ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

نوسینی – (نەجمەدین فارس)

مانگی ئازاری ٢٠١٩

چاپی دووەم

 

بەشی چوارەم

(( دیموکراسی و دەسەڵات))

دەسەڵات بریتیە لە پاوان کردنی کایەکانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری کۆمەڵ لە لایەن چینێکەوە . دەسەڵات ، حوکمڕانی و سەپاندنی ئاکارو فەلسەفەی بوونی چینێکە بەسەر چینێکی تردا . ناوەندی دەسەڵاتی چینایەتی ، ناوەندی پارێزگاری و بردنە پێشەوەی بەرژەوەندی چینایەتی ئەو چینەیە . واتە ئەو میتۆدەی لەسیاسەتدا بەکار دەهێنرێت ، بۆ ئەوەیە کە بتوانێت لایەنی ئابوری و کۆمەڵایەتی خۆی بسەپێنێت و گەشەداری بکات و باشتر بتوانێت پارێزگاری لە بەرژەوەندی یەکانی بکات . چڕکردنەوەی کاروچالاکیەکانیەتی لە دەووری چوونە پێشەوەی ئەو بەرژەوەندیانە و پارێزگاری لێ کردنیان و باشتربردنە ڕێوەیان . واتە سیاسەتی باوو ڕاگەیەنەری شێوازو پرۆسەی ئابوری سیاسی باوو دەبێت.ئابوری باویش هەڵقوڵاووی فکرو سیاسەتی باو دەبێت . واتە شێوازو هەلومەرجی سیاسی لە دەسەڵاتی چینیکدا جیا نابێت لە پرۆسێسی پەیوەندی ئابوورییەکەی . کەواتە سەرخانی هزرو فەلسەفەو ئاکار و لۆجیک هی چینێک نابێت و ژیر خانی ئابووری و پرۆسیس و خواستی هی چینیکی تربێت . بۆ هەر دەسەڵاتێک و چینێک دیموکراسییەک هەیە کە پەیوەندی بە دەسەڵاتی ئەو چینەوە هەیە کە لەدەسەڵاتدایە . واتە دەسەڵاتی دیموکراسی بۆرژوازی دەست ڕۆیشتووە بەسەر سەرچاوەی ئابوری و ڕۆشنبیری و سیاسی کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و هونەری و ....... شتی تردا لە کۆمەڵی سەرمایەداریدا . هەر هەموویان بە ڕۆڵی خۆیان لە پارێزگاری کردن لە سەرمایەداری و پەیوەندییە ئابورییەکانی هەڵدەسن . لە پرۆسیسی ئابووری کۆمەڵایەتی سەرمایەدا ، بە کۆیلە کردنی کرێکار دەکاتە بڕیارو ڕاسپاردەی خۆی و هەروەها هەموو ئەو کردارانەی بۆرژوازی و دیموکراسییەکەیان ، بە خاتری زۆرترینی کاتی هێشتنەوەی دەسەڵاتیانە . کەواتە دیموکراسی سەرمایەداری ، شانۆی دەسەڵاتی خۆی هەر جارەی بە گفتوگۆیەک و مەنەلۆجێک کۆتایی پێدەهێنێ . ئەم شانۆگەرییەی سەرمایەداری، پڕە لە تراژیدیا وگاڵتەجاڕ ئامێزە .

مەهزەلەی ئەم شانۆیە ئەوەیە جارێک لە ڕێگەی هەڵبژاردنە پەرلەمانیەکانەوەو جارێک لە ڕێگەی جەنگە کۆنە پەرستانەکانییانەوە ، هەموو شتەکان دەخەنەوە چوارچێوەی بەرژەوەندی و دەسەڵاتیان . ئەوەتا جەنگە ناوخۆیی یە کۆنە پەرستانەکانی ئەفریقا و ئەمریکای لاتین و بەشێک لە ئاسیادا ، گۆڕانی دەسەڵاتی فڵانە بە فیساری دڕدۆنگ و پەیوەندیدار بە دەسەڵاتی سیاسی و ئابوری ئیمپریالیزمی جیهان و دەوڵەتە زلهێزەکان . 

هەموو ئەمانەی ئەکرێ ژوڕنالیزمێکی گەورەو هەڵاکاری بۆ دەخەنەگەڕ ، جارێک دەڵێن گوایە ئەم دەسەڵاتە دیکتاتۆریانەیە و پێویستە بگۆڕدڕێت بە دەسەڵاتێک کە دیموکراسی غەربی بێت و یان دیموکراسی لیبراڵی بێت . ئەمانە هەموویان بۆ خۆڵ کردنە چاوی پرۆلیتاریاو لە خشتە بردنی بزووتنەوەکانیانە . لە ناو خۆی خۆشیاندا هەر جارەی حیزبێک دەبێتە فەرمانڕەوا ، لەگەڵ ناوەڕۆکی سیاسی هەمان حیزبی پێشوودا جیاوازیان نابێت تەنها لە ڕێگەی ناوەکانیانەوە نەبێت . ئەوەی کە حیزبی کرێکارانی بەریتانیا ، لە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکاندا هەزار ویەک بەڵێنی جۆراوجۆر بە کرێکاران ئەدات و جێبەجێی ناکات ، دەیگوت کاتێک کە کانی خەڵوزی بەرد دادەخرێت ، سیاسەتی حیزبی پارێزگارانەو ئێمە بە هەموو جۆرێک ، دژی دەوەستێنەوە و هەلو مەرجی کارو ژیانی کرێکاران بەرەو چاکتر دەبەین ، کاتێکیش هاتە سەر تەختی دەسەڵات ، دەیان گوت ئێمە دەبێت لەو سیاسەت و ئامانجانە لانەدەین کە حیزبی پارێزگاران گرتبوویانە بەر. چونکە لادان لێیان، دەسەڵاتی ئابوری بەریتانیا دەخاتە مەترسییەوەو ئابوری نیشتمانی ڕوو لە خوار دەبێت و قورسایی سیاسیمان لە جیهان و ناوچەکەدا لە دەست دەدەین . هەروەها ئەوەی کە لە ئەمریکا و هەموو ووڵاتانی دنیادا ڕوو دەدەن لە مەڕ هەڵبژاردنەکانەوە هەرهەموویان شانۆگەری سیاسەتێکی مەهزەلەئامێزی سەرمایەدارییە . هەروەها کاتێک کە حیزبی هەڵبژێردراو لەگەڵ سیاسەت و سیستەمی ئیستای سەرمایەداری شتێکی شازو ململانێ خواست و وویستی سەرمایەداران بکات ، ئەوا هەزارو یەک پیلانی لەدژ دەگێڕن . ئەوەی لە تورکیا ڕووی داو حیزبی (ڕەفاء) ئیسلامی سەرکەوتنی لە هەڵبژارنەکاندا بە دەست هێناو سەرەڕوویی لە سیاسەت و ئامانجەکانی ئەتاتورکی یەکان دەکرد. بە جموجۆڵی جەنەڕاڵەکان و چاو بز کردنەوەیان ، ئەم حیزبەی خۆشیان بەرەو دادگای سەربازی ڕاپێچ کرد . گوایە دەسەڵات ، لە تورکیادا دەبێت دەسەڵاتی عیلمانی سەرمایەداری بێت . ئەوە نەبێت ئەم دەسەڵاتەی مەزهەبییەکان لە تورکیادا ، دەسەڵاتێکی لادەرو دڕدۆنگ و دژ بێت لەگەڵ پەیوەندییەکانی سەرمایەداری . هەر لە سەردەمی ئەم دەسەڵاتەدا، ئیمزای پرۆتوکۆلێکی سەربازی کرد لەگەڵ ئیسرائیلییەکانی دووژمنی ئاینیانییان . کەواتە ئەم هەموو حیوارانەی کە سەرمایەداری پیشانی دەدەن ، هیچ نییە بێجگە لەوەی کە بتوانن زیاتر درێژە بە دەسەڵاتیان بدەن و کرێکاران لە چوارچێوەی شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریانە و پەیوەندییەکانی خۆیاندا سەرگەردان و بێ هیوا بکەن لە دەسەڵاتی دیموکراسی پرۆلیتاریا و سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمی زانستی .

