ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

چەمکی شۆڕش کە بەهەڵە و بەزۆر ئاخێنراوەتە ناو فەرهەنگی سیاسی کۆمەڵگەیەک کە ناتوانێ هێشتا خۆی ڕزگار بکات لەدژە شۆڕشەکان، نەک ئەوەی بە جەوهەری چەمکی شۆڕش خەباتی فەرهەنگی بکات، هەر ئەو بەرهەمەی دەبێت کە لە میسر و وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بینیمان، لەکاتێکدا ئەوان لەناو فەرهەنگی کراوەتر دەژین و خاوەنی ڕۆشنبیرییەکی فراوانترن لە کوردستانێک تا ئێستا دەزگاکانی بە نەخوێندەوار و خەڵکی نەشارەزا بەڕێوەدەبات. 

هیچ دیالیکتیکێکی ناکۆتا سەبارەت بەژیان و پێشکەوتنە کۆمەڵایەتی و تەکنۆلۆژییەکان ئەگەر موڵکی گشتیش نەبێ، ئەو پرۆسەیەی سڕیوەتەوە کە لەسەر بنیچنەی ناکۆکی و ململانێی فەرهەنگی و زانستی بەرهەم دێت، چونکە ئەوە شۆڕشە ڕێگە بۆ شۆڕشێکی دیکە خۆش دەکات و بەپێچەوانەشەوە خۆی دەپارێزێت، ئێمە بەناوی شۆڕشەوە هەموو زەمەنە جیاوازەکانمان بەهەڵە وەرگرتبوو، تەنیا ئەو دەلالەتە نەبێ کە ئەو کارەکتەرانەی بوونە هۆی پێچەوانەکردنەوەی شۆڕش و نەیانتوانی دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن وەکو شۆڕشگێر تەماشا کران و خەڵکیش هیچ، ئەمە دەلالەتی ئەوەیە کە دۆخی هەمیشەیی کوردستان بەهەموو پێکهاتە سیاسی و نەتەوەییەکانەوە، دۆخێکە بەرهەمی شۆڕش نییە و دژە شۆڕشە کە ڕاگەیاندنەکان ڕیکلامیان بۆ کردووە، بۆیە دۆخەکە درێژە دەخایەنێ و کاتێکی زۆر لەبەردەستدایە بۆ نمایشکردنی بەربەریەتێک کە هێزە نێودەوڵەتییەکان لەپشتیەوەن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو شۆڕشەی کە ڕێگری لێدەکرێت، ئەگەر ڕیالێتی ئەم کۆمەڵگەیە خاوەن ئەو ماتریاڵە بەشەرییە نەبووایە، دەبوو چەمکی شۆڕش جارێک پێناسە بکرایە و کاری پێکرابووایە.

شۆڕش بەهەموو ڕەهەندەکانییەوە شۆڕشە لەکات و شوێنی خۆیدا و مەسەلەیەکی ئارەزوومەندانە نییە، چونکە ململانێ ئاگامەندی کراوەی هەیە لەبەرانبەر ئەڵتەرناتیڤەکەی، کە ڕۆمانی کێڵگەی ئاژەڵانی جۆرج ئۆرویل دەخوێنینەوە، ئەو هەقیقەتە حەتمییە دێتە بەرچاو کە بریکاری شۆڕش خودی شۆڕش خۆیەتی، نموونەش شۆڕش کردن بوو بەسەر قەیسەر و دواتریش شۆڕش بەسەر ئەو سیستەمەی بەناوی ئازادییەوە شۆڕشی کرد لەپێناو ئازادییەکی موزەیەف، لێرەوەیە بڕوانەبوونی کۆمەڵگە ڕۆژهەڵاتی بەو دیموکراسیەتی کە لە دەوڵەتانی ئیدیعای بۆ دەکەن، ئەگەر وەکو نموونەی ئاڵوگۆڕی سیستەم لەناوخۆدا وەربگرین و نەچینە سەر سیناریۆ دەرەکییەکان، ئەو ئاماژەیەمان دەداتێ کە ڕۆژهەڵات بەزۆر خزێنراوەتە ناو مۆدێرنیتەوە، ئەگەرنا لەکورتترین ماوەدا دەگەڕێتەوە سەر ڕەسەنایەتی خۆی کە سیستەمی کۆیلایەتی و ستەمکاری ئاینییە، چونکە بەلایەنی کەمەوە ڕۆژهەڵات بڕوای بە پێکەوەژیان و یەکتر قەبوڵکردن نییە، بەپێچەوانەوە بڕوای بە زەبروزەنگی دەوڵەت هەیە بۆیە لەنەبوونی دەوڵەت و سیستەمی مانادار و پێناسەکراودا، هەموو تاکەکان بڕوایان بە گەڕانەوەی سیستەمی بنەماڵەیی و عەشیرەتی هەیە، نموونەش زیندووبوونەوەی خێڵەکانە لەسەرتاسەری کوردستان، لێرەوە بڕوامان بەوە دەبێ کە ئەم کۆمەڵگەیە دەبێ شۆڕشی بەسەردا بکرێ، شۆڕشی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی کە لانی کەم ئایدیای ئاینی بەسەریدا زاڵ نەبێ. 

پانتایی هەموو واقیعێکی بۆماوە، سیمبولی ئەو نوێبوونەوەیە وەکو دروشم هەڵدەگرێت کە پێش خۆی کاری پێکراوە، چونکە هەلومەرجی ناتەواوی واقیع ئەگەر ژێرخانێکی نەبێت لەڕووی فەرهەنگی و هۆشیارییەوە، پەیوەندییەکی تاک لایەنەی میتافیزیکی زاڵ دەکات، ئەمە دژی ستراتیژیەتی شۆڕشە بۆ بەردەوامی جیهانێکی نوێ، هەروەک بە لەبەرچاوگرتنی هەموو سیناریۆکانی ئەمریکا و بەریتانیا بۆ لێدانی سۆڤیەتی کۆن ڕوویدا، دووبارەکردنەوەی هەمان سیناریۆ بوو کە لەمیسر و ئەفغانستان ڕوویدا، لەکاتێکدا لەگەڵ هەموو مرۆڤێکی نوێ سۆبێکتی نوێ لەدایک دەبێت، بۆیە مۆرڤەکان ناتوانن کارەکتەری هەمیشەیی ئەو سیناریۆیانە بن کە بەناوی شۆڕشەوە دەکرێت، بۆیە بەناچار وەڕس دەبن لە شۆڕش و چەمکەکەش جەوهەری خۆی لەدەستدەدات و خۆی بەرهەم ناهێنێتەوە کە دژی خۆیەتی.

  • 1