ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

و: حه‌كیم عه‌بدولكه‌ریم

 

چەمکی ئایدۆلۆژیا به‌ یەکێك لەو چەمکە ناڕوونانەی ناو تیۆرەی مارکسیزم و ئەو ئەدەبیاتانەی کە مارکسیزمییان وەک میتۆد وەرگرتووە، داده‌نرێت. لەگەڵ ئەوەدا ئێمە جیاوازی دوو شێوازی ئایدۆلۆژیا دەخەینە ڕوو لە ڕووی پێکهاتن و و ڕۆڵی وەزیفیان. یەکەم: ئەو ئایدۆلۆژیایه‌ی کە ڕەنگدانەوەیه‌كی بابەتی ئەو مەرجە کۆمەڵایەتییانه‌یە کە هەیە، دووەم: ئایدۆلۆژیا وەک ئەوەی کە پێکهاتەیەکی وەزیفیە لە کۆمەڵگایەکی چینایەتیدا.

 دەکرێ ئایدۆلۆژیا بەوە پێناسە بکەین کە ڕەنگدانەوەی بزووتنەوە ڕواڵەتییەکانی ئەو پەیوەندییانەیه‌ کە هەیە لە هۆشیاری خودی به‌ره‌هه‌مهێنه‌راندا‌ (بەرهەمهێنەران بە شێوەیەکی گشتی)، وە داڕشتنەوەیەکی مەزهەبییانە بۆ ئەم ڕەنگدانەوەیە لە ڕێگەی چینی باڵادەستەوە، بۆیە ئایدۆلۆژیا وێنایەکی هەڵگەڕاوە یان سه‌رلێشێوێنه‌ری واقعه‌، و ڕۆڵی پاساوهێنه‌ره‌وه‌ دەبینێت بۆ ئەو پەیوەندییانەی کە هەیە، بۆیە وەک ئاماژەیەک دەبێت بۆ بەرژەوەندییەکانی چینی باڵادەست لە گۆڕەپانی تایبەتدا (وه‌ك ئابووری و ڕامیاری) یان لە گۆڕەپانی گشتیدا (ئاین، ئاکار، فەلسەفە، هونەر، .....)، هەر بۆیە ئایدۆلۆژیا بەشێوەیەکی گشتی ڕەنگدانەوەی واقیعی گوزه‌رانه‌ لە هۆشیاریدا لە ڕێگەی ڕوانینی چینی باڵادەست و بەرژەوەندییەکانییەوە.

ئایدۆلۆژیا شێوازی یەکەم بێت یان دووەم، دەبێتە هۆی خولقاندنی سیستەمێکی ڕوانینی کۆمەڵایەتی ناوخۆیی‌ بۆ هەموو کۆمەڵگەکان به‌ ئامانجی دروستکردنی مرۆڤ و گۆڕینیەتی بەجۆرێک توانای خزمەتکردنی ئەو کۆمەڵگایەی هەبێت کە ژیانی تێدا دەکات، واتا کەسەکان ئامادە دەکات بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی ئەو بەها و پێوەرە باڵاده‌ستانه‌ بێت و بەشداربێت لە پاراستنیان و مانەوەیان. ئایدۆلۆژیا سیستەمێکی ڕوانینی وەستاو و هەتا هەتایی نییە، ئەو بابەتیانە دەگۆڕێت و خۆی به‌ هۆشیارییه‌وه‌ دەگۆڕێت لەو کاتەدا کە پەیوەندی بەرهەمهێنان دەگۆڕێت، کاتێ ڕەشەبای ناکۆکی چینایەتی هه‌ڵده‌كات و پایەکانی ئەو سیستەمەی هەیە هەڵدەتەکێنێ ئەوکاته‌ ئایدۆلۆژیای باڵادەست ئه‌و گه‌ردوونی بوونه‌ی له‌ ده‌ستده‌دات كه‌ ئاماژەبێت بۆ جیهانبینی هەموو کۆمەڵگا.

چینی دەسەڵاتدار ده‌یه‌وێت واخۆی نیشانبدات کە بوونێکی هەتا هەتایی هەیە، لە پێناو ئەمەشدا ئەم چینە ئایدۆلۆژیای خۆی دەخاتە ڕوو وەک سیستەمێکی هزری و ڕەفتاڕی ناچینایەتی، گونجاو بۆ هەموو کۆمەڵگا، واتا دەیەوێ چەمکەکەی بکات بە چه‌مكێك بۆ هه‌موو جیهان، بۆ ئەوەی دەستبگرێ بەسەر هەموو بونیاده‌ کۆمەڵایەتییەکاندا پشت بەستوو بە ڕۆشنبیرانی و به‌ ڕاگەیاندن. ئەمەش واتای ئه‌وه‌یه‌ کە ئەم ئایدۆلۆژیایه‌ وێنەی واقیع پێشان نادات وەک ئەوەی هەیە، بەڵکو وێنایەکی شێواو و چەواشەکارانه‌ی وێنە ڕاستەقینەکە پیشانده‌دات، یان وەک ئەوەی ئەڵتۆسێر دەڵێ: "ئایدۆلۆژیا سیستەمێکی ڕاستەقینەی پەیوەندییەکان پێشکەش ناکات کە حوکمی تاکەکان دەکات، بەڵکو پەیوەندی وەهمی تاکەکان بە پەیوەندی ڕاستەقینە کە لە سایەیدا دەژین".

