ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

یەکەم جارە لە مێژووى درێژخایەنى نەتەوەیى کورد و کوردستاندا میدیا توانیویەتى بەجۆرێک لەجۆرەکان سوود لە ئازادى ڕادەربڕین وەربگرێ بۆ داکۆکى کردن لە خواست و ئامانجە ڕەواکانى. بەر لەم هەلومەرجە بەردەوام میدیاى کوردى لە حاڵەتى بەرخودان و دژایەتى کردنى حکوومەتە نەیارەکاندا بووە. بە پێی جارنامەى مافەکانى مرۆڤ بەندى نۆزدە هەموو مرۆڤێک مافى ئازادى بیروباوەڕ و ئایدیاى خۆى هەیە. مەبەست لە خاوەنداریەتى ئەم مافە ئەوەیە کە هیچ ڕێگری و ئەزیەت و ئازارێک نەبێ لە بەردەم ئازادى بیروباوەردا. دیارە ئازادى ڕادەربڕینیش یەکێکە لە مافە بنەڕەتییەکانى مرۆڤ کە بەشى زۆرى ئەم مافە تەنیا لە ڕێگاى میدیاوە دەستەبەر دەکرێ. هەڵبەت بەکارهێنانى ئازادى رادەربڕین لە میدیادا نابێت بە شێوەى ڕەها و بێ ئامانج بێ! لە وڵاتانى دیموکراسی کە هەوڵدەدرێت بنەماکانى دیموکراسى پەیرەو بکرێت لە ڕوانگەى مامەڵەى تاک وەک هاووڵاتى، مافى بەشدارى سیاسى و پاراستنى بەرژەوەندى گشتى و ئاسایشى نەتەوەیى پاراستنى خاک و تەندروستى هاووڵاتییان لەڕووى کۆمەڵایەتیشەوە. ڕەنگە هەندێ جار ئازادى رادەربڕین تووشى کەموکوڕى بێت، بەڵام بە گشتى ئازادى رادەڕبرین گرەنتى و حەسانەى کۆمەڵگاى دیموکراسییە. بێگومان لە وڵاتانى دیموکرات، میدیا بەر لەوەى کە ڕووبەڕووى رێنمایى و ڕێوشوێنە یاساییەکان ببێتەوە پرەنسیپ و بنەماکانى ئەخلاقى ڕۆژنامەوانى پەیرەو دەکەن، کە ئەمە وادەکات ڕۆژنامەوان و میدیا خۆخوازانە و خۆویستانە بەبێ گوشارى دەرەکى ئەرک و ڕۆڵى ڕاستەقینەى میدیا بەڕێوە بەرێت. یەک لە ئەرکە هەرە گرنگە ئەخلاقییەکانى میدیا پاراستنى ئاشتى و ئارامییە لە نێو کۆمەڵگەى دیموکراتدا، ئەمەش دەگەڕێتەوە سەر کاریگەرى فاکتەرەکانى ترى دیموکراسى کە کەمترین کەلێن و ناتەبایى نەهێڵێت لە نێوان هاووڵاتییاندا، کۆمەڵگاى کوردستان پڕە لە ناکۆکى و ناتەبایى کە ئەمەش بەرهەمى سەدان ساڵ داگیرکارى و سیستەمى ناکارامەى دەسەڵاتداریەتى بووە، لەم بەشەی خاکى کوردستان. دواى نەوەدەکان لە بەر هەلومەرجى ناوخۆیی و نێودەوڵەتى بارودۆخێکى نیمچە ئازاد هاتەکایەوە بۆ میدیاى کوردى، بەڵام بەشێک لە ناکۆکى و ناتەباییە سیاسییەکانى حزبە باڵادەستەکان بوونە بەربەست لە بەردەم پەرەسەندنى تەندروستى رەوشى میدیاى ئازاد و بێلایەن و ڕاستگۆ و ئاشتیخواز. لە هەلومەرجى ئێستادا بەردەوامى ناکۆکى و ناتەبایى سیاسى، کۆمەڵایەتى، ئاینى، ئابوورى و کولتوورى لە میدیادا رەنگى داوەتەوە. لە ڕاستیدا هەر کام لە ئامرازەکانى ڕاگەیاندنى ئێمە (تیڤییەکان، ڕادیۆکان، چاپکراوەکان، ڕۆژنامە ئەلیکترۆنییەکان) بوونەتە گوتەبێژ و زمانحاڵى بەرژەوەندى و لایەنێکى تایبەت، هەر ئەمە وادەکات کە ڕۆڵى ڕاستەقینەى میدیا لە شەڕ و ململانێى ئەم بەرژەوەندییانەدا کەم ڕەنگ بێتەوە و هەندێجاریش بە تەواوەتى بزر بێ، هەروەک لە ماوەى ڕابردوو و ئێستادا دەیبینین. هاووڵاتى و وەرگرى کورد بە تەواوەتى متمانەى بە هیچ کام لە میدیاکان نەماوە لەبەرئەوەى کە ڕۆڵى سەرەکى میدیا ڕاستگۆیى و بێلایەنى و دووربوونە لە چاندنى تۆى ڕق و کین و دووبەرەکى و توندوتیژى نانەوە، کارێکى وا کراوە میزاجى گشتى بەرەو زمانى زبر چووە. لێرەدا دەمەوێ ئاماژە بکەم بۆ ڕۆڵى سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان کە ئەمیش نەیتوانیوە بە شێوەیەک لە شێوەکان میدیا بێنیتەوە سەر هێڵە ڕاستەقینەکانى کارى ڕۆژنامەنووسى (ئەگەر ئەم ڕستەیە وەک ڕەخنە لێمان وەربگیرێ). بۆ چارەسەرى ئەم کێشەیە پێشنیارم وایە کە سەندیکا کاراتر و چالاکانەتر لە تێکهەڵکێشکردنى ئازادى ڕادەربڕین و دیموکراسى و بەکارهێنانى میدیادا هەموو هێز و تواناى خۆى بخاتە گەڕ بۆ پەروەردەکردنى رۆژنامەنووسانى کوردستان بە شێوەیەکى تەندروست و پرۆفیشناڵ و پشت بەستوو بە ئەخلاقى رۆژنامەوانى وەک پیشەیەکى هەرەگرنگ لە کۆمەڵگادا، کە دەتوانێت ڕاى گشتى بەرەو ئاراستەى باش یان خراپ بەرێت، دەتوانێت کۆمەڵگا بەرەو شەڕ یان ئاشتى بەرێت و دەتوانێت کۆمەڵگا بەرەو پێشکەوتن یان دواکەوتن بەرێت. هەڵبەت بێلایەنى ڕۆژنامەوانى دەبێت سەندیکاش بگرێتەوە و سەندیکاش بێلایەنى خۆى بە کردەوە بسەلمێنێت و تاکو بتوانێت ناوبژیوانێکى بێلایەن و باوەڕپێکراو بێت لە نێوان بەرژەوەندییە جیاوازەکانى کۆمەڵگادا. تاکو ئیتر پەنجەى تۆمەتى حزبى بوونى بۆ ڕانەکێشرێ، بۆیە پێویستى بە کۆششى زیاترە.

