وەڵامی هەمان پرسیاری (دووەم) ئەڵێت { بەڵام دیموکراسی هەروەک پێشووتریش باسم کردووە، لێکدانەوەیەکی چینایەتی تایبەت و تێگەیشتنێکی مێژوویی دیاری کراوە لە مەفهومی فراوانتری ئازادی . دیموکراسی مەقولەیە کە لە بەشێکی دیاری کراوی کۆمەڵگای بەشەری لە سەردەمێکی دیاری کراوی مێژوویی دا لە ڕێگای ئەم دیموکراسی یەوە مەفهومی فراوانتری ئازادی لە قاڵب داوە. ل٤ (منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەڕبڕین و ڕاستی دا )}. ئەو بەیان کردنەی منصوری حیکمەت بەیانی دەکات، لە بڕواو بۆچوونەکانیدا، بەیان کردنی ڕەتکردنەوەی دیکتاتوریەتی پرۆلیتاریایە . بەڵێ دیموکراسی سنووردارە لە هەردوو بارەکەیاندا، سنورداریەکەش پەیوەستە بە دەسەڵاتی چینایەتییەوە، هەر چینە بۆ خۆی دیموکراسیەکەی پراکتیک دەکات نەک هاوکاری چین و توێژەکانیش بە باش و ڕێدراو بزانێت . بەڵام ئازادی مانایەکی فراوانتری هەیە و سنوردار نییە بە هیچ چین وتوێژێکەوە . تەنها ئەوە نەبێت کە پرۆلیتاریا ئەتوانیت ئازادی بە دەست بهێنێت بۆ مرۆڤایەتی . هەروەها سنوربەندیەکانی دیموکراسی، ناتوانێت لە بەهاو ڕاستییەکانی پێویستی دەسەڵاتی پرۆلیتاریا کەم بکاتەوە، بۆ لە بەین بردن و لە ناوچوونی هەموو دیموکراسی یەکانی تری سەردەم . هەروەها دەسەڵاتی پرۆلیتاریا نەبێت واتاو پەیوەندی ئازادیش بە دەست نایەت . ئەو بۆچوونەی کە پێی وایە لە مێژوویەکی دیاریکراوی لەوەو پێشدا باس لە دیموکراسی کراوە، ئیتر بۆ ئێستا و مارکسیستەکان شتێکی نادروست و ناڕەوایە، پێچەوانەی ڕاستیە . ئەو بۆچوونانە دەیانەوێت سیاسەت و ناوەڕۆکی میتۆدی ووردە بۆرژوازی لە ژێر ناوی مارکسیست بووندا بەرنە پێشەوە، هەروەها بە بیانووی ئەوەی کە ئەمە لێکدانەوەی مێژوویەکی ترە، بەیانی ناکردەی ئەو دیموکراسیە بکرێت و بە  دیموکراسی بۆرژوازیش لە قەڵەم بدرێت . ڕڤیژنییزم، سەروسیمای دەردەکەوێت و بڕوای بەئاوات و ئەرکەکانی پرۆلیتاریا نیە لە سەردەمی دەسەڵاتی خۆیدا، لەگەڵیشدا بڕوانەبوونە بە پرنسیپەکانی مارکسیزم . لەبەرئەوەی مرۆڤایەتی سەردەمی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریای پرۆسیس نەکردووە وتێی نەپەڕاندووە، تا باسکردن لێیان، شتێکی جیاواز