ئەمە بڵاوبكەوە
FaceBook  Twitter  

ئامادەکردن و وەرگێڕانی: هەڵوێست عەبدوڵا کەریم

درەخت و سەوزایی هەمیشە هێمایەکە بۆ هەستکردن بە ئارامی و ڕەنگی سەوزیش ئاماژەیە  بۆ هیوا، هەربۆیە کاتێک  ئێمە پیاسەیەکی ناو باخ یان دارستانێک دەکەین، یان ئەگەر خۆشبەخت بین و خزمەتی باخەکەی خۆمان بکەین ئەوا هەست بە پشوو و ئارامی دەکەین. درەخت و باخ یارمەتیدەرن بۆ ڕەواندنەوەی دڵەڕاوکێ و بوونی تەرکیزێکی باشتر. لەم دنیا جەنجاڵەی ئەمڕۆماندا ئیمە زیاتر هەست بە کاریگەرییەکانی سەوزایی و درەختەکان لەسەر دەروون و تەندروستیمان دەکەین. کاتیک لە درەختەکان دەڕوانیت درکی ئەوە دەکەیت کە هەریەکیکیان بێ وێنەیە و لە درەختیکی دیکە ناچێت تەنانەت لە هەمان خێزان و جۆری خۆشی ناچێت. مرۆڤ لە ڕێگەی پرۆسەی هەناسەدانەوە، ئۆکسجین هەڵدەمژێت و دووانەئۆکسیدی کاربۆن دەداتەوە و لە بەرانبەردا درەخت لە ڕێگەی ڕۆشنەپێکهاتنەوە دووانەئۆکسیدی کاربۆن هەڵدەمژێت و ئۆکسجین دەداتەوە بە سروشت. هەربۆیە دەتوانین بڵێین کە پەیوەندی نێوان مرۆڤ و درەخت پەیوەندییەکی گرێدراوە لە ئاستى مەعنەوى و فیزیکیدا و لە دێرزەمانەوە ئەو پەیوەندییە هەبووە تا بوونی مرۆڤ لەسەر زەوی، بەردەوام دەبێت.

درەخت لە زۆربەی کەلتوورەکاندا بە پیرۆزیی سەیر دەکرێت. ڕواندن و ئاگاداربوون  و پەرستشی دارەکان لە هەر سوچێکی ئەم دنیایە و لە کۆندا لەلایەن خەڵکەوە پەیڕەو کراوە. جێگەی سەرسوڕمان نییە کە هەمیشە درەخت ئامادەییەکی لە خەیاڵی مرۆڤدا هەبووە بەجۆرێک بەهێزی درەخت، ڕۆچوونی ڕەگەکەی بەناخی زەویدا سەرچاوەی ئیلهام بووە. قەد و لقی درەخت یەکێکە لە سەرسوڕهێنەرەکانی سروشت، چونکە بە بەهێزییەوە دەوەستێت و زۆربەی کاتیش بەرەنگاری سووتان دەکات و ناسووتێت، چرپەی نەسیم لە گەلاکانیدا لە دۆخێکی جێگیردا دەوەستێت یان لەگەڵ ڕیتمی بادا دەکەوێتە سەما، یان دیمەنی ئەو مێروانەی کە بەسەر قەدی دارەکەوە ڕێچکەیان بەستووە و سەرو خوار دەکەن، سحری سروشتمان وەبیر دەهێنێتەوە کە لە درەختدا بەرجەستە بووە. درەختەکان سەدەها تەنانەت هەزارەها ساڵیش دەژین هەربۆیە دارەکان پیرۆزکراون بە پارێزەرى نهێنییەکان و پاسەوانی داهاتوو ناودەبرێن. سەیرکردنی بازنەی ژیان و گەشەکردنی گەڵاکان و سەرلەنوی ژیانەوە و گوڵکردنی لە بەهاردا هۆکاربووە کە مرۆڤ وەک هێمایەکی بەهێزی ژیان، مردن و نوێبوونەوە لێی بڕوانێت. هەر لەسەرەتای ژیانەوە مرۆڤ هەستێکی وای هەبووە کە درەختەکان بونەوەری هەستیار و سۆزداریین. هەروەک ئێمە هەست بە ئازار دەکەن و تووشی خوێنبەربوون دەبن کە ئازار دەدرێن. درەختەکان زۆر لە ئێمە دەچن. هەربۆیە لە ئەزەلەوە هەستمان بە پەیوەندییەکی قوڵ لەگەڵ درەختەکان کردووە. زۆر خەڵک دەڵێن کە ئەوان هەست بە زیندوێتى درەختەکان دەکەن بەتایبەت ئەو کاتەی دەستیان دەخەنە سەر ڕووپۆشی درەختەکە. ئێمە بە سروشتی خۆمان هەست بە ئارامی و ئاشتی ناوەکی دەکەین ئەو کاتەی لە ژیر سێبەری درەختەکاندا یان لە دارستانێکدا پیاسە دەکەین. کاممان هەیە لە کاتى دڵتەنگى و ڕووبەڕووبوونەوەى کێشەکانى ژیان پەنامان بۆ ئەو شوێنانە نەبردووە کە تەژییە لە درەخت و سەوزایى؟ ئا لەو کاتەى کەسێک شک نابەیت متمانەى پێبکەى دەگەڕێیتەوە بۆ هاوڕێى دوێنى و ئەمڕۆ و سبەینێت کە درەختە.

