ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

  

 بەهادین حاجی بەکری دارتاش ناسراو بە ‌‌ ریبوار عارف ‌‌

 مامۆستا کامیل(م_ک) ئەو کەسایەتیە کەئەمرۆ بەسیمبولی کارەساتی کیمیابارانی هەلەبجە دەناسریتەوە. ئاپورەی ڕاپۆرت و بەدواچونەکانی ئەم ڕۆژانە لەسەر بارودۆخی ئەم ئنیسانە رەنگە قسەیەکی بۆ کردن نەهیشتبیتەوە بۆ ناسینی حالەتەکەی. بەلام پرسیار ئەوەیە کە ئایا ژیان و چارەنووسی ئەم ئینسانە روو لە کوی دەکات؟! وەک دەڵێن هه‌مو ساتێکی هه‌ناسه‌دان ( م_ک) بریارده‌ره‌ بۆ مانه‌وه‌ی له‌ژیانیدا. بەلام ئەی ئەگەر مەترسیەکان ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر بوو تا کەی دەکرێت ئێمە ڕۆژمێرو شوکرانە ژمێری ئەم دۆخە نەخوازراوە بكه‌ین؟!

 ئێستە ڕۆشنە کەسەرئەنجام دکتۆرەکانی ئەلمان بەکۆمەلێک مەرجەوە بریای ئەوەیاندا کە نه‌شته‌رگه‌ریەکەی بۆ بکه‌ن... لەحاتلیکدا کە ئەم ئینسانە ڕۆژانە پێویستی بەکەسێکە بۆ هاوکاری کردن وپاراستنی له‌ هه‌مو ڤایرۆسێک،هاوکات مەرجێکی تری فیربوونی زمانە...ئەوەی کە ( م_ک) تائیستە له‌ڕێگه‌ی تۆری کۆمه‌لایتیه‌کانه‌وه‌‌ له‌ڕێگه‌ی کۆمه‌لی که‌سایه‌تی نزیه‌ک و به‌رپرسانی حکومه‌تی هه‌رێم وعێراقەوە ئەنجامیداوە هیچ ئومێدێک ناهێڵێتەوە بۆ ئاوڕلێدانەوە؛ وەک خۆی دەلیت:  ماوه‌ی ٣٢ ساله‌ من سالانه‌ ٣٢ جار ده‌خنکێرێم..‌. تۆ بلی پاش ئەم دەریای وادەو بەلێنیانە هێشتا هیوایەک مابێت بۆ ئاوڕلێدانەوەی دەسەلات بۆ ڕێگرتن لەمەرگی ئەم سیمبولەی شاری هەلەبجە؟؟؟

 ئەگەر تیپەڕبوونی 30 سال و لەدەستدانی خوشك وبراو دایک وباوك و نغرۆبوونی خیزان و مندالەکانی لە عەزاب و ناسۆری دۆخی تەندروستی و دەرونی باوکیاندا کافی نەبووبیت بۆ وەدەنگ هاتنی دەسەلات و ئەنجامدانی کاریکی شایستە، ئیتر هیچ شتیکی تر کافییە. دەزانم سەرباری هەمو ئەم راستیانە هێشتا بەناچار زۆربەی هەرە زۆرمان سەرنجمان دەچێتەوە سەرئەوەی کە ئایا ئەم حکومەت و دەسەلاتە بۆ ئەوەندە خەمساردو بێباکە لەبەرامبەر بە هاولاتیەكی خۆیدا... بەلام لیتان ناشارمەوە من زۆر دەمێکەیە لەو خۆشخەیالیە بوومەتەوەو ئەمەم بەرۆشنی بە ( م _ ک) ڕاگەیاندوە کە ئەو ڕەنگە بەناچار تائێستەش هەر هیوایەکی بە دەرکەوتنی تروسکاییەک مابیت لەلایەن ئەم دەسەلاتەوە. بەلام لە چاوەروان مانەوەی زیاتر لە سی سالی ئەم ئینسانە کافیە بۆ ئەوەی کە ئیتر دلخۆشنەکەین بەو بەلینانە، هیوادارم من هەڵەبم و ئەم دەسەلاتە کاروباری پێویست بۆ ( م_ک) و خێزانەکەی ئەنجام بداتو ڕێگری لە مەرگی ئەم ئنیسانە بگریت . بەلام کاتیک کە من ئومیدیکم بەو ئەگەرانە نیە ئیتر ناکرێ پال بدەین بەهەمان دیواری داروخای بی بەرهەمەوە بۆ دەرباز کردنی ئەم ئینسانە لەدیوزمەی مەرگ، بۆیە پێموایە هێشتا تروسکەی هیوایەک بەدیدەکریت ئەگەرغەمخوارانی ئەم کەیسەو هەر ئینسانێکی ئازادیخواز و بەتەنگەوەچوانی قوربانیای شاری هەلەبجە بینەمەیدان .

 بۆ من بێ ئومێدم بەکارو بڕیارێکی لێبڕوانەی حکومەتی هەرێم ؟!

