ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

قسەیەک دەڵێ (کوردەکان ئەگەر لەنێوان خۆیاندا کێشەیان نەبێ، کەس ناتوانێ کێشەیان بۆ دروست بکات)، ئەمە سەلمێنەرى ئەوەیە کە کورد خۆى زەمینەى سازکردووە بۆ نەیارەکانى، تاکو یەک نەگرێت لەیەک قەوارەدا، بۆنموونە دواى ململانێیەکى زۆر لەنێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق، هەروەها لەنێوان یەکێتى و پارتى بەفیتى دەوڵەتە ئیقلیمییەکان، سەرەنجام هەرێمى کوردستان ئەو پرۆسەیەى لە کەشێکى زۆر دیپلۆماسییانەدا شانۆیەکى پێشکەش کرد کە دەتوانێ ببێتە خاوەن سەرۆکایەتى بۆ دوو زۆن و دوو هەرێمى ڕانەگەیەندنراو، چونکە هێشتا ئەو سەرۆکایەتییە نییە کە بتوانێ کوردەکان یەک بخات و بیانکات بەیەک کورد، چونکە هێشتا دیاردەى دوو زۆنى و دوو قەڵەمڕەوى ماوە کە ئەمە پێشتریش هەروابوو، بۆیە تەنیا شتێکى کردبێ، ئەوەیە کە نەیهێشت بەفەرمى ببێتە دوو هەرێم، یان دوو ئیدارەى شەرعى و یاسایى، چونکە هێشتا ئەو سیقەیە نەگەڕاوەتەوە بۆ یەکێتى و پارتى، تاکو کێشەى کورد لەهەموو ناوچەکانى دیکە بە کێشەى هاوبەش بزانن.

ئەوەى کە هەموو لایەکى ڕازى کردبوو بۆ بەرپاکردنى ئەو مەراسیمە بە بەشدارى هەموو حزبێکى سیاسى و ڕێکخراو و سەندیکا و قونسوڵى دەوڵەتان و وایکرد دنیا سەرسام بکات لەبارى ئەتەکتێت و دیپلۆماسییەوە، تەنیا شتێک بوو وەکو فۆرم نەک جەوهەرى بابەتى کوردى وەکو نەتەوە، ئەویش ڕازیکردنى لایەنەکان بوو بەوەى هەر کەس پشکى خۆى هەبێت لەمانەوەى ئەم هەرێمە بەهەڵواسراوى بەهەموو کێشەکانییەوە، چونکە ئەوەى لەکۆنەوە گرێى بۆ ئەو دوو هێزە سیاسییە دروست کردبوو، پۆست و زیندووکردنەوەى دەزگا شەرعییەکان نەبوو وەکو ئامانجى سەرەکى، بەقەد ئەوەى دابەشکردنەوەى جوگرافیاى هەرێمى کوردستان بوو لەڕووى ئابوورییەوە، بەوپێیەى ژیانى ئەو دوو حزبە وەکو ساڵى نەوەدەکان نییە، چونکە لەدواى ساڵى 2003ەوە یەکێتى لە سنوورى پارتى وەبەرهێنان دەکات و پارتیش لە سنوورى قەڵەمڕەوى یەکێتى وەبەرهێنان دەکات، ئەگەر ئەمە نەکرابایە، بەرژەوەندى هەردوولا دەکەوتە مەترسییەوە، ئێران و ئەمریکاش ئەمەیان بەباش دەزانى، بۆیە بەناڕاستەوخۆ فشاریان لەهەریەک لە حکوومەتى عێڕاق و شیعەکان و یەکێتى کرد، تاکو دان بەو دۆخەدا بنێن بەکێشەى جیاوازەوە. 

ئێمە وەختێک دەبێ شانازى بە سەرۆکایەتى هەرێمێک و حکوومەتێکەوە بکەین، ئەگەر ئەمریکا و تورکیا و ئێران زەمینە بۆ یەکگرتنەوەى هەرێمى کوردستان هەبێت تاکو ببێت بە دەوڵەت، یان لەئاستى ناوخۆییدا هەردوولا بگەنە ئەو قەناعەتەى ژیانى سیاسى نابێت لە تموحى سیاسى و ئابوورى ئەو دوو حزبە کۆبکرێتەوە و خەڵک هۆشیاربێتەوە لە بەشداریکردنى سیاسەت، هەربۆیە هەریەک لەو دوو حزبە خەریکى زیندووکردنەوەى خێڵ و بنەماڵە و گرووپی جیاوازن، ئەمەش بەشێکە لە دروستکردنى قەوارەى کۆمەڵایەتى لەپێناو پتەوکردنى قەوارەى سیاسى حزب، ئەگەرنا چۆن دەبێ حزبێک بڕواى بە دیموکراسى و سۆسیال دیموکراتى هەبێت، کەچى نەریتى کۆن زیندوو بکاتەوە و چەک و تەقەمەنى بەسەر خێڵ و عەشیرەتەکان دابەش بکات، هەر خودى ئەو جوڵەیە، ماناى وایە هەریەک لەماڵى خۆى ساحێب ماڵە، چونکە بڕوایان بە کێشەى جیاواز هەیە، بەتایبەتى لەئاستى بەشداریکردن لەگەڵ حکوومەتى عێڕاقى، هەروەها بۆ ناوچە کوردستانییەکان کە بەمادەى 140ى سڕکراو ناسراوە، هەربۆیە هەرێمى کوردستان پەرلەمانى هەیە، بەڵام ناتوانێ ببێتە خاوەن دەستوور، یان بنبڕکردنى کێشە ڕیشەییەکان کە کەس نەتوانێ بڵێ کێشەى کوردستان، کێشەى کوردەکانە. 

  • 1