 

درەختەکان، ڕۆژانە یارمەتی ئێمە دەدەن..

توێژینەوەکانی ئەم دواییە بەو ئەنجامە گەیشتوون کە درەختەکان هۆکارن بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەیەکی زۆری پیسی و ژەهر لە هەوادا، بەجۆریک "ڕێگربوون لە مردنی 850 کەس و 670،000 کەیسی تووشبوون بە نەخۆشییە قورسەکانی کۆئەندامی هەناسەدان تەنیا لە ساڵی 2010"  کاتێک مێروویەک بەناوی (ئەمیرالد ئاش بورەر)، ژمارەیەکی زۆر لە درەختی کوشت لە ناوەندی ڕۆژئاوای ئەمریکا لە کۆتایی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و سەرەتای دوو هەزارەکان، بووە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی مردن بە نەخۆشییەکانی دڵ،  خرۆکەکانی خوێن و کۆئەندامی هەناسەدان. زۆر قورسە کاریگەرییە پۆزەتیڤە دەروونییەکانی درەخت لەسەر مرۆڤ دیاری بکەین. لەگەڵ ئەوەشدا بە ڕوونی دەتوانین تێبینی ئەوە بکەین کە ئەو کەسانەی کە کاتەکانیان لە ناو باخچە و درەختەکاندا بەسەر دەبەن یان تەنانەت لە پەنجەرەی ژوورەکانیانەوە سەیری درەختەکان دەکەن تەندروستییەکی باشتریان هەیە لەو مرۆڤانەی کە دوورن لە باخچە و درەخت.

 

داری ژیان

داری ژیان هێمایەکە بۆ پەیوەندیگرتن لە نێوان هەموو فۆرمەکانی ژیان، لە زۆربەی ئاین و فەلسەفەدا ئەم تێڕوانین و هێمایە بوونی هەیە و مێژووەکەی بۆ میسری کۆن دەگەڕێتەوە. داری ژیانی میسر هێما بوو بۆ خەلق و وێنای چەند بۆنەیەکی دەکرد کە هەموو شتەکان پەیوەندیدار دەکات بە خودی بوونەوە. لەگەڵ ئەو پێشکەوتنە بەردەوامانەی کە لە زانستی سەردەمدا بەدەست هاتوون و درەختەکان بوون بە هێمای جەوهەریی بۆ گەشەسەندنی بایلۆجی، چونکە وێنەی لق و پۆپەکانی  بە بەردەوام وێنایەکی کاریگەری لە پەیوەندیگرتنێکی دیار لە نێوان هەموو زیندەوەرەکانی دیکە دروست دەکات.

