ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

 

تەلەفزیۆنى ڕووداو شەوى 5/6-1-2017 بڵاوى کردەوە کە 232 هەزار خانەنشین لە هەرێمدا هەیە و بەم جۆرەى خوارەوە دابەشى کرد بوون؛

- 71 هەزار خانەنشینى مەدەنى

- 100 هەزار تەنیا بۆ یەک حزبى کوردستانى

- 61 هەزار بۆ هەموو حزبەکانى تر .

بێگومان لە ماوەى ئەم دوو ساڵ و نیوەدا،2017 تا 1/7/2019 (5-6) هەزارێکى ترى هاتۆتەسەر .

هەر کەسێکى وردبین سەیرى ئەو دابەشکردنە بکات یەکسەر هەست بە (بەشبەشێنە و حزب حزبێنە دەکات و بۆى دەردەکەوێ کە بە هەزاران لەوانەى وەک خەڵات یان (بەرتیل) دراون بە حزبەکان و زۆربەیان تەنیا یەک ساڵیش کارمەندى دەوڵەت نەبوون، ئەمە لەلایەک، لەلایەکى ترەوە ئەگەر کەسێکى بەتەنگەوە هاتووەکانى دابەشکردنى مووچەکەیان چەرخەیەک بکات بەسەر ئەو بانک و مەڵبەندانەدا کە مووچەى تیادا دابەش دەکرێ و چاوێک بگێڕى بەو هەزاران خانەنشینانەدا کە ڕیز و سەرەیان گرتووە بە ئاشکرا بۆى دەردەکەوێ کە سیستەمى چینایەتى زۆر بە زەقى و ڕەقى لەو شوێنانەدا لە ناو خانەنشیناندا ڕەنگیداوەتەوە، چونکە ئەوانەى کە لەو شوێنانەدا مۆڵیان خواردووە هەر هەموویان لە چین و توێژە هەژار و مامناوەندى و بێداڵدەکانن، چونکە کورد واتەنى (خوا پێداوەکان) خانەنشینى تایبەت، مووچەکانیان بۆ دەچێتە ماڵەوە، یان حساب جاریان لە بانکدا هەیە !!

وەکو گوتم ئەو خانەنشینە وەلانرا و پشتگوێخراوانە کە بەسەرماى زستان و گەرماى هاوین لەبەردەرگاى بانکەکاندا بە هەزاران کۆمەڵ بوون و پۆلیس ڕیزیان دەکات .

ئەو هاووڵاتییە داماوانە کە زۆربەیان بە گۆچان و بەلەقەلەق ڕێ دەکەن، یان کەسوکاریان دەستیان بە باڵیان گرتووە، ئەوانەى کە زۆرێکیان لەبەر ماندووبوون و نەخۆشى لەسەر شۆستەکان دادەنیشن تا سەرەیان بەردەکەوێ.. هتد

ئەوانەى کە دامودەزگاکانى دەوڵەتیان گەیاندە ئەم ئاستەى ئەمڕۆ، بەداخەوە ڕۆژانى مووچەکەیان وەکو (ئاژەڵ) مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێ!! مووچەکەیان دەخورێ، یان کورد واتەنى (کلک و گوێ) دەکرێ.. ئەوانەى دەبێ بەم جۆرە سەیر بکرێن؟ ئەمەیە پاداشتى ماندووبوونیان؟ نرخى ئەو ئەزموون و تاقیکردنەوەى بە جێیان هێشتووە بۆ پاش خۆیان؟! حکوومەت ئەگەر حکوومەتى هەمووانە، ئەگەر وەکو دەڵێن یاسا سەروەرە یان ئەگەر ئەوانە هاووڵاتیین، پێویستە؛

ئەوانەى تەمەنیان لە (70) ساڵ بەرەو ژوورە، یان کەمئەندامن یان نەخۆشى درێژخایەنیان تووش بووە، مووچەکانیان بۆ ببرێتە ماڵەوە، یان بۆ نزیکترین شوێن لێیانەوە .

تێکڕا خانەنشینان بگەڕێنەوە هەریەک بۆ دائیرەکەى جارانیان لەوێ مووچە وەربگرن، نەک لە بانکەکان .

کارتى زیرەکیان بۆ بکرێ تا بتوانن لە هەر بانکێک بیانەوێ مووچەکەیان وەربگرن .

سەبارەت بەو خانەنشینانەى لە قەزا و ناحیەکانن یان گوندنشینن، لە مەرکەزى ناحیەکان سندووقى تایبەتیان بۆ تەرخان بکرێ و لەوێ مووچەکانیان وەربگرن.

خانەنشین وەکو هەر کارمەندێک کە لە کاردابێ (قەرز – سلفەى پێ بدرێ لە کاتى پێویستیدا .

ئەوانەى کە نەخۆشى درێژخایەنیان هەیە لەسەر حسابى دەوڵەت چارەسەر بکرێت .

شان بە شانى بەرزبوونەوەى نرخى پێداویستییەکانى ژیان ئەوانیش مووچەکەیان ساڵانە بۆ زیاد بکرێ .

تێکڕا وەکو هەموو کەمئەندامان، لە دامودەزگاکانى دەوڵەتدا کارئاسانیان بۆ بکرێ .

لە کۆتاییدا دەڵێم؛ ئەم مامەڵە ناڕەوایەى ئەمڕۆ لەگەڵ خانەنشینە (پلە دوو)ەکاندا دەکرێ، واى لە زۆربەیان کردووە خۆیان بە نامۆ دەزانن لەم وڵاتەدا لە زۆر بوارى ژیان خۆیان بە دوور دەگرن ، ئەمە کارەساتە !! .

 

  • 1