ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

لە جوغزی سەربەخۆییدا

سەرجەم تیۆریستەکانی بواری سۆسیۆلۆجی بیروڕای جیاوازی خۆیان سەبارەت بە چەمکی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دەڕبڕیوە، و ئایندەی بواری ئەم زانستە کۆمەڵایەتییە سەبارەت بەم بابەتە، دانەخراوە، و ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ زیندوویی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و تەماشاکردنی مێژوو و ئایندەی پەرەسەندن بە میتۆدێکی کراوە، و دوور لە دۆگما.

میتۆدی کراوە لە بواری سۆسیۆلۆجی لە ڕوانگەیەکی مارکسیستەوە، خۆی لە گەڕانەوە بۆ توێژینەوەی واقیعبینییانەی کۆمەڵگایەکی دیاریکراوە لە چوارچێوەی حاڵیبوون لە چەمکی پەرەسەندنی ناهاوسەنگی کۆمەڵگاکانی مرۆڤایەتی، دەبینێت، دوور لە خولیای ئارەزوویی و گەڕانەوە بۆ ئیرادە و بڕیاڕی پێشوەخت و مامەڵەکردنی بەستەڵۆکانەی دەستەواژە و گوتارگەلێکی تیۆری بە شێوەی داماڵراو لە بابەتیبوون و واقیعبینیدا.

مارکس باس لە فەلسەفەی مێژوو دەکات، دەڵێت: جیاوازی ئەو لەگەڵ ئەوانەی دیکە لەوەدایە کە ئەوان تەنیا کاریان بۆ تەفسیرکردنی مێژوو کردووە و، ئەو کار بۆ گۆڕانکاری دەکات.

لە ڕوانگەی مارکسیزمەوە شیکردنەوە و لێکدانەوەی واقیع پشت بە بنەمایەکی بابەتی دەبەستێت کە بریتییە لە ناکۆکی و ململانێیەکانی ناو کۆمەڵگایەکی دیاریکراو. پێکهاتە و ئەرکەکانی هێزی گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی دوور لە ئارەزوویی، دادەنرێت، و هەر لەم پێودانگەوە سروشتی قۆناغی تێکۆشان لە هەر کۆمەڵگایەکدا دەست نیشان دەکرێت.

  ئەم لۆجیکە لە سەر کوردستانی باشووردا جێبەجێ دەکرێت، و هەردەم ناکۆکی و ململانێیەکانی ناو کومەڵگا، دوور لە ئیرادە و بریاری حزبی سیاسی، سروشتی قۆناغی کۆمەڵایەتی و ئەرکەکان دەستنیشان دەکەن.

لەم ڕوانگەیەوە ئەرکی نیشتمانی کە بازنەی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی فەرزی کردووە، و تێکۆشانی حزبی مارکسیست لە پێناوی مافی بڕیاردانی چارەنووس و دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی لە بۆشاییەکی هزری یان لە خولیایەکی ئارەزوومەندانەدا نەهاتووە، و بوونی ئەم ئەرکە وەک پێداویستییەک وا دەکات کە حزبی مارکسیست تێکۆشان لە پێناویدا، بەشێکی سەرەکی بەرنامەی تێکۆشانی بێت. 

بەجێبەجێکردنی ئەم ئەرکە، خودی واقیعی بەرجەستەکراو کۆتایی بەم ئەرکە دەهێنێت، نەک سەرنەکەوتن و لاوازی حزبی بۆرژوا لە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە یان سازشکردن تیایدا.

مێژووی هاوچەرخی بزووتنەوەی کۆمۆنستی جیهان ئەوەمان بۆ دەردەخات کە کاتێک ئەرکی نیشتمانی هەبووبێت یان نیشتمان داگیرکرابێت، ئەوا شۆڕشگێرانی کۆمۆنیست یان سەرکردایەتی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانییان کردووە، یان کارایانە و ڕاستگۆیانە بەشدارییان تیایدا کردووە، و نموونەش لەم بوارەدا زۆرن وەک سەرکردایەتی کردنی تێکۆشانی ڕزگاریخوازی چین و ڤێتنام و چەندین شوێنی دیکە. بە هەمان شێواز حزبە کۆمۆنیستەکانی فەرەنسا و یۆنان و شوێنی دیکەش لە شێوازی پارتیزانی و خەباتی جۆراجۆر بۆ ڕزگارکردنی نیشتمانی خۆیان لە فاشیەت و نازییەت، تێکۆشانیان کردووە.

کۆمەڵگای کوردستان لە دەرەوەی مێژووی مرۆڤایەتیدا نییە کە ململانێی چینایەتی داینەمۆی پەرەسەندن و گۆڕانکارییەکان بووە، هەر وەکو مارکس لە مانیفێستی کۆمۆنیستی باسی دەکات. بۆیە ئەرکە چینایەتییەکانیش بڕیارێکی پێشوەخت و ئارەزوومەندانە نییە و هەر وەکو چۆن کۆمەڵگا بە هەموو ناکۆکی و ململانێیەکانی ئەرکە نیشتمانییەکان دەستنیشان دەکات، بە هەمان شێوەیە ڕەوابوون بە ئەرکە چینایەتییەکان دەدات.

