ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە دایکبوونی چەمکی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی

حزبی شیوعی چین هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە ئاماژەی بە مارکسیزم وەک هزرێکی ڕێپیشاندەر و میتۆدی شیکردنەوەی واقیعی کۆمەڵگا، کردووە، و لە میانەی کارکردنیدا هەوڵی داوە کە دوورکەوێتەوە لە دوگما و پەنابردنە بەر دەق بە شێوەیەکی داماڵینی لە واقیع و کێشە و ململانێیەکان، و لە هەمان کاتیشدا دوورکەوتنەوە لە پیرۆزی بەخشین بە بریارەکانی نێونەتەوە سێیەم و ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالستی لە یەکێتی سۆڤیەت.

لە ئایاری 1930 و لە وتارێکدا بە ناونیشانی (نەهێشتنی خولیای پیرۆزی بەخشین بە کتێب)، ماو تسی تۆنگ لە ڕوانگەی تیئۆری زانستەوە ئاماژەی بە هێڵی هزری شیوعییەکان کرد کە دەبێ لە ڕوانگەی حاڵی بوون لە ڕەوشی وڵاتی خۆیان ڕێگای تێکۆشان بۆ سەرکەوتنی شۆرش دابڕێژن. 

لە ئۆکتۆبەری 1938دا لە شەشەمین خولی بەرفراوانی کۆمیتەی ناوەندی حزب، ماو تسی تۆنگ بابەتی "بەچینی کردنی مارکسیزم"ی خستە ڕوو، و گوتی: بەڵی بۆ مارکسیزمێکی واقیعییانە کە شێوازێکی نیشتمانی چینی وەرگرێت، مارکسیزمێک کە لەگەڵ واقیعی تێکۆشاندا دوور لە داماڵین بگونجێت، و لە بەرژەوەندی تێکۆشاندا بێت.1

گەڵاڵەبوونی چەمکی "بەچینی کردنی مارکسیزم" بناغەیەکی سەرەکی بوو لە سەرجەم پەرەسەندنی ڕووداوەکانی چەندین ساڵەی دوای رزگاری نیشتمانی چین، و بنیاتنانی قۆناغی یەکەمی سۆشیالستی، و دواتریش لە ڕوانگەی گەڕانەوە بۆ واقیع، هەڵسەنگاندن بۆ دەسکەوت و لایەنی ئەرێنی و نەرێنی کاروانی ئەو قۆناغە کرا، و هەر لە ڕوانگەی ئەم میتۆدەوە پێداچوونەوەیەکی واقیعبینانە بۆ هەڵە و کەموکوڕییەکان کرا، و لە میانەی ئەمەشدا چەمکی "چاکسازی و کرانەوە" هاتەکایەوە، کە بنەمای بیرۆکەی بنیاتنانی سۆشیالیستییە بە تایبەتمەندی چینییەوە.

لە دیسەمبەری 1978 کۆمیتەی ناوەندی حزب دوو کۆنگرەی پڕ بایەخی بەست. یەکەمیان کۆنگرەی کاری ناوەندی بوو کە تیایدا بریاری قوڵکردنەوەی دیموکراسی لە کاری حزبی، و هاندانی ئازادی بیروڕا کرا، و بیروبۆچوونی سەرکردایەتی حزبی لەم بارەیەوە ڕێکخست، و مەکتەبی سیاسی پێشنیازی ئەوەی کرد کە چەقی کارکردنی ناوەندی حزب لە ڕەخنەگرتن لە تاقمی "چەتەی چوارینە" بکرێ بە بنیاتنانی ئابووری وڵات.2 

لە ماوەی دە ساڵدا گێرەشێوێنی و هەلومەرجێکی نائاسایی لە نێو دەوڵەت و حزبدا دروست بوو، بەڵام کاروانی گۆڕانکاری بۆ قۆناغی دووەمی بنیاتنان لە ساڵی 1978وە دەستی پێکرد، و توانرا وەرچەرخانێکی چلۆنایەتی ئەنجام بدرێت. چین تشانگ بای کە یەکێکە لە نووسەرە کۆمۆنیستەکان، هۆی ئەم وەرچەخانە لەم ماوە کورتەدا بۆ کۆمەڵێک هۆکار دەگەرێنێتەوە، لەوانە:

یەکەم/سەڕەڕای ئاستەنگەکان، حزبی شیوعی توانی ئەزموون و تاقیکردنەوەی گرنگ لە ساڵی 1956وە کۆبکاتەوە کە ڕێگای هەڵبژاردەی سۆشیالیستی بە پشتبەستن بە واقیع، ڕایگەیاند.

دووەم/ کارکردنی بێوچانی کادیران و شۆڕشگیرە دێرینەکانی حزب لە سەرووی هەموویانەوە دنگ شیاو بینگ، کە لە ماوەی "شۆڕشی ڕۆشنبیری" بە قوڵی بیریان کردەوە، و توانیان متمانەی گەل وەرگرن، و ئەمەش هاندەر بوو کە بە زوترین کات بۆشایی لە سەرکردایەتی دروست نەبێت و سەرکردایەتی بە کۆمەڵ دروست بکەن.

سێیەم/ ئارەزوو و خولیای کادیرانی حزب بۆ پەلەکردن لە ئەنجامدانی نوێبوونەوە، بەهۆی بێزاری لە کەموکوڕییەکانی پێشوو، ئەمەش وای کرد کە سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە ببێتە بنەمایەک بۆ یەکگرتنی حزب و گەلی چین.

چوارەم/ سەرەڕای ئاستەنگ و کێشە و کەموکوڕییەکان، بناغەی سیستەمی سۆشیالستی لە چین دوای بیست ساڵ لە بنیاتنان دووچاری لەرزین و بێ متمانەیی جەماوەر نەبوو. ئەمەش بە هۆی ئەوەی کە چین سیستەمێکی ئابووری نیشتمانی سەرانسەری بنیات نابوو کە بوو بە زەمینەی بیرۆکەی "چاکسازی و کرانەوە".

پێنجەم/ سەرکەوتنی سیاسەتی دەرەکی چین کە توانی تا ساڵانی حەفتاکان لە گۆشەگیری دەرباز بێت، و پەیوەندی دیپلۆماسی لەگەڵ زۆر دەوڵەتاندا دروست کردبوو کە ئەمەش یارمەتی هەموارکردنی سیاسەتی ناوخۆیی چینی دەدا.

یەکێک لە ڕستە گرنگەکان کە جەخت لە وریابوون لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکان دەکات، وتەی سەرکردەیەکی حزبە بە ناوی تشن یون، کە لە ساڵی 1980دا لە کۆنگرەی کاری کۆمیتەی ناوەندیدا دەڵێت:"دەبێ بەرەو چاکسازی بە هەنگاوی جێگیر بڕۆین....و دەبێ لە کاتی پەڕینەوەی ڕووبار هەست بە بەردی ژێر پێمان بکەین". دوا ڕستەی تشن یۆن کە ڕەنگدانەوی دانایی چینە، لە لایەن دنگ شیاو بینگ بە تەواوی پشتگیری کرا، و تا ئێستا ئەمینداری گشتی حزب شی جین بینگ لە بەشێک لە وتارەکانیدا ئەم ڕستەیە دووبارە دەکاتەوە. 3

