ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕووداوەکانی دوای 16ی ئۆکتۆبەر بۆ حزبی شیوعی کوردستان بوونە مایەی زیانلێکەوتنیکى زۆر. خاپوورکردنی بارەگای خورماتوو، لەگەڵ دەست بەسەرکردنی 12 هاورێی تێکۆشەر و قارەمان بە سکرتێر و ئەندامانی کۆمیتە و پێشمەرگەکانى ڕێکخستى خورماتوو کە بە هەوڵی دۆستانی حزبمان ئازاد کران، لەناوچوونی کەلوپەلی بارەگا و ژمارەیەکی زۆر لە چەک و تەقەمەنی و ئاوارەبوونی سەرجەم هاوڕێیانمان لە خورماتوو. داگیرکردنى بارەگای ڕێکخستنی پردێ و فەرهودکردنی کۆی کەلوپەلەکانی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە.

دزینی بەشێک لە کەلوپەلی بارەگای کۆمیتەی پارێزگا و تێکوپێکدانی دەرگا و دیوارەکانی .

  ١٦ى ئۆکتۆبەر ڕۆژێکی ڕەشی پڕ لە ناخۆشی و کارەساتبارە بۆ میلەتەکەمان، چونکە بە شێوەیەکی گشتی زەرەرمەندی سەرەکی میلەتەکەمانە، ئەوەی بەدەستی هێنابوو لە ڕابردوودا لە شەووڕۆژێکدا لە دەستی دا، ئەم بارودۆخە لێرەولەوێ حزبی ئێمە و حزبەکانی تریان ئازار دا و ئاڵای کوردستانیان یاساخ کرد تەنانەت ناتوانین لەسەر بارەگاکانیشمان ئاڵایەک هەڵبکەین، دوای ساڵێک و چوار مانگ بە ڕەزامەندی قایمقام و دەسەڵاتدارانی سەربازی بڕیاری فەرمیمان وەرگرت بارەگای داقووق جارێکی تر بکەینەوە.

 ڕێککەوتی ٢٠ی حوزەیران، لە ئاهەنگێکی بچکۆڵانەدا کردنەوەی بارەگای داقووقمان ڕاگەیاند، لە تابلۆی سەر بارەگاکە نووسراوە؛ حزبی شیوعی کوردستان کۆمیتەی ڕێکخستنی داقووق، بۆ ئەم مەبەستە شەوی 22 لەسەر 23 کاتژمێر 12ی شەو ئامر لیوای 19ى پۆلیسی فیدراڵی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ بەرپرسی ڕێکخستنی حزبی شیوعی لە داقووق دەڵێت: دەبێت تابلۆی بارەگاکەتان دابگرن لەبەر ئەوەی ناوی کوردستانی تێدایە! هەروەها قایمقامى شارەکەش بۆ هەمان مەبەست تەلەفون دەکات و داواى داگرتنى تابلۆکە دەکات. بۆیە هاوڕێیانمان تابلۆکە دادەگرنە خوارەوە، ئایا جیاوازی ئەم ڕژێمە و ڕژێمی بەعس لە چیدایە؟

  • 1