ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

"هیچ چیایەک لە مرۆڤ باڵاتر نییە و هیچ ڕێگایەک لە توانای پیادەکردنی مرۆڤ درێژتر نییە"

سیاسەتی نەهێشتنی هەژاری لە ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالستیدا

"هیچ چیایەک لە مرۆڤ باڵاتر نییە و هیچ ڕێگایەک لە توانای پیادەکردنی مرۆڤ درێژتر نییە"، یەکێکە لەو ڕستە گرنگانەی کە شی جین بینگ ئەمینداری گشتی حزبی شیوعی چین لە وتارێکیدا بە ناونیشانی "بەردەوامبوونی شێلگێڕانە لە یارمەتیدانی هەژاران، و ڕزگارکردنیان لە هەژاری بە شێوەیەکی وردەکارییانە و مەبەستدار، و ئەنجامدانی سەرکەوتن لە شەڕی یەکلاکەرەوە بۆ ڕزگاربوون لە هەژاری"، کە لە 27ی نۆڤەمبەری 2015 لە کۆنگرەیەکی کۆمیتەی ناوەندی سەبارەت بە کارکردن بۆ یارمەتیدانی هەژاران لە ڕێگای گەشەپێدانەوە بەسترا.

لەم وتارەدا ئەمینداری گشتی حزب ئاماژە بە سەرکردایەتی حزب بۆ پلانی نەهێشتنی هەژاری دەکات، بە تایبەتی لە دوای سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە کە ڕێگای یارمەتیدانی هەژاران بە سیاسەتی گەشەپێدانەوە گرێدا و لە ماوەی 37 ساڵدا توانرا ٧٠٠ ملیۆن خەڵکی هەژاری گوندنشین لە هەژاری ڕزگار بکرێن.

لە هەمان وتاردا کە بۆ ساڵی 2015 دەگەڕێتەوە ئەمینداری گشتی حزب باس لە بوونی 70 ملیۆن هەژار دەکات کە دەبێ بەپێی سیانزەهەمین پلانی پێنج ساڵی وڵات تا ساڵی 2020 لە هەژاری ڕزگاریان بێت، بە جۆرێک مەترسی لە دابینکردنی خۆراک و جلوبەرگ، و دابینکردنی خوێندنی ئیلزامی، و چارەسەری نەخۆشی، و دابینکردنی شوێنی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی گوندنشینی هەژار، نەمێنێت.

بەشێک لە ئاراستەکردنی ئەم سیاسەتە بریتییە لە پیادەکردنی ڕێگایەکی ڕاست، و میکانیزمی گونجاو لە جێبەجێکردنیدا، و دەستنیشانکردنی هەژاری ڕاستەقینە، و ئاستی هەژارییان، و هۆکاری هەژاربوونیان، بەو مەبەستەی تاک بەتاک و خێزان بە خێزان خزمەتگوزارییان پێ بگات.

لە چوارچێوەی بەهەندوەرگرتنی هەلومەرجی بەرجەستەکراوی ناوچە هەژارنشینەکان، و دانیشتووانی هەژار، ئەمینداری گشتی حزب ئاماژەی بۆ گرنگی جێبەجێکردنی پرۆژەی "پێنج کۆمەڵە" دەکات، کە ئەم خاڵانە دەگرێتەوە:

یەکەم: ڕزگارکردنی کۆمەڵێک لە هەژاران لە ڕێگای گەشە بە بەرهەمهێنان، و ئاراستکردن و پشتگیریکردنی هەر کەسێک کە توانای کارکردنی هەبێت بە پشتگیریکردن و پشتبەستن بە داهاتە ناوخۆییەکان.

دووەم: ڕزگارکردنی کۆمەڵێک لە هەژاران لە ڕێگای سەرلەنوێ نێشتەجێکردنەوەیان، و گواستنەوەیان لە شوێنەکەوە بۆ شوێنێکی دیکەی گونجاو بە پێی پلان و دابینکردنی سەقامگیری لە شوێنە نوێیەکاندا.