دیموکراسی دەسەڵاتی پرۆلیتاریا ، دەسەڵاتی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریایە، دەسەڵاتی لە ناوبردنی چینەکانە ، دەسەڵاتی لەناو بردنی کاری بەکرێ و سەرمایەیە . بۆ لە ناو بردنی چەوسانەوەی مرۆڤ لە لایەن مرۆڤەوە دروست دەبێت ، کۆتایی بە هەموو جەنگە ماڵ ویرانکاریەکان و بێ مافی ئینسان دێنێت . 

واتە دەسەڵاتی پرۆلیتاریا بۆ لەناوبردنی هەموو بێ مافی و کۆنەپەرستانەییەکانی سەرمایەدار و هەموو دامودەزگاو دیموکراسییەکەی لە کاردا دەبێت . لە ناوبردنی خۆشی بەند دەکات بە لەناوبردنی هزری بۆرژوازی و سیستەمی ئابووری کۆمەڵایەتی سەرمایەدارانەوە . ئەم دەسەڵاتە بۆیە دیموکراسی تیایدا بەرقەرار دەبێت تا بۆرژوازی و خۆی لەناوببات ونەتوانێت سەر دەربهینیتەوە . لەگەڵ ئازادیدا هاوتا نابێت ، چونکە دەسەڵاتی یەک چینەو ئازادیش لە دەسەڵاتی ئەم چینەوە، بە دەست دێت ، چونکە چینەکان لەناو دەبات . بەڵام لە دەسەڵاتی دیموکراسی سەرمایەداریدا، دەسەڵاتێکی ئازادی خواز نابێت ، چونکە لەسەر دەستی بۆرژوازی لەپێناوی کەڵەکەی سەرمایە ، چینەکان بە پەیوەندی ئابووری کۆمەڵایەتی خۆیانەوە قایم و توند ڕایان دەگرێت . بەڵام دیموکراسی پرۆلیتاریا بۆ لە ناو بردنی چینەکان فەرهەم دەبێت و ئازادیش لە پرۆسیس کردنی نەمانی دەسەڵاتی چینەکانەوە بە دەست دێت . لە لای کۆمۆنیستەکان ، گەیاندنی مانای ئازادی و یەکسانی، وەک یەک بەهرەمەند بوونی ئینسانە بە هەموو پێداویستییەکانی ژیانیان و بەشداری کردنیانە لە پێکهینەر و داهێنەرەکانی کۆمەڵگای کۆمۆنیستی . دەسەڵاتی سەرمایەداری ، جەنگ و کوشتارگاکان دروست دەکات ، لە پێناوی هێشتنەوەی دەسەڵاتیان . بەڵام پرۆلیتاریا ئەو جەنگەی کە هەڵی ئەئایسێنی ، لە پێناوی لەناو بردنی چوارچێوەی تەواوەتی سیستەمی سەرمایەداران و چینەکان و دەسەڵاتە شۆڕشگێڕیەکەی پرۆلیتاریایە . بێ بەها سەیرکردنی ئەم دەسەڵاتە لە لایەن ئانارشیستەکان و سەرمایەدارانەوە ، بێ بەها سەیر کردنی دیموکراسی پرۆلیتاریاو گیانی شۆڕشگێڕی پرۆلیتاریایە لە سەردەمی سەرمایەداریدا . واتە هەموو ئەو بۆچوونانەی کە لە ژێر پەردەو بە ئاشکرا، دیموکراسی پرۆلیتاریا نەفی دەکەنەوە ، بێجگە لەوەی لە ژێر پەردەی ئانارشیزمدا کار دەکەن ، خزمەتی گەورەش بە سەرمایەدرای و نیزامەکەی دەکەن. 

