ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هێشتا کاتى دروێنە نەهاتبوو چەند کاربەدەستێکى بوارى کشتوکاڵ، دوو سێ جار ڕایان گەیاند؛ کە ئەمساڵ عێراق بە پێى پێویست بەرهەمى دانەوێڵەى دەبێ و پێویستى بە کڕینى گەنم نابێ .

ئەم ڕاگەیاندنە، مەبەستى بەدواوە بووبێ یان نا یەکسەر لەلایەن ئەو دەڵاڵ و کۆمپانیا و دەزگایانەوە کە مامەڵەى کڕینى گەنمیان بە دەست بوو وەکو وریاکردنەوەیەک (ئینزار)ێک قۆزرایەوە. وەک پێیان گوترابێ ئیتر ئەو نانەتان بڕا !! 

لێرەوە بە دوورى نازانم کە دەستێکى تایبەتى ئەو جۆرە کەس و دەست و پێوەندى لایەنى ناوخۆ و لایەنى دەرەکى تێدایە، بۆ ئەوەى عێراق هەر موحتاج بێ و گەنم لە دەرەوە بکڕێ و دەستکەوتى ئەمانەش بەردەوام بێ!! ئەمە بۆچوونێکە. بۆچوونى دووەم کێشە نەتەوایەتییەکەیە، بەعەرەبکردنى ناوچە کێشە لەسەرەکان واتە: هەوڵێکە بۆ دەرکردنى کورد لەو شوێنانە و دواتر هێنانى عەرەب بۆ شوێنەکانیان، چونکە بەشى زۆرى ئەو ناوچانەى ئاگریان تێبەردراوە ناوچە کوردنشینەکانە !!

بۆچوونى سێیەم؛ مەفرەزەکانى داعشە کە لەو ناوچانە (سەلاحەدین، مووسڵ و دیالە) جموجۆڵیان پەیداکردووە. ئەوانیش کورد واتەنى بە تیرێک دوو نیشان دەشکێنن. خەڵکەکە هەژار و برسى دەکەن. کورد و عەرەبیش بەشەڕ دەدەن! زەمینەى لە باریش بۆخۆیان زامن دەکەن! لایەنە پەیوەندیدارەکان بڵاویان کردەوە کە لە ماوەى یەک مانگدا (280) ئاگر بەردراوەتە دەغڵودانى هاووڵاتییان و زیاد لە 30 هەزار دۆنم گەنم سووتێنراوە !!

بەڵام سەیر لەوەدایە تا ئێستا نە پۆلیس نە ئاسایش نە ئیستخباراتى سوپا چ لە عێراق و چ لە هەرێم شتێکیان نەدرکاندووە ئاخۆ هۆکارى ئەم هێڕشە ڕێکخراوە چییە و کێى لە دواوەیە؟! باشە نەتوانرا چەند کەسێک دەستگیر بکەن، لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکەن تا کورد واتەنى ((سەرە گوریسێکیان دەست بکەوێ)) ؟

ڕاستە لە چەند شوێنێک بەرگری شارستانی (الدفاع المدنى) توانیویەتى زیانەکە کەم بکاتەوە، هەرچەندە ئەمیش درەنگ فریاکەوت .

بەهەرحاڵ وەک پێشینان گوتویانە؛ ((ئەم دوکەڵە بێ ئاگر نییە))، بۆیە پێویستە ئەو ئاگرە بدۆزرێتەوە، چونکە بێگومان ئەم جۆرە ڕووداوانە بۆ ئەوەى هەرگیز عێراق ئارام نەبێ هەر بەردەوام دەبێ، هەر جارەى بە شێوەیەکى جیاواز. بەتایبەتى چونکە ئەم وڵاتە کەوتۆتە ناوچەیەکى پڕ لە ئاشووب و بارگرژى و ناکۆکەوە و لە بارودۆخێکى پڕ لە مەترسیدایە لە هەردوو بوارى سیاسى و ئابووریدا .


  • 1