سێیەم: ڕزگارکردنی کۆمەڵێک لە هەژاران لە ڕێگای قەرەبووکردنەوەی ئایکۆلۆجی، و چاکسازی لە ژینگەی ئایکۆلۆجی ناوچە هەژارنشینەکان و فراوانکردنی سیاسەتی پاراستنی ژینگە و کردنی بەشێک لە خەڵکی هەژار بە پاسەوانی دارستانەکان و پارێزەرانی ژینگەی ئایکۆلۆجی.

چوارەم: ڕزگارکردنی کۆمەڵێک لە هەژاران لە ڕێگای پەرەپێدانی خوێندن بە جۆرێک کە دەبێ خەرجی بۆ خوێندنی ئیلزامی ئاراستەی ناوچە هەژارنشینەکان بکرێت، و بایەخی تەواو بە خوێندنی بنەڕەتی و پیشەیی بدرێت.

پێنجەم: ڕزگارکردنی کۆمەڵێک لە هەژاران لە ڕێگای دابینکردنی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ ئەو هەژارانەی توانای کارکردنیان نییە، و هاوکات لەگەڵ زیادکردنی خزمەتگوزاری کۆمەڵایەتی، و دابینکردنی چارەسەری بۆ نەخۆشی، و بایەخدان بەو شوێنانەی کە بنکەی دێرینی شۆڕشگێڕی بووە.

لە کۆڕێک کە لە ژێرناونیشانی "جەنگی یەکلاکەرەوە دژ بە هەژاری" لە 23ی حوزەیرانی 2017دا بەسترا، ئەمینداری گشتی حزب لە میانەی وتارێکیدا بە ناونیشانی "چەسپاندنی هێزی پاڵپێوەنەری جەنگی یەکلاکەرەوە بە مەبەستی ڕزگارکردنی ناوچە زۆر هەژارنشینەکان لە هەژاری"، تیشکی لە سەر چەند خاڵی سەرەکی لە پلانی ڕزگاربوون لە هەژاری کردەوە، کە ئەمانەن:

1ـ دەستنیشانکردنی ئامانجی ڕزگاربوون لە هەژاری بە جۆرێکی واقیعبینانە و گونجاو و متمانەبەخش بە هەژاران کە بە پێی نەخشە و پلانی کۆمیتەی ناوەندی حزب تا ساڵی 2020 هەژاران مەترسی نەبوونی خۆراک و جلوبەرگیان نامێنێت، و خوێندنی سەرەتایی و چارەسەری نەخۆشییان بۆ مسۆگەر دەکرێت، و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکان لە ناوچەکانیان دەگاتە ئاستی نزیک لە خزمەتگوزاری نیشتمانی و توانای خەرجکردنی جووتیاران لە ناوچە هەژارنشینەکان لە ئاست و ڕادەی خەرجی نیشتمانی زیاتر دەبێت.

2ـ بەهێزکردنی هێزی پشتگیری نەخشەی نەهێشتنی هەژاری لە ڕێگای وەبەرهێنان، کە تیایدا وەبەرهێنانی حکوومی ڕۆڵی سەرەکی و سەرکردایەتی لە ڕێنمایی کردن و هەماهەنگی دامەزراوە داراییەکاندا، دەبینێت. بەم جۆرەش پێویستە پرۆژەکان لە ناوچە زێدە هەژارنشینەکاندا بکرێت، بەتایبەتی لە بواری کشتوکاڵی و کەمکردنەوەی ڕێژەی بیمە لەو ناوچانە، و بەکارهێنانی زەویوزار بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی پەرەپێدان لەو ناوچانەدا.

٣-ئاراستەکردنی وزە و هێزەکان بە شێوەیەکی چڕ بە مەبەستی سەرکەوتن لە جەنگی دژ بە هەژاری، و دوورکەوتنەوە لە پەرش و بڵاوەکردنی هێزەکان کە ئەمەش پێویستی بە هەڵسەنگاندنی واقیعبینانەی ڕەوشی ناوچە هەژارنشینەکان هەیە، بە جۆرێک ئابووری بەکۆمەڵی ئەو خەڵکە و ژێرخانی ناوچەکانیان پەرەیپێبدرێت، و خزمەتگوزاری سەرەکییان لە بواری خزمەتگوزاری گشتی و بواری تەندروستی، و بنیاتنان و چاککردنەوەی ژێرخانی گشتی مسۆگەر بکرێت.