لەم پەرە گراڤەی خوارەوەدا ، ئانارشیستەکانی بەناو کۆمۆنیست دەیەوێت ئەوە ڕابگەیەنێ کە دەسەڵاتی دیموکراسی بۆرژوازی ، دەسەڵاتێکە لە ناو جەرگەی خەڵکەوە ، هەڵ قووڵاوە ، وە دەڵێت پێکهاتی دەوڵەتی و پەیوەندە عەمەلیەکەی لە پرس و ڕای خەڵکەوە بووە . بەم جۆرە لە وەڵامی پرسیاری (سێهەم)دا دەڵێت { ئەم دوو مەیدانە هەردووکیان، واتە پێکهات (ترکیب)ی حکومەت و پەیوەندی عەمەلی خەڵکی لەگەڵ دەسەڵاتی دەوڵەتیداو، ئەوەی کە تا چ ڕادەیەک ئەم دیموکراسی یە توێژە جیا جیاکانی خەڵک دەگرێتەوە، مەیدانی سەرەکی خەباتی سیاسی بوون و لە ئەنجامی ئەم خەباتەدا سیمای عەمەلی دیموکراسی لە خودی کۆمەڵگای ئەوروپاو ئەمریکادا تا ڕادەیەکی زۆر ئاڵوگۆڕی بەسەردا هات. ل ٦-٧ (منصوری حیکمەت،دیموکراسی: لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا) }. کێشەی خەباتی سیاسیانەی بۆرژوازی یان ووردە بۆرژوازی بۆ ئەوە بووە کە بتوانن هەیبەت و دەسەڵاتی خۆیان ڕابگرن و لەگەڵ خەڵکەکەی کە سۆشیال لیبراڵەکان باسی لێوە دەکەن ، بە پێگەی و بەشی ئابووری کۆمەڵایەتی خۆیانەوە بەردەوامی بەژیانیان بدەن و بژین . هەروەها ئەو بزووتنەوانە ئەوەندە کاریگەرییان لەسەر سیستەمی سەرمایەداری نەبووە ، تا بتوانن بەهەر هۆیەکەوە بێت کۆمەڵێک ڕیفۆرمی سیاسی لە ناو دیموکراسی بۆرژوازیدا بە دەست بهێنن (بێجگە لەوەی ئەم ڕیفۆرمە کە بکرێت لە لایەن سەرمایەدارانەوە ، هیچ ناگەیەنێت، تەنها هێشتنەوەی سەرمایەداری نەبێت ). لێرەدا یەک ڕاستی ئەبینرێت ، کە دەسەڵاتی دیموکراسییانەی بۆرژوازی و پێش ئەم دەسەڵاتەی کە ووردەبۆرژوازی ئانارشیست باسی لێوە کردووە ، لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابورییەکەیدا، هیچ گۆڕانکاریەک لە باری ئەم پەیوەندیانەدا دروست نەکردوەو ناکات . کە پەیوەندی کارو سەرمایە بگۆڕێت بۆ پەیوەندیەکی ئابووری تر . واتە دەست و نەخشی پرۆلیتاریا لەسەر دەسەڵاتی بۆرژوازی هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهێناوە . ئەوەی کە لە ئەوروپاو ئەمریکادا دەگوزەرێ ، ئەوەیە کە سیاسەتی دەرەوەی ئەم ووڵاتە ، دەست بەسەر سیاسەتی ناوەوەدا بگرێت ، یان ڕووبەری سیاسەتی ناوخۆ بە باشی ئاڕاستەی خۆی بگرێت و زیاتر و چاکتر چەوساندنەوەی کرێکارو هێشتنەوەیان لە چوار چێوەی پەیوەندییە سەرمایەدارییەکانیدا . چینی کرێکار ئەتوانێت دەنگ بە ئەندامێکی یان حیزبێکی لیبراڵی، یان دیموکرات مەسیحی یان بە ناو کرێکاری، یان دیموکرات بدەن و کورسی پەرلەمانی ئەم حیزبانە زیاد بکەن ، لە ناو پەرلەماندا . بەڵام ناشتوانن گۆڕان لە دەستورو یاساکانی ناو پەرلەماندا بکەن . بێجگە لەوەی بڕیارەکانی ناو پەرلەمان ، بە قازانجی سەرمایەداران و کۆت و بەند کردنی کرێکاران دەبێت . ئەوان دەڵێن ملیارێک ئینسان لە ژێر باری برسێتیدان لە جیهانداو چەند هەزار منداڵ بێ خانە و لانەن لە ئەمریکادا زیاتر لە دوانزە ملیۆن کرێکار لە ئەوروپادا بێ کارن .چەند هەزار ئینسان لە ئەمریکادا شەقامەکانی نیۆرک و شارەکانی تر ڕاخەریان دەبێت و زووقم و سەرمای زستان و ئاسمان پۆشاکی شەویان دەبێت . کام بزووتنەوەی سیاسی و خەباتەکەیان ، توانیویانە ، دیموکراسی بۆرژوازی چەکوشکاری و چاکسازی بکەن . ئەو بۆچوونانەی ووردەبۆرژوازی لیبراڵ، بێجگە لە داتاشینێک کە بۆ ڕازاندنەوەی دیموکراسی بۆرژوازی کردوویەتی هیچی تر نیە . ئەوروپا ڕاسیزم و نیونازیزم بەرهەم دێنن و ڕێگریش نییە لە سەرهەڵدانەوەی لەلایەن خودی دەوڵەتەوەو تاوان بارکردنی کۆچ کردوانی ووڵاتانی ئاسیاو ئەفریقا و ئەمریکای لاتین ، گوایە ئەوانە بەرئەنجامی زۆری بێکارییەکەی ئەمانن . هەروەها سنوردار کردنەوەیەکی زیاتری مافی پەنابەرێتی بۆ پەنابەرەکان و گەلێک بابەتی تریش . واتە ئەو ئاستەی کە تەکنەلۆجیای پێیگەشتووە ، کرێکاران زروفی (هەل و مەرجی) ژیانیان خراپ تر بووەو چاکتر نەبووە . لەبەر ئەوەی تەکنەلۆجیا ئێستا لە خزمەت سەرمایەداراندایە . هەروەها کرێکاران لە جاران زیاتر بێ ماف دەکەن ، دەسەڵاتی دیموکراسی سەرمایەداری هیچ گۆڕانێکی بەسەردا نەهاتووە . ئەو تێڕوانینانەی سۆشیال لیبراڵەکان زۆر مایە پوچن ، بێجگە لەوەی بەها دەدات بە دەسەڵاتی دیموکراسی سەرمایەداری، هیچ لە ئامانجی پەیوەندییەکانی سەرمایەداری ناخاتە ژێر پرسیارەوە .

ئامانجی ووردەبۆرژوازی لیبراڵ لە بەشێک لە وەڵامی پرسیاری( سێهەم ) دا دەردەکەوێت ، دەسەڵاتی بۆرژوازی دەگەڕینیتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم هەڵبژاردنەی خەڵک لەسەرو کۆمەڵگاوە نی یە . دەیەوێت بڵێت ئەم هەڵبژاردنانە زۆر پاک و بێ فڕو فێڵن . دەڵێ { بەڵام بە هەر حاڵ واقعیەتێکی مەوزوعی لە مەفهومی دیموکراسیدا ووجودی هەیەو ئەویش ڕەتکردنەوەی ئەو دەسەڵاتداریتییەیە کە تیایدا سەرچاوەی دەسەڵات بگەڕێتەوە بۆ سەرووی کۆمەڵگا وە یان کەس نەزانێت لە کوێوە هاتبێت . لە ڕوانگەی دیموکراسی و بیرکردنەوەی دیموکراتیکەوە نە تەنها زۆری شمشێرو بە میرات گرتنی خانەدانی و پێغەمبەرایەتی و ئیمامی و شتی وا لە باب و باپیرانەوە وەکو سەرچاوەی دەسەڵاتی سیاسی شتیکی ناڕەوایە ، بەڵکو دەسەڵاتێکیش کە نەتوانرێ وەلا بنرێ بە شێوەیەکی گشتی، تەنانەت ئەگەر خۆشی لە سەرەتاوە لە ‌هەڵبژاردنەوە سەرچاوەی گرتبێت، بە ناو دیموکراتیک، دەژمێرێت. بە واتایەکی تر بیرو باوەڕی دیموکراتیک و ڕژێمی دیموکراتیک، لە هەر شێوەیەکیدا بێت، دەسەڵاتی دەوڵەتی بەوە دادەنێ کە لە خەڵکەوە هەڵقوڵابێت. وەڵام بە خەڵکی بداتەوەو بە هەر شێوەیەک بێت لە توانادا بێت کە لە لایەن خەڵکەوە بگۆڕدڕێت . جا ئەوەی کە ئەم ئیدعایە لەم یان لەو ڕێبازی دیموکراسی داو لەم یان لەو دەوڵەتدا چەندە پوچ وە یان واقعی یە، مەسەلەیەکی ترە . هەر جۆرە لێکدانەوەیەکی دیموکراسی بە هەر حاڵ خوازیاری جۆرێک لە پرس پێ کردنی ڕای خەڵکە لە مەسەلەی دیاری کردنی دەوڵەتدا. ل٧( منصوری حیکمەت ،دیموکراسی: لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا)}. ئەمەی کە باسی لێوە دەکات و بە کۆتا نەتیجە گەشتووە، ئەوەیە ، کە ئەم دیموکراسییەی بۆرژوازی ناوەندێکی دیموکراتیک و لە پرس و ڕای خەڵکەوە دەووڵەت بە ئەنجام گێڕی خۆی دەگات . واتە لە لای ئەوان هەر کاتێک کە دەست بۆ هەر کارێکی دەوڵەتی دەبرێت ، لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و یاساییەوە خەڵک دەست نیشانی دەکات و پلانی بۆ دادەڕێژێت و جێبەجێ دەکرێت . ئەو تێڕوانینەی ووردەبۆرژوای لیبراڵ ، بێجگە لە پاساو دەربڕین بۆ دەسەڵاتی سەرمایەداری و دانانی بە دیموکراتیک و بەشداری تەواوەتی خەڵک لەدامەزراندنی حکومەتی بۆرژوازی هیچی تر نیە . هەروەها سەرنج ڕاکێشانی ، کرێکاران بە لای ئەم دیموکراسییە بۆرژوازییەدا ڕاڤە دەکات و هەوڵی بۆ ئەدات . پێی وایە کە ئەو جەنگە جیهانی و ناوخۆیییە کۆنە پەرستانانە بە پرس و ڕای خەڵکی کران و لێدانی بۆمبای ئەتۆمی لە شارەکانی یابان و کیمیا باران کردنی شارەکانی تری ووڵاتان و جەنگی ئێران و عێراق و – عێراق و ئەمریکا ، بە پرس و ڕای خەڵکی کران . یان وەڵامیان بە مانگرتنی کرێکارانی بەندەرەکانی ئیسپانیا و فەرەنسا نەدایەوە ، کە دژ بە جەنگی کەنداو، مانیان لە بارکردنی پاپۆڕە جەنگیەکانی ئەو ووڵاتانە گرت بۆ ئەمەش پرسیان بەخەڵک کرد . ئەو بۆ چوونانەی کۆمۆنیزمی کرێکاری ، سیاسەتی دیماگۆجیانەی ووردە بۆرژوازییە ، لەسەر دەسەڵات و دیموکراسی بۆرژوازی ، سەرچاوەکەیان لە لای ووردە بۆرژوازی لە ناو جەرگەی خەڵکەوە هەڵقووڵاوە .