ونایەک بێت لەگەڵ لێکدانەوەکاندا، واتە لە ساتی مانەوەی سەرمایەداریدا دەسەڵات و ئامانجی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا پێوویستیەکەی بە بوونی سەرمایەداری یەوە گرێداوە . هەربە پێی پەرەنسیپەکانی مارکسیزم، دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا، بەشێکی گرنگ و جیانەکراوەی گرنگ و میتۆدی مارکسیزمە، بۆ خەبات لە پێناو ئازادی و یەکسانیدا . کەواتە هەر لێکدانەوەیەک ئەوە بە پێوویستی و گرنگ نەبینێت، کە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا، مەرجی بە تەواوی لەناوچوونی سەرمایەداریە، ئەوا تازەگەریەکەی بەرهەم هێنانەوەی ئانارشیزمە . ئەوەی کە ڕڤیژنییزم دەیەوێت، بە بەرگی جۆراو جۆر ڕاستییەکان لە بەردەم خەباتی پرۆلیتاریادا بشێوینن، ناتوانیت لە ڕاستی و ڕەوابوونی دیموکراسی پرۆلیتاریا، بەکارهێنانی دەسەڵاتی دیکتاتۆریانەی پرۆلیتاریا، کەم بکاتەوە و لە مێژووی خەبات و شۆڕشی چینی کرێکاردا بیکاتە دەرەوە . هەروەها ئەوەی کە ئازادی سنوردار و قۆرغی کردووەتەوە و پەیوەستی کردووە بە دەسەڵاتەکانەوە، ئەوە تیوریسەنەکانی بۆرژوازین و خزمەت کارانی هەزیل وبێ ئیعتباریانن . بە جەدەل و پلیمکی ووردە بۆرژوازیانەیان، دەیانەوێت ڕاستییەکان بشێوێنن و دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا و مەترسیەکەی لەبەردەم بۆرژوازیدا بڕەوێننەوە . کەواتە ئازادی لە چوارچێوەی دەسەڵاتی سەرمایەداری و دەسەڵاتی پرۆلیتاریادا، سنوردار و بەرتەسک ئەبێتەوە، دەسەڵاتی سەرمایەداری بەناوی دەسەڵاتی ئازادی بۆ خەڵک، بەیانی پیرۆزی دەسەڵاتی خۆی دەکات و ئازادی ڕاستەقینەی ئینسانیش لە مەنگەنە ئەدات . بەڵام دیموکراسی پرۆلیتاریا ئازادی تیادا نییە، بەڵکو بۆ ئازادی ویەکسانی دروست بووە و دەبێت .

   دیموکراسی پرۆلیتاریا مانا مێژووییەکەی هەر شتێک بیت، ئەوە ڕۆشنە کە ناوەڕۆکی دەسەڵاتی دیکتاتۆریانەی خۆی لە دەست نادات و لەکە داریش ناکرێت لە مێژوودا، بێجگە لەوانەی کە زوڕناژەنی سەرمایەداران و دەسەڵاتەکەیین و ئاوێزانی ئانارشیزمن . بەڵام دیموکراسی پرۆلیتاریا، بزووتنەوەو خەباتی چینی کرێکار، لە نیزامی سەرمایەداریدا، بە ئاسۆترو گەشتری دەکات.