4ـ جەختکردن لە سەر گەشەپێدانی هەرێمایەتی لە بواری یارمەتیدانی هەژاران و ناوچە زێدە هەژارەکان، و لەسەرەتاوە بە کەمکردنەوە و هێورکردنەوەی فشاری هەژاری دەستپێبکرێت، و پاشان کار بۆ گەشەپێدانی ئەو پیشەسازییانە بکرێت کە خەڵکی هەژار سوودی تیادا دەبینێت، و ماوەش بەو پرۆژانە نەدرێت کە بۆشایی زۆر لە نێوان هەژار و دەوڵەمەندان دروست دەکات، و شێلگێڕانە کار بۆ باشکردنی گەشەی ئابووری و کشتوکاڵ و پرۆژەی ئاودێری و ڕێگاوبان لەو ناوچانەدا بکرێت.

5ـ بەهێزکردنی پشتگیری و هاوکاری هەمەلایەنەی هەموو هەرێم و ناوچەکانی وڵات بۆ ناوچە زێدە هەژارنشینەکان، بەتایبەتی جەختکردنی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵات و فەرمانگە ناوەندییەکانی حزب و حکوومەت لەسەر ئەنجامدانی ئەم ئەرکە، بە جۆرێک هەڵمەتی کارکردن بۆ کۆمەڵگای خۆشگوزەران دەست بە دەست بکرێت و "هەر خۆمان منداڵانی خۆمان لە باوەش بکەین"، واتە هەستکردن بە بەرپرسیاریی بە کۆمەڵی سەرجەم هێزە کۆمەڵایەتییەکان، سەبارەت بە ستراتیج و پلانی ڕزگاربوون لە هەژاری.

6:  بەهێزکردنی هێزی پشتگیریکردنی سەرکەوتن لە هەڵمەت و پلانی نەهێشتنی هەژاریی، بە جۆرێک یارمەتیدانی هەژاران بە کۆمەڵێک خاڵی دیکەوە گرێ بدرێت، لەوانە بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن، و هیوا، و خولیای سەرکەوتن بەسەر هەژاریدا لە نێوان ناوەندی هەژاراندا. لەم بوارەشدا گرنگە پەروەردەی ناوەندی هەژار بە عەقڵیەتی دانیشتن و تەنیا داواکردن، و چاوەڕوانکردنی یارمەتییەکان، نەکرێت، بەڵکو گرنگە ئامادەکاری پۆزەتیڤانەی جەماوەری هەژار وەک هێزێکی کاریگەر بۆ سەرخستنی پلانی ڕزگاری لە هەژاری بکرێت، و بابەخ بە وزە و توانای یەکە بە یەکەی ئەندامانی خێزانە هەژارەکان بدرێت و گیانی تەبایی و هاوکاری یەکتریان لە نێواندا جێگیر بکرێت.

7ـ پتەوکردنی ڕۆڵی ڕێکخستەکانی حزب کە دەبێ کاریگەرانە و شێلگێڕانە پلانی ڕزگاری لە هەژاری لە ناوچە زێدە هەژارەکان، جێبەجێبکەن، و بە سەرجەم بڕیار و ڕێنماییەکانی کۆمیتەی ناوەندی حزب پابەند بن، و بە شێوەیکی پراکتیکی کار بە "سیانزەمین پلانی پێنجەم گەشەپێدان" کە گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی بە نەهێشتنی هەژاری دەبەستێتەوە، بکەن. کاتێکیش ئەمینداری گشتی باس لە بەرپرسیاری ڕێکخراوەکانی حزب، دەکات، ئەوا ئاماژە بۆ ڕۆڵی ئەمیندار و بەرپرسی ڕێکخراوە حزبییەکان لەو ناوچانە دەکات کە دەبێ پێشەنگ بن، و هەڵوێست و کارکردنیان بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانە، پێوەری هەڵسەنگاندنیانە لە ناو حزبدا.  

بۆیە بە قسەی ئەمینداری گشتی حزب، لە ساڵانی ڕابردوودا بەشێکی باش لە ئەمیندارانی ڕێکخراوەکانی حزب و تیپی کارکردنی حزبی بۆ ناوچە زێدە هەژارەکان نێردران، و ئەم بابەتە کاری سەرەکی حزبییانە.