ئەو بۆچوونانە فریوودەرانەو ساویلکەییە کە دڵی بە دەنگدانی خەڵک و سندوقی دەنگدانەوە خۆش بکات . وا بەیانی بکەن دەنگدانە درۆزنانەکانی پشت پەردەی بۆرژوازی ، دەنگ دانی گشتی و بە ئاشکرای کرێکارانە . کەواتە دەبێت لە کام ووڵاتدا دەزگای سیخوڕی و جاسووسییەکانی ئەم ووڵاتانە دەستیان وەرنەدابێتە دەنگ دانەکانەوە !؟ (ئەم دەنگ دانانە هەر شتێک بێت، بێگومان لە هەڵبژاردنی بۆرژوازی یانە زیاتر هیچی تر نی یە ) .

بوونی دەزگا جاسووسییەکان واتای پوچەڵی و وەرگرتنەوەی دەنگەکانە . پرسی کام توێژو چینی تر کراوە ، تا بە ئاشکرا خەڵک لە سیاسەتی دەرەوەو ناوەوەدا خۆی سەرپشک بێت لەوەی کە چی دەکات . واتە هەر ئەو کاتەی کە لە لای ووردە بۆرژوازی ، دیموکراسی بۆرژوازی بە دەسەڵاتی شمشێرو بە میراتگرییەوە نەبەستراوەتەوە ، ئەوە لێکدانەوەکانی بۆرژوازی و سەرمایەدارانە ، کە زۆر فریوکارانە دەستیان داوەتی . هەروەها هەر دەسەڵاتێکی سەرمایەداری کە خوی بە دیموکراتیک بزانێت ، هیچ لەوە کەم ناکاتەوە ، کە دەسەڵاتی دیموکراسی بۆرژوازییەو هەڵقوڵاوی چەوساندنەوەیە ، بێمافی بەرجەستەیە . 

دەسەڵاتی خەڵک دەسەڵاتی دیموکراسی بۆرژوازییە . بەڵام ئەگەر هەلومەرج و سەردەمی شۆڕشی کرێکاری پێویستی دامەزراندنی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریای کرد ، دەسەڵاتی دیموکراسی پرۆلیتاریا تەنها کرێکارانی هوشیارو چەوساوەکان و خەلکی بەش مەینەت و کرێکاران بە گشتی دەنگ لەسەر دەسەڵات و نوێنەری شوراکانیان ئەدەن ، بە زۆرینەی کۆمەڵگا هەڵبژاردنی گشتی و ئاشکرا بەرپا دەکەن . بە تێکڕای دەنگ بڕیار لەسەر بەرژەوەندی کۆمەڵگادەدەن . دەسەڵاتی خەڵک هیچ مانایەکی نامێنێت لە دەسەڵاتی دیموکراسی پرۆلیتاریادا ، لەبەرئەوەی بێجگە لەوەی دەسەڵاتی خەڵک دەسەڵات و پرۆسیسی ئامانجی سەرمایەدارانە هیچ شتێکی تر نابەخشێت . 

هەروەها لە وەڵامی پرسیاری (سێهەم) دا، لە لایەک دەیەوێت ئەوە بڵێت کە گوایە دیموکراسی بارێکی باشتری هەیە لەم هەلومەرجە ئابوری و کۆمەڵایەتییەی ئێستا . چەپی لیبراڵ ئەڵێت { لەوەش گرنگ تر (واتە هەر دوای ئەو بەشەی سەرەوە کە لە وەڵامی پرسیاری سێیەم دا منصوری حیکمەت داویەتەوە. (ن)) ئەوەیە کە دیموکراسی و دیموکراسی خوازی خۆی لە خۆیدا لە بەرامبەر پێکهات (بنیە)ی کۆمەڵایەتی و پەیوەندی یە ئابوری یەکان کوێرە . بە واتایەکی تر هەل و مەرجی ئابوری مەوجود، دەوری دەوڵەت، جێ و شوێنی ئینسانەکان لە بەرهەم هێنان و پەیوەندی یەکانی موڵکایەتیدا دابەش بوونی خەڵکی بۆ توێژو چینە جیا جیاکان و شتی لەم بابەتە، دام و دەزگا سیاسی و ئیدارییە مەوجودەکان، لە ڕوانگەی دیموکراسی دیموکراتیزمەوە هەر ئەوەیە کە لە ئارادایە. ل٧ (منصوری حیکمەت ،دیموکراسی لە نێواندەربڕین و ڕاستی دا) .} ئەوەی کە جەپی ووردەبۆرژوازی تێگەیشتنی خۆی لە ناوەڕۆکی دیموکراسی دەدات بە دەستەوە ، ئەوەیە کە ئەبێت دیموکراسی بۆرژوازی بتوانێت، هەلوومەرجەکانی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی لەم ئاستەی ئێستا باشتر بکات . واتە ئەوە وونە لە لای کە دەسەڵاتی دیموکراسی بۆرژوازی ، ئەو پەیوەندییە ڕاستەوخۆیەی هەیە بە هەموو پلان و پێکهاتەی ئابوری و سیاسی و کۆمەڵایەتی سەردەمەوە . واتە کوێر نیە لە ئاست هەموو ئەو هەلومەرجانەدا کە دەی خوڵقێنێ بۆ بە دەست هێنانی بەهای زیادەی سەرمایەی زیاتر. هەروەها ئەو باج و خەراجەی کە لە ئەوروپادا بەشێکی زۆر لە (تخطیط)ی پلانی ئابوری گرتووەتەوە، سیاسەتی ئابوری سەرمایەداری ئەوروپی کوێر نییە لە بەرامبەر دەسەڵات و دیموکراسی یەکەی . هەروەها ئەو تێوریزە کردنانەی ووردە بۆرژوازی بۆ کلک و گوێ ڕازاندنەوەی سەرمایەداری دەوڵەتیە ، کە لە ڕێگەی دەوڵەتەوە سەرمایەو سەرچاوەی ئابوری ئەخاتە ژێر ڕکێفی کۆمەڵێک لە سەرداران و خاوەن دەسەڵات . لەگەڵ ئەوەی کەرتی تایبەت و کەرتی تێکەڵ و گشتی لە ئابوریدا هەیەو لە لایەکی ترەوە چەند خێزانێک سەردارن و سەرچاوەی ئابوری ووڵاتێکیان لە دەست دایەو بەشداری ڕاستەوخۆشیان لە پەرلەمانەکان و دەوڵەتیاندا هەیە . 