ئایدۆلۆژیا لەڕێگەی دەستەواژە چەواشەکارییەکانیەوە هەوڵده‌دات تاكه‌كان قایل بكات به‌وه‌ی ئه‌وان یه‌كسانن له‌ ئه‌رك و مافه‌كانیاندا، بەم شێوە ئەو پەیوەندییە چینایەتییە هەڵدەوەشێنێتەوە کە مەحکومە بە چەمکی خراپ به‌كارهێنان (استغلال) لە ڕێگەی پێوەرە چەواشەکارییەکانەوە، وه‌هم وەک ڕاستی و ڕاستیش وەک وه‌ك وه‌هم ده‌خاته‌ ڕوو، لەم بارەدا دەستەواژە ئایدۆلۆژییەکان پشت نابەستن بە بنەمایەکی مادی و ڕوانینێکی زانستی بەڵکو پشت ده‌به‌ستن بە دەستەواژەی (جه‌وهه‌ری مرۆڤ) کە خاوه‌ن فۆرمێكی میتافیزیکی و ئاینییە. یەکسانی ڕاستەقینە لە کۆمەڵگادا قەرەبوو دەکرێتەوە بە یەکسانی ئەخلاقی مەعنەوی کە کار لە ڕاستێنەی ئەو پەیوەندییانە ناکات کە هەیە.

دوو سات لە گۆڕەپانی ئایدۆلۆژیادا هەیە: ئایدۆلۆژیا وەک ڕەنگدانەوەیەکی بابەتییانە بۆ واقیع، واتا ڕەنگدانەوەیەکی دیاریکراو بە پلەی پێشکەوتنی هێزەکانی بەرهەمهێنان و هۆشیاری پەیوەست پێیه‌وه‌، (مرۆڤی سەرەتایی ناتوانێ لە جیهان بگات ڕێگەی زانستەوە بەڵکو لەڕێگەی ئەفسانەوە). ئایدۆلۆژیا وەک سیستەم یان وه‌ك باوەڕێك كه‌ چینی باڵادەست دایڕشتوە.

لەباری دووەمدا دەستوەردانێکی بەئاگایانەی (هۆشیاریانەی) چینی باڵادەست دەبینرێت لە چەمکەکانی کۆمەڵ و ڕه‌فتاریدا، ئەوکات ئایدۆلۆژیا دەگۆڕێت بۆ كۆمه‌ڵێك وزه‌به‌خش و پاڵنه‌ر و ڕێگری کە حوکمی جوڵەی کۆمەڵگا دەکات بەجۆرێک بەردەوامی بدات بە خراپ قۆستنه‌وه‌ (استغلال) و جیاوازی کۆمەڵایەتی، بەجۆرێک کە چه‌وسێنه‌ر هه‌ر وەک چه‌وسێنه‌ر دەمێنێته‌وە و چه‌وساوه‌ش هه‌ر وه‌ك چه‌وساوه‌ دەمێنێته‌وه‌.

كه‌واته‌ ئایدۆلۆژیا ئامرازێكی چه‌ند سه‌ره‌یه‌ كه‌ ئابووری و مافه‌كان و په‌روه‌رده‌ و خوونه‌ریته‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان دیارده‌كات، به‌م شێوه‌یه‌ تایبەتمەندییە دیارەکانی تاک بەرەو لەناوچوون ده‌بات، وه‌ك چۆن ئەندێشە تایبەتییەکانی تاک بەرەو لەناوچوون دەبات، کەسەکان به‌ ته‌واوی وەک کیانێکی دروستکراویان لێدێت بە خواستی چینی بڵادەستەوە، واتا دەگۆڕێن بۆ کەرەستەیەکی ملکەچ و قایلبوو بۆ ئەوەی بەکارەکانیان هەستن لە پرۆسەی بەرهەمهێناندا بەبێ یاخیبوون.