8:  پتەوکردنی پشکنین و چاودێری لە کارەکاندا بە ڕەچاوکردنی ڕەوشی ناوچەکان بە شێوەیەکی واقیعبینانە و حاڵی بوون لەوەی کە ڕزگاربوون لە هەژاری لەو ناوچانەدا کاری شەو و ڕۆژێک نییە، و گرفتەکانی پەیوەند بە هەژارییەوە، ئاڵوز و تێکچڕژاون، و پێویستە لە کارکردندا خۆمان لە ژمارەی وەهمی و هەڵە بپارێزین، و  بەردەوام پشکنین و چاودێری بۆ دارایی تەرخانکراو بۆ نەخشەی نەهێشتنی هەژاری هەبێت، و کارەکانی ئەم پلانە لە لایەن جەماوەرەوە هەستپێکراو بێت، و دانی پێدا بنرێت.

کاتێک ئاماژە بەم خاڵە سەرەکییانە لە بۆچوونەکانی ئەمینداری گشتی حزبی شیوعی چین لە بواری پلانی نەهێشتنی هەژاری دەکەین، مانای ئەوە نییە کە کارکردن بۆ نەهێشتنی هەژاری تەنیا لەم دە ساڵەی ئەزموونی بیناتنانی سۆشیالستی لە چیندا دەستیپێکردوە.

مێژووی کارکردن دژ بە هەژاری لە کاتی سەرکەوتنی شۆڕشی ڕزگاریخوازی نیشتمانی چین و دامەزراندنی چینی نوێ دەستیپێکردووە و لە پلان و نەخشە پێنچ ساڵانەکانی گەشەپێدان ڕەنگی داوەتەوە، و لە چوارچێوەی قۆناغەکانی پەرەسەندنی ئەزموونی بنیاتنانی سۆشیالیستی، و گۆڕانکارییەکانی ناو حزبدا، گۆڕانکاری لە بابەتی تێکۆشان بۆ نەهێشتنی هەژاری ئەنجامدراوە.

بە پێی ئامارەکانی حکوومەتی چین ژمارەی هەژاران لە ساڵی 1978 لە ناوچە گوندنشینەکان 770 ملیۆن کەس بووە، واتە ڕێژەی هەژاری لەو ناوچانەدا 97،5% بووە.

هاوکات لەگەڵ جیبەجێکردنی سیاسەتی چاکسازی و کرانەوە لە ساڵی 1978دا، کارکردن بۆ کەمکردنەوەی هەژاری بنەمایەکی ناوەندی سیاسەتی ئابووری وڵات بووە. ئەم سیاسەتە خۆی لە گواستنەوە لە سیستەمی پلان بۆ سیستەمی ئابووری بازاڕی سەرمایەداری، و لە کۆمەڵگای کشتوکاڵی تەقلیدی بۆ کۆمەڵگای پیشەسازی، و کارکردن بە پرەنسیپی چارەسەرکردنی کێشەی هەژاری لە ڕێگای ئەنجامدانی گەشەپێدانەوە، بینییەوە.

لە ساڵانی 1994 تا 2000 پلانی ڕزگارکردنی 80 ملیۆن کەسی گوندنشین لە هەژاری ئەنجامدرا، و پاشان لە ماوەی 2001 تا 2010 بەرنامەی نەهێشتنی هەژاری لە ناوچە گوندنشینەکان پیادە کرا. لە هەژدەهەمین کۆنگرەی حزب لە 2012دا ئامانجی ئەنجامدانی کۆمەڵگای خۆشگوزەران بە شێوەیەکی گشتگیر، بڕیاردار و ساڵانە 10 ملیۆن کەس لە هەژاری ڕزگارکران.

هەر بە  پێی ئامارەکانی حکوومەتی چین لە ساڵانی 2012دا، نزیکەی 99 ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژاریدا بوون، و لە ماوەی پێنج ساڵدا 68 ملیۆن کەس کە لە ژێر هێڵی هەژاریدا بوون، ڕزگار کراون. شایانی باسە هێڵی هەژاری لە جیهاندا بە پێی پێوەری بانکی نێودەوڵەتی بریتییە لە 1،9 دۆلار کە دەگاتە نزیکەی 6،75 یوان.

