ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەشی دووەم

لە ڕۆژی 3/7/1980 هەروەکو لە وتارەکەی پێشووتر ئاماژەم بۆ کرد لەگوندی ئاخوڕەی دەشتی کۆیە بەدەستی جاشەکان شەهید بوو، دوای ئەم ڕووداوە پڕ ئێش و ئازارە، دامودەزگای ئەمن و مونەزەمەی بەعس لەشارۆچکەی قوشتەپە دەستیان بە ئەنجامدانی جۆرەها جموجۆڵ و چالاکی کرد و کەوتنە پڕوپاگەندە بڵاوکردنەوە لەدژی حزبی شیوعی و پێشمەرگەکانی، گوایە لەو شەڕ و پێکدادانی جاشەکان لەگەڵ پێشمەرگەکانی شیوعی لەگوندی ئاخوڕە گورزێکی کاریگەر لەشیوعییەکان دراوە و، ژمارەیەکی زۆریان کوژراوە و بریندارە و، بەرپرسەکەشیان بەسەختی بریندار بووە و ژیانی لەمەتریسیدایە، هەروا پێشمەرگەکان پەرش و بڵاوبوونەوە و کەس نییە سەرپەرشتییان بکات، ناوچەکەیان چۆڵکردووە.

هەندێ نامە و هەواڵ و دەنگوباس لەدۆستان و هاوڕێیانی ناوچەی بیستانە و قوشتەپە گەیشت، هەموو باسی لەجوڵە و چالاکی و پڕوپاگەندەی پیاوانی بەعس دەکەن کە کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر جەماوەری ناوچەکە بەتایبەتی هاوڕێیان و دۆستانی حزب، هەروا لەنامەکاندا هەندێ پێشنیار و ڕێنمایی و زانیاری لەسەر جوڵەی پیاوانی بەعسی تێدا هاتبوو.

لیژنەی حزبی و بەرپرسی هێزەکەی حزبمان لەدیدارێکی سەرپێییدا بڕیاریاندا لەئێوارەی ڕۆژی 6/7/1980 کۆبوونەوەیەک ساز بدات، بەمەبەستی دانانی بەرنامەی ئەرک و کاری پێشمەرگایەتی لەماوەی داهاتوو، هەڵسان بەجۆرەها چالاکی سیاسی و فیکری و بەرپەچدانەوەی پڕوپاگەندەی دوژمن بە بەشداری تەواوی پێشمەرگەکانی هێزەکە و لەپێشەوەیان هاوڕێیان بەرپرسی هێزەکە و بەگیانی شۆڕشگێڕانەی ئەوکات و سەردەم تەواوی هاوڕێیان بەبێ دوودڵی ئامادەبوون بۆ جێبەجێکردنی تەواوی فەرمانەکانی پێشمەرگایەتی.

ئێوارەی ڕۆژی 6/7/1980 لیژنەی حزبی و پێشمەرگایەتی لەنزیک کۆتانەکانی حەکیم سەر بەگوندی ئۆمەرگۆمەت کۆبوونەوە، دوای هەڵسەنگاندنی بارودۆخی ناوچەکە لەڕووی سەربازی و چالاکی و گەڕان و سوڕانەوەی پیاوانی بەعس لەناوچەکەدا بەتایبەتی ناوچەی قوشتەپە و دەوروبەری بیستانە، بەمەبەستی تۆقاندن و بڵاوکردنەوەی جۆرەها پڕوپاگەندی ژەهراوی دژی تەواوی پێشمەرگەکانی کوردستان، هەروا باسێکی کورت و پوختی سیاسی کرا و، ئەم بڕیارانە لەلایەن لیژنەکەوە پەسەندکران.

بەر لە شەهیدبوونی هاوڕێ ئازاد چاوشین بڕیاربوو هێزەکەی پێشمەرگەکانی حزبمان بگەڕێتەوە بۆ سەرکردایەتی لە ناوزەنگ و نۆکان.. لەبەرئەوەی ئەو ماوەی بۆ هێزەکە دیاریکرابوو بەرەو کۆتایی دەچوو، لیژنەکە گەڕانەوە و نەگەڕانەوەی هێزەکەی لەهەموو ڕوویەکەوە خستە بەرباس و لێکۆڵینەوە و لەئەنجامدا گەیشتە ئەو بڕیارە بۆ بەرپەچدانەوەی پڕوپاگەندەکانی دوژمن و بەرزکردنەوەی ورەی هاوڕێیان و دۆستانی حزبمان.

