ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

دوای راگەیاندنی ئەنجامی فەرمیی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 30ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردووی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسییەوە، بە هۆكاری جیاجیا ناكۆكی كەوتە نێوان لایەنە سیاسییە براوەكانەوە و پێكهێنانی حكوومەت پتر لە 250 رۆژ دواكەوت.

 ناكۆكییەكەش سەرەتا لەسەر پۆست و بەركەوتەكانی كورد لە بەغدا دەستی پێكرد و دواتریش پرسی كاراكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێم و هەڵبژاردنی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركووك، بوونە خاڵی ناكۆك و جێی مشتومڕ و رای پێچەوانە، كە تەنانەت بارگرژی و شەڕی میدیاییشی لێ كەوتەوە، بەڵام دواجار پاش گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و واژۆكردنی رێككەوتننامە لە نێوان لایەنەكاندا، بەشێكیان یەكلا بوونەوە و ماوەتەوە دەستنیشانكردنی پارێزگارێك بۆ كەركووك و بەشداریكردنی پەرلەمانتارانی یەكێتیی نیشتمانی لە كۆبوونەوەكانی پەرلەماندا بۆ سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران.

 ئەگەرچی پۆستە وەزارییەكان لە كابینەی نۆیەمدا لە نێوان لایەنە براوەكاندا یەكلا بوونەتەوە و رۆژی 10ی ئەم مانگەش سەرۆكی هەرێم سوێندی یاسایی دەخوات، بەڵام هێشتا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڕیاری كۆتایی نەداوە و رێككەوتنیشی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستاندا، پەیوەست كردووە بە رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی پارێزگاری كەركووك، كە پشكی یەكێتیی نیشتمانییە.

 لە دنیای سیاسەتدا باوە، مافی هەموو حزبێكە بەپێی بەركەوتەی هەڵبژاردن داوای پۆست بكات و وەڵامدەرەوەی خواستی دەنگدەرانی بێت، بەڵام بۆ بیرهێنانەوە، خەریكە كاتی گفتوگۆ و كۆبوونەوە و گەنگەشەی دۆستانە و برایانە درەنگ دەبێت، دروستە كە لە سۆنگەی هەستكردن بە لێپرسراوێتی، شەڕی میدیایی ڕاگیراوە و پارتی دیموكراتی كوردستانیش، وەك هاوبەشێكی راستەقینە سەیری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات و سەنگ و پێگەی یەكێتیشی نادیدە نەگرتووە، بەڵام بەوپێیەی بارودۆخی كوردستان و ناوچەكە هەستیارە، هەردوولا پێویستیان بە سازشكردن و لێكنزیكبوونەوە و لێكتێگەیشتن و رێككەوتنی كۆتایی هەیە، چونكە ئەمری واقیعە و بە دەنگی خەڵك، ئیدارەدانی ئەم هەرێمە بەو دوو حزبە و هەروەها حزبە براوەكانی دیكەش سپێردراوە. 

 بە سەرنجدان لە دۆخی ناوچە كوردستانییەكان و بە تایبەت كەركووك و خانەقین و مەخمووریش، كە زۆر ناهەموارە و لە تەعریبكردن و بەسەربازگەكردنەوە، بۆ سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانی كورد پەلی كێشاوە، دەكرێ پتر و زووتر و جددیتر خەم لە چارەسەركردنی خێرای دۆخەكە بخورێت، كە ئەوەش وەستاوەتە سەر كۆبوونەوەی بەپەلەی سەركردایەتیی یەكێتی و پارتی، كە دەتوانن بڕیاری یەكلاكەرەوەی لەبارەوە بدەن و پێكەوە و بە هەماهەنگیكردن لەگەڵ پێكهاتەكانی دیكە، هەم ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كارا بكەنەوە و پارێزگارێك هەڵبژێرن، هەم ئیدارەیەكی هاوبەشی ئەو شارە و ناوچەكانی دیكە بدەن و ئومێدێكیش بۆ خەڵكی كوردستان بگێڕنەوە. 

 ماوەتەوە بڵێین، پارتی و یەكێتی، كە (یەكەم و دووەم) براوەی هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی كوردستانن و خاڵی هاوبەشی زۆریشیان لە نێواندان، ئەزموونیان لە حوكمڕانیدا هەیە و پێویستە هەرچی زووتر و پێش 10ی ئەم مانگە، لەسەر ئاستی لوتكە و مەكتەب سیاسی و سەركردایەتیی هەردوولا، كۆببنەوە و رێككەوتنێكی كۆنكرێتی واژۆ بكەن و سێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستانیش بخەنەوە سەر سكەی خۆی.  

  • 1