ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ڕزگار ڕه‌مه‌زان- که‌رکووك

 له‌ کوردستان به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی هێنده‌ ڕۆژنامه ‌و بڵاوکراوه‌ زۆر بووه ‌و ڕۆژ دوای ڕۆژیش هی تازه‌ سه‌رهه‌ڵده‌ده‌ن دوای ئه‌وه‌ی کۆنه‌کان ئێکسپایه‌ر ده‌بن و سه‌رچاوه‌ی داهاتوو و به‌رنامه‌ی کاریان ڕوونتر ده‌بێته‌وه‌، ئیتر خوێنه‌رانی کورد له‌ هه‌موو بڵاوکراوه‌ کاغه‌زییه‌کان به‌ گومان ده‌بن و تاقه‌تی خوێندنه‌وه‌یان نامێنێت، به‌ تایبه‌تی که‌ زۆربه‌یان هه‌ر خاوه‌نی یه‌ك جۆر وتار و شێوازی کارکردنن، ئه‌مانه‌ جگه‌ له‌و ده‌زگا و چاپه‌مه‌نییانه‌ی ڕاسته‌وخۆ بانگه‌شه‌ی سیاسه‌تی حزب و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان ده‌که‌ن و پاره‌کانیان مسۆگه‌ر مانگانه‌ وه‌ك مووچه‌ پێده‌درێت له‌ حاڵێکدا گه‌ر مووچه‌خۆرانی مه‌ده‌نیش بێ مووچه‌ بن، ئیتر نازانرێت ئه‌و به‌ هه‌ده‌ردانی پاره‌یه‌ له‌ پێناوی چیدا؟ جگه‌ له‌وه‌ی که‌ باس له‌ قه‌یرانه‌کان ده‌کرێت هه‌رگیز پرسیاری سه‌رچاوه‌ی ئه‌و ده‌زگا میدیاییه‌ جۆراوجۆرانه‌ نه‌کراوه‌، ڕاسته‌ میدیا هۆکاره‌ بۆ بره‌ودان به‌ پێگه‌ی سیاسییه‌کان و مانه‌وه‌یان وه‌ك چۆن به‌رلسکۆنی ده‌زگایه‌کی میدیایی زه‌به‌لاحی وه‌گه‌ڕ خستبوو وه‌ك هۆکارێکی ڕیکلام و چه‌واشه‌کاریی، به‌ڵام وه‌ك کورد ده‌ڵێت: هه‌موو شتێك به‌ خوێ و خوێش به‌ مه‌عنا. تا کار وای لێدێت ئیتر خوێنه‌ر نامێنێت و به‌های وشه‌ نزم ده‌کرێته‌وه‌ بۆ خاڵی سفر، جگه‌ له‌مه‌ش هیچ مافێکی نووسه‌ران ناده‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ی بێ منه‌ت بن لێیان.

به‌ڵام کاروباری ڕۆژنامه‌ی (ڕێگای کوردستان) زۆر جیاوازه‌، به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی هه‌ر له‌سه‌ره‌تای کارکردنییه‌وه‌ که‌ خاوه‌نی ده‌یان ساڵه‌ له‌ ئه‌زموون ده‌رگای واڵا بووه‌ بۆ هه‌موو قه‌ڵه‌مێکی به‌رپرسیار و به‌ ویژدان و به‌ هه‌ڵوێست و داهێنه‌ر، بێ ئه‌وه‌ی هیچ حیسابێکیان بۆ ئینتیمای حزبی کردبێت به‌ یه‌کسانی مامه‌ڵه‌ی ئه‌کادیمییان له‌گه‌ڵ بابه‌ته‌کاندا کردووه‌، که‌واته‌ بڵاوکردنه‌وه‌ی هه‌ر بابه‌ت و به‌رهه‌مێك له‌م ڕۆژنامه‌یه‌دا مانای ئه‌وه‌ نییه‌ ده‌بێت نووسه‌رکه‌ی سه‌ر به‌ حزبی شیوعی بێت، ئه‌مه‌ یه‌کێکه‌ له‌ جوانترین سیفه‌ته‌کانی ئه‌م ڕۆژنامه‌ خنجیلانه‌یه‌ی که‌ به‌ هیچ جۆرێك ڕۆژێك له‌ ڕۆژان له‌ پاره‌ی نه‌وتی هاووڵاتییان بودجه‌ی بۆ دیارینه‌کراوه ‌و هه‌ر له‌سه‌ر گیرفانی ئه‌ندامه‌کانی به‌ڕێوه‌چووه‌ و له‌سه‌ره‌تاشه‌وه‌ ڕای گه‌یاندووه‌ که‌ توانای پێدانی پاداشتی نووسه‌رانیان نییه‌ به‌ هۆی ده‌ستکورتییه‌وه‌ ئه‌گینا ئه‌مه‌ سوکایه‌تی نییه‌ به‌ هه‌وڵ و هزری نووسه‌ران، له‌ کاتێکدا زۆر ڕۆژنامه‌ و بڵاوکراوه‌ خاوه‌ن بودجه‌ گه‌وره‌کان مافی دانه‌ران ناده‌ن و که‌چی نووسه‌ره‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێسته‌کان هه‌ر تیاشیاندا ده‌نووسن!

جێی خۆیه‌تی لێره‌دا هه‌موو خوێنه‌ران و خامه‌ به‌ده‌ستان هه‌ڵوێستیان هه‌بێت له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌م خه‌باته‌ جوان و پڕ خزمه‌ته‌ی ئه‌م ڕۆژنامه‌ خنجیلانه‌ ئارامه‌دا و بیکه‌نه‌ سه‌کۆی ڕاسته‌قینه‌ی فیکر و نوێبوونه‌وه ‌و داهێنانه‌کانی خۆیان و بزانن که‌ ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی ئه‌وان گه‌وره‌ترین پاداشتی مه‌عنه‌ویه‌ له‌ پانتایی مێژوو و بیلۆگرافیای هزری خوێنه‌ری جدیدا، له‌کاتێکدا زۆربه‌ی پانتاییه‌ میدیاییه‌کانی تر به‌رژه‌وه‌ندی و حزبایه‌تی و تاقم تاقمێنه‌ و نابه‌رپرسیارییه‌تی ته‌حه‌کومی تێدا ده‌کات و دوور له‌ ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵکی ساده ‌و هه‌ژار ڕه‌وڕه‌وه‌ی گه‌وره‌ی مادی خۆیان تاو ده‌ده‌ن.

 

 

  • 1