هەموو ئەم مۆدیلانەی سەرمایەداری، هیچ ناوەڕۆکێکی جیاوازییان نیەو هەمووشیان دەربڕی پەیوەندی سیاسی و ئابوری سەرمایەداری و دیموکراسی دەسەڵاتەکەیانن . کاتێک جەنگێک لە ڕووی سیاسی و ئابورییەوە پەیدا دەبێت لە نێوان چەند دەوڵەتێکی گەورەی ئابوری جیهان و لەسەر دابەش بوونی جیهان بۆ ناوچەی مۆنۆپۆلی جیاجیا ، دەست دەدەنە هەموو جۆرە پلان و هەڵسوکەوتێکیان بۆ خۆیان بەڕەوادەبینن . واتە سەرمایەداری و دیموکراسییەکەی کوێر نین لەئاست بەرژەوەندی یەکانیان ، کوێر نین بۆ چۆنیتی بە دەست هێنانی سەرمایەی زیادە . ئێمە گلەییمان لە دیموکراسی بۆرژوازی نیە و بەکوێریشی نازانین ، دەڵێین پێکهاتەی دیموکراسی و سیاسی ئەم دەسەڵاتە لەسەر کاری بەکرێ و سەرمایەو چەوساندنەوە ڕاگیراوە . داواکاری هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتی بۆرژوازی بۆ کرێکاران ، وەڵامی شۆڕشگێڕانەی دەیەوێت نەک گلەیی کردن لە دەسەڵاتیان . لەبەرئەوەی نەقابەکان و یەکێتیەکرێکارییە ڕیفۆرمیستەکان ، دەکەنە ناوەندی ناوەندگیری سوڵح و ئاشتی نێوان کرێکاران و سەرمایەداران . ئەم ڕێکخراوانە پەیوەندی خاوەن کارو کرێکاریش لە پەیوەندی سەرمایەداریانەیاندا دەهیڵێتەوە . سەرمایەداری دەسەڵاتێکی بیروکراتی کەمینەی کۆمەڵن بەسەر زۆرینەی کۆمەڵدا . ئێمە دەبێت بە هێزێ ڕێکخراوو سیاسی و کۆمەلایەتی و چینایەتیمان ، بە تێزێکی مارکسیستیانە لەگەڵ نیزامی سەرمایەداریدا مامەڵە بکەین وبیخەینە ژێر ڕەخنە و هێزو فشاری خۆمانەوە .

لە بەشێک لە وەڵامی پرسیاری (سێیەم)دا ، ماکیاج کارانی سەرمایەداری دەڵێت { چ لە ڕووی تیۆری یەوەو چ لە ڕووی واقعی یەتی مێژوویی یەوە، داواکردنی دیموکراسی بە مانای داواکردنی ((سەرمایەداری دیموکراتیک))ە . ل٨ (منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا) }. چی وا لە بیری بۆگەناوی ووردەبۆرژوازی دەکات کە ئەم دەستەواژەیە بدات بە دەستەوە . بێگومان ئەوەی دەگەڕێتەوە بۆ پرسی تێئوری ئەوەیە کە دوو جۆر لە تێئور هەیە ، بۆ مێژوو و گۆڕان کاریەکانی و نە گۆڕانی . لە لایەک تێئوری بۆرژوازی هەیە ، دەیەوێت دەسەڵاتی سەرمایەداری ، ڕەونەقترو باشتر پیشان بدات و پەیوەندیەکانی لە ئاستێکی زیندوودا بهێڵێتەوە . وە ئەو تێئورییەی کە پەیوەندی بە گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی یەوە دەگرێت ، بۆ ئەو گۆڕانکارییە مێژووییە لەئێستادا ، چینی کرێکاری بە تاقە چینی شۆڕشگیری گۆڕانکاریەبنەڕەتیەکان دەبینێت . چونکە کرێکارانی کۆمۆنیست ، بیرو میتۆدی گۆڕانکاری پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئابوری بە دەست دەهێنن وبەرجەستە دەکەن ، هێزی چینی کرێکاری بۆشۆڕشی ئابووری کۆمەڵایەتی هەڵئەخڕێنن و گۆڕان بەسەر هەموو مانا و بەهاکەی سەرمایەداری و سیستەمەکەیدا دەکەن . پێویستە بۆ ئەم گۆڕانکارییە دەسەڵاتێک هەبێت . بێگومان دەسەڵاتی کرێکاران کە دەسەڵاتی شۆڕشگێڕی کرێکارانی ووشیار دەبێت لە مێژووێ خۆیاندا ، ئەم دەسەڵاتەش هەڵگری تێگەشتن و پرۆسێسی دیموکراسی خۆی دەبێت . چونکە ناکرێت دەسەڵاتی دیکتاتۆریانەی سەرمایەداری هەبێت ، بۆ لەناوچونی ، پێویستمان بە دەسەڵاتی دیکتاتۆریانەی پرۆلیتاریا نەبێت . لە بەینبردنی هەموو ئاسەوارەکانی سەرمایەداری بێجگە ئەم دەسەڵاتە ئیمکانی جێبە جێ کردنی زۆر کەم شانس دەبێت . ئەوە دیدو هزرەی داواکاری دیموکراسی پرۆلیتاریا بێت ، بە دیموکراسی بۆرژوازی لە قەڵەم بدرێت ، هیچ ناگەیەنێت بێجگە لە هاوتا بوونی ئەو بڕواو هزرە و بۆچوونی کۆمۆنیزمی کرێکاری لەگەڵ تێزی ئانارشیستەکان لەمەڕ پرسی دیموکراسی پرۆلیتاریا . ئەو بەیان کردنانەی کە گروپی خەباتی پرۆلیتاریا لە گۆڤاری (خەباتی پرۆلیتاریا) دا لەسەر دیموکراسی داویانە بە دەستەوەو هەردوو جۆرە جیاکەی چینە جیاوازەکان بە دیموکراسی سەرمایەداری و دەسەڵاتی سەرمایەداری لە قەڵەم دانیان ، بێجگە لەوەی کە لەگەڵ ئانارشیزمدا هاوتا و لە کانیاوی باکۆنیزم و برۆدۆنیزمەوە سەرچاوەیان هەڵگرتووەو لەگەڵ بۆچوونی منصوری حیکمەتدا هاوڕان .

