ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

"مەیسوتێنن، ئەنگو دری بابم دەسوتێنن!"

 

شاڵاوی سوتاندنی دەغڵودان و رەزوباخی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بەشێکە لە زیندووکردنەوەی سیاسەتی زەوی سوتێنراو کە لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق وەک میراتگری ئیمپراتۆری عوسمانی لە سیاسەتی جینۆساید و قڕکردن، بەردەوام بووە. لە مانگی ڕابردوودا هەڵوێست و بەیاننامە و لێدوانی لایەنە سیاسییەکان سەبارەت بەم بابەتە ڕاگەیەنرا، بەڵام کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لە سەر ئاستی سەرکردایەتی حزبە سیاسییەکانی کوردستان سەبارەت بەم بابەتە نەبەسترا، و تەنانەت لە هەندێ کۆمینتی ئەندامانی پارتە سیاسییەکانی کوردستان لە تۆڕەکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، لە جیاتی ئەوەی ڕاشکاوانە دەست لە سەر ئەم برینە دابنێن و فشار لە سەر پارتە سیاسییەکانی کوردستان بۆ یەک هەڵوێستی و ئەنجامدانی کرداری هاوبەش بکەن، یەکتریان تاوانبار دەکرد.

بەڵام کۆمێنتەکانی هاووڵاتییانی وڵاتپارێزی کوردستان، ئەوانەی مەسەلەی نیشتمانی کوردستانی بە هەند وەردەگرن، ئاماژە بوو کە ئەوەی ڕوودەدا بەشێکە لە سیاسەتی ڕاگواستن و زەوی سوتێنراو کە لە مێژە دوژمنانی گەلی کوردستان ئەنجامی دەدەن.

یەکێک لە کۆمێنتە سەرەنجڕاکێشەکان ڕستەیەکە کە کیژوڵەیەکی ئەم کوردستانە و یەکێک لە نەوەکانی دوای ڕاپەڕینی ئاداری 1991 سەبارەت بە دەغڵ و دان سوتاندن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیوێتی کە دەڵێت: "مەیی سوتێنن، ئەنگۆ دری بابم دەسوتێنن!!"

هەر لە کۆمێنتێکی دیکەدا هەمان کیژۆڵە نوسیوێتی: "خەرمانێکم نەک لە بەرئەوەی گەنمم، بەڵکو لە بەرئەوەی کوردم، گڕم دەدەن".

کۆمێنتی کوردستانیانی سەربەخۆخواز سەبارەت بەم بابەتە ئێجگار زۆرە، و کۆمەڵیک ڕاوبۆچوونی گرنگە کە شایانی شیکردنەوەیە، و لەم چەند دێڕەدا ئاماژە بە هەندێکیان دەکەم بێ ئەوەی ناوی نووسەرەکانیان بنووسم، بەڵام دەزانم لە کاتی خوێندنەوەی ئەم بابەتە نووسەرەکان کۆمێنتەکانی خۆیان دەناسنەوە.

برای شەهیدێکی کەرکووکی دەنووسێت: وڵاتمان داگیر دەکەن، خاکمان دەسوتێنن، نامووسمان دەبەن، کۆمەڵکوژمان دەکەن، بە سورەتی قورئان ئەنفالمان دەکەن، تاڵانمان دەکەن، قڕمان دەکەن، منداڵانمان لە برسا دەکوژن، کچە عازەبەکانمان ئەتک دەکەن، جەرگی دایکانمان دەسوتێنن، لە نیشتمانی خۆمان دەرمان دەکەن، ئاوارە و دەربەدەرمان دەکەن، هەرچی چەکی قەدەغەکراوە بە ئێمە تاقیدەکەنەوە، خەلەوخەرمانمان دەسوتێنن، کانیاوەکانمان کوێر دەکەنەوە، ژیانمان پێ ڕەوا نابینن، کەچی هەموو پەرچەکرداری ئێمە ئەوەیە دەڵێن خودا لە چارەی نووسیوین!