  هەروەها ئەو باس و خواستانەی لە مێژوویەکی لەوەو پێشەوە، لە مەڕ دیموکراسی کراوە، لە لایەن مارکس و مارکسیزمەوە، بۆ ئێستاش بەهاو ناوەڕۆکی بابەتیانەی خۆی لە دەست نەداوە . بەڵکو لەگەڵ بوونی سیستەمی سەرمایەداریدا، داواکردن و دامەزراندنی، گەشترو پێویست تر دەبینرێت . وە ئەوەی ووردەبۆرژوازی لیبراڵ خەون بەلەدەستدانی بەهای دیموکراسی پرۆلیتاریایە وە دەبینێت، دەبێژێت سەردەمی ئێستا و پێشووتر جیاوازن و یەک ڕویان نیە، ئاوکردنە بە ملی ئاشی سیستەمی سەرمایەداریدا . بەڵام ئێمە دەڵێن هەر بەڵگەیەک بهێننەوە لەسەر نەبوونی گرنگی و هەلومەرجی پرۆسیس کردنی دێموکراسی پرۆلیتاریا، هێشتا ناتوانن دەسەڵاتی دیموکراسی پرۆلیتاریا ( دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا ) بێ بەها و بێ ناوەڕۆک بکریت . جارێکی تر ووردەبۆرژوای ئانارشیست لە وەڵامی پرسیاری (دووەم) دا دەڵێت { دیموکراسی نەک وەک واژەیەک لەم یان لەو کتێبی کۆندا بەڵکو وەکو ڕاستیەک کە خەڵکی کۆمەڵگای هاوچەرخ لەگەڵیدا ڕووبەڕوو بوونەتەوە، بەرئەنجامی سەرهەڵدانی سەرمایەدارییە . دیموکراسی تێڕوانینی بۆرژوازییە بۆ مەسەلەی ئازادی. ل٤-٥ (منصورحیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەڕبڕین و ڕاستی دا )}. ئەگەر ئێمە بۆ مێژوویەکی کۆنتر لە سەرمایەداری بگەڕێینەوە، ئەوا ئەتوانین ئەوەش لێک بدەینەوە کە کاتێک دەرەبەگایەتی یان کۆیلەداریتی لە دەسەڵاتدا بوون، یان هەموو زەوی و زارەکانی بەرهەم هێنانی کشتووکاڵی و هۆیەکانی پەیدا کردنی پارەوو پولیان لەبەر دەستدا بوو، ئەو کات بە ئازادی کۆیلەکانیان ئەفرۆشت و یان بە کۆیلەی تریان ئەگۆڕینەوە . پرس و ڕای یەکتریشیان دەکرد و هاوکار و هاوپشتی یەکتر بوون . لە دەوڵەتی کۆیلەداریدا، دەوڵەتیش وەکو ئۆرگانێکی سیاسی بۆ پاراستنی قازانجی خاوەن کۆیلەکان، لە دژی کۆیلەکان پێک دەهاتن و بەرەنگاری کۆیلەکان دەبوونەوەو هاوکاری سەربازی یەکتریان دەکرد بۆ لەناو بردنی هەموو جۆرە بزووتنەوەیەکی کۆیلەکان دژیان، واتە لە دەسەڵاتیاندا، دیموکراسییەکیان بۆ خۆیان دامەزراندبوو، پرۆسیسیشیان دەکرد . بۆ دەوڵەتی فیودالیش بە هەمان شێوە، دەوڵەت پارێزگاری لە بەرژەوەندی فیودالەکان دەرکردو جوتیارانیان زیاتر بۆ دەستەمۆ دەکردن . ئەمانیش لە دەسەڵاتی خۆیاندا دیموکراسی یەکییان بۆ خۆیان پێک دەهێناو، لە بەرامبەر جووتیارانی هەژاردا، بە خراپترین شێوە مامەڵەی سەرکووت کەرانەیان لەگەڵدا دەکردن .