ئەو جیاکردنەوەیەی کە دەکرێت لە نێوان ناوەڕۆکی بڕیارەکان و دیموکراسی و دەسەڵاتی سەرمایەداری ئەوە دەگەیەنێت کە دیموکراسی هەڵبژاردن جیادەکاتەوە لەو ناوەندەی کە تیایدا هەڵبژیراوە . ووردەبۆرژوازی ووڵاتانی سێیەم لە وەڵامی پرسیاری (چوارەم)دا دەڵێت {دیموکراسی قاڵبێکی حقوقی یە بۆ پرۆسەی بڕیاردان، نەک شێوە (نمط) و معیارێک بۆ ناوەڕۆکی خودی بڕیارەکان . ل١٣ (منصوری حیکمەت ،دیموکراسی: لەنێوان دەربڕین و ڕاستی دا) }. حقوقی بوونی ئەو بڕیارانە ، لەو دیموکراسییەدا ئەوەیە بتوانێت ئەو نوێنەرە هەڵبژێرێت کە لە ناوەندی حیزبێکی دەسەڵاتدار یان ئۆپۆزسیۆن خۆی هەڵبژاردووەو کەمپینێکی پڕوپاگەندەیی بۆ هەڵخرێنراوە ، بە هەر چوار پەل سەمای بۆ دەکات ، ئەو کاتە دیموکراسەیەتی هەڵبژاردن و هەڵبژاردن، فۆرمێکی حقوقییە لەگەڵیدا . ناوەڕۆکی بڕیارەکانیش دەربڕی خواستی دیموکراسییەکەیەتی ، واتە لە یەکتر جیا نین . ئەو تێڕوانینەی کە پێیوایە شکڵی و ناوەوەی هەر قانون و قەرارێک لێک جیایە ، تەنها دیدێکی هەڵێنجاوی میتافیزیکە . هەر چۆنێک دەست بەرێت، بۆ بێ ماف کردنی مرۆڤ و دژ بە ئازادی خوازی بێت ، مافی دیموکراسییەکەی ، دژ بە هەموو ئەو مافانە یە . واتە ئەوەندە پێویستی و ئیشی (کاری) بە جەماوەری خەڵک هەیە ، تەنها دەنگ بەم سەرۆک حیزب یان ئەو سەرۆک خێڵ بدەن و لەو لاشەوە تەختی پاشایەتی ، پیرۆزو بەڕێز ڕاگرن و پاپایەک بۆیان تێ بکەوێت و نوێژیان بۆ بکات تا بتوانێت ئاشتیەکی جیهانی دروست بکات . بێجگە لە فرت و فێڵەکانی سەرمایەداری نەبێت بۆ داگیر کردنی ئاوەز و فیکری ئینسان وقەتیس کردنی داخوازییەکانیان لە چوارچێوەی ڕەحم و بەزەییەکانی یەزداندا ، وا بگەیەنێت کە پەرلەمانتارەکان و دیموکراسییەکەیان دڵیان نەرم و بەبەزەیین ، هیچ نین بێجگە لە دەستەمۆکردنی کرێکاران و لادانیان لە ڕەووتی مێژوویی و شۆڕشگێڕانەیان .

بۆرژوازی و ووردەبۆرژوازی لیبراڵ ، بە دەست هێنانەکانی ئازادی و یەکسانی دەخاتە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتی دیموکراسییانەی پرۆلیتاریا . کەواتە ئەو سیاسەتە پڕوپاگەندەییە کە لەگەڵ بەرژوەندییەکانی سەرمایەداریدا بۆ هەڵژاردنەکان و نوێنەرەکانیان بەگەڕدەخرێت ، تەواوکەری یەکترین و لێک جیاواز نین . 

سۆشیال لیبراڵەکان ، لە بەشێک لە وەڵامی پرسیاری (نۆ)دا دەبێژن { بە تێڕوانینی من ، مەرجی پێویستی ئازادی ، شۆڕش کردنە دژی ژێر دەستەی چینایەتی و چەوساندنەوەی چینایەتی، کۆمەڵگای نایەکسان . کۆمەڵگایەک کە نایەکسانی وەک سیفەتێکی بنەڕەتی خۆی هەمیشە بەرهەم دێنێتەوە، ناتوانێت جێگەی ئازادی و ئیرادەی ئینسان بێت . دیموکراتی لیبراڵی و ڕژێمی پەرلەمانی، بە هەر مەفهومێکی ئازادیشەوە کە پاڵ پشتی فیکری بێت، نیزامێکی سیاسی یە بۆ ڕێکخستنی ئەم کۆمەڵگایە و بۆ هەڵاواردنێک کە بنەماکەی پێک دێنێت . ل ٢٧ (منصوری حیکمەت، دیموکراسی: لەنێوان دەربڕین و ڕاستی دا) }. ئەم بۆچوونەی سەرەوە ئەوە ڕادەگەیەنێت کە دەسەڵاتی دیموکراسی پرۆلیتاریا و دیموکراسی دەسەڵاتی بۆرژوازی یەکسان دەبن ، ئەیەوێت لەو ڕێگەیەوە دژی ئاڕاستەی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا هەڵوێست بگرێت و ئەو ئاڕاستەیە پوچەڵ بکاتەوە . کە دەڵێیت کۆمەڵگای نا یەکسان ، کۆمەڵگایەک کە پەیوەندی نایەکسانی وەک سیفەتێکی بنەڕەتی خۆی هەمیشە بەرهەم دێنێتەوە ، ناتوانێت جێگەی ئازادی و ئیرادەی مرۆڤەکان بێت . واتە لە ڕێگەی ئەم دەستەواژەیەوە دەیەوێت بڵێت کە شۆڕش دەبێت ڕاستەوخۆ کۆمەڵگای سەرمایەداری بۆ سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم بگوێزرێتەوە . لە بنەڕەتەوە ئەم بۆچوونە بۆچوونی ئانارشیستەکانە . واتە ناکرێت سۆسیالیزم و کۆمۆنیزم بە دەست بێت و دیکاتۆریەتی پرۆلیتاریا دەسەڵاتی خۆی کە پێویستی کرد ، پراکتیکی نەکات . شۆڕش کردن و کردەکانی زۆرترین کات لە شوێنە جیاوازەکان ، بەتەنها ناتوانێت سەرمایەداری لە ناوببات ، ئەگەر پرۆلیتاریا دەسەڵاتی بەدەستەوەنەگرێت . لەبەرئەوەی سەرمایەداران دوای شۆڕشیش کۆتایی تەواوەتیان نەهاتووە ، کون و کەلەبەرو ڕێگا بۆ خۆیان دەدۆزنەوەو دەردەچن و جەماوەرێک بەدوای خۆیاندا هەڵدەخڕێنن کە بەرژەوەندیان بەیەکەوە هەیە ، بۆیان بکرێت کۆسپ لە بەردەم دامەزراندنی سۆسیالیزم و کۆمۆنیزمدا دروست دەکەن .

شۆڕش مانایەکی فراوانتری لە ڕیفۆرم و گۆڕینی دەموچاو هەیە ، چونکە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریایە تەواوکەری ناوەڕۆکی شۆڕش و گۆڕانی بنەڕەتی سیستەمی سەرمایەداریە ، بەدەست هێنەری ئامانجی دووری مێژوویی مرۆڤایەتیە . نەوەک بە دابڕاوی باس بکرێت و لەو ڕێگەوە دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا بخرێتە ژێر لێوەوەو دیماگۆجیانە ڕەت بکرێتەوە و یەکسان بکرێت بە دەسەڵاتی دیموکراسی سەرمایەداری . 