یەکێک لە ئەزموونە گرنگەکانی بنیاتنانی سۆشیالستی لە چین یەکلاکردنەوەی بابەتی پەیوەندی هزر بە پراکتیکەوەیە، کە بە پێی ئەم ئەزموونە چەمکە هزرییەکان لە پراکتیک و واقیعەوە دروست دەبێت. لەم بۆچوونەوە نەوەی یەکەم لە سەرکردەکانی حزبی شیوعی بە ڕابەڕایەتی ماو تسی تۆنگ هەنگاو و کاری گرنگ و بە سوودیان لەسەر رێگای بنیاتنانی سۆشیالستی ئەنجام دا، و دەستکەوتی بەرچاویان وەدەست هێنا. دوای پەرەسەندنەکانی چین و لە دوای خولی سێیەمی کۆمیتەی ناوەندی کۆنگرەی یانزەیەم، دووەمین نەوەی سەرکردایەتی حزب بە ڕابەڕایەتی دنگ شیاو بنگ بە شێوازێکی نوێ و بە میتۆدی رزگاری عەقڵ، لە کاروانی نوێدا بەردەوام بوون، و رێگایان بۆ کاروانی چاکسازی و کرانەوە، کردەوە.

لە ساڵی 1980 لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەگەری لەگەڵ ڕۆژنامەنووسی ئیتالی ئۆریانە فالاتشی کاتێک کە لە دنگ شیاو بینگ دەپرسیت ئایا وێنەی ماو تسی تۆنگ لەسەر دەرگای تیان ئان من هەتا هەتایە دەمێنێتەوە؟ لە وڵامدا دەڵێت: "ئێمە وێنەی سەرۆک ماو تسی تۆنگ لەسەر ئەم دەرگایە، تەنیا وەک سومبلێکی نیشتمانی و زیندووکردنەوی یادی وەک دامەزرێنەری حزبی شیوعی چین و کۆمار چین، دانانێن، بەڵکو لە سەر هزری ماو تسی تۆنگ بەردەوام دەبین، و ئێمە وەک نیکیتا خرۆشۆف مامەڵە لەگەڵ جۆزیف ستالین ناکەین. هەڵسەنگاندن بۆ سەروەری و هەڵەکانی سەرۆک ماو لە درێژایی ژیانیدا، بە شێوەیەکی بایەتییانە دەکەین. جەخت لەوە دەکەینەوە کە سەروەرییەکانی سەرۆک ماو بە پلەی یەکەم دێت، و هەڵەکانیشی بە پلەی دووەم دێت. دەبێ کاتێک باس لە هەڵەکانی لە دوا ڕۆژەکانی ژیانیدا بکەین پشت بە واقیعەوە ببەستین. لە هەمان کاتدا لەسەر هزری ماو تسی تۆنگ بەردەوام دەبین، و هزری ئەو بەشێکی ڕاست و دروستە لە ژیانی خۆی، و هزری ئەو نەک لە ڕابردوودا سەرکردایەتی کردین لە سەرکەوتنی شۆڕش، بەڵکو گەنجینەیەکی دەوڵەمەندە لە ئێستا و دواڕۆژدا بۆ چین بە حزب و دەوڵەتەوە."4

لە هەمان کاتدا دنگ شیاو بینگ پێی وابوو؛ "ناکرێت هزری ماو تسی تۆنگ کە ئاڵایەکە بۆمان، فەرامۆش بکرێت، چونکە وازهێنان لەم ئاڵایە مانای پشتکردنە لە مێژووی پڕشنگداری حزبمان".

سێیەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی حزب دوای یانزەیەمین کۆنگرە هێمای دەستپێکردنی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە بوو. یەکەمین قۆناغی ئەم سیاسەتە لە کۆتایی 1978 تا 1982 بوو کە تیایدا بایەخ بە دوو بواری گرنگ درا. یەکەمیان: دەستکردن بە چاکسازی و کرانەوە و کارکردن بۆ دۆزینەوەی ڕێگای نوێ، چونکە لەم بوارەدا نموونەیەکی پێشتر لەم سیاسەتە پەیڕەو نەکرابوو. دەبووایە سەرکردەکان بە ئەزموونی خۆیان و لە ڕوانگەی هەڵسەنگاندنی کەموکوڕییەکانی قۆناغی پێشتر، رێگای نوێ بۆ چاکسازی ئابووری و دوورکەوتنەوە لە گۆشەگیری، و کرانەوە لە سەر جیهانی دەرەوە، بە شێوەیەکی پراکتیکی بدۆزنەوە. دووەمیان: چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە ئاکامی "شۆڕشی ڕۆشنبیری" هاتبووە کایەوە، و ئەمەش وای کرد کە حزب کار بۆ نەهێشتنی گێرەشێوێنی لە حزب و کۆمەڵگادا بکات، و چەمکە تیئۆرییەکان ڕاست کاتەوە، و ئازادی هزر دابین بکات، و سەر لەنوێ چاو بەو کەیسانە بگێرێتەوە کە تیایدا زوڵم لە ملیۆنەها کادیری حزب کرابوو. 

