ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

سوپای حکومەتی فاشیستی تورکیا، بە بیانووی ڕاوەدونانی گەریلاکانی(پەکەکە)، وەک ھەمیشە لە بۆردومان و کوشتنی ھاوڵاتیانی زەحمەتکێشی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بەردەوامە.

لەو نێوەشدا، جیا لە زیانی ئابووری و ژینگەیی، زیانێکی زۆرییشی بە دانیشتوانی ناوچە سنوورییەکان گەیاندووە، کۆمەڵکوژ دەکرێن، لەسەر موڵک و ماڵی خۆیشیان ئاوارە و دەربەدەر دەکرێن.

بێدەنگی حکومەتی عێراق و ھەرێم لەلایەک و ، بێدەنگی و بێ ھەڵوێستی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش لەلایەکی تر، دەستی سوپای فاشیست و دیکتاتۆری تورکیای زۆرتر ئاوەڵا کردووە بۆ بەردەوام بوون لەسەر پێشێلکاری و دەستدرێژییەکانی بۆسەر ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان.

مەبەست و مەرامە گڵاوەکانی سوپای فاشیستی تورکیا لەلای کەس شاراوە نییە، ئەوان دەیانەوێ بە بیانووی ڕووبەڕووبوونەوەی(تیرۆر) پەشێوی و ئاڵۆزی لە ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستاندا درووست بکەن، ژینگە و خاکی ھەرێم سوتماک بکەن، ڕەز و باخی خەڵکی زەحمەتکێشی ناوچە سنوورییەکان لەناو ببەن.

بەڵام بیانووی حکوومەتی ئیسلامی ئاکەپە، بیانوویەکی لاوازە، چونکە دەوڵەتی تورک بۆخۆی بەشێکە لە پشتیوان و پەرەپێدەری تیرۆریزمی نێودەوڵەتی.

بیرکردنەوەی فاشیزمی دینی لە تورکیا، ناتوانێ جیاوازی و سپەیسێک لەنێوان گوند نشینانی ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان و گەریلاکانی پەکەکە دابنێت، چونکە لەمێژووی خۆیدا ئەوەی سەلماندووە کە تورکیا دژی هەرچەشنە بوونێکی گەلی کوردە بەشێوەیەکی گشتی.

دەوڵەتانی ڕۆژئاوا و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی گشتی، کە ھەمیشە ئاڵای دێموکراسی و پاراستنی مافەکانی مرۆڤیان بەرز کردۆتەوە، لە درۆیەک زیاتر نییە، چونکە سوپای تورک بە بەرچاوی ئەوانەوە ئەو دەست درێژیانە ئەنجام دەدات و ئەوانیش چاوپۆشی لێ دەکەن.

ھەڵبەت بێ ئەخلاقی و بێدەنگی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لەئاست ئەوپێشێلکارییانەی سوپای تورک، بەدرێژایی مێژوو بوونی ھەبووە و تاھەنووکەش بەردەوامە.

ئەوەی لەو نێوەدا گرنگە، خەباتی مەدەنی خەڵکی کوردستانە. چونکە نە حکومەتی ھەرێم و نە زۆرینەی ھێزە سیاسییەکانیش، بەھۆی وابەستەییان بە دەوڵەتانی دەوروبەرەوە، وەک ئەوەی کە پێویستە بیکەن ناتوانن ھەڵوێست بنوێنن.

بۆیە ناکرێ لەئاست ئەو پێشێلکاریانە بێدەنگ بین، بێدەنگی ئێمە(خەڵک) واتای بەردەوامی دەست درێژیەکانی سوپای تورکیایە.

تا ئەو جێیەی پەیوەندی بە ھەڵوێستی خۆمەوە ھەیە، وەک ھەمیشە دەبمە پێشەنگی ناڕەزایەتییە جەماوەریەکان. ئەوە تەنھا قسەیەکی ڕووت نییە، بەشێوەیەکی پڕاکتیک و لەمەیدانی کاردا نیشانی دەدەم.

ھەموو کار و کردەوەکانی دەوڵەتی فاشیست، ڕەگەز پەرست، دیکتاتۆر و فاشیزمی دینی تورکیا، لەلای من نا پەسند و ڕەتکراوەیە.

 

  • 1