 هەقیقەت ئەوەیە کە بارودخۆی ئەم کۆمەلگای وایلیهاتووە کە هەمو جوانی و ئەخلاقیاتیک بە تونیلی بەرژوەندیەکانیاندا دەگوزرێت، مرۆڤ واهەستناکات کەئیتر شتێک ماییتەوە بۆ باسکردن، کاتێک کە پاش تیپەربوونی زیاتر لە 30سال بەسەر کارەساتی کیمیابارانی ئەم شارەدا تیپەردەبیت هیشتا بەشێک لە خەڵکی ئەم شارەو دەیان کامیلی تر ڕەنج دەبەن بۆ هەڵکێشانی هەناسەیەکی ئاسای ئیتر ناکرێت چاوەڕوانیەکی زیاتر لەوەی کە هەیە بکریت لەم حزب و دەسەلاتە... سەرنج بدەن رۆژگارێک گەنجانی ئەم شارە بوونە قارەمانی زیندان و هیلکەی لە رۆنی سورەوکراویان بە بنبالیان پیدەشکاندن، کەچی لەپاداشتی ئەو راوەستانەوە سەروەریەدا ئەمڕۆ بەدوای دواین هەناسەکانی (ئایاری مەلا حەسەن)ەوە جۆشداماوین و ئەوانیش سوویند بە رۆحی ئەو ‌‌شەهیدانەی دوینی دەخۆن کە ئەمڕۆیان دروستکرد‌‌ بۆیە ئیتر ناکرێت هیچ چاوەڕوانیەکی زیاترمان هەبێت. کاتیک ‌‌ژمارە (1) یەکی‌‌ سەیارەی پاریزگای هەلەبجە دەخریتە مەزاتخانەو پیشبرکیو ،کێ چەند ملیونیکی زیاتری پەدەدا ئەوا خەلاتی ئەوی بکەن، چونکە گوایە بە پارەکەی رەنگە دوو پرۆژە بۆ ئەم شارە بکەنەوە ئیتر نابیت چاوەروانیەکی زیاتر بکرێت... مەگەر وشیار بیاویلەی لەماوەی دەسەلاتداریەتی ئەواندا بەنرخی گیان لەدەستدانی چەندین ئەزیزی خۆی و برینەوەی هەردوو قاچی بە ئەندازەی هەمو دەسەلاتەکەی ئەوان و تەواوی ئەو پرۆژانەی کە لە کوردستاندا بۆ مین هەلگرتنەوە کاردەکەن گەلێک زیاتر مینی دەرنەهینناوەو ئەمنیەت و ئاسایشی بۆ پانتایەکی گەورە لەخاکی کوردستان و دانیشتوانی خەلکی ئەم ناوچەیە نەگیراوەتەوە، کەواتە ئەگەر بەهاو قوربانیدان و ماندوبوونی ئینسانەکان پێوانە بێت بۆ دەبیت ئەو ژمارە وەک ئاوردانەوەیەکی رۆحی و ڕێزلێنانێک بۆ قوربانیەکی وەک ئەو نەبێت، بۆدەبیت کە مامۆستا کامیل پاش زیاتر لە 30 سال هێشتا لەو دۆخەدا ڕەنج بەرێت نەک هەر بەتەنیا بۆ هەلمژینی هەناسەیەک بەڵکو بۆ لە ئامێزگرتنی مندالەکانیشی ....

 کەواتەدەکری دەستبەجی چی بکەین؟

 شەرمە بۆ کەسێکی وەک من گەر بلیم مامۆستا کامیل بەداخەوە لەدواین ڕۆژگارەکانی خۆیدا بەسەردەبات، کەچی چاوەروانی ڕوودانی کارەساتەکەبین.. ڕەنگە ئەزموونی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک کارکردنم لەبواری مافی پەنابەری و یاساوریساکانی وەرگرتنی ئەو مافەدا، ئەو هەقەم پیبدات کەشتێکی زیاتر بلیم لەمبارەوە... بۆیە بەگرنگم زانی لەم دەرفەتە بەرتەسکەدا روو لە هەموو ئەو ئنیسانانە بکەم کە بەکردەوە دەیانەویت ( م_ک) لەمەترسی مەرگ رزگار بکەین.  بۆئەوەی پیکەوە لە ئاستیکی بالاتردا هەولیکی تر بگەربخەین کە پیموایە بتوانیت ئاراستەی دۆخەکەو ئایندەی ژیان و چارەنووسی ( م _ ک) بگوڕیت. بۆئەوەی کە خراپ حالی بوونیک نەیەتە پێشەوە بەگرنگی دەزانم کە هەولەکانی ئەم دوایانەی ڕێکخراوی قوربانیانی کیمیابارانی هەلەبجە بەهەند وەرگرین، بەلام بەبروای من بۆ وەلامدانەوە بەنیازەکانی ( م_ک) کافی نیە. ئەوان دەکرێت و دەبێت لەهەر هەوڵێکی خۆیان بەردەوامبن، بەلام تا چنینیەوەی بەرهەمی کارەکانی ئەوان دەترسم هەموو شتێک لە دەست بدەین. ئاخەر ئەوان بەناچار هەر خەریکبن فشار بۆ دەسەلات بهینن، بەلام لە راستیدا سەرباری ئەوەی کە پاش نزیک بە چارەکە سەدەیەک چاوەروانیمان لەم حزب و حکومەت و دەسەلاتە، ئێستە دەکرێت ئاراستەی کارەکانمان بگوڕین وجاریکتر ڕوو لەم ولاتە بکەین کە مامۆستا کامیل داوای چارەسەرکردنی تیداکردوە.