   بۆرژوازی و سەرمایەداران لە دەوڵەتی سەرمایەداریدا، بە هەمان شێوە لەگەڵ ئاوێزان بوون و زاڵ کردنی دەسەڵاتی، ناونیشانی دیموکراسی بە سیما و ڕوخساری جیاوازجیاوازەوە، پرۆسیسی دەسەڵاتی چەوسێنەرانەی خۆیان کردووەو دەیکەن . کەواتە ساتی دروست بوونی دەسەڵات و دەوڵەتەکان ساتی پەیڕەوکردن و بەڕێوبردنی دەسەڵاتێکی دیموکراسی دەسەڵاتدارانی تایبەت بە فرماسیۆنی کۆمەڵایەتی خۆی بووە، کە بنەمای فرماسیۆنی ئابووری و سیاسی وکۆمەڵایەتی سەردەمەکەی دەست نیشان دەکرد . لە سەردەمی سەرمایەداریدا ناونیشان و فۆڕمی دیموکراسی زیاتر گەشەی بە خۆیەوە بینیوەو بینیبێ، ئەوا بە پێی سەردەمەکەی بزووتنەوەی خۆی هەیە، لە بەرامبەریشدا پرۆلیتاریا بە پێی پەیوەندیەکانی خۆی بە سیستەمی ئابووری کۆمەڵایەتی و سیاسی سەرمایەدارییەوە، هەڵگری سیماو فۆڕمی دیموکراسی خۆی دەبێت و هەوڵیش بۆ پرۆسیس کردنی دەدات . لە شۆڕش و بزووتنەوەکانی چینی کرێکاردا، لەدژ و بەرامبەر بزووتنەوەی دیموکراسی خوازی بۆرژوازیدا، هەوڵ و تەقەلای بزووتنەوەکەی خۆی دەخاتە گەڕ، دەسەڵاتی دیموکراسیانەی پرۆلیتاریا بە باشترین و کامڵترین شێوە، دیموکراسی زۆرینەی کۆمەڵ جێکەوتە دەکات . واتە دیموکراسی ناتوانرێت پەیوەست بکرێت بە سەرمایەداریەوەو لە چینی کرێکاریش داببڕێت . بێگومان ناوەڕۆکی ئەو دوو دیموکراسییە و بەدەستەوەگرتنی زۆر لێک جیاوازن و دەبن . ئەو ووتەیەی منصور کە دەڵێت دیموکراسی تێڕوانینی بۆرژوازییە بۆ ئازادی . بێگومان تێڕوانینی بۆرژوازییەو یەکسانیشی دەکات بە ئازادی و دەڵێت تۆ ئازادیت لە دروست کردنی ڕێکخراو و بەڕێکخستنی بزووتنەوەکانتان وئەتوانن بچنە سەر شەقامەکان و ڕێپێوانی خۆتان بکەن . بەڵام لە ژێر چاودێری پۆلیس و سەگ و دەزگا جاسوسییەکانی سەرمایەداریدا دەیبەن بەڕێوە . کە کاریش گەشتە سەر ئەوەی کە قسەی تووند کرا بەرامبەر بە نیزامەکەیان، ئەوا سەگ و پۆلیس بەر دەبنە گیانت و لەت و پەتی دەکەن . ئەڵێن ئەوە نیە ئێوە هەر داواکاریەکتان هەبێت، لە پەرلەماندا باس دەکرێت و بە زۆرینەی دەنگەکان ڕەت دەکرێنەوە . ئەگەر نا ئەوا وەڵامی دان شکێنیشمان هەیە . کەواتە ئەمانە ئازادی بۆرژوازین و لەگەڵ ناوەڕۆکی دیموکراسی پرۆلیتاریا و داواکردنی ئازادی و یەکسانیدا زۆر لێک جیاوازن و دژبەیەکن .

   واتە ئازادی نەتایبەت و نە یەکسانیش دەبێت بە دەسەڵاتی دیموکراسی پرۆلیتاریاو نە بە دەسەڵاتی سەرمایەداری . وە بڕوای مارکس و ئنجلس و لینینیش هەروایە کەواتە ئازادی هاوتای دیموکراسی نییە و دیموکراسیش هاوتای ئازادی نیە و تیایدا پەیڕەوناکرێت .