جیاکردنەوەی ناوەڕۆکی دیموکراسی و دەوڵەتی سەرمایەداری ، بەشێکی قسەو باسەکانی چەپی لیبراڵی گرتووەەتەوەو لە وەڵامی پرسیاری (یازدە)دا دەڵێن { دیموکراسی مەفهومێکە پەیوەندە بە شەرعیەت پێدانی دەوڵەتەوە، نەک بە جێگیر بوون وە یان دیاری کردنی شەخسیەتی سیاسی دەوڵەتەوە، دەوڵەتی دیموکراتیک دەوڵەتێکە کە مەشروعییەت و قانونی یەتەکەی لە دەنگ دانی خەڵکەوە وەردەگرێت ، بەڵام خودی ووجودی دەوڵەت دەسەڵاتەکەی، ئەو بەرژەوەندی یانەی کە بە شوێنیانەوەیەو ئەو چینەی کە دەوڵەتی لە دەست دایە لە ڕێگەی دەنگ دان و پەرلەمانەوە دیاری ناکرێت و لە ڕێگەی پەرلەمانەوە نا پارێزرێن ئەمانە ئیتر لە دەرەوەی پرۆسەی دیموکراتیک و لە جەرگەی خەباتی چینایەتی بەرین ترو بە وەسائلی جیاوازەوە ئەنجام دەدرێن. ل٣٠ (منصوری حیکمەت ،دیموکراسی: لە نێوان دەربڕین و ڕاستی دا) }. ئەم لێکدانەوەیە لە لێکدانەوەکانی ووردە بۆرژوازییەوە هەڵئەینجێ . واتە وا تێدەگات لە دەسەڵات و دیموکراسی سەرمایەداران ، دوو شتی لێک جیان و لەگەڵ یەکدا ناکۆکن . هەر دەسەڵاتێک دەربڕی دیموکراسی چینایەتی خۆیەتی ، واتە شەخسیەتی کۆمەڵگای ئێستا لە تێگەشتن و هزری دەسەڵاتدارانەوە بۆ دەوڵەت دیاری دەکرێت ، وە کەسایەتی سیاسی دەوڵەت ، شەرعیەتدانی دەوڵەتە بە دیموکراسییەکەی خۆی . واتە نە دەسەڵاتی سەرمایەداری تێگەشتن و دیدێکە و نە دیموکراسییەکەشی جیایە لێی . واتە ئەو ناوەندیتییەی کە بۆرژوازی سەرمایەداران ، لە پەرلەمان و لیژنەکانیاندا هەیانە ، هەمان ئەو پەیوەندییە دیاری دەکات ، کە لە چوارچێوەی پەیوەندییە ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی دەسەڵاتیدا هەیەتی . هەروەها ئەو دەوڵەتانەی کە شەرعیەت و قانوونییەتەکەی کە لە دەنگدانی خەڵکەوە وەردەگرێت ، یان خەڵک دەنگ نادات ، ناگاتە ئەوەی کە دەوڵەتی دیموکراتیکی بۆرژوازی پارێزگاری لە چەوساندنەوەی کرێکاران ناکات . بەڵکو هەموو دەسەڵاتدارێتی سەرمایەداری سەرچاوەی پێشێل کردنی ڕاستەوخۆی مافی کرێکارانە . بەڵام دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریا کە پێویستی مێژوویی خۆی هەیەو دەسەڵاتەکەی لە دیموکراسی پرۆلیتاریاوە سەرچاوەی گرتووە . بۆ کرێکارانی هۆشیارو کۆمۆنیست ، ئەو دەسەڵاتە لە چوارچێوەی پەرلەمانەکاندا خۆی نابینێتەوە . بەڵکو ناوەندی هەڵبژێردراوی شورایی و دەسەڵاتی شوراییە کە چینی کرێکار پەیڕەوی لێدەکات . کەواتە خەڵک بە مانا گشتییەکەی سەرچاوەی دەسەڵاتی شورایی نابن ، بەڵکو چینی کرێکار لەم دەسەڵاتە بەهرەمەندە و ناوەندی دیموکراتی ئەو دەسەڵاتە دەگەیەنێت . شوراکان هەڵبژاردنی گشتی و ئاشکرای کرێکاران ، کەسایەتی ئەم دەسەڵاتە دەست نیشان دەکات کە دیموکراتیکترین دەسەڵاتە . چونکە زۆرینەی کۆمەڵگا پێک دەهێنن و لە پێناو ئازادی و یەکسانیدا هەوڵ دەدەن و دروستی دەکەن .

دەروێشەکانی بۆرژوازی لە وەڵامی پرسیارێکی دا دەڵێت { ئەگەریش بمانهەوێ بە زمانی دیموکراسی و بە پێوانەی دیموکراسی قسە بکەین دەبێ بڵێین بە پێچەوانەی ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسی لیبرالیزم، شۆڕش و ڕاپەڕین ((دیموکراتیک)) ترین کارەکە دەتوانێ سەربگرێ . ل٤٤-٤٥ (عبداللەی مهتدی ،سۆشیالیزم و پەرلەمەنتاریزم)}. ئەوەی کە ووردە بۆرژوازی دەستی داوەتێ لەشی کردنەوەکانی سەرەوەدا ، تەنها بە ئاوەز و فکری ئەواندا دێت کە جارێک پێوانە بە دیموکراسی بکرێت و جارێکی تر ڕەخنەی لێ بگیرێت . لە ڕوویێکیدا دەیەوێت بڵێت هەموو دیموکراسییەکان یەکن و جارێکی تریش بڵێت دیموکراسی لە لیبرالیزم جیایەو زۆر دژ بە یەکن . هەروەک چۆن لە پێشەوە منصوری حیکمەتیش هەمان دیدو بۆچونی پرۆسیس دەکرد . هەموو دیموکراسییەکان بێجگە لە دیموکراسی پرۆلیتاریا ، یەک مانای سەرمایەداری دەگەیەنن . تێکەولێکەیەک کە لە پۆلێن کردنی دیموکراتییەکانی بۆرژوازی لە لایەن منصوری حیکمەت و عبداللەی مهتدی یەوە دەخرێنە ڕوو و دەردەبڕێن...

لەلای بۆرژوازی و دیموکراسی بورژوازی ، نە شۆڕش و ڕاپەرین دیموکراتیکترین کردارەو نە چینی کرێکاریش شۆڕشگێڕ دەبێت . بەڵکو لە لای سەرمایەداران، کرێکاران، ئاژاوە گێڕو تێکدەرن . لە سەردەمی سەرمایەداراندا بۆرژوازی شۆڕش گێڕ نیە . سیفەت و ناونیشانی شۆڕش گێڕبوونیش بۆیان شتێکی زۆر بێ مانا و بێ ناوەڕۆکە . لە ئێستای سیستەمی سەرمایەداریدا ، شۆڕشگێڕترین کار و چین تەنها لە ئەستۆی کرێکاراندایەو هەر ئەوانن دەتوانن گۆڕانی کۆمەڵایەتی لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و ئابوری سەرمایەداریدا بە دەست بهێنن و دنیای ئازادو یەکسان پێک بێت . هەموو ئەو وێنە کردنانەی ووردە بۆرژوازی بۆ سەر لێتێکدانی کریکارانەو هێشتنەوەی دەسەڵاتی سەرمایەداری یە بە ناوی دیموکراتیکترین هەلومەرج . 

