ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

پرۆسەی بەعەربکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دەستی پێکردۆتەوە، بەشێوەیەکی بەرفراوان و ڕێگەپێدراوی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک.

پرۆسە بەدناوەکە لەقەزای دوبزەوە گەرموگوڕە، گوندی پەڵکانە خاڵی ئاڵۆزییەکەیە، ناوچەیەکی خاوەن نەوت و گاز و کشتوکاڵییە.

لەسەرەتای دامەزراندنی کۆمپانیای نەوت ئەم کێڵگە نەوتییە دەستی بەسەردا گیرا کە لەهەشت پێگەی سەرەکی پێکهاتووە، جگە لەناوچەکانی مەلا عەبدوڵا، خۆرئاوا، بای حەسەن، ئاڤانا، ناسارلوو، سەربەشاخ، دەربەند، جاستان، خورمەڵە لەسەدا پەنجاویەکی نەوتی کەرکووک پێک دەهێنن. نزیکەی 500 کرێکار کاریان تێدا دەکرد. لەساڵی 1963 دەستکرا بەدەرکردنی کرێکار و ئەندازیارەکان و گواستنەوەیان بۆ باشووری عێراق. دواتر لە ساڵی 1974 قۆناغی دووەمی ڕاگواستن دەست پێدەکات کە هەموو کرێکارەکانی نەوت و کارەبا و ئاو سەرجەم فەرمانبەرانی فەرمانگە حکوومییەکان گواسترانەوە بۆ هەولێر و تەنسیبیان کردن لە کارگەی نەسیج و مافور و ئەلبان و تووتن و کارگەی شەکر و جگەرە، کە ژمارەیان 500 فەرامانبەر و کرێکار بوو.

قوناغی سێیەم لەساڵی 1987 پرۆسەی پاکتاوی ڕەگەزی دەکرێتە بواری جێبەجێکردنەوە، سەرجەم گوندەکانی ناحیەی سەرگەڕان ڕادەگوازرێن و خەڵکەکەی جێنشین دەکەن لە ئۆردوگای دارەتوو، بنەسڵاوە، ئەسکی کەڵەک، تۆپزاوە، حەسەن شام، پیرزین. بەرانبەر بە بڕە پارەیەکی کەم. زەوییەکانیان داگیرکردن. هەر دوای ئەوە زەوییەکان تەملیک دەکرێن لەسەر وەزارەتی دارایی و دواتر دابەشکرانەوە بەسەر عەرەبی عەشیرەتی شەمەر کە لە سنوری سوریا و ئوردن، کەربەلا و ناسریە و میسان و دیالە و و بەعاج و مووسڵ بە یاسای ژمارە 117ی ساڵی 1975 دابەشکران بەسەر عەرەبەکاندا بەشێوەی گرێبەست، هەر هاوردەیەکی عەرەب 100 تا 150 دۆنم زەوی پێدرا، بۆ نموونە گوندی پڕکانی لە 72 جووتیار پێکهات بوو، بەگشتی زەوی ئەو گوندە 34000 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بوو.

لەساڵی 2003 حکوومەتی بەعس ڕووخا و عەرەبە هاوردەکانیش گەڕانەوە شوێنەکانی خۆیان و ناوچەی سەرگەڕانیان چۆڵ کرد لە دوای 16ی ئۆکتۆبەرەوە عەرەبەکان بەزۆر دەیانەوێت بگەڕێنەوە.

  • 1