ئەگەر بە خێرایی هەڵسەنگاندنێک بۆ سەرکەوتوویی سیاسەتی دژایەتکردن و نەهێشتنی هەژاری لە چیندا بکەین، کە پێویستە سەرجەم وڵاتە تازە پێگەیشتووەکان توێژینەوەی لە سەر بکەن، ئەوا کۆمەڵێک خاڵی گرنگمان بۆ دەردەکەوێت، لەوانە:

یەک: سیاسەتی نەهێشتنی هەژاری بەشێک بوو لە سیاسەتی گەشەپێدانی سەرانسەری ئابووری وڵات کە بواری سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری گرتەوە، کە ئەمەش لەگەڵ چەمکی گەشەپێدانی زانستی مرۆیی بەردەوام، دەگونجێت، و بەشێک لە بەرهەمەکانی چەمکی گەشەپێدانی زانستی، قەڵاچۆکردن و نەهێشتنی هەژارییە.

دوو: سیاسەتی نەهێشتنی هەژاری بەشێکی ناوەندی و سەرەکی لە پلانی گەیشتن بە کۆمەڵگای خۆشگوزەرانی سەرانسەری بوو کە ئەم سیاسەتە تا ساڵی 2020، بەردەوامە و تیایدا کۆتاییهێنان بە هەژاری بەشێکە لە چەمکی ئەنجامدانی کۆمەڵگای خۆشگوزەران.

سێ: جەخت کردن و ئاراستەکردنی تواناکان بۆ شوێنی ڕاستەقینەی هەژار و دانانی نەخشە و پلانی گونجاو بەپێی ئەو شوێنانە. بۆیە دەبینین جەخت لە سەر بواری کشتوکاڵ و ئامادەکردنی پێداویستییەکانی ژێرخان، بیمەی تەندروستی و خوێندن لەو ناوچانە کرانەوە.

چوار: هەماهەنگی و بەشداریکردنی فەرمانگە و دەزگاکانی حزب و دەوڵەت، و هاوکاریکردنی  سەرجەم هەرێمەکانی وڵات، و بەڕەچاوکردنی چەمکی لامەرکەزی لە مامەڵەکردنی تایبەتمەندی ناوچەکاندا.

پێنج: دانانی سیستەمی بیمەی کۆمەڵایەتی لە ساڵی 2007وە کە بوو بەهۆی زامنکردنی پێداویستییە سەرەکییەکانی ژیان، و خزمەتگوزاری، و زامنکردنی ژیانی بەساڵاچووان، و دانانی سیستەمی بیمەی تەندروستی هەرەوەزی بۆ گوندنیشینەکان.

شەش: کارکردن بە سیاسەتی بوژانەوەی گوندەکان کە خزمەتی هەژارانی لادێی کرد، و یارمەتی جووتیاران درا، و قەرەبووی زیانەکانیان کرایەوە، و لە ساڵی 2006وە باجی کشتوکاڵی لابرا، و لە 2008وە خوێندنی ئیلزامی لەو ناوچانە جێبەجێکرا.

7ـ ڕاپۆرتەکانی بانکی نێودەوڵەتی دان بەوەدا دەنێت کە چین پێشەنگی دەوڵەتانە لە سیاسەتی نەهێشتنی هەژاری و توانیویەتی ئامانجەکانی هەزارەی سێیەم لە بواری گەشەپێدان و نەهێشتنی هەژاری جێبەجێ بکات. بە پێی دانپێدانانی بانکی نێودەوڵەتی ــ کە زۆرجار ئامار بە پێچەوانەی ئامارەکانی حکوومەتی چین، بڵاو دەکاتەوە ــ  ڕێژەی هەژاری لە ساڵی 1981 دا 85%دا بووە، لە ساڵی 2004 گەیشتووەتە 27%، واتە 600 ملیۆن کەس لە هەژاری ڕزگاریان بووە، و هەڵبەتە بە پێی هەمان ڕاپۆڕتی بانکی نێودەوڵەتی هیچ وڵاتێک لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەم  سەرکەوتنەی بەدەست نەهێناوە.

 

  • 1