ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

بەخشینەوەى تۆمەت لەکەسێکەوە بۆ کەسیک و لەلایەنێکەوە بۆ لایەنێک و لەمیدیاشەوە بۆ هەموو لایەک، بۆتە مۆدێلێکى ئەخلاقى کۆمەڵایەتى لەکۆمەڵگەى کوردییدا، کە لەبنەڕەتدا لەدیاردەیەکى ئاسایى و کۆمەڵایەتى ناچێت، نە لەئاستى سیاسى و نە لەئاستى کۆمەڵایەتى و نە لەئاستى یاساییش هیچ جۆرە باجێکى لەسەر نییە و هیچ ناوەندێکیش نییە، نە لەئاستى ویژدان و نە لەئاستى یاسایى سنوورێک بۆ ئەم دیاردەیە دابنێ، چونکە بەرهەمى ماکینەى سیاسى دووبەرەکى حزبى ناسیۆنالیستى کوردییە.

ئەگەر جاران تۆمەت تەنیا لەسووچێکى کۆمەڵایەتى بوو، یان لەئاستێکى دیاریکراودا بوو، واتە هەموو کۆمەڵگەى لێ ئاگادار نەبوو و کەسى تۆمەتباریش سومعەت و ناوبانگى نەدەزڕا، ئێستا بازنەکە زۆر فراوانترە و کەناڵى گەیاندنى زانیارى هێندە زۆرە بەپەلە دەگات و باشترین نموونەش بەکارهێنانى تۆڕى کۆمەڵایەتییە، لەکاتێکدا دەبوو هەستیارتر مامەڵە لەگەڵ هەر کەیسێکدا بکرێ بۆ ئەوەى بڵاوکردنەوەى هەر زانیارییەک سەبارەت بەهەر کەسێک نەبێتە تۆمەت، کەچى بەشێکى زۆرى میدیا لە کەسێکى نابەرپرس خراپتر و بەبێ هیچ بەڵگەیەک لەسەرچاوەیەکى نادیارەوە، تۆمەت دەخەنەپاڵ کەسێک، یان لایەنێک و داواى لێبوردنیش ناکەن بۆ چاککردنى سومعەتى ئەو کەس و لایەنەى کە تۆمەتى بەسەردا بەخشراوەتەوە، ئەم دیاردەیەى میدیا لەئاستە کۆمەڵایەتییەکە مەترسیدارترە، چونکە تۆمەت بەخشینەوە بۆتە مۆدێلى کۆمەڵایەتى و هیچ پێوەرێکى ئەخلاقیش نییە سنوورى بۆ دابنێ.

ماوەیەک بوو بیرى تەسکى حزبایەتى لەکوردستان بەهۆى بارودۆخى ئارام و لێکتێگەیشتن و نزیکبوونەوەى هەموو لایەنە سیاسییەکان لەبەرانبەر یەک دوژمن و یەک چارەنووسى نەتەوەیى ئاسەوارى نەمابوو، کەچى ئێستا حزبێک زۆر بەئاسانى و بەبێ حیساب بۆ ڕێککەوتن و بەبێ حیساب بۆ گوتارى سیاسى نەتەوەیى، بەبێ ئەوەى پرەنسیپە ئەخلاقییەکانى کۆمەڵگە لەبەرچاو بگرێ کە دواجار هەر تۆمەتێک لەسومعەتى کۆمەڵگەى کوردی دەدات، کارى پێدەکرێ، لەحاڵێکدا تۆمەتى حزبێک بۆ حزبێکى تر گەورەترە و دۆخى بێ متمانەیى دەخوڵقێنى وەکو ئێستا هەستی پێدەکرێ کە خوڵقێنراوە و هەموو کەس بەبێ سڵکردنەوە تۆمەت بەسەر ئەویتردا دەبەخشێتەوە، ئەم مەترسییە لەبەردەم گەشەسەندندایە و نەوەى داهاتووش بەرەو هەڵدێرێک دەبات کە نەزانێ کێ هاونیشتمانییەکەیەتى و کێ خۆشەویست و نزیکایەتى هەیە لەگەڵیدا.  

تۆمەت بەخشینەوە لەوە دەرچووە بەرهەمى بیرى کەسێک بێت دەرهەق بەکەسێکى تر، بگرە بۆتە بیرۆکە و کەمین دانان لەژیانى ڕۆژانەدا، خوێندکارێک لەدژى ئەویتر و مامۆستایەک لەدژى مامۆستاکەى بەرانبەر و نووسەرێک لەدژى نووسەرەکەى تر و هتد، بابەتەکە چۆتە ئاستێکەوە کە دەبێ لێکۆڵینەوەى لەسەر بکرێ کە ئەم دیاردەیە بۆچى هەمیشە گەشە دەکات، بۆچى بۆتە پەروەردەى خێزان و پرەنسیپە ئاینییەکانیش کاریگەرییان نییە لەڕێگریکردن، بۆچى ئاسانترین کارت ئەوەیە کەسێک بەبێ فلتەر کەسێکى تر ناشیرین بکات و هیچ لەمەسەلەى ویژدانیش نەترسێ، هەموو ئەمانە بەشێکى بۆ ئەو بۆشاییە دەگەڕێتەوە کە لەئاستى پەروەردەییدا ئامادەسازى نییە بۆ ئامادەکردنى ئینسانى ئایندە، تاکو هیچ نەبێ دابڕانێک لەگەڵ ڕابردووەکانى خۆیان دروست بکەن، وەکو چۆن لەئاستى ئەلیکترۆنى و مەعریفەى موزەیەفدا ئەو دابڕانە دەبینرێت، مەبەستم لە دابڕانى نەوەى نوێیە لەگەڵ دایک و باوک سەبارەت بە تەکنۆلۆژیا، کەچى بۆ ئەو پێوەرە ئەخلاقییە ئەم نەوەیە لە نەوەى پێشووترى خۆى خراپتر تۆمەت دەبەخشێـتەوە بەرانبەر بە خۆشەویستەکەى یان هاوڕێکەى، وەکو ئەوەى تۆمەت وەزیفەى ئینسان بێت.  

  • 1