1- بڕیاردرا لیژنەی بەرپرسی هێزەکە خۆیان لەپێشەوەی پێشمەرگەکان بن، لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکەکانی پێشمەرگایەتی.

2- بڕیاردرا دیدارێکی فراوان لەگەڵ تەواوی هێزەکە لەشەوی 7/8/7/1988 بەمەبەستی باسکردنی بارودۆخەکە و بەرزکردنەوەی ورەی هاوڕێیان و دیاریکردنی ئەرکی پێشمەرگەکان لەکاتی چوونە گوندەکان و دابەش بوون بەسەر ماڵە جووتیارەکان.

3- بڕیاردرا مەفرەزەیەکی شارەزا بەزووترین کات ڕەوانەی دەشتی هەولێر و ناو شاری هەولێر بکرێت بۆ بەدرۆخستنەوەی پڕوپاگەندەکانی پیاوانی ڕژێم، هەروا بڕیاردرا مەفرەزەکە هاوڕێ کانەبی گەورە سەرپەرشتی بکات.

4- بڕیاردرا دیدارێک لەگەڵ هەردوو کادیری پێشکەوتووی لیژنەی مەحەلی هەولێر شەهید سالار و هاوڕێ حەسەن کاکە ئەنجام بدرێ بۆ ئەوەی ئاگاداری بڕیارەکانی لیژنەی بەرپرسی هێزەکەی حزب بن، هەروا بەیەکەوە بەرنامەی کاری هاوبەشمان هەبێ لەپێناوی ڕوونکردنەوەی بارودۆخەکە بۆ جەماوەری ناوچەکان، هەروا ئەو هەواڵ و زانیارییانەی گەیشتوون باسیان لێوەکرا و ڕێوشوێنی گونجاو دیاریکرا بۆ هاوکاری و یارمەتی لیژنەی ناوچەی کۆیە و دەشتی هەولێر و کەندێناوە و قەراج لەکاتی پێویستی بۆ هێزەکەی حزبمان، هاوڕێیان شەهید سالار و هاوڕێ حەسەن کاکە پەسەندی بڕیارەکانی لیژنەی حزبی و بەرپرسی پێشمەرگەکانیان کرد و بڕیاریاندا جەولەیەکی فراوان بۆ ناوچەکانیان ئەنجام بدەن.

5- بڕیاردرا کە هاوڕێ شەهید بەکر جۆڵا کە یەکێک بوو لە ئەندامانی لیژنەی بەرپرسی هێزەکە لەدەشتی کۆیە لەگەڵ پێشمەرگەکان بمێنێ و دووپاتی ئەوەش کرایەوە کە پێویستە وریابن و خۆیان لەڕووبەڕووبوونەوەی هێزەکانی حکوومەت بەدوور بگرن و نەچنە ناو شەڕێکی نابەرانبەر.

6- لەگەڵ هاوڕێ شەهید بەکر جۆڵا و هاوڕێ حەسەن کاکە ڕێککەوتین کە لەکاتی پێویستدا هاوڕێ بەکر جۆڵا پەیوەندی بە هاوڕێ حەسەن کاکەوە بکات بەمەبەستی هاوکاری و یارمەتی مەیسەرکردن بۆ هاوڕێیانی پێشمەرگە.

7- بڕیاردرا چالاکییەکی پێشمەرگانە لەناوچەی قوشتەپە ئەنجام بدرێت، وەکو ڕەددانەوەیەکی کرداری بۆ پیاوانی ڕژێم و لە تۆڵەی هاوڕێی شەهید ئازاد چاوشین.

8- لەناوەڕاستی مانگی تەمووزی 1980 مەفرەزەیەکی حزبمان هێڵی ئاسنینی شەمەندەفەری کەرکووک-هەولێریان تەقاندەوە، لەنووسینی داهاتوودا باسی دەکەم.

تێبینی: لەم کاتەدا کۆبوونەوەکان بەئێواران یان شەوان ئەنجام دەدران، چونکە مەترسی هێرشی دوژمن کەمتر دەبووەوە.

رەوەند

29ی تەمووزی 2019

  • 1