لە کۆمێنتی نووسەرانی دیکەدا هاتووە: ئیدی مەیانسوتێنن، ئەم گەنمە ژیانی هەمووانە. جاران دەگوت وێ سالا بەفر کەفتی، یان وێ سالا گایی ڕەش مری!! بۆ ئەڤ ساڵەژی دێ بێژن سالا ئاگر بەرددا دڵی جووتیاران!. خەڵاتی جەژن بۆ کوردان سوتاندنی دەغڵودان و تۆپبارانکردنی ناوچەکەیان و کوشتنیانە. ئاگرەکەی ناحیەی سەرگەڕان جیا لە دەغڵودان، ڕەز و باخەکانیشی سوتاندووە. ئەگەر ئەو ئاگرە بۆڕی نەفت بایە، بە یەک ڕۆژ چاکیان دەکرد، و ڕێگریان لە دووبارەبوونەوەیان دەکرد، تا ئێستاش چەند کەس دەستگیر دەکرا، و سزا دەدرا، بەڵام داخی گرانم خەڵکی قوربەسەر و هەژار و کاسب، هەردەم بێ پشت و پەنا بووە. خودایە تۆ بڵیی لە جیهاندا هیچ شوێنێک وەک شاری کەرکووک بێ خاوەن و بەدبەخت، و گاڵتەپێکراو هەبێت...ساڵی 2019 لە مێژووی کوردستان و عێراق، ساڵی ئاگرەکەیە...ڕاکان جبوری دەدەمە دادگا. دوو جووتیاری شنگال کاتێک ویستیان ئەو ئاگرەی لە دەغڵودانیان بەردرابوو بیکوژێننەوە، سوتان...لە پێش چاوی عادل عەبدولمەهدی دەغڵودانی کوردان دەسوتێنرێت، و ئەویش بێدەنگە، ئەو چاوپۆشی و پێدەنگییە، یانی ڕازیبوون...کەرکووکی هەردەم ڕەنج بە خەسار و ماڵ وێران و دەربەدەر بوونە، تەنیا لەبەرئەوەی سەری بەرزیان بۆ دوژمنان نەوی ناکەن!...گوێ لە باوکم بگرن لەم پەیوەندییە تەلەفۆنییە، لە بەرچاوی خۆمان هێزە عێراقییەکان ئاگریان لە دەغڵودان و ڕەزوباخمان بەردا، پیرۆزبایی لە سەرکردایەتی کورد دەکەم بۆ ئەو هەڵوێستە بێ دەنگییەی هەڵیانبژاردووە...ڕێکخستنی جووتیارانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە بزووتنەوەیەکی جووتیارانی کارادا ئەرکێکی هەنووکەییە!

ئەگەر بە وردی ئەم کۆمینتانە شیبکرێتەوە، کۆمەڵێک ئەنجامی گشتیمان بۆ دەردەکەوێت، لەوانە:

1ـ بەشێک لە نووسەرانی ئەم کۆمێنتانە لە دوای ڕاپەرینی ئاداری 1991وە لە دایک بوونە، زۆرجار توانج لەو لاوانە دەگیرێ کە بایەخ بە مەسەلەی نیشتمانی کوردستانی و پاراستنی خاک نادەن. ئەو کۆمینتانە خەمخۆری نیشتمانی ئەو لاوانە بە کچ و کوڕەوە بۆ کوردستان دەردەخەن، و ئەو بۆچوونانە ڕەتدەکەنەوە کە ئەو لاوانە کەمتەرخەمن و مەسەلەی نیشتمانی کوردستانی بەهەند وەرناگرن.

2ـ بەشێک لەو نووسینانە ئاماژەکردنە کە قورسایی مەسەلەی کەرکووک و ناوچەکانی مادەی 140 تەنیا بۆ خەڵکی ئەو ناوچانە ماوەتەوە، و نەبۆتە مەسەلەیەکی نیشتمانی کوردستانی هەموو خەڵک، و حکوومەتی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان لە ئاستی ئەم بابەتە بەدەنگ داواکاری خەڵکی ئەو ناوچانە نەهاتوون.

3ـ سیاسەتی سوتاندنی دەغڵودان و رەز و باخ دوو لایەنی گرتۆتەوە. لە لایەک بابەتێکی نیشتمانییە و سوتاندنی خاکی خەڵکی کوردستانە، و بەشێکە لە سیاسەتی جینۆساید، و هاوکاتە لەگەڵ شاڵاوی دەست بەسەراگرتنی خاک و موڵکی کوردانی ڕەسەنی ئەو دەڤەرانە لە لایەن عەرەبی هاوردەوە، و لە لایەکی دیکەوە دەغڵودان سوتاندن شەڕێکی ئابوورییە و بابەتێکی چینایەتییە و بواری کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە و پەیوەندی بە شوناس هەیە، و شەڕێکی دەروونییە.

4ـ دەڕبڕینی ئاستی بەرزی ناڕەزایی لە کۆمێنتەکان، هاوکاتە لەگەڵ بوونی گیانی بەرەنگاری و بیرکردنەوە لە ڕێکخستنی جەماوەر و جووتیاران و داکۆکیکردن لە خاک و ماف، و بانگێکە بۆ سەرجەم جەماوەری کوردستان و لایەنە سیاسییەکان کە تا ئێستا لە بەرەنگاربوونەوەیەکی کوردستانی سەرانسەری کەمتەرخەمن.

  • 1