سەرەنجام ...

تا ئێستا و لە هەلومەرجى ئەمڕۆماندا کە کوردستان ڕووبەڕووى هەندێ کێشمەکێش و ئاڵۆزى سیاسى بۆتەوە، هیچ کام لە میدیاکانمان نەیانتوانیوە ڕۆڵى ڕاستەقینە و پیشەییانەى خۆیان کە بریتییە لە ڕاستگۆیى، بێلایەنى، ئازادیخوازى و ڕەچاوکردنى بەرژەوەندى گشتى و ئاسایشى نەتەوەیى و ئامانجە ڕەواکانى خەڵکى کوردستان و ئاشتیخوازى و دووربوون لە توندوتیژى و... هتد بگێڕن. بۆیە داواکارم هەموو میدیاکاران و ڕۆژنامەنووسان چ ئەندام و چ غەیرە ئەندام لە سەندیکا بگەرێنەوە سەر جێبەجێکردنى ئەرکى ڕاستەقینەى میدیا و خۆیان دوور بگرن لە شەڕى ڕاگەیاندن و بەرژەوەندییە جیاوازەکان تاکو جێ پەنجەى میدیاکاران لە ئاشتەوایى نیشتمانى دیار و بەرچاو بێ و بتوانین کێشەکان بە ئاشتییانە چارەسەر بکەین نەک شێوەى ئێستا کە میدیا بۆتە ئامرازێکى نابەجێ و نالەبارى ڕەوش لە هەرێمى کوردستاندا، ئەوەش دەزانم کە هەر دەزگایەک لایەنى پشتگیرکارى دارایى (پارەدەر) سیاسەت و فەلسەفەى میدیایى خۆى بۆ دادەڕێژێ، بەڵام کەسایەتى ڕاگەیاندنکار ئەوە دەهێنێت بەرژەوەندى گشتى لە سەرووى بەرژەوەندى تاک و گرووپى بچووک بێت.

 

 

 

  • 1