  ئەوانەی لە سەرەوە باسمان کردن، زۆر لێک جیاوازن لەگەڵ ئەو لێکدانەوانەی کە ووردەبۆرژوازی و بۆرژوازی لیبراڵ لەسەر ناوەڕۆک و پەیوەندی دیموکراسی کردوونی . هەروەها بە ناڕاستی و نادروست باس لە مێژووی دیموکراسی و دەستەواژەی بۆرژوازی بۆ دیموکراسی دەکات و لە وەڵامی پرسیاری ( دووەم ) دا ئاوا باسی دەکات { بە هیچ جۆرێک مەبەستم ئەوە نی یە کە تەنها یەک جۆرە تێگەیشتن هەیە لە دیموکراسی و لە ڕووی مێژوویی یەوە تەنها بۆرژوازی خوازیاری دیموکراسی بووە . وە یان لێکی داوەتەوە . وە بەپێچەوانەوە، بە تایبەت بە درێژایی ژیانی دوو نەوە (جیل) ی ڕابردوو، دیموکراسی لە زۆر حاڵەتدا خواستی چین و توێژە ژێر دەسەتەکان بووە لە لایەن ( خاوەن بیرو ) بزووتنەوەکانی ئەم چین و توێژانەوە بە شێوەی جۆراو جۆر لێکدراوەتەوەو ڕوون کراوەتەوە. بەڵام ئەوە ئەمە دەرناخات کە ئەم مەفهومە بۆرژوازی نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، دەسەڵاتدارێتی ئایدۆیۆلۆژی و ترمینۆلۆجی بۆرژوازی بەسەر خەبات لە پێناوی ئازادی و ڕزگاری دا نیشان دەدات.کۆمەڵگای بۆرژوازی توانیوێتی مەقولەی دیموکراسی بخاتە جێگای ئازادی و ئازادیخوازی و بەم جۆرە سنوری نهائی هێرشی ئازادیخوازانەی چینە ژێر دەستەکان و شێوەی نهائی سەرکەوتنی ئەوان لە پێشدا دیاری بکات. ل٥ (منصورحیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەڕبڕین و ڕاستی دا )}. ئێمە لە پێشدا ئەوەمان ڕوون کردەوە لە هەموو فرماسیۆنەکانی پێشوودا، لە کۆیلەدارێتی و دەرەبەرەگایەتیدا هەروەها لە ڕابردوو ئێستای سەرمایەداریشدا دیموکراسی چ مانایەکی هەیە و پەیڕەو لە چ دەکات . بۆ لێکدانەوەی قسەو باسەکانی منصوری حیکمەت کە لەم پەرەگراڤەی سەرەوەدا هاتوونەتەوە . لەلای ئەم توێژگەلە ئەوە نەبینراوە کە لە فرماسیۆنە کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسییە جیاجیاکاندا و لە بزووتنەوەی دیفاع لە دەسەڵاتیاندا، چینە ژێردەستەکانیان، بەشێوەی بزووتنەوەی دژی دیموکراسی و دەسەڵاتەکەیان بزووتنەوەی فکری و سیاسی خۆیان بەڕێکخستووە . هەر چۆن ناکرێت فرماسیۆنی دەرەبەگایەتی بکرێت بە کۆیلەداری و سەرمایەداری، ئاواش ناتوانرێت بزووتنەوەکانیشیان بکرێت بە یەک . هەروەها ناتوانرێت بزووتنەوەکانی ناو دەسەڵات و دژ بە دەسەڵاتیش بکرێت بە یەک و هاوتای یەک بکرێت . ناکرێت منصوری حیکمەت بۆ پاساوی قسەکانی خۆی دیموکراسی پرۆلیتاریا بە دیموکراسی بۆرژوازی لە قەڵەم بدات و لەوێوە بیهەوێت وەک ئانارشیستەکان باز بدات بەسەر قۆناغێکی مێژوویی و بەئازادی بەکار بهێنێت لە دەسەڵاتی پرۆلیتاریادا . ناوەڕۆکی فرماسیۆنی دەسەڵات و کۆمەڵگای ئازادی و چینایەتی، دوو ناوەڕۆکی لێک جوودان و دژ بە یەکن .

  واتە ناتوانریت بەو بەکارهێنانە، ڕاستیەکان وون بکات و دەسەڵاتی پرۆلیتاریا بە جۆرێکی فریووکارانە دژایەتی بکات و لە ڕاستی و دروستی ئەو دەسەڵاتە بۆ سەردەمێک پێی لێ بخشێنرێت .