 بەدلنیای زۆریکمان دەزانین کە بەدەستهینانی مافی پەنابەری ڕێگەو ڕەوشتی خۆی هەیە سالانە لەو ئەلەمانەی کە( م_ک) لیە دەیان و سەدان هەزار ئینسان مافی پەنابەری بەدەست دینن؛ بەلام لە ریگەی هەندی یاساوریساو لە ریگەی گوشاری هەندی حزب وریکخراو کەسایەتی ئینساندۆستەوەو لە ڕێگەی جولانی شەقام و ڕاوەستانەوەو دەنگ هەلبرینەوە، دواجار لە ڕێگەی ئەو پرۆتۆکول و ڕێکەوتنامانەی کە ئەم حکومەتانە خۆیان واژۆیان کردوە. کە من لیرەدا سەرنجتان بۆ چەند خالێک ڕادەكێشم.

 یەکەم لە ئیستەدا کە ( م_ک) ئیقامەیەکی مەرجداری بەدەستهیناوە، مافی ئەوەی هەیە کە یاسای یەکگرتنەوەی خیزان‌‌ جمع شمل‌‌ خوازیاری هێنانی خیزانەکەی بێت. ئەمە جگە لەوەی کە بەپی پۆرۆتۆکۆلە نیونەتەوەیەکان حالەتی بەدەستهینانی مافی پەنابەری بەهۆی حالەتی ئینساندۆستانەوە ‌‌ هومانیتاری‌‌ەوە بەدەست بهێنریت، کە دەتوانیت حالەکەی ( م _ک) لەهەمان چوارچیوەدا بگونجیریت .

 دووەم زۆر گرنگە لەوە حالیبین کە دیارە بەتەنیا ئەنجامدانی ئەوخالەی سەرەوە ناتوانیت هەمو كیشەكەمان بۆ چارەسەر بكات،

 بەلكو دەیت هاوكات چەند هەنگاویكی تر بگرینەبەر. کە ئەویش جاریکیتر بەپی یاساوریساکانی ئەم ولاتانە بۆ چاوگیرانەوە بەسەر هەر برایارو مەسەلەیەکدا ، دەتوانریت کەمپەینی واژوكۆكردنەوە بە ریژەی كۆكردنەوەی 50 هەزار واژۆ  دەتوانریت لە ڕووی یاسایەوە چاو بەو برایاردە جەخشننەوەو بریاریکی تر بدریت.

 بە تایبەت ئەگەر بیتوو ئەم کارە لەچوارچیوەی کەمپەینیکدا ئەنجام بدریت، کە ئیمە وەک فیدارسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عیراق ئامادەی دەست بەکاربوونین و دەتوانین بەخیرایەکی زۆر زیاتر کارو هەنگاوەكانی تری بەریوەبەرین و راستەوخۆی رووبکەینە حکومەتی ئەلمان لە ریگەی ریکخراوە نیودەولەتیەکانی وەک (دکتۆرە بێ سنورەکان، خاجی سوور، یوئین، ریکخراو ئنساندۆستەکان)ەوە ئەم کارە ئەنجامیکی سەرکەوتوانە بگەیەنین. لەبیرمان نەچیت لەجەرگەی ئەم دەست بەکاربوونەدا زۆرگرنگە سەرنجی میدیاکانی ئەلمان راکیشین بۆ پشگیری کردن لەم کەیسە.

 دواجار ئەوەش بلیم کە ئیمە چەند جاریک لەگەل (م_ک) لەوبارەوە قسەوباسمان کردوەو بەلام ئەو بەهۆی هەندیک سەرنجی تایبەتی خۆیەوە خوازیاری دەست راگرتن و دواخستنی ئەم جۆرە چالاکیەبووە، من لە سونگەی بەرپرسیاریەتیەوە نەموویست ئەم باسانە تەنیا لە نیوان من و مامۆستا کامیلدا بمینیتەوە بۆیە هیوادارم کە پیشوازی ئازادیخوازان لەم پیشنیارە بتوانیت بە زووی بمانگەیەنیت بە خالی دەست بەکاربوون بەهیوای نزیککردنەوەی مامۆستا کامیل لە ژیانیکی ئینسانی وبەدەستهینانی مافی پەنابەری بەبی هیچ مەرجدانان و ئاستەنگیەک لە رووی چارەسەرکردنی نەخۆشەیەکەیداو ئەم دەروازیە ئەو ئومیدەیە کە ژیانی مامۆستا کامیل دەگەرینیتەوە بۆ باوەشی هیوایەک، هیوادارم لە ئاست ئەو بەرپرسیاریەتیەدبین بۆ بەتەنگەوەچوونی ژیانی ئەم ئنیسانە!