 به‌م شێوه‌یه‌ ده‌گه‌ین بە دوو ئەنجام:

ا- ئایدۆلۆژیا پێویستییەکی ڕەهایە بۆ هەموو کۆیه‌كی کۆمەڵایەتی، و بەم شێوەیە ئەو ساتە دەخولقێنێ کە ناتوانرێ دەستبەرداری بین لە هەموو شێوەیەک لە شێوەکانی بەرهەمهێناندا، بەهۆی ڕۆڵی مێژوویی وه‌زیفی لە هەموو کۆمەڵگایەکدا، بەم جۆرە دەبێت بەبەشێکی ئۆرگانی هه‌موو کۆمەڵگایه‌ك، و هەر کۆمەڵگایەک ئایدۆلۆژیایەک دەخاتە ڕوو وەک دەستەیه‌ک دەستەواژی پێویست بۆ ڕێکخستن و چوارچێوه‌داركردنی شێوازی ژیانی، وەک وەڵامێک بۆ مێژوویی بوونی و خواستەکانی. پێشکەوتنی شێوەی ئایدۆلۆژیا و زیادبوونی پێكهێنه‌ره‌كانی مەحکومە بە پێشکەوتنی شێوازەکانی بەرهەمهێنان به‌ مه‌رجێك كه‌ جه‌وهه‌ری خۆیی و ئاماژه‌كانی خۆی وەک چاویلکەیەکی هەڵخەڵەتێنەر و هۆشیارییەکی موزەیف ڕه‌ت نه‌كاته‌وه‌، هەموو ئایدۆلۆژیایەکی باو لە کۆمەڵگای چینایەتیدا به‌ ناچاری هەڵخەڵەتێنەرە.

ب- هەموو ئایدۆلۆژیایه‌ك هۆشیارییه‌كی ساخته‌‌ وابەستەیە بەبارودۆخێکی کۆمەڵایەتی دیاریکراوە ‌و ڕێگە بە هۆشیاری ڕاستەقینە نادات. ئەم دۆخە کۆمەڵایەتییە تێگەشتنی کەسەکان بۆ جیهان و مامەڵەی ڕۆژانەیان دیاریدەکات. بۆیە ئایدۆلۆژیا وەک مەعریفەیەکی ڕێکخراو بۆ جیهان دەردەکەوێ یان وا سەیر دەکرێ، بەڵام لە ڕاستیدا چەواشەکارییە و بەرگی مەعریفەی پۆشیوە. بۆیە تاکێک قایله‌ بەو شوێنەی کە لە کۆمەڵگادا پێیدراوه‌ وەک شوێنێکی ئاسایی خۆی سەیری ده‌کات، و ڕوانینی بۆ دەوڵەت بەو شێوەیە کە بوونێکی عەقڵانی سروشتییە لەسەرووی چینەکانەوەیه‌ و ڕەنگدانەوەی پەیوەندی چینایەتی دیاریکراو نییە، هه‌ر بۆیە ئەو تاکە ملکەچی یاساکانی دەوڵەت و واقیعی کۆمەڵایەتی و تایبەتمەندییەکانی دەوڵەت دەبێت وەک ئەوەی کە دیاردەگەلێکی سروشتی و ئاسایی و دروستن، هیچ کەلێن و کەموکورتییەکی نییە، واتە ئەو ناکۆکییە کۆمەڵایەتییانەی له‌ بیرده‌كات کە حوکمی سروشتی دەوڵەت دەکات.

ئایدۆلۆژیا بەسروشتی خۆی دژ بە مەعریفەی زانستییە، چونکە واقیع وەک ئەوە نابینێ کە ناکۆکییە لە جوڵەدا، بەڵکو وەک کیانێکی هاوئاواز و هارمۆنی کە توانای ڕێکخستنی ئەو ناکۆکییانەی هەیە بە چەواشەکردن، بەم شێوەیە ئایدۆلۆژیا نە مێژووییە نە مادییە، لە ڕەهاییەوە دەردەچێت، لە یەکەیەکی هاوشێوەوە بۆ ئەوەی هۆشیاری بخنکێنێ لە کۆتایشدا مامەڵەکردن بشێوێنێ.

 

ئایدۆلۆژیا لەکۆمەڵگای چینایەتیدا

چینە کۆمەڵایەتییەکان (بە شێوەیەکی سەرەکی نەک بەڕەهایی)، لەسەر بنەمای پێگەی پرۆسەی بەرهەمهێنان دیاریدەکرێ، واتا بە ئەو شوێنەی کە لە پانتای ئابووریدا هەیەتی. لەڕوانینی مارکسەوە چینە کۆمەڵایەتییەکان واتای ناکۆکی و ململانێی چینایەتییە. ناکۆکی چینایەتی لەگەڵ لەدایکبوونی چینەکاندا دێتە ئاراوە، واتا ململانێی چینایەتی دێتە بوون وەک ئەوەی کە بەشێکی هەبووبێ لە ناوەڕۆکیدا، ناکرێ وا دابنرێت کە یه‌كه‌مجار چینەکان دروستدەبن و دواتر ململانێکان پاشان ناکۆکی و ململانێ به‌دوادا دێت، ململانێ له‌گه‌ڵ له‌دایكبوونی چینه‌كاندا له‌ دایك ده‌بێت. ئەم ململانێیه‌ کایەی ئابووری و سیاسی و ئایدۆلۆژی لەخۆی دەگرێت.

  • 1