  کاتێک بۆرژوازی لە دەسەڵاتیدا، دەیەوێت ماف و داخوازی بزووتنەوەکانی پرۆلیتاریا جێبەجێ بکات، پەیوەندی لەگەڵ دەسەڵات و بەرژەوەندیەکانیدا هەیە . ئەوە کۆمۆنیستەکانە، لە ڕێگەی بزووتنەوەکانییان و بە تیۆری زانستیانەی خۆیان بەر بە هەر هێرشێکی سەرمایەداران دەگرن و نایەڵن تێگەشتن و بەرگری لە ئازادی ڕاستەقینەی مرۆڤ بشێوێنن و لە بری دیموکراسیەکەیان بەکاریبهێنن . دوای تێزو بیروڕاکانی بۆرژوازی ناکەون و دژایەتی هەموو ئەو بیروبڕوایانە دەکەن کە بەرەنگاری ڕەوتی گۆڕانی مێژوویی دەکەن، گوایە شتێکیان بۆ خەباتی چینایەتی پرۆلیتاریا و خەبات لە پێناوی ئازادی ڕاستەقینەدا کردووە . کۆمۆنیستەکان لەگەڵ هەوڵ و کارێک کە ووردەبۆرژوازی ئانارشیست، بە ناوی تێڕوانینی نوێ بۆ هەلومەرجێکی نوێ بەهەمان ناوەڕۆکی کۆنەوە بە دەستیەوەیە جیاوازە . دەتوانن لێکدانەوەی تەواو و دروست لەسەر دیموکراسی و هەموو جۆرەکانی بکەن و ناوەڕۆکەکەیان بۆ پرۆلیتاریا ڕوون بکەنەوە .

  ووردەبۆرژوازی ئانارشیست، لەسەر ناوەڕۆک و تێڕوانینی ئازادی کەوتووەتە دووڕویی و خەریکی ئەوەیە کە بۆچوونی ئەنتاگۆنیزمی بۆچوونەکانی خۆی بە ڕوون و ئاشکرا باس بکات . لە وەڵامی پرسیاری (نۆ)دا ئەڵێت { لەبەر ئەوەی کە کۆمەڵگا چینایەتییە، دەوڵەت و ئایدۆلۆژی دەسەڵاتدار هی بۆرژوازین و هۆکاری فەرمانڕوای ئەوون، ڕێبازە بۆرژوازییەکان هەر پێناسەیەک سەبارەت بە ئازادی بەدەستەوە بدەن بەشێکە لە مکانیسم و دام و دەزگای بەر تەسک کردنەوەی ئازادی جەماوەری کاریگەر لە کۆمەڵگا دا . ناکرێت چینی دەسەلاتدار هەبێت و ئازادی سیاسی واقعیش هەبێت کۆمەڵگای چینایەتی ناتوانیت کۆمەڵگایەکی ئازاد بێت . ل٢٦ (منصور حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا )}. ئەم فۆرمەڵ بەندییەی سەرەوە، بێجگە لە تێڕوانینێک، دەیەوێت، لێرەدا پێناسەی دیموکراسی وەک وەڵامەکانی تری نەخاتەڕوو و ئەوەش بەیان بکات، کە لەسەر دیموکراسی و ئازادی ئەم بۆچوونەی هەیە . کەواتە داواکردنی ئازادی سیاسی لە کۆمەڵگای چینایەتیدا بێجگە لە شیعاری بریقەدارو ڕەنگاو ڕەنگ نەبێت، هیچ بوونێکی ڕاستەقینەی نابێت . لەبەرئەوەی ناکرێت یان نای کات بۆرژوازی خۆی لە دەسەڵاتدا بێت و ئازادی سیاسیش بۆ چینی کرێکار بسەلمێنێت . دەسەڵاتی چینەکان ئازادی و یەکسانی تیادا نیە و دووسەرچاوەی دژ بەیەکن . پێناس و واتا و ناوەڕۆکی ئازادی زۆر لەوە فراوانترە کە ڕوویەک لە ڕووەکانی ژیانی ئینسان بگرێتەوە، یان تەنها دەربڕین بێت لە ئازادی سیاسی . بەڵکو ئازادی ڕاستەقینە، دەست ڕاگەیشتنی هەمە لایەنەی ئینسانە، بە هەموو چالاکی و پێداویستییەکانی هەڵسوکەوتووی ژیانی و ئازادانە بەهرەمەند بوونە لێیان .

