ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

سەری زمان و بنی زمانمان، نەتەوە پەرستی و نیشتمان پەروەرییە، قسەو كردەوە زۆر لێك دوورن، قسەمان شتێكەو كردەوەمان شتێكی دی، پاوانخوازی و حزبایەتی تەسك لەخوێنمان قوڵپ دەدا، بەدرێژایی مێژوو شكستی گەورەو كارەساتی گەورەی بەدوای خۆیدا هێناوە ئەگەر ئاوڕ لەمێژووی بەرخودانەكانمان بدەینەوە، راستیەكی حاشا هەڵنەگرمان بۆ بەدەردەكەوێ، كە هەستی نەتەوە پەرستی و نیشتمان پەروەری كراوە بە قوربانی حزبایەتی تەسك، كەچی خۆمان بەكوردستانی عەیار (24) دەخەملێنین، لەراستیدا زۆربەی هەرە زۆرمان بەئاراستەی دژی نیشتمان پەروەری نەتەوە پەرستی مەلە دەكەین، كام حزب وەك ئامانج مامەڵەی لەگەڵ حزبدا نەكردووە؟ خاك و ئاوو نیشتمانی بەقوربان نەكردووە؟ لەكاتێكدا دەبێت هەموو حزبەكان ئامراز بن بۆ بەرژەوەندی ستراتیژی نەتەوایەتی و نیشتمانی.

لەگەڵ ئەوە قۆناغێكی نوێ و هەلێكی زێڕین هەڵكەوتووە بۆ گەلی كوردستان، لەدۆخێكی ئاڵۆزو مەترسیداردا، دەتوانین ئەم هەلە بۆ بەرژوەندی نیشتمانیمان بقۆزینەوە دەكارین لەئاستی قۆناغەكەدا بین؟ بەكردەوە ئەمە بسەلمێنین، وەڵامەكەی گوتاری سیاسی و هەڵوێستی حزبەكانە لەهەمبەر مەسەلە ستراتیژەكاندا، ئەوەی دەبینرێ، ئاسمان و رێسمان لێك دوورین هەریەك دەروێشێكی سەرگەرموو حاڵ گرتوی حزبەكەیەتی، وەك ( ساردو گەرم)، (رەش و سپی) مامەڵە لەگەڵ دۆخی سیاسی دەكەین، هەر دەڕۆین و ناگەینێ، ئەگەر كار وا بڕوا بەقسە هیچی تێدا نەهێلینەوەو لەپراكتیكدا لە زۆر مەسەلەی ستراتیژی بەریەك بكەوین و سەرچاوەی بارگرژی و پەرتكردنی گوتاری سیاسی و تێكدانی یەكڕیزی بین، ئاو دەكەینە ئاشی دوژمنان و داگیركەران، لەبازنەیەكی داخراودا دەخولێینەوە.

  • 1