لە شەشەمین کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی کۆنگرەی یانزەهەم لە حوزەیرانی ساڵی 1981دا بریارێکی گرنگ بۆ هەڵسەنگاندنی 32 ساڵ لە تەمەنی دامەزراندنی کۆمار وەرگیرا، و تیایدا ئاماژە بە ڕووداوە گرنگ و گەورەکان کرا، و هەڵسەنگاندن بۆ بریارە ڕاست و دروستەکان، و لە هەمان کاتدا بۆ هەڵەکان کرا، و بەشێوەیەکی ڕەخنەگرانە هەڵەکان لە قۆناغی "شۆڕشی ڕۆشنبیری" دەستنیشان کرا. ئەم وەرچەرخانە کە لە مێژووی حزبدا بە دەستەواژەی "بریار" ناو دەبرێت، تیایدا هاتووە؛ "حزبی شیوعی چین ئەو توانایەی هەیە کە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی هەڵەکانی ببێتەوە، و ئەو هەڵانەش چاک بکاتەوە". دەرچوونی ئەم بریارە لە سەرکردایەتی حزب ئاماژەیە بۆ سەرکەوتن بە سەر گێرەشێوێنی، و گەرانەوەی سیستەمی ئاراستەی هزری لە حزبدا.5

لە ساڵی 1982 دنگ شیاو بینگ لە دوانزەهەمین کۆنگرەی حزب، زۆر بە ڕوونی "چەمکی بنیاتنانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی" خستە ڕوو کە بوو بو تیئۆری ناوبراو سەبارەت بەم بابەتە. لە سیانزەهەمین کۆنگرەی حزبی شیوعی چین ساڵی 1987، تیئۆری قۆناغی سەرەتایی لە سۆشیالستی بە ڕوونی لێکدرایەوە، و لەسەر ئەم بنەمایە هێڵی سەرەکی حزب دەستنیشان کرا.

شایانی باسە ئەم سەرکردە حزبییە بە ئاسۆیەکی بەرفراوانەوە تەماشای تایبەتمەندییەکانی سەردەم و ئاراستەی پەرەسەندنی جیهانی دەکرد، بۆیە جەختی لەو دەکردەوە کە؛ "جیهانی ئەمرۆ جیهانێکی کراوەیە.. و بەپێی ئەزموونە مێژووییەکان یەکێک لەو هۆکارە گرنگانەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر چینی لە دواکەوتوویی و سیستی هێشتۆتەوە، گۆشەگیرییە، و ئەزموونەکان ئەوەیان سەلماندووە کە بنیاتنان بە داخستنی دەرگاکانی خۆمان، نایەتەدی، و گەشەسەندنی چین لە جیهان جیا ناکرێتەوە ".6

ساڵی 1992 ساڵێکی وەرچەرخانی گرنگ بوو لە کاروانی چاکسازی و کرانەوەدا. لەو ساڵەدا دنگ شیاو بینگ سەردانی باشووری چینی کرد و لەو سەردانەدا کۆمەڵێک بابەتی تیئۆری کە لە نێو خەڵک و کادیرانی حزبدا جێگای پرس، بوو، روونکردەوە، و لە پایزی هەمان ساڵدا چواردەهەمین کۆنگرەی حزب بەسترا، و تیایدا بە ڕوونی چەمکی "بازاری سۆشیالستی" و بنەما هزرییەکانی تیئۆری دنگ شیاو بینگ سەبارەت بە "بنیانانی سۆشیالستی بە تایبەتمەندی چینی" بە ڕوونی گەڵاڵە کرا.