  کەواتە کۆمەڵگای چینایەتی، کۆمەڵگایەکی ئازاد نابێت، واتە ئازادی و یەکسانی لەگەڵ حکومەتی کرێکاری دا، هاوتا و هاویەک نابێت، بێجگە لەوەی کە ئەم دەستەواژەیەی( ئازادی، یەکسانی، حکومەتی کرێکاری)، دەستەواژەیەکی دژ بە یەک و ناجۆرن و لیبرالیانەیە، وە لەگەڵ ناوەڕۆکی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریادا ناگونجیت . ئەو هەڵپێکانەی ووردەبۆرژوازی لەم شیعارەدا کردووەتی، بێجگە لەتێڕوانین و دەست نیشانکردن و داواکردنی پێکەوە ژیانی کرێکاران و سەرمایەدارانە بەیەکەوەو ئاشتیانە بردنە سەری ژیانیان هیچی تری لێ بەرهەم نایەت . هەروەها بۆ مارکسیستەکان ئەم شیعارە پووچ و بێ مانایە چونکە ئاماژەی پرەنسیپەکانیان ناکات و لەگەڵ خەباتی مێژوویی چینایەتیاندا زۆر جیاواز و دژ بە یەکن وە ناتوانێت ناوەڕۆکی شۆڕشگێڕانەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بەیان بکات .

   ئەوەی لە بۆچوون و وەڵامەکانی ووردەبۆرژوازی و ئانارشیستەکانی دەستەخوشکیان ئەدۆزرێتەوە، تەنها بۆ سەر لێشواندن و سەلماندنی بڕواو بۆچوونە ووردە بۆرژوازییانەکەیان دەیکەن . واتە لە وەڵامی پرسیاری (نۆ)دا، ناتوانێت خۆی لەوە بدزێتەوە کە بیرو ڕاکانی مارکس و ئنجلس و لینین، لەسەر دیموکراسی پرۆلیتاری و ئازادی تیۆریزەیان کردووە. بەڵام لە وەڵامی پرسیارەکانی یەکەم و دووەم دا، دەیەوێت ئەوە بسەلمێنیت، کە دیموکراسی پرۆلیتاریا، هەمان دیموکراسی سەرمایەدارییە و بۆرژوازی ئازادی لە بری دیموکراسی بەکار دەهێنێت . بەپێچەوانەوە سەرمایەداری و بۆرژوازی بەیانی دیموکراسی بە ئازادی دەکات و واپیشاندەدات دیموکراسی واتای ئازادی هەیە، هەمووان دەتوانن ئازادبن لە چوارچێوەی سیستەمی سەرمایەداریدا، بەڵام بێ دەستکاریکردنی ناوەڕۆکی پەیوەندی کار وسەرمایە، ئازادی لەفرۆشتنی هێزی کارو چەوسانەوەی بەردەوام ناوەڕۆکی بەیان کردنی دیموکراسی لیبرالیزمە بە ئازادی . ئەو بۆچوونانەی ووردە بۆرژوازی لیبراڵ لەسەر ئازادی و دیموکراسی پرۆلیتاری، هاوبەشی کردنی نێوان ووردەبۆرژوازی و بۆرژوازییە بۆ پیرۆزکردن و هێشتنەوەی لیبرالیزمی دەسەڵاتی چینایەتی سەرمایەداری .

 

  • 1