 

گەڵای درەخت و ژیانی هەمیشەیی

سەرنجتان بۆ گفتوگۆیەکی نێوان تیت نهات هانە و گەڵایەک ڕادەکێشم کە وێنای ژیانی هەمیشەیی گەڵای درەخت دەکات: لە گەڵایەکم پرسی ئایا دەترسیت لەبەر ئەوەی ئێستە پایزە و گەڵاکانی دیکە دەوەرین. لەوەڵامدا گەڵاکە گوتی؛ (بەدرێژایی هەردوو وەرزی بەهار و هاوین من زیندووبووم. زۆر کارم کرد تا هاوکاربم لە ژیاندنەوەی درەختەکە، ئێستا بەشێکی زۆر لە من لە درەختەکەدا بوونی هەیە، بەڵام بە شێوەی جیاواز. من تەنیا بەم نموونەیەوە پابەندنیم و بەڵکو من هەموو درەختەکەم. کاتێکیش دەگەڕێمەوە بۆ خۆڵ، بەردەوام دەبم لە خۆراکپێدانی درەختەکە. هەربۆیە هەرگیز دوودڵ نیم. ئەوکاتەی لقەکەم بەردەدەم و دەکەومە سەر زەوی بە درەختەکە دەڵێم جارێکی دیکە و بەم نزیکانە فەتبینمەوە. گەڵاکە لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو گوتی: ئەو ڕۆژە بایەکى توند هەڵیکرد و گەڵایەک لە لقەکەی بەربۆوە و کەوتە سەر خۆڵەکە. کەچی لەکاتی کەوتنە خوارەوەیدا بەدڵخۆشییەوە سەمای دەکرد، چونکە بە دڵنیاییەوە خۆی لە درەختەکەدا فەبینییەوە و دڵخۆش بوو. هەڵوەستەیەکم کرد، تیگەیشتم کە زۆر شت هەیە پێویستە لەو گەڵایەوە فێری ببم، چونکە ئەو ناترسێت و درکی ئەوەی کردووە کە هیچ شتێک لە دایک نابێت و هیچ شتێکیش نامرێت.  ئەم جۆرە لە گفتوگۆی نێوان مرۆڤ و گەڵا گفتوگۆیەکی عارفانەی جاویدانییە بۆ ژیان کە نمایشی ژیانی هەمیشەیی و نوێبوونەوە دەکات و هێزی ژیان لە بەرجەستەکراوەکانی سروشتدا دەبینرێت. نیشاندەری ئەوەیە کە هەر بوونەوەرێک لە وەرزێکدا لە فۆرمێکی دیاریکراودایە و لە وەرزێکی دیکەدا فۆرمەکەی دەگۆڕێت.

 

بیروباوەڕی کەلتووری دەربارەی درەخت

بەشێوەیەکی گشتی و لەو شوێنانەی کە مرۆڤ لێی نیشتەجێبوون، درەختەکان وەک خولقاوێکی پیرۆز تەماشا کراون. بیروباوەڕی زۆر قوڵ هەیە دەربارەی درەختەکان کە مرۆڤەکان هەزارەها ساڵە پەیڕەوییان کردووە. لێرەدا کۆمەڵێک نموونەی سەرنجڕاکێش باس دەکەین:

گەلی سینگ ئۆی مالیزیی، مرۆڤ و درەختەکان دەتوانن خاوەنداریی لە یەک بکەن و ئەم پەیوەندییەش بۆ هەتاهەتایە بەردەوام دەبێت. کاتیک مرۆڤێک خاوەنداری درەختێک دەکات ئەوا خاوەندارێتی لە وەچەکانی درەختەکەش دەکات. ئەم گەلە بەدوای وەچەکانی درەختە دایکەکەوەن و دەگەڕێن تا درەختە نوێیەکە بدۆزنەوە کە لە درەختە ئەسڵییەکەوە گەشەی کردووە. خێڵی مایا بڕوایان وایە کە ڕۆحی مرۆڤ یەکەمجار لە شێوەی گوڵێکی سپی پیرۆزدا لە سەر لقی درەختی سیبا دەرکەوتووە. ڕۆحی مردووی مایاکان لە ناوەندی ڕەگی مۆندییەوە بەرز بۆتەوە بە لقەکاندا تێپەڕدەبێت بەرەو جیهانی ئاسمان. لە هەرێمەکانی ئەڵمانیا بڕوا وایە کە ڕەگەزی مرۆڤ لە لقی درەختەکان دروست بوون، ئەمەش بۆ سەلماندنی ئەو بڕوایەیە کە مرۆڤ و درەختەکان پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوانیاندا هەیە. لە سوید هەندێک درەخت وەک پاسەوان مامەڵەی لەگەڵ کراوە و پێیان وابووە کە ماڵەکە لە چاوی پیس بەدوور دەگرێت. پاسەوانەکان بەشێوەیەکی گشتی ئەو درەختانە بوو کە لە نزیکی ماڵەکانەوە دەڕوان و تەمەنیان درێژ بوو. ئەو خێزانانەی کە ماڵیان لە نزیکی ئەو درەختانەوە بووە ڕێزێکی زۆریان لە دارەکان گرتووە، هەمیشە چاودێرییان کردوون و زۆربەی جار ناوێکیان لە درەختەکە ناوە.