ئەو پێشڕەفتانەی کە بەرگری کارانی بۆرژوازی و سیستەمەکانیان لە پەرلەمانەکانی بۆرژوازی دەیبینێت و دڵی پێ خۆش دەکات ، خراپیەکانی پەرلەمان و دەسەڵاتەکەیان دەخاتە ژێر پەردەی سیاسی و دیماگۆجیانە باسیان لێ دەکات و لە وەڵامی پرسیارێکدا دەڵێت { هیچ گومان لەوەدا نی یە کە دیموکراسی بۆرژوازی بە پەرلەمانەکەیەوە پێشڕەفتێکی گەورەیە لە چاو ستەمکاری و سەرەڕۆیی سەدەکانی ناوەڕاست، تەوەقوع و چاوەڕوانی بەشەرو ئەڵقەی داخوازەکانی بەرینتر دەکاتەوە، سیستەمی باب مەزنی و ئاغا فەرمایی کە تێیدا ئینسانەکان خۆیان بە ڕەعیەت و پیاوی حکومەت و دەسەڵاتداران دەزانن و هیچ شتێک بە مافی خۆیان نازانن و کۆمەڵ بەم پێ یە دابەش کراوە ، لەناو دەچێ و بە جێگای ئەوە هاووڵاتی دیتە کایەوە کە کەسێکە لە باری قانونی یەوەو بە ڕواڵەتیش بێ خاوەنی مافی بەرابەرە . ل٥١ (عبداللەی مهتدی، سۆسیالیزم وپەرلەمەنتاریزم)}. ووردە بۆرژوازی دڵی بە کام پێشڕەفتییەی سەرمایەداری خۆشەو چ سەرەڕۆیییەک لە ناو چووەو دەسەڵاتی یەکسان و ئازادی ئینسان پێکهاتووە.. پێشڕەفتەکانی ئەم سەردەمەی سەرمایەداری ، لە تاقیگەکانیان دایە کە بەدەمانچەی حقنە ، ڤایرۆسی ئیبۆلا ئەخەنە گیانی گوند نیشینەکانی ئەفەریقاوە و ڕووی خەتەرناکی ئەم ڤایرۆسە لەسەر گیانی ئەم ئینسانانە تاقی دەکرێتەوەو توانای کوژەری ئەم ڤایرۆسە دەست نیشان دەکەن ، وە پێشانی ئینسانی سەر زەوی دەدەن، کە دەست بەسەراگرتن و بەرەڵاکردنی لە دەستی ئەواندا دەبێت و دەیکەنە سەرچاوەی داهاتی کارگەکانی دەرمان لەووڵاتەکانی خۆیان . 

هەروەها نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندە و بەتووش بوونی دەبێتە هۆی لە ناوبردنی مرۆڤ . واتە ئەم نەخۆشییانەی هی سروشت نییە و لە ڕێگەی پیتاندنیان لە تاقیگەکانیاندا دروستی دەکەن و بە دیاری بۆ ئینسانی سەر زەوی دەهێنن . هەروەها ستەمی ئەمڕۆکەی سەرمایەداری، ستەمی کاری بەکرێیە بۆ ئینسانی کرێکارو بێ ماف کردنیانە لە ژیانێکی شایستەی ئینسان . لە پێشەوەدا باسی زۆرمان لەسەر کردووە . کام ستەم لەو ستەمانە گەورەترن کە لە دوو جەنگی جیهانی و جەنگە کۆنە پەرستانەکانیان بە ملیۆنەها مرۆف بووەتە سووتەمەنی ئەم سیستەمەو بۆ کەڵەکە بوونی سەرمایەیان ئەخوڵقێنن . ئەوەی کە لە جەنگی کەنداودا ڕووی داو زیاتر لە سێ سەد هەزار ئینسان بوونە قوربانی تاقی کردنەوەی توانا تەکنەلۆجیە سەربازیەکانی ئەو ووڵاتانە ، ململانێییەکانی نێوان خۆیان لەسەر حیسابی گۆشت و ئیسقانی کرێکاران جێبەجێ و یەکلایی دەکەنەوە . واتە ئەو سەرەڕۆییانەی کە لەم سەردەمەدا دەکرێت هیچی کەمترنییە لەو سەرەڕۆیییانەی لە سەردەمی باب سالاری و کۆیلەداری و دەرەبەگایەتیدا کراون ، بگرە زۆر خراپتر و تووندوتیژترە لە سەردەم و فرماسیێۆنە کۆمەڵایەتیەکانی تری ڕابردوو . برسێتی و بێ خانەو لانەیی بەشێکی زۆری ئینسان لە جیهاندا ، هاوتای شێوازی بەرهەمهێنانی کاری بە کرێ و سەرمایەیە .

واتە بێکار کردن و نەبوونی مافی ژنان و ئیهانە بە ژیان و حورمەتی مرۆڤانەیان و بەکاڵاکردنیان سیمای ناسینەوەی سیستەمی سەرمایەداریە . لە کام جێگای ئەم سیستەمەدا ، ئینسانەکان خاوەنی مافی یەکسان و ئازادن !؟ ئەوەی هەوادارانی بۆرژوازی وەکو عبداللەی مهتدی لەم پەرەگراڤەدا باسی لێوە کردووە ، بە هەزارو یەک بەهانەی ووردە بۆرژوازییانەوە شەرعیەتدانی تەواوەتییە بە سەرمایەداری و دیموکراسییەکەی . دەسەڵاتی سەرمایەداری لەبەرچاوی کرێکاران ڕووسورو بە دیموکراتیکترین کردار لەگەڵ سەردەمەکانی پێشوودا باسی لێوە بکات . بۆ کۆمۆنیستەکان بێ ئیعتبار کردنی ئەم تێڕوانینانەو دەسەڵاتی دیموکراسی سەرمایەداری ئەرکیانە . هەروەها پێشڕەفتی لە لای کۆمۆنیستەکان ، بە دەست هێنان و جێبەجێ کردنی دیکتاتۆریەتی پرۆلیتاریایە لە پێناو ئازادی و یەکسانیدا . ئەو لێکدانەوانەی کە لە سەردەمی باب مەزنی و ئاغا فەرمایی دەکرێن و تیایدا مرۆڤەکان خۆیان بە ڕەعیەت و پیاوی حکومەت و دەسەڵاتداران دەزانن و لە بەرامبەردا دیموکراسی سەرمایەداراندا بە جیاواز و دوور لە سەرەڕۆیی دەزانرێت . لە لایەن ووردە بۆرژوازییەوە پاساودانێکی زۆر بێ ماناو پووچە بۆ باشتر ڕاگرتنی دەسەڵاتی سەرمایەداران . هەروەها بەبۆچونی هەوادارانی بۆرژوازی وەکو عبداللەی مهتدی بەهاووڵاتی بوونی ئینسانەکان پێشڕەفتێکی گەورەیە . هاووڵاتی لە نیزامی سەرمایەداریدا وون کردنی ناونیشانی کرێکارانە لە شۆڕش و بزووتنەوە جیهانیەکانیاندا و پابەندو پەیوەستکردنیانە بەچوارچێوەیەکی جوگرافی سیاسی دیاریکراوەوە . واتە کاتێک بڕیاری سەرۆکایەتی لە دەیەی هەشتاکانی سەدەی بیست لە عێراقدا ، لەسەر بە فەرمانبەرکردنی کرێکاران دەدرێت لە جەنگی ئێران عێراقدا ، بۆ سڕینەوەی ناوی کرێکار بوو لە خەبات و شۆڕشیانداو بێجگە لەوەی کە هەندێک لە ئیمتیازو علاوەیان لێ بڕاو کران بە گەرووی جەنگ و سەرمایەداراندا ، لەهەمان کاتدا لێسەندنەوەی ڕۆڵی شۆڕشگێڕی ئەو چینەیە لەشۆڕشی چینایەتی مێژوویاندا . لە ئێرانی ئیسلامیدا جیاوازی مەزهەبی شیعەو سونی دەکرێتە کێشەو ململانێی کرێکاران و کرێکاران وەک چین و بزووتنەوەکەیان لە چوارچێوەی ئەم مەزهەن و ئەو مەزهەبەدا لە مەنگەنە ئەدەن . ووردە بۆرژوازی ڕووکاری شتەکان لە کرۆکی بابەتیانەی شتەکان جیا دەکەنەوەو لێکدانەوەیەکی ڕیاکارانە بۆ سەرمایەداران دەدەن بە دەستەوە .

 

  • 1