ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

هەموو ساڵێک لە ٢٣ی حوزەیراندا یادى لەسێدارەدانى کۆمەڵێک کەسایەتى ناسراو و دڵسۆزى کەرکووک دەکرێتەوە کە بە دەستى کۆدێتاچییەکانى ٨ی شوباتی ١٩٦٣ ئەنجامدرا. ئەم یادەوەرییە لەلایەن کەسانى نیشتمانپەروەر و ئازادیخواز و پێشکەوتووخواز و بەسەرپەرشتى و بەشدارى شیوعییەکان و لایەنگرەکانییان بەڕێوەدەچێت، ساڵێک یادکردنەوە کە بەسەردان بۆ سەر مەزارگەى ئەو شەهیدانە و ساڵێکیش بە کۆڕ و وتار خوێندنەوەى حزب و لایەنە سیاسییەکان و دەزگاکانى حکوومەت و پێشکەشکردنى پەخشان و شیعر خوێندنەوە، لەو کۆڕ و مەراسیمانەدا هەر لایەک چۆنیەتى ڕووداوەکە و ژیاننامەى ئەو شەهیدانە دەخاتە ڕوو و گفتوگۆی لەسەر دەکات.

-کەم کەس و لایەن هەیە لەکەرکووکدا ناوبانگى ئەو کەسایەتییانەی نەناسیبێ کە چەند دڵسۆزبوون بۆ گەل و نیشتمان، ئەوانیش سمبولى برایەتى کورد و عەرەب و تورکمان و کلد و ئاشور و ئەرمەن و سابیئەى مەندائى بوون. ئەو ئینسانە مەزنانە دژى شۆڤینیەت و دەمارگیرى نەتەوەیى و مەزهەبى بوون. ئەوان دژى ئەو ئینسانانە بوون کە دەیانویست ئارامى و ئاسایشى شارەکە تێکبدەن.

بەڵى لەساڵیادى شۆڕشى ١٤ی تەمووزدا و بەبۆنەى ساڵێک بە سەر سەرکەوتنى ئەو شۆڕشەدا حکوومەت بریارى دا بە فەرمى ئەو یادە بکرێتەوە و خۆپیشاندان و پشتگیرى و ئاهەنگ گێڕان لە کەرکووک بکرێت. لیژنەى بەڕێوەبردنى دامەزراند لە کەسانى بەرپرس لە حکوومەت، بەڵام بەداخەوە دوژمنانى شۆڕشى ١٤ی تەمووز ئەو هەلەیان قۆستەوە و کێشەیان دروستکرد و ئەنجامەکەشى زەرەر و زیانێکى گەورە بە خەڵکى شارەکە کەوت و دواتریش کۆمەڵێک کەسى تێدا کوژرا و کەسانى تریش ڕاپێچى زیندانەکان کران و ئاکامەکەشى لەسێدارەدانى پیاوە تیکۆشەر و مەزنەکانى ئەو شارە کە ٢٨ کەس بوون و لەڕۆژى ١٩٦٣/٦/٢٣ جێبەجێکرا. 

ئەمانەى لەسێدارەدران کەسانێکى بێتاوان بوون بەپێى ئەو بەڵگەنامانەى کە لەڕاپۆرتى لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە و بەپێى ڕاپۆرتەکانى پارێزەران کە چۆن ئیفادەى شایەدانەى بەدرۆ دەخستەوە کە شایەتى ناحەقیان بەرانبەر گیراوەکان دەدا بۆ ئەوەى تاوانباریان بکەن. نووسینەکانى کۆمەڵێ نووسەرى بێلایەن باشترین بەڵگەن کە ئەو تێکۆشەرانە لە دوور و نزیک ئاگادارنەبوونە لەو کارە نەگریسانەى کە ئەنجامدراوە، بەڵام سەرەڕاى ئەو ڕاستییانە ڕژێمى شۆڤینى بڕیارى لە سێدارەدانەکەى جێبەجێ کرد.

هەر دادوەرێک یان هەر کەسێک لێکوڵینەوە لەوەسیتنامەکانى ئەو شەهیدانەدا بکات ئەوا بەرائەت و نەزاهەت و پاکى ئەوان بەڕوونى دەردەکەوێت. بەڵێ ئەوانە تاکیدیان لە پاکى و بێتاوانی خۆیان دەکردەوە و داوایان دەکرد کەسوکارییان دڵتەنگ نەبن و بەوەفابن بۆ ڕێبازەکەیان و خۆڕاگربن و بەردەوام بن لە تێکۆشان تا گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

من نامەوێ لەم نووسینەدا بەدواداچوون و گێڕانەوەى ئەو ڕووداوانە بکەم و هەڵوێستى حزبى شیوعى بخەمە ڕوو، تەنیا مەبەستم ئەوەیە یادى ئەو نەمرانە بکەینەوە کە بەناحەق لە سێدارەدران. بەڵام ناکرێت ئەوە نەزانرێت کە چەندین جار پێش ڕووداوەکە حزبى شیوعى بۆ چەند جارێک مەترسى جموجۆڵى نەیارانى شۆڕشى ١٤ی تەمووزى خستووەتە ڕوو ئاگادارى بەرپرسانى حکوومەتى کردوەتەوە لە مەبەستی تێکدەرەکان.

باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە کۆمیتەى پارێزگاى کەرکووکى حزبى شیوعى لە ٢٢ی ئازارى ١٩٥٩دا دەرکردنى بەیاننامەیەکى بە گرنگ زانى کە تییدا تێکڕاى ئەو جموجۆڵانەى ئاشکراکرد کە لەلایەن کەسانى شۆڤینی و ڕەجعیەتەوە کارى بۆ دەکرا. بەڵام سەرەڕاى ئەو هەموو زانیارییانەى درا بە دەسەڵاتدارانی ئەوکاتە کەچی پیلانى دوژمنان هاتەدى و بەداخەوە زیانێکى گەورە بەر هەموو چین و توێژەکانى کەرکووک کەوت.

ڕۆحیان شاد و یادیان بەخێر

  • 1