بوداییەکان ڕێزێکی قوڵ لە درەختی بودا دەگرن کە جۆرێکە لە داری هەنجیر و گەڵاکانی لە شێوەی دڵدایە و چیرۆکێکی سەرنجڕاکێشی هەیە. چیرۆکەکە دەڵێت بودا بۆ ماوەی 49 ڕۆژ لە ژێر ئەو دارەدا تێڕامانی کردووە. بودا کە ویستویەتی یەکانگیرییەک لە نێوان بیرکردنەوەی خۆیی و واقیعدا دروست بکات و بگات بەو ئەنجامەی کە ئازار و ناخۆشی لە ژیاندا هەیە. لە ڕۆژی 49دا بودا کۆتایی بە تێڕامانەکەی هێنا و سوپاسی درەختەکەی کرد کە لەو ماوەیەدا سێبەری بۆ کردووە، لەو کاتەدا بودا ڕووناک بۆتەوە. ئەمڕۆ و لەو شوێنەدا کە بودا دانیشت، هەمان ڕەگەزی درەختی بودا گەشەی کردووە، بەبڕوای بودییەکان ئەوە ئەو درەختەیە کە دەژی تا ئەوکاتەی جیهان لە ناودەچێت، ئەو شوێنەش کە درەختەکە گەشەی تێدا کردووە دەبێت بە کۆتا شوێن کە وێران دەبێت: پاشان کاتێک کە جیهان جارێکی دیکە لە دایک دەبێتەوە ئەو شوێنەی دەبێت بە یەکەم شوێن کە دەردەکەوێت.

لە گوندی پییلانتری ڕاجستانی لە هندستان، بەبۆنەی لەدایکبوونی کچەکانیانەوە و لەسەر شەرەفی کچەکانیان 111 درەخت دەڕوێنن. هەموو گوندەکە پێکەوە درەختەکان دەڕوێنن و ئاگاداری دەبن. ئەم نەریتە تەنیا بۆ ئەوە نییە کە دڵنیا بن کە ژینگە یارمەتیدەرە بۆ زۆربوونی ژمارەی دانیشتووانی گوند بەڵکو هارمۆنیەک دروست دەکات، تاوان کەم دەکاتەوە لە گوندەکەدا.

بەپێى داتاکان لەمڕۆدا لە هەموو کات زیاتر مەترسى لەسەر لەناوچوونى ڕێژەى سەوزایى و درەخت و دارستانەکان هەیە. کە هۆکارە سەرەکییەکەی  دەستدرێژییەکانى  سیستەمى سەرمایەدارییە لەسەر ئێمە و ژینگەمان. هاوکات لە بەرانبەریشدا بزووتنەوەیەکى کۆمەڵایەتى جیهانى لە چوارچێوەى پارتە چەپەکان و ڕێکخراوەکانى تر لە تێکۆشانى بەردەوامدان دژ بەو مەترسییانەى سیستەم لەسەر مرۆڤ و ژینگە و درەخت دروستى کردووە و دروستی دەکات. لەمڕۆدا ئەلقەى ناوەندى تێکۆشانى هەموومان پێویستە بۆ ڕاستکردنەوەى ئەو پەیوەندییە و پاراستنى ڕێژەى سەوزایى و درەخت بێت کە ئەوەش دابڕاو نییە لە ئەرکەکانى ترمان.

 

  • 1