لە بریارەکانی ئەم کۆنگرەیەدا هاتووە کە تیئۆری دنگ شیاو بینگ بەرهەمی کۆکردنەوەی پرەنسیپە سەرەکییەکانی مارکسیزم و پراکتیکی هاوچەرخی چین و تایبەتمەندی سەردەمە، و میراتگر و پەرەپێدانی بیروڕای ماو تسی تۆنگە لەم هەلومەرجە مێژووییە نوێیەدا، و ئەم تیئۆرە کۆمەڵێک تێڕوانینی سەرەکی گرێدراو بە یەکترە سەبارەت بە کرۆکی سۆشیالستی و چۆنێتی بنیاتنانی وەک بابەتێکی تیئۆری سەرەکی و سەرەتایی لەگەڵ رێگای گەشەپێدانی سۆشیالستی و قۆناغەکانی گەشەپێدان و ئەرکە سەرەکییەکانی و هێزی پاڵپێوەنەری، و هەلومەرجی دەرەکی، و زامنە سیاسییەکان و پلانی ستراتیجی و هێزی سەرکردایەتی، و ئەو هێزانەی کە سۆشیالستی پشتی پێدەبەستێت، و بابەتی مەزنی یەکگرتنەوەی نیشتمانی دایک، و.. هتد.7

کاروانی بنیاتنانی سۆشیالستی بە تیابەتمەندی چینی لەم ڕادەیە ڕانەوەستا و لە کۆنگرە یەک لە دوایەکەکانی حزبی شیوعی چین تا دەگاتە نۆزدەهەمین کە دوا کۆنگرەیە، کۆمەڵێک تیئۆری و هزری نوێ ئەم چەمکەی دەوڵەمەند کرد. 

شی جین بینگ لە وتارێکیدا بە بۆنەی هەشتا ساڵڕۆژی "کاروانی مەزن" کە لە ئاکامیدا شۆڕشی چین لە ساڵی 1949دا سەرکەوت، ئاماژە بە وتەیەکی ماو تسی تۆنگ دەکات، دەڵێت: کاتێک چینی نوێ دامەزرا، ماوتسی تۆنگ ئامۆژگاری کردین کە وەدیهێنانی سەرکەوتنی وڵات تەنیا یەکەمین هەنگاوە لە کاروانێکی درێژدا. بە هەمان شێوە ئاماژە بە وتەیەکی دنگ شیاو بینگ دەکات کە دەڵێت؛ "تەنیا پێش دەیان ساڵ دەستمان بە بنیاتنانی سۆشیالستی کرد، و لە قۆناغی سەرەتایی سۆشیالستیداین. بەهێزکردن و پەرەپێدانی سۆشیالستی قۆناغێکی مێژوویی زۆر درێژە، و ئەرک و کاری بێوچانی دەیان نەوەی دەوێت، و ناکرێ بە کەمی و بێخەمی تەماشای ئەم کاروانە بکەین".8

سەرچاوەکان؛

1 تانگ شیاو جیوی پێناسەی حزبی شیوعی چین ل 46

2 تشانگ بای جیا، ئەزموونی چین ل 47.

3 هەمان سەرچاوە ل 53.

4 تانگ شیاو جیوی پێناسەی حزبی شیوعی چین ل 48. 

5 تشانگ بای جیا، ئەزموونی چین ل 71. 

6 شی جین بینگ، دەربارەی حوکم و بەڕێوەبردن، بەشی دووەم ل9 . 

7 ڕاپۆرتی چواردەهەمین کۆنگرەی حزب.

8 شی جین بینگ، دەربارەی حوکم و بەڕێوەبردن، بەشی دووەم ل 49.

 

  • 1