کۆمۆنیستەکان لە ڕوانگەی گەڕانەوە بۆ واقیع لەگەڵ ئەم دوو ئەرکەدا بە شێوەیەکی دیالکتیکیانە و لە چوارچێوەی پەیوەندی ئەم دوو ئەرکە بە یەکترەوە، مامەڵەیان کردووە.

 کاتێک فەرەنسا یان یۆنان لە لایەن سوپای ئەڵمانیای نازی داگیرکراوە، کۆمۆنیستەکان لە گۆتاری سیاسی و لە تێکۆشاندا نەیان گوتووە کە حزبی ئێمە حزبێکی چینایەتییە و ڕزگاری نیشتمان لە فاشیزم ئەرکی ئێمە نییە، و بە هەمان شێوە کاتێک قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی کۆتایی هاتووە، ئەوەیان ڕانەگەیاندووە کە بەتەواوبوونی قۆناغی ڕزگاری نیشتمانی ئەرکی ئەوان تەواو بووە.

یەکێک لە گوتە بەناوبانگەکانی هاوڕێ فەهد دامەزرێنەری حزبی شیوعی عێراق ئەوەیە کە ئەو کەسێکی نیشتمانپەروەرە و کاتێک بۆتە کۆمۆنیست نیشتمانپەروەریی ئەو قوڵتر بۆتەوە.

ئەرکە نیشتمانی و چینایەتییەکان بە نیسبەت تێڕوانینی شیوعییەکانی کوردستان لە یەکتر دانابڕدرێن، و لە هیچ کاتێکدا هیچ بوار و ئەرکێک لە سەر حسابی ئەوەی دیکە نییە، و ناکرێ تەماشای ئەرکی نیشتمانی و چینایەتی بکەین کە گوایە یەکێکیان پێشتڕەوە و ئەوەی دیکەیان دواترە.

دابڕانی ئەم دوو ئەرکە لە یەکتر، و یان لابردنی ئارەزوومەندانەی هەر ئەرکێک دوورە لە پرنسییپەکانی مارکسیزم، و یاساکانی مەتریالیزمی مێژوویی کە بنەمای تیۆری گۆڕانکاری کۆمەڵایەتییە لە مارکسیزمدا.

میتۆدی مارکسیستی فێرمان دەکات کە لە باسکردنی ئەرکی چینایەتی خودی واقیعی کۆمەڵگا، دوور لە گوتنەوەی ڕستەی شۆڕشگێڕی، بە پێوەر وەربگرین، و لە بۆشایی و بە میتۆدێکی ئایدیالی باس لە ئەرکی چینایەتی نەکەین.

لێرەشدا پرسیار ئەوەیە ئایا ئەرکە چینایەتییەکان چین؟

کاتێک باس لە یاسای عادیلانەی کار و بیمەی کرێکاران و بیمەی کۆمەڵایەتی و تەندروستی، مافی خانەنشینان، مافەکانی ئافرەت و یەکسانی میرات و نەهێشتنی فرەژنی، و مافی جووتیاران، و خاوەن پێداویستی تایبەت و نەهێشتنی دیاردەی پەراوێزخستن، و ڕووبەڕووبوونەوەی بەتایبەتکردنی ڕەهای ئابووری و سیاسەتی لیبرالزمی نوێ، و گەندەڵی، و کار بۆ ژیانێکی پڕ کەرامەتی لەبار بۆ هاووڵاتی، ..هتد، و تێکۆشان بۆ سەرجەم ئەم بوارانە دەکەین، ئەوا خاڵە گشتییەکانی تێکۆشانی چینایەتییمان دەستنیشان کردووە، و هەر لە باسکردنی ئەم ئەرکانەش دەردەکەوێت کە چۆن ئەرکی نیشتمانی و تێکۆشان بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووس ئەرکێکی کۆمەڵگاییە و پەیوەندی بە ئەرکە چینایەتییەکانەوە هەیە، و مرۆڤی ئازاد و پڕ کەرامەت تێکۆشەرێکی کارا بۆ وەدیهێنانی نیشتمانییەکانی ئازاد دەبێت.

نەیارانی گەلەکەمان دژایەتی نیشتمانی و چینایەتییان لە هەڵوێستی خۆیاندا دژ بە گەلەکەمان گرێداوە. هەردەم سیاسەتی تەعریب و ڕاگواستن کە بابەتێکی نیشتمانییە هاوکات بووە لەگەڵ سیاسەتی زەوی سووتێنراو، هێشتنەوەی کوردستان بە دواکەوتوویی سەرانسەریی.

ئێستا ئەم سیاستە بەردەوامە، و تەعریبکردنی ناوچەکانی مادەی 140، و سووتاندی دەغڵودان و ڕەزوباخی کوردستانییانی ئەو ناوچانە کە ئەمە بابەتێکی چینایەتییە، دوو دیوی یەک دراون.

  • 1